هەى رۆ... هەى رۆ...شارى هەڵمەت و قوربانى بى خاوەن مایەوە

Tuesday, 17/11/2009, 12:00


هەى رۆ... هەى رۆ...شارى هەڵمەت و قوربانى بى خاوەن مایەوە

داخەكەم سلێمانى، رۆژانێ بوو تۆ پێشەنگى شۆڕشەكان و بەگژاچونەوەى دوژمنانى هەموو گەلى كوردبویت. رۆژانێ بوو سنگى لاوەكانت بە كوڕو كیژەوە كردبووە قەڵغان و بەرگریت لە داخوازییەكانى گەلێك دەكرد. رۆژانێك بوو هەرتۆ قەڵا پۆلایینەكەى یەكێتیى نیشتیمانى كوردستان و هەرتۆش شارى رۆشنبیریى و بەرخودان بویت. ساڵانێك بوو دەكراى بە دەستەخوشكى شارە نازدارەكانى وڵاتانى رۆژئاوا گەرچى رۆژ لەدواى رۆژ بەرەو وێرانبوون دەبراى. مەخابن، دواى ئەو هەموو قوربانییە، ئەمڕۆ نەپارێزگارت هەیە و نە ئەنجومەنى پارێزگاریش لەدەسەڵاتیدایە بەڕێوەت بەرێت. ساڵانێكە كەمترین خزمەت بەتۆكراوە و چویتەتە ریزى دواكەوتوترین شارەكانى عێراق. بۆیە ناڵێم كوردستان چونكە هەولێر و دهۆك لە تۆ زیاتر خزمەتكراون و كەركوكیش بووە بە قوربانى ململانێى سیاسى.
بە پێى وتەكانى نێچیرڤان بارزانى بێت كەلە سایتى جیهان پرێس-دا ئاماژەى بۆكراوە، ئەو تۆمەتانى لەلایەن سەركردایەتى یەكێتییەوە ئاراستەى داناى ئەحمەد مەجید كراوە بەهۆى ململانێى نێوان یەكێتى و گۆڕانەوەیە و بەپێى نامە هەڕەشەئامێزەكەى دانا-ش بێت كە بۆ سەركردایەتى یەكێتى ناردووە تۆمەتەكان راستن بەڵام بەتەنها ئەو بەرپرس نییە لەو گەندەڵیانە بەڵكو كەسانێكى تریش هەن كەلە سەركردە باڵادەستەكانى ناو یەكێتین. دانا بە نامەیەك توانى خۆى رزگاربكات لە راگەیاندنەكانى یەكێتى و ئەو كەسانەى تریش كەبەشدارن لە وێرانكردنى شارى سلێمانى خۆیان لە هەڕەشەكانى دانا پاراست بە دەمكوتكردنى راگەیاندنەكان.
لێرەدا قوربانیى یەكەم و كۆتایى هەر شارى سلێمانییە، بۆیە دەبێت خەڵكى ستەمدیدەى شار چاوپۆشى لەو مەسەلەیە نەكەن و لەرێگەى خۆپیشاندانى هێمنانەوە فشار بخەنە سەر حكومەتى هەرێم بۆ بەدواداچونى ئەو مەسەلەیە چونكە ئەوان زەرەرمەندى یەكەمن. بەڕێوەبردنى پارێزگایەك لەدەسەڵاتى حكومەتدایە نەك حیزب، ئەگەر حكومەتیش بێدەنگبێت، ئیتر كێ دەمێنێتەوە خەمى ئەم شارە قوڕبەسەرە بخوات؟ ئەگەر ئەنجومەنى پارێزگا ماوەى یاسایى بەسەرچووبو، بۆچى پێشتر تازەتان نەكردەوە؟ كەواتە ئەندامانى ئەنجومەن لەوكاتەى ماوەكەیان بەسەرچووە دەبێت ئەو موچەو ئیمتیازاتانەى وەریانگرتووە بیگێرنەوە و بڕۆنەوە بۆ ماڵى خۆیان؟ ئەگەر ئەنجومەنەكانى هەولێر و دهۆك هیچ نوسراوێك ئاراستەى هیچ شوێنێك ناكەن ئەى كەواتە ئیشیان چییە و بۆ تاكو ئێستا هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنەكانى پارێزگاكان رانەگەیەندراوە؟ دەبێت ئاخۆ چەند ئەنجومەنى ترى لەمشێوەیە لە كوردستانە داماوەكەى ئێمەدا هەبێت كە تەنها ئیشیان موچە وەرگرتنەو لە روى یاساییەوە قسەیان بستێك ناڕوات؟
من وەك دڵسۆزێكى شارى سلێمانى بە یەكێتى و پارتى و گۆڕان وحكومەت و هەموو لایەناكانى تر دەڵێم، ئەگەر ئێوە ناتوانن كەسێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەى ببێت بە پارێزگار ئەوا بە حكومەتى عێراقى بڵێن كۆنە بەعسییەك بكات بە پارێزگار، ئیتر ئەوكاتەش دەگەڕێینەوە سەردەمى پێش راپەڕین و كەسیش باسى گەندەڵى ناكات.

كاتێك رۆڵەیەكى ئەمشارەلە ئەمنە سورەكە گیانى دەكردە قوربانى میللەتەكەى و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانى لەدەستدەدا، خەڵكى شار نەدەگریان چونكە دەیانزانى ئەو قارەمانە تەنگى بە بەعسییەكان هەڵچنیوە بۆیە ئەوانیش لەداخا شەهیدیانكردووە، بەڵام ئەمڕۆ خەڵكى شار پێویستە قوڕبپێون چونكە شارەكایان وێرانكراوە و كەسیش خۆى بە خاوەنى ئەو شارە نازانێت.

تائەوكاتەى ئەمكێشیە چارەسەردەكرێت، هەى رۆ... هەى رۆ... سلێمانى رۆ.....

دانیشتویەكى شارى سلێمانى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە