کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیكە كوردییەكان

Monday, 11/02/2013, 12:00




خوێنەرانى خۆشەویست، لە مانشێتى بابەتەكەم بە هەڵە تێنەگەن، مەبەستم كەڵەشێری كوردی نییە، دواى لێبوردن لەوانە دەكەم حەزیان لە خواردنى هەیە، بەڵام مەبەستم لەو دیكانەیە كە حكومەتى هەرێم داهێنانی تێداكردووەو لە بودجەدا بەكارهێناون!
بودجەى ساڵى 2013 وەك ساڵانى رابردوو بە كۆمەڵێك داهێنانى ترەوە خراوەتە بەرباسو لێكۆڵینەوەو بەپێی ئەو زانیارییە لابەلاو بەینی خۆمان بێت هەندێكیشمان دزیوە، لەرێی پەرلەمانتارەكانەوە، چونكە ئەوەى پێویست بوو كە هاوڵاتی ئاگاداری قوتى خۆیو چۆنێتى خەرجكردنو داهاتەكەى بێت، لەم فەنتەڵۆسە بوونى نییە، لەكاتێكدا لە هەموو دنیاداو لە یاساكانى دارایی گشتى كە پەیوەندیدارە بە داهاتى گشتىو بودجەى گشتىو خەرجی گشتییەوە پێویستە هەموو تاكێكی ناو وڵات ئاگاداری بەشە بوجەى خۆی بێت!!
ئەوەى تێبینی دەكرێتو بە ئاشكرا لەم بودجەیەدا هەیە خۆى لە دوو بۆچوون زیاتر نابینێتەوە.
یەكەم، یان ئەوەتا حكومەتى هەرێم هەر لە وەزیرەوە تا گزیر، هیچ لە چۆنێتى دارشتنى بودجە نازانن، بەڵام خەرجكردنەكەى ناڵێم!!، لەم نێوەندەشدا ئەو هەموو راوێژكارەشمان كە نازانم هیچ لە ئابووری دەزانن یان خۆیان پێدا هەڵواسیوەو پارەو پولەكەى مانگانەشیان وەك شیری دایكان بەخۆیان حەلاڵ كردووە.
دووەم، یان ئەوەتا حكومەتى هەرێمو ئەوانەى هەڵدەستن بە دارشتنى بودجەو تا كۆتاییەكەی، گاڵتە بە عەقڵی خەڵكی كوردستان دەكەن، كە بەدڵنیاییەوە وایە، چونكە بە ئاشكرا پەرلەمانتاران خۆیان رەخنە لە پرۆژە یاسای بودجە دەگرن، بەڵام بە وەڵام گەلێكی نا مەعقولو هەڵخەڵەتێنەر بێگوێدانە هیچ شتێك خۆیان دەدزنەوە.
لێرەدا ئاواتێكم هەیەو لە بەرپرسان داوائەكەم وەڵامى ئەم پرسیارەم بدەنەوە، بەڵام توخوا بەینی خۆمان بێت وەك هەموو خەڵك فێڵو تەڵەكەم لێنەكەن، بۆ وەڵامدانەوەكەش بەڵێنتان پێدەدەم تەنها لە نێوان خۆمو جەنابی بەرپرسو فەیسبوك دەرناچێت، پرسەكەشم ئەوەیە ئەو هەموو پارە زەبەلاحەتان لە كوێ داناوەو چی لێدەكەنو چۆن دەیخۆن؟ ئەى چۆن دڵتان دێت ئەو هەموو هەژارو كەمدەرامەتو نەخۆشە هەیەو لەبەرانبەردا ئێوەش سفرى پارەكانتان حساب ناكرێت؟؟؟، توخوا بۆچی یەكێك لەو دیكانەى كە دڵنیام هەمووى بۆ خۆتانە، دیكەیەك ناكەن بە تاپۆ بۆ چارەسەركردنى نەخۆشو كەمدەرامەتەكان، یان دیكەیەكیتر بۆ ئەو هەژارانەى كە لە دیكەكانى ئێوە تێناگەنو بە كەڵەشێر تێیدەگەن، بیرم كەوتەوە دیكەیكیش وەك حسابی حەواڵەكارى یەكلایەنە بۆ ئاوارەكانى سوریاتان دابینبكردایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە