دەبێ چی بەدواوەبێت؟
Tuesday, 25/11/2014, 12:00
نۆ ڕۆژ کۆبونەوەی بەردەوام لە نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم لە شاری دهۆک، لە ٢٢/١٠/٢٠١٤ بەرئەنجامەکەی " ڕێکەوتن " بوو لەسەر مەرجەعیەتێکی هاوبەش و..هتد. ئەمەش بووە فاکتەرێک حکومەتی تورکیا رەزامەند بێت هەرێم هێزی پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاڤا بکات.
رۆژی پێنجشەممە ١٣/١١/٢٠١٤، حکومەتی هەرێم و وەزیری نەوتی عیراق لەسەر بنەمای ناردنی مووچە بەرانبەر بە هەناردەکردنی نەوت رێککەوتن، سەرۆکی هەرێم بە كاتیی ناساندی و مالیکیش بەراکێشانی سوزی دەزانێ .
هەفتەیەک پاش ئەو رێککەوتنە داود ئۆغلو گەیشتە بەغدا و ئامادهیی وڵاتهكهی بۆ هاوكاری عێراق له شهڕی دژ به داعش راگهیاند. دیارە تا ئەم ساتەش هەڵویستی تورکیا بەرانبەر بە دەوڵەتی ئیسڵامی روون نیە !.
شهوی ههینی ٢١/١١/ ٢٠١٤ یش گەیشتە هەرێم و نوێژی هەینیی لەگەل سەرۆکی هەرێمدا کرد. چونی بۆ مزکەوت هەڵویستی پێشووی داود ئۆغلوی لەسەر مزکەوت هێنایەوە یادم کە وتبووی " کەعبە و مەسجدی ئەقسا هیچ جیاوازییەکیان نییە، پاراستنیشیان ئەرکێکی خوداییە لەسەرشانمان " (دەبێ مەسجدی جەلیل خەیات بەرانبەر بەچی بەراورد بکات؟).
سەرۆکی هەرێم وتی ' بەردەوام دەبین لە راوێژو گفتوگۆ لەگەل تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. (ئایا تەنها مەبەستی داعشە؟). دیارە ئیسرائیل هەردەم لە هەوڵدایە حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریست بێنێتە ناساندن، لە هەمان کاتدا پشتیوانی تورکیای " دوستی هەرێم " بۆ حەماس نەشاراوەیە.
لە ئێستاشدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژه یاسایهكی پێشنیاز كردووە بۆ پڕچهككردنی ههرێمی كوردستان بهشێوهیهكی راستهوخۆ. دیارە پەیوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئاستێکدایە هەموو وڵاتانی دنیا ئێرەیی پێدەبەن، ئایا نزیک بوونەوەی زیاتری هەرێم لەگەل تورکیا، کاریگەری نەرێنی نابێ لە سەر پەیوەندی نێوان باشوورو ئەمریکاو ئیسرائیل؟
لەگەل ئەوانەشدا دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئیمرۆی ٢٤/١١ ی کۆمەڵەی نێودهوڵهتیی "5+1" ڤینا، دەکرێت وەک ئاماژەدانێک بێت بەوەی ئەمریکا ناخوازی لایەنی کەم تا شەری داعش تەواو دەبێت فشاری زیاتر بخرێتە سەر ئیران.
دیارە دەیان زانیاری و دورشم و بۆچوونی ناوەکی و دەرەکی هەن کە پێویست دەکات زۆر بە وردی قسەی لەسەر بکرێت، چونکە رووداوەکانی ئەم دواییە نە رێکەوتە وە نە لە خۆرایە، بەڵکو گۆرینەوەی نامەی ناراستەوخۆیە لە نێوان وڵاتانی تورکیا، سعودییە، ئیران، ئیسرائیل، ئەمریکا، روسیا و..هتد سەرجەمیان دەیانەوێت هەندی لە کارتەکانی ژێر دەستیان بەرانبەر بە یەکتر نمایشکەن.
بۆ نموونە ؛ پێموایە ئەم سەردانەی سهرۆك وهزیرانی توركیا ئهحمهد داود ئوغڵو ویستوویەتی بۆ ئەمریکای راگەینێت وێرای ئەوەی ناکۆکە لەگەل ئێران، بەڵام فشاری زیاتری بخەرێتە سەر ناچار دەبێ نزیک بێتەوە لە بەرەی ئێران - روسیا، لە هەمان کاتدا نامەیەکە بۆ ئەو لایەنانەی پەیوەندی حکومەتی هەرێم (پارتی) و تورکیا بە شکستخواردوو هێنایانە ئەژمارکردن، پێی گوتن، دەستبەرداری هەرێم نابین و بەردەوام دەبین لە سەر ئەو رێكهوتننانەی لە رابردوودا هەمانبووە.
لە هەمان کاتدا بە رێگای سەرۆک کۆماری عیراق دکتور فواد بانگێشتی ناراستەخۆی نارد بۆ یەکێتی کە فەرموو ئێوەش وەرنە پێشەوە ئەویش بە داوای کاراکردنی رێككەوتننامەی هاریكاریی ساڵی 2009 کە لەسەردەمی سەرۆك کۆماری مام جەلال-دا لە نێوان توركیا و عیراقدا واژوو كراوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ؛
ئایا حوکمدارانی کورد دەتوانن لەم هاوکێشە ئالۆزە پێگەی خۆیان سەقامگیرکەن؟
ئایا حوکمدارانی کورد گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بتوانن فشارەکانی وڵاتانی ناوچەکە رەتکەنەوە، بەتایبەت دوورکەوتنەوە لە دژایەتی کردنی یەکتر ؟
ئایا لەم دۆخەدا رێگا چارەکانی دەست کورد چین، جگە لە پەنابردنە بەر حکومەتە داگیرکەرەکان هێچیان لەبەر دەستدا هەیە؟ دەیان پرس و پرسیاری تر هەن کە پێویستە پسپۆران و بریاربەدەستانی کورد زۆر بە وردی نزیک تا دوورترین ئەگەر و پێشهات بێننە پێش چاو و شرۆڤەی بکەن، بۆ ئەوەی گەلی کورد بەکەمترین هەڵەو زەرەرو زیان لێی رزگاربێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست