کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەوجاندنى سیستەمە ئابوورییەکان، لە هەرێمێکی قەیراناویدا

Sunday, 18/10/2015, 1:27


سیستەمى ئابوورى هەموو وڵاتێک سەرەتا بەندە بە پەیڕەوکردنى هەر سیستمێکى ئابوورى کە خۆى لە سیستمەکانى (سەرمایەدارى و سۆشیالیستى و هاوبەشی و ئیسلامیی) دەگرێتەوە، کە هەر وڵاتێک بۆ ئەوەى ژێرخانى ئابوورى وڵاتەکەى بەرەو پێش ببات و داهاتێکى ڕەخساو بۆ تاکەکانى فەراهەم بکات پیادەى دەکات.
دواى ئەوەى کە لە سەدەکانى ڕابردوودا ئەو سیستمانەى کە لە لایەن تاکێکى نەزانەوە یان ڕونتر بڵێم دیکتاتۆرێکى ڕەهاوە لە بوارى ئابوورى دا بەڕێوەى بردووە وەکو دەرەبەگایەتى، کە ئەم سیستمە و هاوشێوەکانى لەبەرئەوەى ڕابردوویەکى باشیان نەبووە و نییە، بۆیە لە ئێستادا هیچ کات و هیچ دەسەڵات و حکومەتێک پەیڕەوییان ناکەن، بەڵام ئەوانەى کە تا ئێستا برەویان پێ دەدرێت ئەو سیستمانە بوون لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدان کە لە سەرتاسەرى جیهان کارى پێ دەکەن لە ئابوورى ووڵات، بەڵام سیستمى کاپیتالیزم ئەتوانم بڵێم زۆرینەى وڵاتانى جیهان پەیڕەوى دەکەن، چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
هەرچەندە هەندێ لەو وڵاتانەى کە دووڕوویی دەکەن لە پەیڕەوکردنى ئەو سیستمانەدا، یاخود نازانن لە چۆنێتى بەکارهێنان و ئاڕاستەکردنى ئەو سیستمانەدا، دواجار تووشی شکستە ئابووریە یەک لەدوایەکەکانى وەک هەڵئاوسان و جۆرەکانى بێکارى و پووکانەوەى ژێرخانى ئابوورى دەبن.
بەرزبوونەوەى چانسی سیستمى کاپیتالیزم دواى ڕوخانى دیوارى بەرلین و پوکانەوەى سیستمى سۆشیالیستى و لاوازبوونى یەکێتى سۆڤیەتى جاران و چەندین ڕووداوى تر دێت، ئەمەش بووە هۆى سەرهەڵدانى بیرۆکەى جیهانگیرى و کارکردن بۆ بە عەمەلی کردنى، ئەمانە واى کرد ئەمریکا ببێتە زلهێزێک لە هەموو ڕووە جیاوازەکانى دەوڵەت بە تایبەتى لە ڕووە ئابووریەکەى، بەڵام ئەمە وەک نەگبەتیەک وابوو بۆ هەموو ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باوەشیان کردەوە بۆ ئەم بیرۆکەیە و لە هەمووش خراپتر ئەوە بوو کە زۆربەى ڕووە خراپەکانى ئەم بیرۆکەیان وەرگرت، هەربۆیە ووڵاتە زلهێزەکان توانیان وەک سەپاندنیش بێت ئەم بارە نالەبارە ئابوورییە بیسەپێنن بەسەریاندا.
ئەمەش لەبەر ئەوەى کە ئەم وڵاتانە نەیانتونی و ناتوانن لە بەرابەر ئەواندا خۆیان بسەپێنن و بتوانن پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیاى خۆیان بخەنەڕوو بەشێوەیەکى خۆماڵى پەتى.
ئەو دیاردە زۆر خراپەى هەموو وڵاتانى ڕۆژهەڵات بەدەستەیەوە دەناڵێنن دیاردەى جۆرەکانى گەندەڵیە و وایکرددوە ئابوورى وڵاتەکانیان بڕوخێنن، ئەمەش بە ئاشکرا و ڕوونى دیارە و حاشا هەڵنەگرە کە لە ئەنجامى نەبوونى کار و کەمبوونى ئەو دەرامەتەى کە دەدرێتە هێزى دەستى کار، وایکردووە گەنجان و لاوانى وڵات کۆچ بۆ وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا بکەن، بە ئامانجى دابینکردنى بژێوى خۆیان و باشترکردن و ئاوەدانکردنەوەى ماڵە باوانیان.
هەرچەندە ئەگەر لە ڕووى کۆمەڵایەتیەوە سەیر بکەین دەبینین هەندێ لەو لاوانەى ڕوودەکەنە هەندەران تووشی زۆر لادان دەبن و زۆرجار هەندێکیان بە تەلەفۆنێکیش ماڵە باوانیان بەسەر ناکەنەوە و ئاین و ئایدیا و ڕەوشت و ئەخلاقیى خۆیان دەفرۆشن.
لەبەرئەوەى کوردستانیش بەشێکە لە ڕۆژهەڵات دەبینین بێبەش نییە لە هەموو ڕووداوە ئابووریەکان کە کوردستانی بەرەو هەڵدێر بردووە ئەمەش لە ئەنجامى ئەو تاوانە ئابووریانە کە چ حکومەت و چ تاکی کوردى دەیکەن بەرانبەر هەرێمەکەیان وەکو خۆ دزینەوە لە باج (التهرب الچریبى) و بێکار بەتایبەت (البگالە المقنعە)تاد... کە زۆربەى داهاتى وڵات بەفیڕۆ دەچێت و لەناوى دەبات ئەوەتا دەچیتە ناو هەر دامودەزگایەکى حکومى لە کوردستاندا دەبینیت بە ڕێژەیەکى زۆر لە کارمەندى تێدایە کە زۆر زیاترە لەوەى کە پێویستیەتى.
جگە لەم هەموو قەیرانە ئابوورییەى کە ئێستا رووى لە رۆژهەڵات و کوردستان بەتایبەتى کردووە، قەیرانى ناشەفافیەت و گەندەڵى لە بوارە جیاوازەکانى ئابووری بەرۆکى هەرێمی کوردستانی گرتووە و کێَشەکەش لەوەدایە دەربازبوون لەم کێشە ئابووریانە زەحمەتە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنى جومگە ئابوورییەکانى کوردستان لەلایەن چەند حزبێکەوە کە ئەوانیش نایانەوێت بارودۆخە ئابووریەکە بارەو باشی بەرن و خۆیان لەگێژاوى گەندەڵى ئابووری ناوە و نایانەوێ لەبەر بەرژەوەدی تەسکی تاکەکەسی و حزبی خۆیان، کوردستان لەو نەگبەتییە رزگار بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە