کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی بۆ وایکرد؟

Wednesday, 02/07/2014, 12:00





به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان، له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ ساڵی ١٩٨٢دا، به‌ نێوانگیری حزبی شیوعی، شاندێگی دانوسانکاری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان سه‌ردانی پشتاشانی کرد، ئه‌وه‌ی له‌بیرمدا ماوه‌ له‌ قسه‌ سه‌رپێیه‌کاندا به‌ڕێزێک له‌ حزبی شیوعی، (له‌یادم نه‌ماوه‌ هاورێ ئه‌بو سه‌رباز (ئه‌حمه‌د بانی خێلانی) بوو یان که‌سێکی دیکه‌) وتی له‌پێشدا کۆمه‌ڵه‌مان (کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران) به‌لاده‌ر و نه‌یار به‌مارکسیه‌ت ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی بونی دوو حزبی مارکسی، یه‌کێکیان لاده‌ره‌ (ته‌حریفیه‌)، به‌ڵام ئێستا بۆچونمان جیاوازه‌و به‌ ئاسایی ده‌تانبینین.
دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان نیه‌ له‌سه‌ر (لاده‌ر) بدوێن، به‌ڵکو چاوخشاندێکی په‌له‌یه‌ له‌سه‌ر سروشتی عه‌قلی سیاسیه‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌کانی سه‌رده‌می شاخ، به‌رته‌کی کرده‌کانی رابردویان، له‌سه‌ر ئه‌مڕۆی حکومه‌ته‌ خوجێیه‌کان نه‌شاراوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداریی، هه‌ر لایه‌نه‌و به‌پێى قورسایی چه‌که‌کانی به‌شداربوه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆ، له‌ نێوشیاندا شه‌ری یه‌کێتی و پارتی، شه‌ڕی سرینه‌وه‌ی یه‌کتربوه‌، باشترین دۆکۆمێنت بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی، له‌پیلان‌و گه‌له‌کۆمه‌ی هه‌کاریه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ دروستکردنی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ساڵی ٢/٥/١٩٨٨ شه‌ڕ به‌رده‌وام بوه‌، له‌پاش راپه‌رینیش به‌ماوه‌یه‌ک جارێکی تر شه‌ڕ ده‌ستیپێکرده‌وه‌، کاره‌ساتی ٣١ی ئابی به‌سه‌ر کوردا هێنا، پاشتر به‌ناچاری رێککه‌وتنیان له‌ئه‌مەریکا پێکراو رێککه‌وتنامه‌ی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی به‌دواداهات.
تاکۆ ئێستاش به‌ شێوازی جیاجیا ئه‌و ناکۆکیانه‌ هه‌رماون، ده‌کرێت به‌ شه‌ڕی سارد ناو ببرێت، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می شاخدا هه‌ر پاساوێک هه‌بوبێ بۆ ناکۆکیه‌کان، له‌ مڕۆدا له‌سه‌ر هه‌رشتێک بێت له‌سه‌ر پرسی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌کان نیه‌.
به‌واتایه‌کی تر به‌هۆی درێژخایه‌نی ناکۆکیه‌کانه‌وه‌، سه‌رکرده‌کان ئالوده‌بونه‌ به‌ شه‌ڕ، رق و کینه‌ هه‌ڵگرتن به‌رانبه‌ر به‌یه‌ک. بۆیه‌ پشتگوێخستنی لایه‌نه‌ براوه‌کان له‌حکومه‌ته‌ خۆجێیه‌کانی دهۆک و هه‌ولێر، به‌هه‌مان سیاسه‌تی سه‌رده‌می شاخ هه‌ژمارده‌کرێت، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش له‌م قۆناغه‌دا فاکته‌ری نیمچه‌ شاره‌وه‌ی تری تیادا ده‌بینرێت، له‌وانه‌ ئه‌م دیفاکتۆ کوردیه‌ .
کاتێک له‌پارێزگای دهۆک به‌بێ‌ به‌شداری لایه‌نه‌کانی تر، پارتی حکومه‌تی خۆجێیی پێکهێنا، ویستراوه‌ بزانن لایه‌نه‌کان به‌تایبه‌ت گۆڕان‌و یه‌کێتی هه‌ڵوێستیان چی ده‌بێ، دیاره‌ ده‌شزانن پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێی له‌سلێمانی به‌ سانایی پێکنایه‌ت، ئه‌گه‌ر پێکشیبێت پارتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ده‌یه‌وێت پێیبگات به‌هۆی که‌مبونی کورسیه‌کانی ناتوانێ به‌ده‌ستی بێنێ.
پارتی بۆ وایکرد؟
لێره‌دا ده‌کرێت باس له‌سێی شیمانه‌ بکرێت:
یه‌که‌م: پارتی له‌مڕۆدا ده‌یه‌وێت خۆی له‌ ململانێی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی به‌دوربگرێ، بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌که‌ی له‌وه‌دا بینیوه‌ که‌ به‌ تاکڕه‌وی حکومه‌تی خۆجێی له‌ هه‌ولێرو دهۆک پێکهێنا.
دوه‌م: گه‌مه‌یه‌کی سیاسیه‌، زارێکه‌و هه‌ڵیداوه‌! (جۆرێکه‌ له‌فشار) واته‌ هه‌نوکه‌ش ئه‌م بریاره‌ی پارتی مه‌جالی تێدا ماوه‌ که‌ دانوستانى له‌سه‌ربکه‌ن، ئه‌ویش به‌رێگای چیدان (پۆسته‌کان) به‌ پارتی له‌که‌رکوک‌و سلێمانی (ئایا له‌به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌ یان نا بابه‌تێکی تر هه‌ڵده‌گرێ).
سێیه‌م: به‌شداری پێکردنی تورکمان‌و مه‌سیحی له‌مڕۆدا جگه‌ له‌وه‌ی نابنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م بڕیارو پرۆژه‌کانی پارتی، له‌هه‌مانکاتدا کاریگه‌ری گرنگی ده‌بێ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و تورکیاو وڵاتانی دورتر.
سه‌رئه‌نجام:
ئایا بونی ئۆپۆزسیۆن له‌خولی پێشوی په‌رله‌مان به‌قازانجی دانشتوانی هه‌رێم نه‌بوو؟
له‌ئێستا یه‌ک تاکێک له‌ ناو په‌رله‌مان خۆی به‌ ئۆپۆزسیۆن راگه‌یاندوه‌!، ئایا رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، نوسه‌ران، رۆشنفکران و ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت و... هتد ده‌توانن ئه‌و که‌ماسیه‌ی ناو په‌رله‌مان پڕبکه‌نه‌وه‌؟
ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم بنکه‌ فراوانه‌، ئه‌گه‌ر بتوانی یاسا پیاده‌کات، پێویست ده‌کات حکومه‌ته‌ خۆجێیه‌کانیش به‌هه‌مان شێوازی حکومه‌تی هه‌رێم پێکبێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە