لە 112 ساڵیادى ڕۆژنامەى كوردى سەرنجێك لە زۆرى و بۆرى بڵاو كراوەكان و كەمى خوێنەران
Monday, 26/04/2010, 12:00
ڕۆشنفكرى لە نێو نەوەكانى كوردا بەردەوام لە نوێگەرى دا بووەو لاپەڕەكانى مێژوو ئەوەیان سەلماندووە كە خوێندن و خوێندنەوەو نوسین و فێركردن بەشێكى دانەبڕاو بووە لە مێژووى هزرى كوردیدا.
ئەمانە وایكردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر برەو بە لایەنى بڵاو كراوە جۆراوجۆرەكانى بدرێت وەك ڕۆژنامەو گۆڤارو كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بەبینراو بیستراو لە ئێستاشدا كە بە خۆشحاڵیەوە یادى (112)ساڵەى دەرچوانى یەكەم ڕۆژنامەى كوردى كە لەلایەن مقداد مدحت بەدرخان دەكەینەوە، كە توانى مێژوویەكى پرشنگدار بۆ خۆى و نەتەوەكەى تۆ مار بكات كە ئێستاش نیشانەى شانازى هەموومانە.
پێویستە ئەوە بگوترێت كە ڕۆژنامەى كوردستانى لەسەرەتاى دەرچوونیدا بەناوى خواى گەورە دەستى پێكرد و ڕاڤە كردنى فەرمودەكانى پێغەمبەر (درودى خواى لێبیت) پشت گوێ نەخستوە، لەگەڵ ئەمانەشدا گێشەو گرفت و نەهامەتیەكانى گەلى كوردى بەدەوروبەر گەیاندووە، هەر بۆیە ئەو لایەن و كەسایەتى و ڕۆژنامە نوسانە كە یادى دەرچواندنى ئەو ڕۆژنامەیە دەكەنەوەو خۆیان بە جێگرو شوێنكەوتەى ڕۆژنامەى كوردستان دەزانن، ئەوا تەنها بەدروشم و گوتار ناتوانن ببنە جێگرەوەى، بەڵكو بەڕەچاو كردنى هەموو ئەو لایەنانەى كە مقداد مەدحەد لە نێو لاپەڕەى ڕۆژنامەكەیدا بڵاویكردونەتەوەو پشت گوێی نەخستوون، ئینجا بە شوێنكەوتەى ئەو ڕۆژنامە هەژمار دەكرێن و ئەو مێژووەى كە ئێستا یادى دەكەیتەوە دەبێتە موڵكى تۆ، ئەگەر نا بە پێچەوانەوە وە مافى تۆ نیە یادى مێژووى ڕۆژنامەیەك بكەیتەوەو لە ئێستادا دژایەتى لە كۆمەڵێك بڕگەى بكەیت!.
ئەگەر سەرنجێك لە بوارى ڕۆژنامەگەرى كوردى بدەین لە ئێستادا د. بینین ئەو نیمچە ئازادیەى كە دراوە بە لایەنى ڕۆژنامەگەرى جگە لە لەناو بردن مێژووى ئەخلاقى ڕۆژنامەگەرى نەبێت هیچى تر نیە، چونكە زۆرى و بۆرى لە بڵاو كردنەوەى ڕۆژنامەو گۆڤارەكان بەبێ سوود گەیاندن بە دەوروبەر كارێكى كاولكارە لە چەند ڕوێكەوە، ئەوەتا لە ئێستادا زۆربەى ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانەى جمهورێكى زۆریان بۆ خۆیان پەیدا كردووە كە یان بەشێوەى ناڕاست تەشهیر بە كەسانى دەوروبەر دەكەن یان خود ئەو گۆڤارانەى كە بەشێوەیەكى دوور لە ئەخلاقى كوردى و دور لە خێزانى كوردى لایەنى سێكسى بڵاو دەكەنەە و ژمارەى كەسانىخۆفرۆش و چاوپێكەوتنە سێكسیەكان بڵاو دەكەنەوە كە كارێكى زۆر نا زانستیانە بە خوێنەرانى ئەو بابەتانەش دڵنیا دەكەمەوە كە زۆربەى زۆرى ئەو بابەتانە دەستكردن ئەو ڕۆژنامە نوسانەن كە بۆ پەیدا كردنى پارویەك نان لەو جۆرە بابەتانە دروست دەكەن و گۆڤارەكان پڕ خوێنەرتر دەكەن، كە ئەمەش لە ڕووى كۆمەڵایەتیەوە زیانێكى زۆر گەورە بەخەڵكى كوردستان بە گشتى و چینى گەنجان بەتایبەتى دەدات.
هەرچەندە لەچەندین بەرنامەى تیڤى و چاوپێكەوتنى ڕۆژنامە لە كەسانى شارەزادا وا كراوە كە ئەم جۆرە گۆڤارانە یا خود ئەم جۆرە بابەتە ناڕاستانە چیدى بڵاو نەكرێنەوە، بەڵام چاودێرانى حكومى و سەندیكاى ڕۆژنامە نوسان تا ئێستا ناتوانن یان نەیانتوانیوە ئەو لێشاوە ڕابگرن، ئەوە بۆ خۆیان جێدەهێڵم؟
ئەگەر لە ڕووى سیاسیەوە لە ڕۆژنامەگەرى كوردى ئێستا بڕووانین دەبینین لە جیاتى بڵاو كردنەوەى فكرى سیاسى و لایەنى پێكەوتن خوازى كوردستان بەجیهان بگەیەنین، بەئاشكرا دیارە كە شەڕێكى سارد لە نێوان حزبە كوردیەكان و تەنانەت ئەوەى جێی سەرسوڕمانە لە نێوان بڵاو كراوەكانیشدا بەدى دەكرێت كە لاپەڕەى كەسایەتى یەكترى هەڵدەدەنەوە و ئەمەش زۆر جار یەكڕیزى گەلى كوردمان لەدەست دەدەین. جگە لەمەش ڕۆژنامە نوسان زۆر جار دژى توندو تیژى و لێدان و هەڕەشە بوونەتەوە، كە لە ڕاستیدا ڕۆژنامەو بڵاو كراوەكانى چى حزبى بن یاخود ئەهلى مافى بڵاو كردنەوەى سیاسەتى حزبەكەیان هەیەو ئەهلیەكانیش ڕۆشنبیرى نوێ و گۆڕان و نوێ خوازى كەسوودى بۆ كۆمەڵگە هەبێت بڵاو بكەنەوە، نەوەك سەنگەر گرتن لەیەكترى و دژایەتى كردنى یەكترى كە جگە لەوەى ڕۆژنامەگەرى كوردى بەرەو هەڵدێر دەبات هیچی ترى لێ چاوەڕوان ناكرێت.
ئەگەر لە ڕووى ئابوریەوە ئاوڕێك لە ڕۆژنامەگەرى كوردى بدەینەوە دەبینین بەشێوەیەكى بەربڵاو لەلایەن حزب و ناوەندو ڕێكخراوە حزبى و حكومى و ئەهلیەكان و تەنانەت بەرپرسە باڵاكانیش بەشێوەیەكى نایاسایی و نا ئابووریانە بە بودجەیەكى زۆر یان بۆ مەرامى سیاسى خۆیان خستۆتە گەڕو ئەمەش خزمەت نیە بە ڕۆژنامگەرى كوردى بەڵكو لەگەڵ مەرامى سیاسى خۆیان دەیانەوێت لە ڕووپەڕى ڕۆژنامەكان دا جێدەستى خۆیان بكەنەوە.
ئەندامێكى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى كوردستان لە ماوەى ڕابردوودا ئەوەى ڕاگەیاند كە پێدانى بودجە بە میدیا ئەهلیەكان گۆڕانى بەسەردا دێت، بەو شێوەیەى كە هەر ڕۆژنامەیەكى ئەهلى لە ڕابردوودا نەیتوانیبێت چالاكیەكى ئەكتیڤى هەبووبێت لە بوارى ڕۆژنامەگەرى كوردیدا، بودجەى نادرێتێ، هەر چەندە لە كاتى پەسەندكردنى بودجەش دا لەلایەن هەندێك لە فراكسیۆنەكانى كوردستان بودجە ڕوبەڕووى ڕەخنە بویەوە ئەوەش لەبەر چەند خاڵێك یەكێك لەو خاڵانە پێدانى بودجە بوو بەكەناڵەكانى حزبى دەسەڵاتدار ئەوەى ماوەتەوە بوترێت دانانى سنورێكە بۆ بڵاو كردنەوەى ئەو هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارانەیە كە بودجەیەكى زۆرى بۆتەرخان دەكرێت و لەبەرامبەر ئەوەش دا كەمى خوێنەرى ئەو بڵاو كراوانە تەنانەت بەشێوەیەكى هەرزان دەفرۆشرێت و دەكرێتە سفرەى ماڵان ئەمەش لە ئەنجامى سوككردنى ڕۆژنامەگەرى كوردیەوەیە نەوەك ناڕۆشنبیرى گەلى كوردى.
لەكۆتایدا پیرۆزبایی یادى (112)ساڵەى دەرچواندنى یەكەم ڕۆژنامەى كوردى لە هەموو ڕۆژنامەنوسانى كوردستان دەكەم و ئەخوازم چیتر بەچاوێكى مەسئولانەوە كارەكانیان بكەن و خەڵكى نەزانیش دژایەتیان نەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست