کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە 197 ملیۆنەكەى 1ى1 خانوویەكم بۆ بكڕن

Wednesday, 26/12/2012, 12:00



خراپ بەشینەوەى داهات لە عێراق بە گشتىو كوردستان بە تایبەتى بووەتە دیاردەیەك كە چینی بورجوازى بووەتە بنێشتە خۆشەى سەر زارو لەگەڵ بینینی باڵەخانەیەك ئاهێكو لەگەڵ بینینی ئۆتۆمبیلێك ئاهێكیتر و هەموو ئاهەكانیتر... دەكێشێتو لەبەرانبەریشدا چینى خانەدانو پیاوماقوڵانیش دەستى نەرمیان لەسەر سكی تێریان داناوەو گیرفانە قوڵەكانیشیان ووردە ووردە پڕ دەبێتەوەو ئاگایان لە بورجوازییە برسییە بێلانەكان نییە.
هەرچەندە بە ویژدانەوە باسی بكەم هەندێك لە خانەدانەكانیش لە شاشەى تیڤییەكانەوە جار جار هاواریان لێ بەرز دەبێتەوەو قسەى هەژارو كەمدەستەكان دەخەنەڕوو، بەلام ئەوانیش هەر خانەداننو مانگانە هێندەى شازدە موچەخۆرى چینی بورجواز وەردەگرن ئەوەش لەبرى دەست بەرز كردەوەیەكیان لە دیواخانەكانیان.
هەركەسێك سەیرى بودجەى عێراقو هەرێم بكات، بیلامەعنا مەبەستم خانەدانو پیاو ماقوڵان نییە، بەدڵنیاییەوە باوكەڕۆیەك دەكات، تەنانەت ناشزانێت ژمارەى بودجەكە بخوێنێتەوە ئەوەندە زۆرە، بەڵام سەیر دەكات لەم بودجە زەبەلاحەش وەك بڵێی لە وڵاتى فیل بیتو بەشی مێرولە بدەیت وایە.
لە كوردستان گرفتى كۆمەڵایەتى زۆرەو لە زۆربوونیشە، هۆكارەكەشی زیاتر بۆ هۆكارى ئابووری دەگەڕێتەوە مەبەستیشم نەبوونى كارە بۆ بێكار، بە كوردییەكەى هێزیى كار لە كوردستان زۆرەو هێزی كاركەرى واقیعیمان كەم.
ئەوەى مەبەستمە لەم گۆشەیەدا بیخەمەڕوو، خستنەگەڕى بودجەیەكی زۆرە بۆ بۆنەو مەراسیمە نیشتمانییەكان لە كوردستان، لەكاتێكدا ئەوانە بە پێویست دادەنێم، بەلام هەمیشە لە بۆنەكان پێویست تر هەیە كە پڕكردنەوەى پێداویستییەكانى چینی هەژارو كەمدەستە، نازانم ئەگەر سەرى ساڵى زاینىو كوردیو لەدایكبوونى سەركردەیەكو تاد... بودجەیەكی بۆ سەرف نەكرێتو ئەو یادە بە كاڵی بكرێتەوە، كێ زیانى بەردەكەوێت؟! كێ لە برسا دەمرێت؟!
بۆ ساڵى نوێ لەجیاتى خزمەتكردنى هەژارو كەمدەرامتەكانو دەستگیرۆییانو لە هەمووشی گەورەتر دامەزراندنى دەرچووانە كە ئاواتە سەرەتاییەكانیان بۆناهێننەدی، حكومەتى هەرێمو رونتر بڵێم پارێزگاى هەولێرو سلێمانى بڕى 197ملیۆن دینار تەرخان دەكەن بۆ شەوى 1ى1.
بەناوى هەموو دەرچوان و چینی بورجوزاى قسە دەكەم، دەڵێم بۆ بردەنەسەرى چەند كاتێك و رازاندنەوەى دوو شەقام ئەم هەموو بودجەیە بۆچی، ئایا بۆ رازیكردنى هاوڵاتى كوردە یان..؟
بەناوى ئەوانیشەوە دەڵێم بەو 197ملیۆن دینارە خانویەك بۆ من و هاوڕێكەم بكڕن باشتر نییە، (مەبەست هەموو تاكێكە لە چینی بورجوزاى)، ئایا ئەو بڕە پارەیە ببەخشنە 197ماڵی هەژار باشتر نییە؟ ئایا ئەو بودجەیە ببەخشنە كەسانێكی نەخۆشی كەمدەست كە هانایان بۆ تیڤییەكان بردووە باشتر نییە؟ ئایاو ئایاو هەزار شتى تریش؟ تكایە هەر یەكەو بۆ خۆى وەلامێك بداتەوە، بەڵام ئەگەر خانەدانەكانیش خوێندیانەوە با بە كردەیی بیسەلمێننو چارەسەرى ئەم گرفتە بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە