من پێت دەڵێم پارتى چى بكات ؟

Thursday, 23/09/2010, 12:00



لەلاپەڕە(2)ى ژمارە (241)ى ڕۆژى سێ شەممەى ڕێكەوتى 14/9/2010ى هەفتەنامەى (ئاوێنە)دا برادەرێك بەناوى (سەرباز ێاڵح) بابەتێكى لەژێر ناونیشانى (ئێوە بێڵێن پارتى چى بكات ؟) نووسیبوو .لەبەرئەوەى نووسەر پرسیارەكەى ئاراستەى ئێمە واتە (خوێنەران) كردبوو، من وەك خوێنەرێك بەئەركى سەرشانى خۆمى دەزانم كە كورتە وەڵامێكى پرسیارەكەى ئەو برا بەڕێزە بدەمەوە . بەڵام پێش ئەوەى بچمەسەر وەڵامى پرسیارەكە بەپێویستى دەزانم چەند خاڵێك بخەمە پێش چاوى كاكى نووسەر:

1-میدیاى ئازاد كەنزیكەى چەند ساڵێكە لەكوردستان چاوى هەڵهێناوەو ئێستا خەریكەپێڕۆكەبووە لەماوەى دەساڵى تەمەنى دا چاوى لەهیچ كەس و لایەنێك نەپۆشیوەو بەبێ جیاوازى لەنێوان ڕەش و سپى و زەردو سەوزو ئەم و ئەودا شرۆڤەى بارودۆخى ئەم هەرێمەى كردووەو ڕاشكاوانە ئاماژەى بەهەڵەو گرفت و كەم و كورتى و گەندەڵى یەكانى حیزب و حكومەت و كەس و لایەنەكان كردووە ، بەڵام فارس گوتەنى : (هركە بامش بیش ، برفش بیشتر) كەبێگومان بانى گەورە بەفرى زۆرترە.

2- زۆر دەمێكەو بەتایبەت پاش هاتنەوەى پارتى بۆ هەولێر لە31ى ئابى 1996دا ، هەوڵێكى بەفراوانى لەرزۆك و نەزۆكى ئەو حیزبە لەئارادایە بەمەبەستى چاندنى تۆوى ڕق و دووبەرەكى لەنێوان شارو ناوچەكانى كوردستان دا بەگشتى و هەولێرو سلێمانى بەتایبەتى و زۆرجار ڕۆشنبیران و جەماوەرى سلێمانى بەگشتى بەدوژمن و ڕكەبەرى خەڵكى هەولێر وێنا دەكات ، بەمەبەستى تێكدانى ڕیزەكانى خەڵكى كوردستان و سەرگەرم كردنى جەماوەر بەكێشەو گرفتى لاوەكى یەوە لەكاتێكدا ئەو ڕاستى یە لەڕۆژ ڕوونترە كە زۆربەى هەڵوێست و كاردانەوەكانى جەماوەرى سنوورى سلێمانى پشتگیرى و بەرگرى كردن بووە لەخەڵكى هەولێر دژ بەو جەورو ستەمەى كەلەلایەن دەسەڵاتەوە لێى دەكرێت و دواین نمونەش كاردانەوەو هاوسۆزى گەرم و گوڕى خەڵكى شارى هەڵمەت و قوربانى بوو بۆ خەڵكى هەولێرى قەڵاومنارە لەكاتى ڕفاندن و تیرۆركردنى شەهیدى جوانەمەرگ (سەردەشت عوسمان) دا .

3-كاكى نووسەر لەووتارەكەى دا پارتى لێكردووینەتە فریشتەو مەڕى پێغەمبەران ، بەجۆرێك مرۆڤ بەخوێندنەوەى بابەتەكە زكى بۆ مەزڵومیەت و بێ چارەیى ئەو حیزبە دەسوتێت ، كەدیارە كاكى نووسەر (لەگەڵ ڕێزى بێ پایانم بۆى) یان گێلە یان خۆى لەگێلى دەدات ، كەهیوادارم گێل بێت چونكە گێلى و نەزانى گرفتەو قابیلى چارەسەركردنە ، بەڵام خۆگێل كردن تاوانەو ڕەنگە كارەسات بەدواى خۆیدا بێنێت . ئەگینا هەرچاوگێڕانێكى خێراو سەرپێى بەمێژووى ئەو حیزبەدا بەسە بۆ ئەوەى دەیان و بگرە سەدان تاوان و كارەسات بژمێرى كەبەرامبەر بەم خەڵك و خاك و مێژووە كردوویەتى .
* پاش ئەو چەند كورتە سەرنجە ئێستا بەكاكى نووسەر دەڵێم كەدەبێت پارتى چى بكات !
براى عەزیز! ئەگەر ئەتوانى بەپارتى بڵێیت لەگەرمەى شۆڕشى ئەیلول دا (سولەیمانى موعینى)كەتێكۆشەرێكى ڕۆژهەڵاتى كوردستان بوو، بۆچى دەستگیر كرد ؟ئەى كە دەستگیرى كرد بۆچى شەهیدى كرد ؟ ئەى كەشەهیدى كرد بۆچى تەرمەكەى ڕادەستى ساواكى شاى ئێران كرد ؟ دەبا پارتى وەڵام بداتەوەو ڕوونى بكاتەوە یان با داواى لێبوردن لەگەلى كورد بكات بەرامبەر بەو تاوانەو چەندین تاوانى ترى لەو جۆرە .

* بەپارتى بڵێ لەسەرەتاى هەشتاكانى سەدەى ڕابردوودا بەئیجازەى كێ شانبەشانى سوپاى پاسدارانى ئێران لەگوندو شارو شاخەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان هێرش و پەلامارى دەهێنایە سەر خەڵك و حیزبە شۆڕشگێڕەكانى كوردستان و دەستى بەخوێنى سەدان كوردى ئەو دیو سوركرد ؟ دەبا ئیجازەى میژوو نوسان بدات ئەو قۆناغە مێژوویى یە وەك خۆى بنووسنەوە .
پێى بڵێ چارەنووسى دیل و بێ سەرو شوێن كراوەكانى شەڕى نەگریسى ناوخۆ ئاشكرا بكات چونكە تاوانێكى گەورەیە بنەماڵەوكەس و كاریان لەوەزیاتر لەدڵەڕاوكێ و گومان و چاوەڕوانى دا بژین باخێزان و هاوسەرە ڕەش پۆشەكانیان لەڕووى یاساو شەرعەوە بیرێك لەداهاتووى خۆیان بكەنەوە .
بەپارتى بڵێ ، 31ى ئاب و لەشكركێشى یەكانى ئێران و توركیا بۆ سەر كوردستانى ئازاد خیانەتى نەتەوەیى و نیشتمانین و خواو گەل و مێژوو لێیان نابورێت ، بۆیە چاكتروایە پێش ئەوەى كار لەكاربترازێت داواى لێبوردن لەخواو گەل و مێژوو بكات و ملكەچى دادو یاساو مێژووبێت . پێى بڵێ ئەم بستۆكە خاكەى كوردستان بەلافاوى خوێن و فرمێسك ڕزگار كراوە ، بۆیە پارتى بۆى نیە بەناڕەوا دەیان مۆڵگە و بنكەى میت و ژیتەم و جەندرمەى لەدەڤەرى بادینان چەقاندووە ، تكایە با ئەو بنكە و مۆڵگانە ڕەوانەى ئەنادۆڵ بكاتەوە و دەرگاى زیندانى بادینان لەسەر خەڵكەكەى بكاتەوە تا سۆراخێك لەبكوژانى (ڕەئوف كامیل و ڕێناس و ئەبو نەسیر و نەزیر عمر و فرانسیس شابۆ و) دەیان قوربانى ترى ئەو دەڤەرە خەپەسەرە بكەن.
تكایە بەپارتى بڵێ جاش و بەعسى و ئەنفالچیەكان ڕادەستى دادگا بكات و لەوەزیاتر بەرهەمى ڕەنج و خەبات و خوێن و عارەقەى پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكانى ئەم ووڵاتەیان دەرخوارد نەدات . پێى بڵێ هاوینە هەوارەكانى پیرمام و سەرى ڕەش و شوێنە گەشتیارییەكانى ترى كوردستان و گشت تەلار و باڵەخانە و كێڵگە و شوێنە زەوت كراوەكانى تر موڵكى گشتین و بۆ هیچ كەس و خێڵ و حیزب و لایەنێك نیە داگیریان بكات. سامان و داهاتى ئەم ووڵاتە موڵكى هەمووانە و كەس بۆى نیە بودجە دیزە بەدەرخۆنە بكات و پارە و داهاتى گومرگەكان حەپەلوش بكات و نەوت و سامانە سروشتیەكانى ترى ئەم ووڵاتە قاچاغ فرۆش و تاڵان فرۆش بكات.
لەكۆتایى دا بڵێ بكوژانى سەردەشت عوسمان كەبەڕۆژى ڕووناك و لەناوجەرگەى پایتەختى هەرێم و بەبەرچاوى خەڵك و پۆلیس و زێرەڤانى یەوە ڕفێندرا ئاشكرابكەن بیاندەنە دادگا و منیش دەڵێم هێز و دەسەڵات و پارەو نەوت و كۆمپانیا و دار و بەردى ئەم ووڵاتە بۆ حیزب و تەنها ئەم تروسكەى ئازادیەش بەئێمە ڕەوا ببینن و لێمان زەوت نەكەن و بەدەردى سەردەشت و سۆران مان نەبەن.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە