کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای ئەمە پارتی بەرانبەر گەریلا چدەکا ؟

Thursday, 21/08/2014, 12:00





گرژی و ناکۆکیەکانی نێوان (پدک) و (PKK) دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی پێش راپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان ، ئەم پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوانیان دیارە لە خۆڕا نیە ، بەڵکو بە هۆی بوونی چەند هۆکارێکەوەیە ، لەوانە سیاسەتی پاوانخوازی و بەرفراوانکردنی سنوری دەسەڵات ، دەستوەردان و بەزاندنی سنوری دەسەڵاتی یەکتر لە نێو بەشەکانی کوردستان ، گوێدان بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەو..هتد ، دیارە سەرجەمیان کاریگەری نەرێنیان لە سەر بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان هەیە .

لە ٢٠١١ بەدواوە کاتێک شۆرش لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەستی پێکرد ، کردەو هەڵوێستەکانی (پدک) بەرانبەر بەو شۆرشە ، بووە هۆکارێک کە (PKK)، زیاتر لە جاران وەک نەیار بروانێتە پارتی و تومەتباریبکات بەوەی گەمارۆی ئابوری و دبلۆماسی لەسەر داناون ، یەکێک لەو بەڵگانەش لێدانی خه‌نده‌قی ‌نێوان ڕۆژئاڤا و باشوری کوردستانە ، ئەمکردانەش بووە فاکتەرێک بەشێکی بەرچاوش لە دەنگی شەقام ، رۆژنامه‌نوسان ، رۆشنبیران ، نوسەران و سیاسەتمەداران و ..هتد بگەنە ئەو باوەرەی کە پارتی ئەجندای سیاسەتی تورکیا جێبەجێدەکات .

بەڵام کاتێک باشووری کوردستان بەگشتی و بەتایبەت لە پاش ٣/٨/٢٠١٤ بەدواوە ناوچەکانی " زۆنی زەرد " لەڵایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە روو بەرووی پەلەمارو کۆمەڵکوژی بونەوە ، زەمێنەیەک رەخسا کە گەریلاكانی (PKK) هەنگاو بەرەو لەبیرچونەوەی دوێنی بنێن و شانبەشانی پێشمەرگەکانی باشوور بکەونە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان ، بەتایبەت (YPG و YPJ) و..هتد بەرانبەر بە کارەساتی ناوچەی شنگال زۆر جوامێرانە هاتنە هانای خەڵکەوە ، ئەمەش بۆە هۆکارێک کە ئەو مەرزەی تا دوێنی بە ئارەزوی پارتی دەکرایەوەو دادەخرا ئەوان بە هەڵوێست و کردارە جوامیرەکانیان ئەو دەرگایە والابکن .
لە ئێستادا وێدەچی (پدک) وا هەستبکات توشی بەڵایەک بوبێ! واتا پێی باش نەبووە کە کار بکاتە ئەو ئاستەی کە گەریلاکانی باکورو رۆژئاڤا بەهاناوە بێن ، جونکە بەم هاتنە دۆخێکی تازە دەگەل چەندین ئەگەری چاوەرواننەکراوی بەدوادێ!.
ئەلبەتە ئەو کردانەی لایەنە کوردستانیەکان بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی کوردستان ئەنجامیاندا ، تەنانەت ئەگەر ئەجندای حزبی و دەرکێشی لە پشتەوەبوبێ ! پێش هەر شتێک بە ئەرکێکی نەتەوەیی هاتووتە ئەژمارکردن ، دەگرێت بگوترێت گوزارشت کردن بوو لە خواست و ویستی راستەقینەی هاوڵاتیانی سەرجەم بەشەکانی تری کوردستان .
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کردانە بە ئێجگاری ببێتە بنەمایەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەنی نێوان لایەنە کوردستانیەکان و یەکڕیزی و هاوتەبایی بەدوایخۆیدا بهێنێ ، پێویستە ئەم دیفاکتۆیە بەوردی لێبکۆڵدرێتەوە و بە شێوەیەک بەرخوردی لە تەکدا بکرێت کە چیتر لایەنە سیاسیەکان نەتوانن لایەنگرانیان هان بدەن دژ بەیەکتر .
دیارە لەبەر چەندین هۆکار ، لەوانە شێوازو ئاستی پەیوەندییە دەرکیەکانی حزبەکان ، گەیشتن بەو ئامانجە کارێکی ئاسان نیە ! ، بۆ نمونە (پدک) لە ئێستادا فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەیە ، نێزیکایەتیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا زۆر زیاترە ، وەک لە حکومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران ، بەڵام (PKK) ، بەپێچەوانەوەوە لەسەنگەری دژ بە حکومەتی تورکیایە ، سەرەڕای وەش حکومەتی تورکیا بەرانبەر بە شورشی ڕۆژئاڤا بەردەوام لە پێلاندانە .
دیارە ئەم هاوکێشەیە خۆێندنەوەی زۆر وردو کاری زۆر جدی دەوێت تا بتوانرێت هاوسەنگ بکرێت و کورد بە کەمترین زیان لێدەربازبێت .
لێرەدا چەندین پرسیار دێتە پێش لەوانە ؛
1. ئایا پارتی دەتوانی پەیوەنیەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەل (PKK) ، بەرانبەر بەو ئاسایی کردنەوەیە ، دەبێ چیان بۆ بکات ؟
2. ئایا بە ئاسایی بوونەوەی نێوان پارتی و (PKK) ، تورکیا بێ دەنگ دەبێ ؟ ئەگەر بێدەنگ نەبوو چی پێدەکرێت ؟
3. ئەگەر پارتی و (PKK) ، رێکنەکەوتن ، ئایا پەیوەندی (PKK و YPG) لەگەڵ حکومەتی بەغداد کە هاوسۆزە لەگەل رژێمی ئێران و سوریا ، دەکاتە چی ئاستێک ؟
4. ئەگەر (پدک) سوربێ لەسەر ناخۆشترکردنی نێوانیان لەگەل (PKK) ، ئایا هەڵویستی ی ن ک و گۆڕان بەرانبەر بە پارتی چی دەبێ ؟

ماوەتەوە ئەوە بڵێن وێرای ئەوەی لەم دۆخەدا پێکەوە هەڵگردن بە ئاسانی مەیسەر نابێ ، بەڵام ئەگەر ئەو ئاشتیە نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، و چارەی ئەم گرفتانە نەکرێ ، کوردستان بەرەو ئاقارێک دەروات کە چیتر چارەسەرکردنی لەدەست ئەم سەرکردانە نامێنی !
بۆیە پێویستە لەسەر سەرجەم بریار بەدەستانی کورد زۆر بە ئاگابن لەوەی کە دوژمنانی کورد ، پیلانگێرەکان هەوڵدەدەن سیناریۆی نوێ نمایش بکەن و پشێوی زیاتر بخەنە نێو لایەنە سیاسیەکان تاکۆ زەمینەی دژایەتی کردنی کورد لەگەڵ یەکتر ئاورەکەی خۆش بکرێتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە