ئالوودەکردنی کۆمەلگا بە رێگای میدیای تاک ئاراستەوە
Friday, 16/05/2014, 12:00
لە سەردەمێکداین ئامێرەکانی میدیای تاک ئاراستە بووە بەیەکێک لە پێداویستیەکانی ناو ماڵ، بەبێ ئەوەی درگی پێبکەین بۆتە سەرۆک خێزان، زیاتر لە هەموو کەسێکی نێو خانەوادە، گوێبیستی ئەو دەبین، بەشێوەیەک ئالوودەی کردووین بەنە بوونی، هەست بە وونبوونی کەسێکی ئەکتیفی ناو ژیان دەکەین!
ئالودەبون (گیرۆدە، خوپێگرتوو، گرفتار، هۆگر) واتە لە دەستدانی ئیرادەی تاک بەرانبەر بە هەر شتی کە نەتوانی بە سانایی دەستبەرداری بێ، بە واتایەکی دی بوونی پاڵنەرێکی جەستەیی، یان دەروونی، یان هەردووک بۆ ئەنجامدانی کارێک بە بەردەوام.
دیارە لە رووی زانستیەوە هۆکارو جۆری ئالوودە بوون زۆرە. لەم بابەتە کورتەدا ناتوانرێت لە هەمووی بدوێن.
لە جیهانێکداین، ویرای شتە جوانەکان، شتگەڵێکی قێزەون و ناشایستەشی تێدا دەبیرێن و دەبیسترێن. ئاڵۆزی ژیان و تێنەگەیشتن لێی، خەڵکانێکی زۆری ئالوودەکردوە بە شت گەڵێکەوە بۆ نموونە: ئالوودە بوون بە ماددە هۆشبەرەکانی وەک: تریاک، مۆرفین، هیرۆین. کۆکائین، کراک،حەشیش، مارجوانا، جگەرە کێشان، مەی خواردن و دەرمان خواردن...هتد کە کاریگەری راستەو خۆی لە سەر جەستەو مێشکی بەکار بەر دەبێ ، لە پاش ئەویش، نێت، پلێستێشن، قومار و... هتد دێت.
بەڵام لەم کوردستانەی لەمەر خومان "حزبە سیاسیەکان" جۆرێکی نوێان بۆ ئالوودەکردنی تاک و کۆمەڵگا بە رێگای ئامێرەکانی میدیای تاک ئاراستەوە (تەلەفزیون و رادیۆ) داهێناوە، بەبێ دەست پاراستن لە گەورەو چکۆڵەی نێرو مێ لە هەوڵدان ئالوودەیان بکەن بە درۆکردن، فرتوفێل و...، هتد کە ئەمەش وای کردووە تاک بکەوێتە ژێر فشار، گومان، هەڵچون، تۆرەبوون، شڵەژان، خەوزراندن، خەمۆکی، و متمانە لەدەستان و... هتد.
بەڵگە:
دیارە هەر لایەنێکی سیاسی لە پێناو بەرژەوەندی تویژو گروپگەلێک هاتووتە دامەزراندن، نەک بۆ هەموان، وە هەر حزبێکیش پەیامێکی سیاسی ئایدۆلۆجیی دیاریکراوی لە پشتە و لە پێناوەشدا هەوڵی پیادەکردنی ئەو بەرنامەیەدەدا کە رایگەیاندووە، یان هەوڵی سازدان و خۆشکردنی زەوێنەی ئەجندایەکە کە جگە لە کەسی یەکەم ئەو حزبە کەسی دی نازانێ چیە! کەواتا مەرج نیە ئەوەی حزبێک پێ باشە تۆش پێت باش بێ.
ئایا میدیای تاک ئاراستەی ژێرکۆنترۆڵی حزبەکان ئەوەیان لە پێش چاو گرتووە؟
دەکرێت ئالوودەبوون بکەینە سێ بەشەوە:
بەشی یەکەم: ناراستەو خۆ لە مەدای دوور بەزەرەرو زیانی سەرجەم کۆمەڵگا دەگەرێتەوە وەک بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان.
بەشی دووەم: زیان بەرکەوتوەکانی لە پەنجەی دەست تێپەرناکەن وەک ئالوودەبوون بە خۆشویستن، نێت، پلێستێشن و...هتد.
بەشی سێیەم: راستەوخۆ زەرەر بەسەرجەم کۆمەڵگا دەگەینێ وەک تەلەفزیون و رادیوی حزبە سیاسیەکان.
بۆچی میدیای تاک ئاراستەی ژێر کۆنترۆڵی حزبەکان لە هەمووان خراپترە؟
ئەوەی دەبینرێت ئامرازەکانی پەیوەندی کردن بە شێوەیەک گەشەی کردووە، شەو رۆژی بۆ نیە، بەبێ مۆڵەت و بەبێ رەزامەنی خواستی تاک، خانەوادە، خۆی دەهاوێتە ناو ماڵەکان، تەنانەت لە ژووری نوستنشدا لێت ناگەرێ، یەکێک لە خراپیەکانی ئەوەیە بەبێ ئەوەی گوێ بگرێ قسەی خۆی دەکا، رەنگە لە بابەتێکدا راستگووبێ، لەوانەشە درۆ بکات! هەر وەک لە مێژە جوزیف گوبلز وەزیری پرۆپاگەندەی سیاسی سەردەمی هیتلەر وتوویەتی" درو بکە دروبکە تا بڕوات پێبکەن ، پێم وایە لە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بپرسی هیچ کاتێ لە بینینی بەرنامەیەکی تەلەفزیوندا یان بە گوێگرتنت لە بەرنامەیەکی رادیودا وتووتە دەک رووی .... ڕەشبی بۆ خۆت و درۆت!، پێم وایە کەسێ دەست ناکەوی بڵێت نەم وتووە! کەواتا دەتوانرێت بە رێگای تەلەفزیون، رادیووە، درۆ بەراست دەربخرێت ، و راست ش بە درۆ بخرێتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی خەراپ لەسەر بیروبۆچون و رەفتار دادەنی!.
ئەم پرسیارەی دەمەوێت بیخەمە بەردەمی تۆی بەرێز ئەوەیە:
ئەگەر هەر تاکی لە خۆی بپرسێ ئەم بیست و چەند ساڵەی ئامێرەکانی گەیاندن کەوتونەتە دەست حزبە سیاسیەکان ئایا نەخشەکار و خشتەی بابەت و شێوازو ستراتیژیان لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە بووە؟
ئایا چیان بەسەر تاکی هاوڵاتی لە ڕووی فەرهەنگی، سیاسی، نەتەوەی و... هتد هێناوە؟
ئایا گوتاریان لە پێناوی هێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بووە؟
ئایا ئەو فلیم و گورانیانەی نیشانیان داوە گونجاو بووە لەگەڵ لۆژیکی سەردەم، بە خزمەت کۆمەڵگا گەراوەتەوە یان بە پێچەوانەوە زیانبەخش بووە و...هتد؟
لێرەدا دەمەوی لەسەرجەم پسپۆرانی پەیوەست بەو بوارە و لایە پەیوەندارەکان و ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان بپرسم، ئەگەر لەو بروایەدان ئەم سیستەمە سیاسیەی لە هەرێمی کوردستان پیدا دەکرێت سیستەمێکی دیموکراسییە؟
ئایا لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسی دا حزب دەتوانی ببێتە خاوەن تەلەفزیون و رادیوو؟
ئایا ئەو پەیمانانەی(بەڵێن و هەرێیانەی) کە لە پێش دەنگدان لەڵایەن کاندیدو قەوارە سیاسیەکانەوە دەدرێت بە دەنگدەر، لەکاتی جێبەجێنەکردنی ناکەوێتە چوار چێوەی فریودان و درۆ کردن؟ ئایا هیچ یاسایک هەیە، لە فریودەران و درۆگەران و... هتد بپرسێتەوە و بە پێ یاسا سزا بدرێن؟
ئایا ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان هیچ پرۆژەیکیان دەبێ بۆ ئەو بوارانە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست