پەرلەمان و گرێبهست
Saturday, 07/06/2014, 12:00
وێرای پەرەسەندنی ناكۆكیهكانی نێوان هەرێم و ناوەند، لە ناوخۆی هەرێمشدا ، كێشهكان رۆژانه لهفراوانبووندان. لایهنه سیاسیەکانیش هێندەی داکۆکی لەسەر بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبەکانیان دەکەن، نیو هێندە جدی نین له چارهسهری كێشهكاندا، رەنگدانەوەی ئەوەش جارێکی تر لە گەڵ والاکردنەوەی هۆڵی پەرلەماندا بینرا.
ئەو متمانەو مافەی لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان درا بە ئەندامانی ئەم خولە، نەک هەر بەکاریان نەبرد، بەڵکو کاتێکی زۆرشیان بە فیرۆداو نەیان توانی لە کاتی دیاری کراودا دەست بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بکەن، لەگەل دەست بەکاربونیان، لەجیاتی پێداچوونەوە بە کاروکردە نەرێنەکانی خولی رابردوو، بە مەبەستی سوود وەرگرتن و دووبارە نەکردنەوەیان لەم خولەدا، کەچی هەر لایەنەو کەوتوتە هەڵدان بە شان و باڵی فراکسیونەکەی، پێشبرگێانە لە نوسینێ هەرچی زیاتر لە پرۆژە و سەرقاڵکردنی یەکتر بە ململانی بێ بەرەهەم.
پێم وابی هەمووان دەزانن پیتەکانی کوردی چەند دانەن ، دەمێکە شاعیر و چیرۆکنووس و ڕەخنەگری لێھاتووی کورد شیخ مارف بەرزنجی نەمر فەرموویەتی "لە ئەلفەوە تاکو یێ هەموو شتێکی لێ پێک دێت نامانەوێ هەر بەدەم بێ بەڵکو کردارمان دەوێت".
با بپرسین لە یەکەم خولی پەرلەمانەوە له 19\5\199 تا ئەم ئەمرۆی ئەم خولەش ئەندامانی پەرلەمان چی داهێنانێکیان هەبووە کە لە ولاتانی دراوسێ یان دوورتر وەرنەگیرابی.؟
بە مانایەکی تر بەبێ توێژینەوەی زانستی لەسەر دونیای کوردستان ، وەرگرتنی کۆپی هەر پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی وڵاتە دواکەوتوەکان بێ یان پێشەکەوتووەکان، یان ئاوێتەکردنی لە هەردوو لا، سەرئەنجام سەرکەوتن و شکستی دەکەوێتە دەست قەدەر، نموونەی وەک پێشینەی هاوسەرگیری و پێشینەی خانووبەرەو...هتد لەبەر چاودان کە هەر ماوەو گرفتێکی دێننە پێش، دەیان گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دروستکردووە، یەکێک لەو گرفتانە، لەم هەرێمەدا تەنها شەش مانگی دووەم لە ساڵدا کاری پێدەگرێ، شەش مانگی یەکەم دەبی لە دڵەراوکی و چاوەروانیدابن.
شاراوە نیە لە خودی ئەندام پەرلەمانەکان، ئەو بوارانەی کە پێویستە لێی بدوین وەک پێویست پسپۆریان نیە، لەگەل ئەوەشدا خودی ئەندام پەرلەمانەکانیش بە هۆی رەزیلیان بێ یان بە هۆی ئەوەی زۆرێکیان حزبەکانیان بڕێ پارەیان لێوەردەکرن ناتوانن، لەگەڵ کەسانی پسپۆر بەمەبەستی رێنمایی و .. کۆنتراک ببەستن لەسەر حیسابی خۆیان. بۆیە ئەگەر هەرچی زوترە رێگا جارە نەدۆزنەوە، بە دڵنیایەوە کاریگەری نەرێنی دەبێ لەسەر کردەکانیان، لە نێو ئەو کارانەشدا، دارشتنی پرۆژە یاساکان و...هتد
دوو نمونە لەو پرۆژانە:
پرۆژه یاسا بۆ چاودێرى بهساڵاچوان لهههرێمى كوردستان-عێراق:
نامەوی بچمە ناو کەمو کورتیەکانی ئەم پرۆژەیە، (بەندە لە ساڵی ٢٠٠٣دا رێکخراوێکم دروستکرد لە شاری کەرکوک بۆ هەمان مەبەست). تەنها دەپرسم : ئایا بەراستی مەبەستیانە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، یان تەنها مزایدەو رۆژ بردنە سەرە.؟ ئەگەر لە نوسەرانی ئەم پرۆژە یاسایە بپرسین:
ئایا دەزاانن رێژەی بە ساڵاچوان چەندە؟
ئایا دەزانن ئەم پرۆژەیە چەند پسپوری پێویستە؟
ئایا دەزانن جەند بالەخانەو شقەی پێویستە؟
ئایا دەزانن بوجەی ئەم پرۆژەیە چەندە؟
دەیان پرسیاری تر هەن، بەڵام کە ئەندامانی پەرلەمان نەزانن داهاتی هەرێم چەندە!، ئایا ئەمە ناکەوێتە ناو چوارچێوەی مزایدەو فریودان.
پرۆژه یاساى هاوكارى بۆ ئافرهتانى بێ هاوسهر:
لە ماددەی یەکدا هاتووە:
ێ: کچێک کە تەمەنی لە سەرو ٣٥ ساڵەوەبێ.
ب: ئافرەتێک هاوسەری وەفاتی کردبێ یان لێی جیابوبێتەوە.
ئەگەر بپرسین:
پشت بەستن بەکام توێژینەوە ٣٥ ساڵیان دانەوە؟ بۆ کەمتر نیە؟ ئایا ئەم پرۆژەیە هاندانە بۆ شوو نەکردن، یا تەماحدانە بە پیاو تا بیان خوازی، ئایا کاتی ئەم پرۆژەیەتان نوسی لە پسپۆرانی کۆمەڵ ناس و دەروون ناستان پرسی کاریگەری نەرێنی دەبێ ، بۆ نمونە لەسەر ئەوانەی لەو تەمەنەدان یان نا؟...
ئەوانەی هاوسەرەکانیان وەفاتی کردووە، یان لێی جیابۆتەوە، بۆ تەمەنتان دیاری نەکردووە؟
دیارە قسەی زۆر هەڵدەگرێ ، بەڵام بەیەک پرسیار کۆتا دێنین : ئایا ئەم پرۆژەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن نابێتە فاکتەرێک کە کچان ناچاربن بەدوای عقدکردنی هاوسەرگیری دروو بکەون ، واتە (لەسەر کاغەز) سەرئەنجام ببێتە باو لە کوردستان بۆ ئەوەی کچان موجەیەک بەدەستبێنن؟
حەتما کارێکی باشە بیر لە باشکردنی گوزەرانی ئافرەتان بکرێتەوە، بەڵام ئەی بۆ بیر لە پیاوش نەکرێتەوە ؟ باشە نەدەکرا لە جیاتی ئەو هەموو پرۆژانە ، بیر لە پرۆژە یاسای سۆشیال بکەنەوەو پاشتر ئەو توێژانەی تایبەتمەندیان هەیە، زیاتر هاوکاری بکرێن....
پێم وایە پێش نوسینی هەر پرۆژەیەک لە خود بپرسی: ئامانج لە پرۆژەکە چیە؟ کێ سوودمەندەبێ لێی؟ زەرەرمەندکان کێن؟ بوجەی چەند دەوێت و ئەو رێژەیە ساڵانە بەرەو داکشان دەروات، یا بەرەو هەڵکشان؟ ئایا زەمینەی پیادەکردنی لەبارە، ئایا حکومەت و داودەزگای پەیوەندار توانای جێبەجێکردنی هەیە؟ ئەمانەش داتا و ئاماری فەرمی دەوێت و...هتد
بۆیە پێشنیار دەکەم بۆ پرکردنەوەی کەم کورتی پرۆژەکان وکەمکردنەوەی شک و گومانەکانتان لەسەر یەکتر، سەرجەم لێژنەکانی پەرلەمان، واتە هەر لیژنەو بەپێ بوارەکەی گرێبهست لەگەل زانکۆ پەیوەندارەکاندا بکات، بەمەبەستی توێژینەوەو ... هتد بەو شێوەیە کەمترین زەرەر لە کۆمەڵانی دانشتووی کوردستان دەکەوێ.
ئەگینا کردەکانتان هەژمار دەکرێت بە فریودان و مزایدەو منت کردنە سەر ئەم مللەتە قوربانی دەرە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست