دیسانەوە وەزیرى بێ وەزارەت و كورسى بەتاڵ
Thursday, 30/12/2010, 12:00
لەكابینەكانى پێشوى هەردوو حكومەتى هەرێم و عێراق بابەتێكم بەناونیشانى (وەزیرە بێ وەزارەتەكان) بڵاوكردەوە كە تیایدا كورسى بێ ئەرك و زیادبوونى گەندەڵى و بەفیڕۆدانى سامانى گەلى عێراق و كوردستانم باس كرد بوو، سوپاس بۆ خوا لە كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم تاڕادەیەك توانرا ئەو وەزیرە بێ وەزارەتانە كەم بكەنەوە هەرچەندە لەواقیعى ئێستاى كوردستان ئەو وەزارەتانە نیوەیان زیادن و پێویست بوو ئەم وەزراەتانەش زیاتر یەك بخرانایەتەوە، چونكە هەرێمێكى(3) پارێزگایى پێویست بە حكومەتێكى هێندە وەزارەتى زۆرینە ناكات و، ئەمە تەنها بۆ دیاریكردنى پۆست و ڕازیكردنى لایەنەكانە، بەڵام هەرچۆنێك بێت لە كابینەى پێشوو باشترە.
ئەوەى جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە هێشتا كابینە نوێیەكەى مالیكى، كە لە چەند وەزارەتێك و چەندین كورسى دروستكراو بەزۆر، و كەموكوڕیەكى ڕەهاوە ڕاگەیەنرا، مالیكى یان سیاسەتى مالیكى یاخود ڕونتر بڵێم سیاسەتى لایەنە سیاسیەكان وایكردوە كە یەكترى ڕازى بكەن، ئەمەش وایكردووە چەندین كورسى بێ ئەركى پڕ مەێرەف دروستكراون و دراونەتە لایەنە سیاسیەكان، ئەمەش تاكە بەڵگەیە كە هیچ تاكێك ناتوانێت نكوڵى لێبكات لەوەى كە لایەنە سیاسیەكان پێش خەمخواردن بۆ گەل و بەرەوپێشبردنى عێراق خەمى دەسەڵاتى سیاسى و كورسى خۆیانن، ئەمەش بەدڵنیاییەوە بۆ وەرگرتنى بڕێك پارەى زۆر كە لە عێراقدا بووە بە پیشەو پارە بەهەدەردان دادەنرێت.
بۆیە با هیچ لایەنێكى سیاسى لەمەوداو وەك جاران قسە هەرزان باییەكانى بانگەشەى هەڵبژاردن نەفرۆشنەوە بەگەلى ستەمدیدەى عێراق، خۆ ئەوان دەیانوت عێراق ئازاد دەكەین لە گەندەڵی سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى و دادوەرى و تاد..، بەڵام لەیەكەم ڕۆژى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق و پاشان پێكهێنانى حكومەت خۆیان بوون هەموو ئەو تۆزە ئازادیانەى كە هەبوون، سەریان نایەوەو دووبارە گەندەڵى سیاسى و ئابوورى و تاد...یان خستەوە سەر ئەوانەى پشوو و پێشكەشى وڵاتیان كردەوە.
ئەوەى جێی ئەسەفەو هەموومان خەمى بۆ دەخۆین، زۆرى وەزارەتەكان لەلایەك، بەڵام لەوەخراپتر ئەوەیە ئەم هەموو وەزیرە بێكارە دواتر خانەنشین دەكرێن بە بڕە پارەیەكى زۆر وەك بڵێی پێشتر هیچ پارەیەكیان وەرنەگرتووەو یاخود بڵێی كارى زۆرى كردووە، نازانم وەزارەتە فەرمیەكان لە عێراقدا چ كارێكیان كردوە جێگاى دڵخۆشی بێت تا بێیتە سەر وەزارەتە بێ وەزارەتەكان(دەوڵەت)، نازانم هێندەى من ئاگاداربم نە لایەنى ئەمنى ئیستقرارەو نە تەندروستى و نە هیچ، ئەتوانم بڵێم هێندەى بودجە ێەرف دەكرێت نیو هێندەكار ناكرێت.
بابەتێكى ترى سەرسوڕهێنەر ئەوەیە لە عێراق بەدەر لە دۆزینەوەى كورسى وەزارى كورسیتر دۆزراوەتەوە لەم خولەدا، چونكە بەرپرسە باڵاكان پێیان عەیبە ببنە وەزیر، ئەوەتا بۆ ڕازیكردنى عەللاوى پۆستیان بە ناوى(ئەنجومەنى سیاسەتى ستراتیژى)ى دروستكراو بە پێی ئەو داواكاریانەى كە بۆى كراوە بریتییە لەوەى دەبێت ئەركى جێبەجێ كردنى لەدەسەڵاتدا هەبێت ئەمەش گرفتێكى ترەو دەبێتە بوونى دوو حكومەت لە یەك وڵاتدا، یان دەوترێت دەبێت ئەم (ئەنجومەنى سیاسەتى ستراتیژى)ە چاودێر بێت بەسەر پەرلەمان و حكومەت، نازانم جاران دەوترا پەرلەمان چاودێرە بەسەر كاروبارەكانى حكومەت و دەوڵەت، جا پەرلەمانێك ئەگەر چاودێرى بكرێت ئەوە كەى پەرلەمانە! ئیتر چى ئیشێكى هەیە و چى پێ دەوترێت؟ ئەتوانم بڵێم لە عێراق هیچ بەرپرسێك و ئەوەى تۆزێك بڵێت هەم، بێ كورسى نابێت، واتە پۆستێكى بۆ دەدۆزنە وەو بەپێی داواكاریەكانى و پاشان ڕازى دەكەن، ئیتر گرنگ نیە بەلایانەوە كە ئەو پۆستە خزمەت دەكات یان زەحمەت دەدات.
جگە لەوەى بڕێكى زۆر بودجەى وڵات دەپچڕێت بۆخۆى و بڕیارى گەورە گەورەى بێ كردەوە هیچیترى لێ نابینرێت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكیتر ئەمە بەڕاستى خەمخۆرى دەوێت واتە پێم وابێت باشترە عێراق فۆرمات بكەینەوە لە بەرپرسان، چونكە پاش كاركردنیان، داواى خانەنشینى دەكەن كە موچەى ئەوكاتەشیان دەیان هێندەى فەرمانبەرێكى حكومەتەكە لەبەیانى تاكو ئێوارە كار بۆ دەوڵەت دەكات و سى ڕۆژ دەژمێرێت پاشان موچەكەى لە نێوان (150.000 تاكو 600.000) دینار دایە، من دەمەوێ پرسیارێك لەبەرپرسان بكەم بەڵام تكام وایە وەڵامى من و تەواوى گەلى ستەمدیدەى عێراق بدەنەوە، وەرگرتنى بڕە پارەیەكى زۆر لەكاتى كاركردن و پاشان موچەى خانەنشینى بەبڕێكى زیاد لە فەرمانبەرانى حكومەت بۆچى؟ ئایا ئێوە خۆتان بەڕۆڵەیەكى ئەم وڵاتە نازانن؟ ئایا ئێوەش فەرمانبەرێك نین وەك ئەو فەرمانبەرەى مانگانە (150.000) دینار وەردەگرێت؟
ئەخوازم بەرپرسانى باڵاى عێراق دووبارە بەكارو كردەوە موچەى خۆیاندا بچنەوەو دادوەر بن لەدابەشكردنى سامانى وڵات، چونكە بە دڵنیایەوە زیاد وەرگرتنى موچە لەلایەن ئەوانەوە وادەكات فەرمانبەرانى خوارەوەش بەچالاكیەوە كارەكانیان ڕانەپەڕێنن، چونكە لێكى دەداتەوە ساڵێك موچە وەربگریت ناگاتە موچەى مانگێكى پەرلەمانتارێكى عێراق یان وەزیرێك، هەر بۆیە باهەموومان پێكەوە دادوەرانە و بێ هیچ فرتوفێڵێك عێراقى ئایندە بەرەو پێشەوە بەرین لە هەموو ڕوەكانى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى.
*بەڕێوەبەرى نوسینى رۆژنامەى باسك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست