ئەمڕۆ (24/10) فەرمانبەران و مامۆستای پەروەردی مەخموور مانیان گرت
Monday, 24/10/2011, 12:00
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 24/10 سەرجەم فەرمانبەران و بەرێوەبەرانی قوتابخانەكانی مەخموور لەبەردەم بینایەی پەروەردەی مەخموور مانیان گرت.
بەهۆی بڕیارێكی وەزیری پەروەردە بەدانانی كەسێكی دەرەوەی شارۆچكەی مەخموور لەپۆستی بەرێوەبەری پەروەردەی مەخموور نیگەرانیەكی زۆر لەلایەن فەرمانبەران و مامۆستایانی مەخموور دروستكردو سەرەنجام بڕیاریاندا مانبگرن و هەلوێست وەربگرن.
عەبدوڵڵا تاهیر بەرپرسی كەرتی مەخمووری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند "داواكاری فەرمانبەران و مامۆستایانی مەخموور رەوایەو هەقی خۆیانە داوای ئەوە بكەن كە كەسێكی مەخموور بكرێتە بەرێوەبەری پەروەردە، راشیگەیاند "ئێمە پشتگیری لە داوای فەرمانبەران و مامۆستایانی مەخموور دەكەین و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو كەسانەی مانیان گرتووەو هیوادارین بەرپرسانی ئیداری چارەسەرێكی گونجاوی ئەم بابەتە بكەن".
مامۆستا قادر ئیسماعیل وەكو مامۆستایەكی مانگرتوو گوتی "دەست لەمانگرتن هەلناگرین هەتا ئەو بڕیارە هەلنەوەشێتەوەو چاوێك بەو بڕیارە نەخشێندرێتەوە، ماوەی هەشت ساڵە داوا دەكەین خەڵكی مەخموور لە پۆستەكان دابنرێت بەڵام هەتائێستا ئەو داوایەیان فەرامۆش كردووینە، بۆیە ئەمڕۆكە هەلوێستی خۆمان بەئاشكرا بەلایەنی پەیوەندیدار خستەروو، ئێمە زۆر مامۆستای شیاومان هەیە بۆ ئەو پۆستە، رەوانییە لە 90% ی بەرپرس و بەرێوەبەرەكان خەڵكی مەخموور نین".
جێگەی باسە رۆژی 23/10/2011 بە بڕیارێكی وەزیری پەروەردەو بەبێ ئاگاداری قایمقامیەتی مەخموورو بەبێ رەچاوكردنی داواكاری خەڵكی مەخموور لەجێگەی (شۆرش خدر) بەرێوەبەری لەسەركار لادراوی مەخموور سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی بەناوی (نەوزاد سیان) كراوە بە بەرێوەبەری پەروەردەی مەخموور ئەمەش نیگەرانیەكی زۆری لەلایەن فەرمانبەران و مامۆستایانی مەخموور دروستكردو سەرەنجام مانیانگرتنیان لە دەوام راگەیاندو بەردەوامیش دەبن تاوەكو كەسێكی دانیشتووی مەخموور یان خەڵكی ناوچەكە بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت، هەروەك لەدروشمی مانگرتووان بەدەردەكەوێت كە تەنها داواكاری ئەوان ئەوەیە كەسێكی ناوچەكە بكرێتە بەرێوەبەر، هەروەك لەدروشمی مانگرتووان هاتبوو (یان مەخموور بێت، یان با هەر نەبێت).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست