کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵاتى كوردى زۆر لەوە كەمترە سوكایەتى بە زیندانى سیاسیەوە بكات !!

Wednesday, 08/07/2009, 12:00


زیندانێكى سیاسى ماوەى دوو ساڵە و دەسەڵاتى كوردى بەردەوام درۆ بۆ زیندانیە سیاسیەكان دەكات و كۆمكارى زیندانیە سیاسیەكانیش وەك زوڕناژەن یارى بە مەشاعرى زیندانیان دەكات. لە دوایین جاریشدا جەلال تاڵەبانى سەرۆكى بوق لێدەرى بیرى شۆفینى عەرەبى(رێزم هەیە بۆ عەرەبى دڵسۆز)و عیماد ئەحمەد ى جێكرى سەرۆكى مەجلیسى تەنفیزى مەنتیقەى حوكمى زاتى بە ئاشكراو بێ پەردە و لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن و روپەڕى رۆژنامەكان بە زیندانیە سیاسیەكانى كوردستان دەڵێن كە تێكۆشەرى راستەقینە و خاوەن قوربانى عەرەب و نەتەوەكانى ترن و ئەوان لە كورد شەریف تر و لە پێش ترن بۆیە دەبێت زیندانیەكانى ئەوان برى 500 هەزار دینار وەرگرن و ئێمەش لە پیاوەتى خۆمان برى 390 هەزار دەدەین بەو جاشانەى پێیان دەوترێت زیندانى سیاسى و ئەڵقە لە گوێ ى خۆمانن ، چونكە مێژوو واى هێناوە كە دەبێت كورد كەمتر بێت لە نەتەوەكانى ترى عیراق.
خوێنەرى بەرێز.. بەر لە هەموو شتێك موزایەدە لە كەس قبوڵ ناكەم و بە ئاشكراش دەڵێم بروخێ دەسەڵاتى كوردى و خراپترین ئیدارەى عەرەب و فارس و تورك لە باشترین ئیدارەى كوردى باشترە. هەرچیش موزایەدەى نیشتمان پەروەرى بەسەرمدا بكات بێ شك دەڵێم دیارە ژیانى بەجاشایەتى بەسەر بردوە.ئەوەتا دەسەڵاتى بەغداد لە جێبەجێ كردنى یاساى ژمارە چوارى ساڵى 2006 دا كە تایبەتە بە زیندانیە سیاسیەكان بێ گوێ دانە نەتەوە و مەزهەب و بێ جیاوازى فیكرى و ئینتما خزمەتى زیندانیانى سیاسى دەكات ، بەڵام دەسەڵاتى كوردى نەك خزمەت ناكات ، بەڵكو ئەوەشى لە بەغداوە هاتووە دەیدزێت و بەسەر جاش و زورناژەندا دابەشى دەكات (ئەمە پاش ئەوەى بەشى خۆیان هەڵدەگرن).
لێرەوە دەڵێم هیچم نیە لەسەر دەسەڵاتى دزو جەردەى كوردى، بەڵام داوا لەسەرجەم زیندانیە سیاسیەكانى كوردستان دەكەم كە چى تر لە ئاست ئەو هەموو سوكایەتى پێكردنە بێ دەنگ نەبن و 18 ساڵى رابردووى دەسەڵاتى كوردى بەسە بۆ سوكایەتى پێكردن . وەرنەدەنگ و هاوار بكەن نا بۆ دەسەڵاتى دز وجەردە، بەڵێ بۆ دەسەڵاتى عێراقى ، چونكە زیندانیانى سیاسى لە ماوەى پێشودا تاوانبارن بەوەى خەباتیان كردوە لە پێناوى روخاندنى دەسەڵاتى عەرەبى عیراقى (رژێمى بەعس) و بەشدارن لە هەموو ئەو نەهامەتیانەى ئێستا بەسەر خەڵكیدا دێت لە كوردستان لە ژێر سایەى دەسەڵاتى كوردیدا ، بۆیە پێویستە چیتر ئەو عەقڵە شۆفینیە كوردیە لاى خۆیان نەهێڵن و هەر دەسەڵاتێكى عەرەبى ، فارسى ، توركى خزمەتى پێشكەش كرد رێزى لێ بگرن.عیراق بە هاوڵاتى پلە یەكمان دادەنێت و دەسەڵاتى كوردى كورد بە پلە دوو ریز بەند دەكات.
زیندانیانى سیاسى تێكۆشەر
وەرنە سەرشەقامەكان و چۆن بارەگاى بەعسیە عەرەبیەكانتان بەرد باران كرد، هەرواش بارەگاى بچوە بەعسیە كوردیەكان بەرد باران بكەن و بارەگاكانیان بسوتێنن. ئێوە لە بەرامبەر بەعسدا ورە پۆڵایین بوون .. ئێستا ئەم بێچوە بەعسیان بە هیچ شێوەیەك ناتوانن لە بەردەمى ئێوەى ورە پۆڵایین ئەلفێك هەڵهێنن. لە جێى هەر قامچیەك كە بەرتان كەوتبێ بەرپرسانى كورد سەدان دەفتەرە دۆلاریان دزى.. لە جێى هەر جارە هەڵواسێنێكى ئێوە دەسەڵاتى كوردى هەزاران دۆنم زەوى داگیر كرد.. لە جێى ماندو بونى هەر دایك و باوكێكى ئێوە خاوەن مەلەفەكان سەدان باڵەخانەیان بۆ قومار و لەشفرۆشى دروسكرد.هەركەسێك بێ دەنگ بێت لە ئاست ئەو مافانە وەك ئەو مونافقانە وایە كە راپۆرتیان لە ناو زیندانەكان دەنوسى... بەسە ئیتر وەرنە دەنگ و هاوار بكەن :
بروخێ دەسەڵاتى كوردى
سەرشۆڕى بۆ دز و جەردەو زورناژەنەكانى كوردستان
ریسوایی بۆ هەموو ئەوانەى برى 390 هەزار دینار بە ناوى زیندانى سیاسیەوە وەردەگرن و خۆیان بە كەمتر دەزان لە عەرەبێكى بەسرە

[email protected]
تێبینى:
شەش ساڵ لە گرتوخانەى ئەبوغرێب زیندانى بووم و حوكمى موئەبەد درا بووم.
سێ برام شەهیدن.
18 ئامۆزاو خاڵۆزام شەهیدن.
سێ جار بریندار كراوم پێش زیندانى بوونم.
چوار جار ماڵمان سوتێندراوە لەسەر دەمى بەعسدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە