کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساتێك لە تەمەن

Friday, 12/10/2012, 12:00


سەرگوزشتەی نەریمان ئەمین عومەر (ناسراو بە هاوڕێ ئاسۆ)، یەکێک لە زیندانیە سیاسیەکانی (ئەمنە سورەکەی سلێمانی)
تایپ و ئامادەکردن (هیدایەت مەلا عەلی)

دەسپێك

لە ساڵەکانی هەشتاکاندا کۆمەڵێك گەنجی چوست و چالاک، پێمان وابوو کە ئازادی بۆ خەڵك و ڕزگاربوون بەم پارتە کلاسیکانە ناکرێت و ئەمانە بەردێکیان پێ ناخرێتە سەر بەرد، بۆیە هەوڵدرا کە دەست بکەین بە کارێکی یەکجار مەزن ئەویش پشت بەستن بە هەژارترین چینی کۆمەڵ کە کرێکاران و زەحمەتکێشانە، و بە فکری مارکسی بتوانین ئەم ڕژێمە سەرنگون بکەین.
من یەکێك بووم لەوانەی کە بڕوای تەواوم بەم کارە هەبوو بۆیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا توانیم شانەی بچوك بچوك دروست بکەین و دەست بکەین بە خۆ ئامادەکردن بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کارەکانمان یەکجار باش دەڕۆشتە پێشێ، زۆر بەرچاومان ڕۆشن بوو دەمانزانی چی دەکەین.
لەم ماوەیەدا چەندین کەسی تر لە شوێنی ترەوە خەریکی هەمان کاری ئێمەبوون بۆیە هەر زوو کەوتینە دۆزینەوەی یەکتر، هەوڵمان دەدا یەکتری بدۆزینەوە و ڕێگاکان لەیەك بدەین و شاڕێگایەكی دروست بگرین، بەڵام هەروا ئاسان نەبوو ئێمە هێشتا زۆر وورد نەبووین لە شیکردنەوەی ڕووداوەکان و دانانی پیلانێکی دروست بۆیە ئاسان نەبوو کارکردن بەیەکەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە توانیمان لەگەڵ یەکێك لە گروپە گەورەکان هاوکاری بکەین و ڕێکخراوێکی تۆکمەمان پێکهێنا، بەڵام مەخابن هەر زوو ڕژێم توانی کون بکاتە ڕیزەکانمانەوە و بەشێك لە تەشکیلاتەکانمان تووشی گرتن و ڕاوەدوونان بوون.

دەسگیر کردن

من و چەند هاوڕێیەکی نزیکم بەر شاڵاوەکە کەوتین و لە شەوی ٥/٦ی مانگی ٩ ی ساڵی ١٩٩٠ دا دەستگیرکراین و خراینە ئەو زیندانەوە کە ناسراوە بە زیندانی (ئەمنەسورەکە) لە سلێمانی.
دیارە باس کردنی ئەو ڕۆژانەی زیندان تەنها بەشێکە لە یادگاریە ناخۆش و خۆشەکانی ژیانی من، مێژوویەکی سەیرە بۆ من و هاوسەرەکەم (ئاواز) دوای تەنها ٢٠ ڕۆژ لە هاوسەگیری من تووشی زیندان و ئەویش تووشی زیندانی دەرەوە بووین. دەکرێت (ئاواز)یش بەشێك لەو ڕۆژە سەختانە لە کاتێکی تردا بنوسێتەوە.
یەکەم شەو زۆر سەیربوو چونکە تەنها من نەبووم کە بەرەو ژوورە تاریکەکان برام، کاتیك گەشتمە ئەوێ برا گەورەکەم (دکتۆر کامەران) بەیەك کاتژمێر پێش من لەوێ جێنشین کرابوو. ئەو منی بینی بوو کە هێناومیانەتە ژوورێ، بۆیە شەوێکی زۆر سەخت و خەمناك بوو بۆ ئێمە و خانەوادەکەمان. یەك کەس بە ئاسانی لەم ژوورانە ناچێتە دەرێ بەڵام زۆر ئاسان دێیتە ژژوورێ، چونکە تەنها یەک ناڕەزایی بەسە بۆ ئەوەی ژیانت لە دەست بدەیت.
هەر دوای گەیشتنم بە کاتێکی کەم گوێم لە دەنگێکی لاواز بوو بانگی کردم: نەریمان ... نەریمان. بۆ من جێگای پرسیار بوو کێیە ناوی من دەزانێ، نا لەوانەیە سیخوڕێك بێت و بیەوێت شتێکم لێ دەربهێنێت ئەو کارەیان زۆر کردبوو پێشتر، وەڵامم نەدایەوە، دەنگەکە وتی: من (کامەران)ی براتم !.
من یەك وەڵامم دایەوە کە برام نیە بەو ناوەوە، بەڵام دوای چەند هاتن و بردنێك و چەند ڕوداوێکی هەر هەمان شەو کە ئەو باسی کرد دەرکەوت کە کارەساتەکە ئاوابوو ئەویشیان پێش من هێناوە و دەستگیرکراوە.
زۆر گفتوگۆ کرا لەو شەوە و شەوی دواتر، بەڵام کارەکە لێرەدا کۆتایی نایەت ئێمە براین بۆ ئەو شوێنەی کە بە (ئەمنەسورەکە) ناسراوە.
ئیتر لێرەوە ڕۆژ و شەوە درێژە سەختەکان دەستی پێکرد. دیارە گەر هەموو شتێ بنوسیتەوە دەبێت نوسەرێکی زۆر بەدیقەت و دەوڵەمەند بیت لە وشەدا. چونکە هەست و نەستی ناسك و خەمی گەورە و هیوای بەربوون، وە چاوەڕوانی ڕۆژانی ڕەشتر هەمووی دەبێت بەڕاستی نوسەرێکی باش بینوسێتەوە کە من بۆ خۆم ئەم توانایەم نیە، بەڵام هەوڵ دەدەم بەشێك لەو ڕوداوانە بە ژیانێکی ڕۆژانە بنوسمەوە کە هیوادارم خوێنەری بەڕێز ئاشنا بێت بە مێژووی کۆمەڵێك ئینسان کە پێیان وابوو دەبێت بەشێك بن لە هێزی گۆڕانکاری بەرەو باشتر.

ئه‌منه‌ سووره‌که‌



دیارە (ئەمنەسورەکە) ناوێکی زۆر قێزەونە لە مێژووی شاری سلێمانیدا و هەرکەس لەوێ بووبێ دەزانێ ئەو ڕژێمە چ سەرمایەیەکی خەرج کردووە بۆ دیل کردنی مرۆڤەکان. من بۆ خۆم کە گەشتمە ژوورە تەنهاکەم کە بە ناوی ژمارە حەوت (٧) ناسرابوو، هێشتا هەر لە شۆکدا بووم، ئایا دەبێت چی چاوەڕوانمان بکات؟.
کەسێك لە ژوورەکەی پاڵمدا هەناسەی بە توندی هەڵدەکێشاو گوێم لە ئاخ و ئازارەکانی بوو، پاش ماوەیەك بە سەیرکردنی ژوورەکەمدا کە تەنها یەك سەتڵی سپی ماستی دوو (٢) لیتری تێدابوو. یەکەم جار نەمزانی بۆ لەوێیە، چونکە هیچی تری لێ نەبوو، تەنها زەوییەکی کاشی خۆڵەمێشی و دیوارێکی سپی بوو، لەگەڵ هەواکێشێکی وەڕەسکەر، چونکە لەو کاتانەدا بە هەموو شتێ مرۆڤ ئازار دەچێژێ.
دەنگە دەنگ ووردە ووردە دەستی پێکرد، ئەوانەی پێش ئێمە لەوێ بوون بەدوای هەواڵی تازە و زیندانیە تازەکاندا وێڵ بوون، بۆ وەرگرتنی هەواڵەکانی دەرەوە. ژمارە دوو (٢) پرسی چ هەواڵە؟.... ژمارە چوار (٤) وەڵامی دایەوە کە خەڵکی تر گیراون و زیندانی تازە هاتوون دەبێت ئاگامان لێیان بێت. تۆ ئەوەی تازە هاتوویت ژمارەکەت حەوتە (٧)، من ئەم کۆدانەم نەدەزانی، ئەو زیندانیەی پاڵم ووتی لەگەڵ تۆیانە کاکە، منیش ووتم ئایە من لە ژوری ژمارە حەوت (٧)م؟ ووتی بەڵێ. بەخێرهاتن و هەواڵ پرسین دەستی پێ کرد، یەکەم دەنگ کە بوو بە ئاشنام هاوڕێم (حەسەنی کتێب فرۆش) بوو.
دوای هەواڵ و یەکترناسین گوێم لە خەمەکانی ئەو گرت و لەگەڵ گریانەکەیدا منیش قوڵپم دەدا، چونکە سەرگوزشتەی ئەو زۆر سەخت بوو، بەڵام من توانیم تۆزێك دڵی بدەمەوە و پێی بڵێم کە ژیان بەردەوام دەبێت و خەمەکانیش ناکرێت وەها سەخت وەربگیرێت و هێشتا لەدەرەوەی زیندان کەسی باش زۆرن کە ئاگایان لە خانەوادەکەت و منداڵەکانت بێت، چونکە (کاك حەسەن) زۆر خەمی خێزانە خنجیلانەکی بوو کە ئایا چۆن دەتوانن ژیان بەسەربەرن کاتێك کە ئەمیان لێ دوور بێت. شەوەکان زۆر دوور و درێژ و تاقەت پڕوکێن بوون.
ئێمە ئاگاداری شێوەی گرتنمان نەبووین و نەماندەزانی هۆکارەکەی چیە، بەڵام تەنها دوای دوو شەو دوای ئەوەی کە بانگکراین بۆ لێکۆڵینەوە ئینجا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە شاڵاوێکی گەورەیە و هەموو بزووتنەوەکەی گرتۆتەوەو بەشێکی زۆر لە هاوڕێ نەناسراوەکانمان گیراون.

لێکۆڵینه‌وه‌

دیارە زۆرترین زەڕبەیەك کە لە گروپەکان کەوت ئەم گروپانە بوون: (دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا) کۆمەڵیك کادر و ئەندامی زۆریان بەرکەوتن. (ڕەوتی کۆمونیست) کە ئێمە بووین لە پلەی دووەمدا دەهاتین بەشێك لە کادر و ئەندامانمان بەرکەوتن، دواتر لە مانگی یەك (١)دا [کانونی دوەمی 1991] کۆمەڵێکی تر لە هاوڕێیانمان بەرکەوتن، (کۆمەڵەی یەکی ئایار) کە زیاتر هاوڕێیانی کەرکوك و هەولێر بوون کە زۆربەیان گیرابوون.
یەکەم لێکۆڵینەوە لە گەڵم دوای دوو شەو کرا، بانگکرام بۆ خوارێ واتە ئێمە لە نهۆمی دووەمی زیندان بووین کە بەشی زیندانە تاکەکانە، حەوت (٧) دانە ژووری بچوکی یەك مەتر بە دوو مەتر (1م X 2م) بوو. کە بردیانمە خوارێ لە ژورێکدا ئەفسەرێك دانیشتبوو بە (نەقیب ماجید) ناسراو بوو، ووتی دانیشە، و دەستی کرد بە پرسیار دەربارەی سیاسی بوون و ڕێکخراو کاری دژی ڕژێم، دیارە بەوپێیەی کە من هیچ لە ماڵەکەمدا وەك بەڵگە نەگیرابوو، بڕیارم دابوو کە تەنها بە (نەء) وەڵام بدەمەوە و هیچ شتێک نەدرکێنم، من وتم: نازانم باسی چی دەکەیت و ئاگام لە هیچ نیە و هیچ نازانم، ئەو زۆر بە تووندی ووتی باشترە کە قسە بکەیت ئەگینا پیشانت دەدەین کە تۆ چیت و خەریکی چیت، من هەر خۆم لە بابەتەکە بێ ئاگا دەکرد و "هیچ نازانم" تەنها وەڵامی من بوو. (نەقیب ماجید) بە پاسەوانەکەی ووت بڕۆ ئەو کەسە بهێنە، من تۆزێک سڵەمیمەوە چونکە ئەمە مانای وایە کە کەسێك هەیە ئاگاداری کار و چالاکیە سیاسیەکانی من بووە.
دوای چەند خولەکێك کە ئاوڕم دایەوە کەسێکی چاکەت و بیجامە لەبەری ڕەنگ هەڵبزرکاو شەکەت و داڕوخاو لە بەدەنیدا دیار بوو کرا بە ژووردا، وەك بروسکە ئاسا بەناو گیانمدا تەزویەك ڕۆی، ئای خۆ ئەوە (لوقمانە) نزیکترین هاوڕێم و هەڵگری هەموو نهێنیەکانمە هەم شەخسی و هەم سیاسی. من زۆر شپرزەبووم و خەمی (لوقمانم) دەخوارد کە بۆ وایان لێ کردوە، لە (نەقیب ماجیدم) پرسی بۆ واتان لێ کردووە؟ ئەو ووتی: ئەمە قسەی نەکردوە بۆیە، ئیتر دوای زانیم کە هەموو دەوورووبەرەکەمان گیراوە، (کامەرانی برام) لەسەرەوە (لوقمان) لە خوارەوە و هاوڕێیانی تریش لە دەرەوە، هەموو ئەمانە دەزانین بۆیە دەبوایە کە هەوڵمان بدایە بەکەمترین زیانەوە لەم کێشەیە بێینە دەرێ و هیچ هاوڕێیەکی ترمان تێوە نەگلێت، هەرواش بوو ئێمە لە نێوان خۆماندا بڕیارماندا و توانیشمان سەرکەووتووبین لەمەدا.

گواستنەوە بۆ هۆڵەکان



دیارە ڕۆژانی بەردەوامی لێکۆڵینەوە ناخۆشترین کاتەکانی زیندانە و ئێمە هەر لە خەمی ئەوەدا بووین کە شتی تازە دەرنەکەویت تا پەروەندەکانمان بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێت و وەك هەر زیندانیەك چاوەڕوانی دادگای (بەغداد) بکەین، چونکە ئەمە ئەو ڕێچکەیە بوو کە هەموو زیندانیەك دەبوایە پێیدا بڕوات، نزیکەی مانگێکی خایاند تا ئێمە بەتەواوی لەم شتانە ڕزگارمان بوو، دواتر ڕەوانەی هۆڵەکان کراین بەشێکی زۆرمان بۆ هۆڵەکانی سەرەوە کە بە هۆڵی پێنج و شەش و سێ (٥،٦،٣) ناسراو بوو لەگەڵ هۆڵی یەك و دوو (٢،١) کە لە خوارەوە بوو.


من لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا لە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) بووین کە خۆشبەختانە (لوقمان)ی هاوڕێم لەوێ بوو، دیارە هەتا دەگاتە ئەم کاتە چەندین ڕووداو لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕوویدابوو کە بە گرنگی نازانم لێرەدا باسی بکەم.
شێوەی هۆڵەکەمان بەم شێوەیە بوو، سێ ژوور بوو کە بەینەکانی لابرابوو، هۆڵێکی درێژ بە درێژای نۆ مەتر و پانایی سێ‌ مەتر (9م X 3 م). دیارە لە تەنیشتەوە ڕاڕەوێك هەبوو لەبەردەمیدا دوو دەست شۆری لێ بوو کە بەکارمان دەهێنا بۆ خۆشۆردن و قاپ شۆردن و سەرئاو (تەوالێت).

ژوورەکان هەواکێشی تێدابوو بە بنمیچی ژوورەکانەوە، دوو دەرگاش دەرگاکان کە یەکێکیان نەدەکرایەوەو ئەوی تریان بەکار دەهێنرا بۆ هێنان و بردنی زیندانەکان، لەسەری ئەوسەری هۆڵەکە دەرگایەك هەبوو بۆ ژووری ژمارە شەش (٦) کە چەند زیندانیەکی تێدابوو یان دوان بوون یان سیان لەوە زیاتر نەبوون.
لەسەرەتا لەم هۆڵەدا زیندانی جۆراو جۆر هەبوو، لە قاچاخچی و موستەشار و پیاوی بەساڵاچوو، هەروەها هەندێك (ئێران)یمان لەگەڵ بوو (کاک سەعید و مام عەلی) کە لەسەر هێنان و بردنی کەلوپەلی قاچاخ گیرابوون.
دوای ماوەیەك ئەم هۆڵە تەنها (یان بڵێم زیاتر) برادەران و هاوڕێیانی (چەپ)ی تێدابوو، لەگەڵ چەند کەسێکی کەم کە جار جار دەهێنران و زۆر نەدەمانەوە و دەگوێزرانەوە.
دیارە ئێمە وەك کۆمەڵێك گەنج و (کۆمونیست) لەم هۆڵەدا هەوڵماندا کە بتوانین ئەم زیندانە بکەین بە شوێنێك بۆ گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زۆر بابەتی کۆمەڵگا و دەروازە فیکریەکان، پەرەبدەین بە فیکرێك کە ئێمە لەسەری زیندانی کرابووین، چەندین گفتوگۆی چڕوپڕمان لەسەر مەسەلە گرنگەکانی (مارکسیزم) دەکرد و شەوانە کۆڕەکانمان زۆر گەرم بوون، ئێمە لەوێ هەموو جیاوازیە تەشکیلاتیەکانمان وەلا نابوو بۆ ڕاسترین توێژینەوە دەگەڕاین لەسەر مەسەلە زیندوەکانی ناو کۆمەڵگا، بۆیە ئێمە لە کاتەکانی ناو زیندانمان بەشێوەیەکی زۆر بەسود بەکار دەهێنا، توانیمان لە هەڵسوکەوتماندا لە مامەڵەمان لەگەڵ زیندانیەکانی تردا پیشانی بدەین کە دەتوانین ڕابەری کۆمەڵگابین.
دیارە لەم ماوەیەدا ڕووداوی زۆر خۆش و ناخۆش ڕوویدەدا لە زینداندا، کە هەندێکیان وەك یادگاری خۆش و ناخۆش لای ئێمە جێگایان بەجێهێشت، دیارە لەم هۆڵەدا واتە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) ڕۆژانە خواردنێکی کەممان بۆ دەهات، بەڵام بەهۆی مێژووی زیندانیمان ئێمە هەرگیز تەنگ و چەڵەمەمان بۆ نەهاتە پێش لە دابەشکردنی ئەو بڕە کەمە لە خواردن، هەمووکات هەوڵمان دەدا کە ڕێنوێنی زیندانەکانی تریش بکەین بۆ ئەوەی کە بە یەکسانی ئەو خواردنانە دابەش بکرێت.
ئێمە لە زینداندا توانیمان کە ناڕەزایەتی دەرببڕین بەرامبەر بە دوو شت کە ئەمە تازە بوو بۆ زیندان، یەکەمیان: کە داواکاری پێخەفی زیادمان کرد چونکە زیندانەکە زۆر سارد بوو، دووەمیان: مانگرتنێکی زۆر شکۆمەندانەمان ئەنجامدا بۆ زیاد کردنی خواردن، توانیمان بەڕێوەبەری زیندان بێنینە ژێر پرسیار و داواکاریەکانمان بۆ جێبەجێ بکەن، ئەم مانگرتنە لە ١٧/٢/١٩٩١ دا توانیمان بەڕێوەی بەرین و داواکاریەکانمان جێبەجێ کرا.
دیارە ئێمە لە زیندان توانیمان کە هەڵسین بە بەرزکردنەوەی وورەی هەر زیندانیەکی تازە کە دەهات، هەوڵمان دەدا کە ئامۆژگاریان بکەین کە بەهیچ شێوەیەک شت نەدرکێنن و نەچنە ژێر باری توندوتیژیەکانیانەوە و خۆڕاگربن.

کوڕێکی گەنجی عەرەب (عەلاء)

لێرەدا پێمخۆشە ڕووداویك باس بکەم کە بەسەر کوڕێکی گەنجی عەرەب هات، لە هۆڵی ژمارە سێ (٣) بووین کە ئەم کوڕە گەنجەیان هێنا، من هەر زوو چووم بۆلای و لەگەڵی باسی شێوەی دڕندەی ڕژێمم بۆ باسکرد و پێموت: نابێت باسی هیچ شتێك بکەیت و خۆت بدەیتە دەستیانەوە، ئەویش بڕیاریدا وا بکات و هیچ شتێک نەدرکێنێ، دوای چەند کاتژمێرێک هاتن و بردیان بۆ لێکۆڵینەوە، دیارە ئێمە گوێمان لە دەنگی هاوڕێیان دەبوو هەندێك جار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، دوای یەك کاتژمێر دەرگا کرایەوە، کەسێکیان کرد بە ژووردا هەرچەندە سەیرم کرد نەمناسیەوە، دوای بە جلەکانیا زانیم (علاء)یە، سەری زۆر ئاوسابوو دەم و چاوی بەهیچ شێوەیەك لە (عەلاء) نەدەچوو، چوومە پێشەوەو وتم: (عەلاء)، وتی: بەڵێ ئەوە منم نەمتوانی خۆڕاگرم ببورە، من هەرگیز نەمزانی بوو ئەم ڕژێمە ئەمەندە دڕندەیە بەڕاستی یەکەم جارە لەگەڵیان مامەڵە بکەم، دیارە زۆر ڕووداوی لەم جۆرە ڕووی دەدا، ئێمە هەردەم هەوڵمان دەدا کە پاڵپشتی هاوڕێ زیندانیەکانمان بکەین، بەڕاستی مرۆڤی زۆر قارەمان لەم زیندانانەدا گیانیان لەدەست دەدا.
دیارە ئێمە ڕۆژانە بەدوای هەواڵی دەرەوەبووین، هەوڵماندەدا کە دانەبڕێین و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهانیش زۆر بۆ ئێمە گرنگ بوو ئێمە، کە جار جار زیندانی تازە دەهات هەر هەموومان وەك شاهەنگ چواردەوریمان دەگرت و پرسیار دوای پرسیار ئاراستەمان دەکرد، بەدوای وردەکاریەکانی ڕۆژانەی خەڵك و ڕژێم و جیهانەوە بووین.
جاری واهەبوو کەسێ دەگیرا هیچ جۆرە زانیاریەکی باشی نەئەدا بە ئێمە، بۆ نمونە جارێکیان شۆفێرێکی تەکسی گیرا کە تەنها یەک شەو لامان بوو بەربوو، دوای دوو ڕۆژ دیسان گیرایەوە ئێمە خۆشحاڵ بووین کە هەندێک هەواڵی تازەمان بداتێ کەچی زۆر بەئاسانی ووتی:هیچ ڕوونادات و منیش هەر خەریکی عەشق بازی خۆمم، ئێمە تۆزێك تووڕەبووین و لۆمەمان کرد.

دووبارە لێکۆڵینەوە

دیارە هەندێک زیندانی بەهۆی لاوازی ئیرادەیانەوە ناڕۆشنیان بۆ دروست دەبێت و بڕوا بە هەندێك پەیمانی درۆ دەکەن کە لە زیندان پێیان دەدرێت و دەبێتە مایەی قورس کردنی ژیانی هاوڕێکانیان، من بۆ خۆم جارێك بەهۆی یەکێك لەمانەوە تووشی ئازاربووم. لە کانوونی دووەم (مانگی یەکی ساڵی١٩٩١)دا کۆمەڵێك هاوڕێی ئێمە (ڕەوتی کۆمونیست) گیران و سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئێمە دەستی پێکردەوە، دیارە زۆر ڕاپۆرت و نوسراو گیرابوو، دیسانەوە هاتنەوە گیانی ئێمە و بانگی لێکۆڵینەوە کراینەوە.
منیان بانگ کرد بۆ ژووری (نەقیب ماجید) لەوێ کۆمەڵێکی زۆر نوسراو ڕاپۆرت دانرابوو، بە منی ووت: دانیشە و قەڵەمێك و کاغەزێکی سپیان پێدام، لە نزیك (نەقیب ماجید)ەوە یەکێك لەم کەسانە دانیشتبوو کە یارمەتی دەدان بۆ تەرجومە یان ڕۆشنکردنەوەی هەندێك شت کە بۆ ئەوان ئاڵۆز بوو بە ناوی (+++++).
(نەقیب ماجید) ووتی: بنووسە، من کە سەیرێکی خێرای ڕاپۆرتەکانم کرد یەکسەر خەتەکەم ناسیەوە کە هی هاوڕێیەکی خۆمان بوو بەناوی (ئاریان)، ئیتر بێخەم بووم لەوەی کە دەست و خەت بگۆڕم، یەکسەر بە خەتی خۆم ئەوەی (+++++) دەیووت من دەمنووسی، دوای چەند زلەیەکم لێدرا گوایە دەست و خەت ئەگۆڕم، منیش بێ هیچ وەڵامێك بەردەوام بووم لەسەر نووسین، دواتر (نەقیب ماجید) ووتی: بەسە، ڕووی کردە (+++++) و ووتی: تۆ پێتچۆنە ئەمە، بۆ مێژوو ئەمە دەڵێم چونکە ئیمکانە (+++++) ئەمە نکٶڵ بکات، بەڵام (+++++) ووتی: بەبڕوای من ئەم ڕاپۆرتە هی ئەم کەسەیە چونکە خەتەکان لەیەك دەچن. بۆیە من تووڕەبووم لێی و ووتم: تۆ چۆن شتی وا دەڵێیت ئەوە نووسینی من نیە، دیارە لەسەر ئەمە ئازاریاندام، ئەم (+++++) تەنها لەبەر جگەرە یان چایەك هەندێك جار سوکایەتی بە خۆی دەکردو ئێمەشی توشی ئازار دەکرد.

کات بەسەربردن

دیارە لە زیندان کاتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت زۆر شتی تێدا بکەیت، ئێمە کاتەکانمان بە یاری کردن بە دۆمینە و تاوڵەی دەستکردی خۆمان یان زیندانیە کۆنەکان بەسەر دەبرد، تەنانەت لە هەویری ناوی سەموون کارتی کۆنکەن دروست کرابوو بەڵام لەسەردەمی ئێمەدا لەبەر کەمبوونی نان نەمان دەتوانی هیچ شتێك دروست بکەین. شەوانە بە یاری کڵاوێن و نوکتەو گۆرانی و شیعر و حیکایەت خوێندنەوە دەبردە سەر، قسە خۆشی باشمان لەگەڵ بوو وە دەنگ خۆشی چاکمان تێدابوو کە جار جار خەمەکانیان دەڕەواندینەوە، زۆرێك لە کاتەکانی ترمان بە موناقەشەوە دەبردە سەر لەسەر باسە سیاسیەکان هەر وەك لە پێشتر ئاماژەم بۆکرد. دیارە لەگەڵ هاوڕێکانمان هەرچی دەردە دڵی خۆمان هەیە بۆ یەکتریمان باس دەکرد، (من و لوقمان) زۆر نزیک بووین لە یەکتر وە توانیمان لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا خۆبگونجێنین و زۆر شتمان لای یەکتر باس دەکرد.



دیارە ئێمە هەوڵمان دەدا کە هەمیشە تەبابین لەگەڵ یەکترو تەنگوچەڵەمە دروست نەکەین و نەیەڵین خەمەکانی زیندان بمانڕوخێنێ، وەك باسم کرد ئێمە زۆر یارمەتی یەکتر و زیندانیە تازەکانیشمان دەدا بە تایبەتی کاتێك کە زیندانی تازە دوای ئەشکەنجەدان دەهێنرانەوە، بە هەموو چوار دەوریمان دەداو لەشیمان دەشێلا تا کەمێك لە ئازاەکانی کەم بکەینەوە، چونکە هەڵواسین قۆڵ و باڵی زیندانیەکانی شەکەت دەکردو زۆر جار توانای بەرزکردنەوەی نەدەهێشتن، بۆیە گرنگ بوو تۆزێك مەساج بکرایە دوای هەڵواسین.
لە نێو زینداندا بەڕێکردنی کاتەکان کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئێمە وەك کۆمەڵێک ئینسانی (چەپ و کۆمونیست) هەمیشە لە بیری ئەوەدا بووین کە چۆن بتوانین کاتەکانمان بەکاری گرنگ و بەسودەوە بەسەربەرین، دیارە کۆڕوکۆمەڵی ڕۆژانەمان هەبوو کەباسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دەهێنرایە سەر باس و لێکۆڵینەوە، ڕۆژانە چەندین کاتژمێر ئێمە شیکردنەوەی فیکری (مارکسی)مان بۆ هەموو دەروازەکانی ژیان دەکرد و ووچانمان نەدەدا، وە لە هەمان کاتیشدا توانیمان کە بۆ هاوزیندانیەکان بسەلمێنین کە ئێمە دەتوانین کۆمەڵگا بە شێوازێکی زۆر ئینسانی بەڕێوەبەرین، هەر شتێك لەناو زینداندا ڕووی بدایە ئەوە ئێمەی (کۆمونیستەکان) بووین کە نەزەری ئینسانیمان دەداو ڕێگەچارەی گونجاومان دادەنا، هەر لە ڕێکخستنی شوێنی خەوتن و پاکردنەوە و خواردن دابەشکردن و هەتا کۆمەك کردن و یارمەتیدانی زیندانیەکانی تر لە کاتی ئەشکەنجەدان و هەتا پێدانی ئامۆژگاری پێویست دەربارەی خۆبەدەستەوەنەدان و خۆڕاگری.
لە کاتی خواردن دابەشکردندا ئەوە ئێمە بووین کە توانیمان زۆر بە یەکسانی و ڕێکوپێکی خواردنەکان بەسەر زیندانیەکاندا دابەش بکەین لە هۆڵەکاندا، کە زیندانی تازە دەهات جێگە و قاپ و پێخەفمان بۆ ئامادە دەکردوو بەپێی توانا و شارەزابوونمان ڕێنوێنیمان دەکرد.

خواردن

دیارە خواردن یەکێک بوو لە گەورەترین ئازارەکانی ناو زیندان کاتێك ئەمەندەت پێنادەن کە تێرت بکات و بتوانیت ووزەی تەواو وەرگریت، ئێمە لە کاتێکی زۆر ئاڵۆزدا گیرابووین سەردەمی شەڕی کوێت و عێراق بوو، عێراق گەمارۆی ئابوری لەسەر بوو، خواردن تەنها لای دەوڵەمەند و پارەدارەکان هەبوو، لە زیندان بۆ ئێمە دوو بەرابەر خراپ بوو، چونکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا کە ئازارمان بدەن بۆیە خواردنێکی زۆر خراپ و کەم دەهاتە ناو زیندان، دابەشکردنی هەندێك جار زەحمەت بوو چونکە بەشی هەمووی نەدەکرد.
ئێمە لە سەتڵی ماست قاپی خواردنمان دروست کردبوو، هەر لە سەتڵ کەوچکمان دروست کردبوو، خواردن بە سەتڵی ماست دەهات بۆمان و ئێمەش وامان لێ کردبوو کە هەر چەند زیندانیەک لەسەر یەک قاپ نان بخۆن، واتە گروپی بچووك بچووك دروست کرابوو، وە بە پێوەری بچووك وەك یەك بۆ هەر گروپێك خواردن دابەش دەکرا، جۆری خواردنەکان برنج و شلە، پەتاتە و خورما، هەندێک جار سەوزەشمان بۆ دەهات یان جار جار چایان دەدا پێمان. نانەکانیش زۆر خراپ بوون یان نانی بچووکی بازاڕ کە لە بەری دەست گەورەتر نەبوون، دیارە هیچ کات ئێمە تێرمان بەوە نەدەخوارد بەڵام ناچار دەبوایە بەرگە بگرین.
هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێت کە (کاژاو جەمال) لە پەنجەرەکەی ژووری ژمارە شەش (٦) لەگەڵ نەوشیروان قسەی دەکرد، وەختێك دیم بەلادا هات و کەوت بەسەر ئەو سەتڵە ئاوانەدا کە ئێمە دامانابوو بۆ کاتی پێویست، من یەکسەر ڕام کرد و کردمە باوەش و هێنامە سەر جێگەیەك، دواتر دڵم پڕبوو بۆی و زۆر خەفەتم خوارد، بۆ دەبێت مرۆڤ لەبرسانا وای لێ بکرێت، وە چەندین هاوڕێی تر لە برسانا هاواریان بوو بە خۆشمەوە کە بەڕاستی سەخت بوو.
دیارە لە لای گروپەکەی ئێمە (من، لوقمان، ئازاد، سەلیم) هەرگیز ڕووداوێك لەسەر خواردن نەهاتە پێش بەڵام بەهۆی ئەوەی (لوقمان) قورحەی گەدەی هەبوو هەمیشە خورمای زیادمان هەبوو بۆ ئەوەی کە ئازاری دەستی پێ بکردایە خورمایەکی دەخوارد، بۆ هێورکردنەوەی ئازارەکەی.

پاسه‌وانه‌کان

دەربارەی هەڵسوکەوتی پاسەوانەکان لەگەڵ ئێمە، چەندین تێڕوانین هەبوو، ئێمە لەگەڵ پاسەوانەکان ووردە ووردە ئاشنا دەبووین لەگەڵ شێوەی مامەڵەکەیان و هەتا شێوەی ئازاردانیان بۆ ئێمە. هەندێکیان بەڕاستی نامرۆڤ بوونی خۆیان بە هەموو شێوەیەك دەردەبڕی، لە شێوەی گفتوگۆ کردنیان بگرە تا بانگ کردنیان و هەتا لێدانیش. من بۆ خۆم چەندین لەوانم باش دەناسی و ناوەکانیان بۆ ئێمە یادگاری جۆراوجۆری جێهێشتووە لە زهنماندا.
یەکێك لەو پاسەوانانە کە زۆر دیاربوو (آبو دلف) بوو کە زۆر تاکەم لەگەڵ ئێمە هەڵسووکەوتی دەکرد، هەندێک جار قسەکانی بۆ ئێمە دەبووە جێگای گاڵتەجاڕی و نوکتە. جارێکیان لەبەر سەرما ئێمە هەواکێشەکانمان وەستان و نایلۆنمان پێدا هەڵواسی بۆ ئەوەی سەرما نەیەتە ژوورێ، بەڵام کەشف بووین و کارەباچیان هێنا تا چاکی بکات، لەم کاتەدا دەرکەوت کە ئێمە فێڵمان کردووە و نایلۆنمان هەڵواسیوەو کونەکەمان گرتووە، (آبو دلف) ڕووی کردە هەموومان و ئەم قسەیەی کرد کە تا ئەم دوایانەش لەگەڵ هاوڕێیان زۆر جار هەر باسی دەکەین، ئەو ووتی: (سەیرکەن ئەمە دەبینن لە پێمدا ئەمە پێڵاوە، لە ماڵەوە پۆستاڵێکم هەیە ئەمجارە وا بکەن بەو پۆستاڵە تێتان هەڵدەدەم و یەکسەر لە نەخۆشخانە ئەتان خەم)، جا ئەم ووتانە گەر بە عەرەبی و زمانی خۆی گوێت لێ بێت زۆر هەزەلی و بێمانا بوو، ئێمە دواتر هەر بەوە پێدەکەنین چونکە هەر بەخاتری ئەوەی پۆستاڵەکەی لە پێدانەبوو ئێمە ڕزگارمان بوو لەوەی بچینە خەستەخانە.
ناوی پاسەوانەکان بەم شێوەیە بوو (آبو دلف، طارق، نایف، ڕەحیم، حەمە دەم خوار، جومعە)، ئەم (نایف)ە زۆر تووڕە و تڕۆ بوولەگەڵ سێبەری خۆی شەڕی ئەکرد، دەموچاویشی زۆر ناشیرین بوو، ڕۆژێک هەموو دانیشتبووین و باسی ئەم جانەوەرەمان دەکرد، لە پڕ (ئاوات محەمەد) پرسیارێکی کردو ووتی: کێ ئەزانێ دەموچاوی لە چێ ئەچێ؟ ئێمەش هەر یەکێکمان ناوی دەعبایەکمان ووت یان شتێکی ناشیرین کە شیاوی ئەو بێت، بەڵام ئەمانە هیچیان (ئاوات)ی ڕازی نەکرد و نەچووە ژێر باری ناوەکان، لە کۆتاییدا ووتمان باشە پێمان بڵێ دەموچاوی لەچی دەچێت؟ زۆر لەسەرخۆ وەڵامی دایەوە ووتی: (دەموچاوی دەڵێی جڕتە) بەڕاستی پێکەنین چونکە تەنها ئەم ووشەیە قابیلی دەموچاوی ئەم بەشەرە بوو.
یەکێك لە پاسەوانەکان بەشایەتی هەموو بەڕاستی مرۆڤ بوو وە دەیزانی مامەڵەی مرۆڤایەتی چۆنە، کەسێك بوو ناوی (ڕەحیم) یادی بەخێر هەرگیز لە یادەوەریەکانماندا وون نابێت و لای یێمە هەر زیندوە، بۆ جارێکیش دڵی کەسمانی ئازار نەداوە، من خۆ یادگاریەکی زۆر خۆشم لەگەڵی هەیە، (مانگی ١ی ساڵی١٩٩١) کاتێك کۆمەڵێك هاوڕێی تر گیران، دیسانەوە لێکۆڵینەوەی ئێمە دەستی پێکردەوە، لەسەر بابەتێك و بۆ زانینی ماڵی هاوڕێیەك منیان بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرد، دوای زۆر پرسیار و وەڵام (نەقیب ماجید) بە (ڕەحیم)ی ووت: لێیدە، (ڕەحیم) دەستی بەرز کردەووە و زلەیەکی لێدام بە دەموچاوێکی زۆر غەمبارەوە، دوواتر (نەقیب ماجید) ووتی: بیبە شوێنی خۆی، لە ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ژوورەکەم (ڕەحیم) دەستێکی خستە سەر شانم و ووتی: داوای لێبووردن دەکەم بەڵام بە حەزی خۆم نەبوو کە ئەمەم کرد، منیش هەر بە پێکەنینەوە ووتم: زۆر ئاساییە کاکە گیان من سوپاسی تۆ دەکەم کە ئەوەندە میهرەبانی، بەڕاستی نەك ئازارم پێنەگەش بەڵکو بۆم ئاسایی بوو، من دەزانم و هەموومان تۆمان خۆش دەوێت و لە هەموو شت بوراوین، هیوادارین کە بتوانین پاداشتی چاکەکانت بدەینەوە، بەڵام جێگەی داخە کە نەمانتوانی ڕزگاری بکەین چونکە ئەو وەك بەشێك لە ئێمە بوو، هەر ئەم (ڕەحیم)ە زۆر جار جگەرەی بۆ جگەرەکێشەکان پەیدا دەکرد، یان ڕۆژنامەی بۆ ئێمە دەهێناو، وە هەر کات ئەو بهاتایە ئێمە دڵشاد دەبووین دەمانزانی کە تەوهینمان پێناکرێت و بەئاسانی ڕۆژەکەمان دەڕوات.



حەز ئەکەم لێرەدا شتێك باس بکەم دەربارەی (ڕەحیم)، ئێمە هەموومان ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی گەر ڕۆژێک بتوانین کارێك بکەین و چاکەی ئەم ئینسانە بدەینەوە ئەوا بەهیچ شێوەیەک ڕاناوەستین، دوای ئەوەی زانیمان کە بەربوونمان نزیکەو جەماوەر خرۆشاوە بیرمان لای ئەو بوو، دەمانزانی خەڵك داخ لە دڵ و ڕق و کینەی خۆیان بەرانبەر هەموو ئەمانە دەردەبڕن، هەر لە بیری ئەم پیاوەدا بووین بە هەر نرخێکە بۆمان دەکرێت ڕزگاری بکەین، بەڵام بەداخەوە دوای شکاندنی زیندان و بەربوونمان ئێمە نەمانتووانی ڕزگاری بکەین، لە ڕاپەڕینە جەماوەریەکەدا ئەویش وەک دەڵێن (تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێ) تیاچوو گیانی لەدەستدا، ڕێز و خۆشەویستیم بۆ گیانی پاکی، کە ئەم ڕێزە تەنها هی من نیە، هەموومان لە زیندان هەمان ڕێزمان بۆی هەبوو، هەمیشە لە یادماندا زیندوو دەمێنێتەوە.

یاده‌وه‌رییه‌کی خۆشی زیندان

ئێمە ئەو کات (کۆتایی ساڵی ١٩٩٠) لە زیندان بووین هیوامان بە هاتنی سەری ساڵی تازە زۆر بوو کە ببێتە ساڵی ئازادی و سەرفرازی، بۆیە هەرچەند ڕۆژ پێش هاتنی سەری ساڵ خۆمان بۆ ئەو شەوە ئامادە دەکرد، ئامادەکاری ئێمە نەڕازاندنەوەی ژوور بوو، نە هێنانی یتپی مۆسیقا بوو، بەڵام شتێك بۆ ئێمە گرنگ بوو کە بتوانین هەموومان لەسەر سفرەیەکی تۆزێك پۆشتە دانیشین و نانێکی کەمێك زیاتر هەبێت بیخۆین.
بۆیە هەر چەند ڕۆژێك پێش سەری ساڵ هەوڵمان دەدا کە هەرکەس و لای خۆیەوە شتێك لەو خواردنە زۆر کەمە لابدات بۆ ئەو شەوە، جا لە پارچەیەك نان بۆ خورمایەك یان پەتاتەیەك ئەمەمان کرد، توانیمان بڕێکی باش کە ئەو شەوەی پێ بەرینەسەر کۆبکەینەوە، ئینجا دانانی بەرنامەی چالاکیەکان و جۆری یاریەکان و گۆرانی و نوکتە و مەتەڵ، دواتر لە شەوی سەری ساڵدا هەموو بەیەکەوە لە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) توانیمان شەوە ئاهەنگێك سازبکەین، کە تا ماوەیەکی زۆر جێگەی ئەو شەوە مایەوە لە زهنی هەمووماندا، بەڕاستی شەوێکی خۆش و یادگاریەکی خۆشمان تۆمار کرد.
ئێمە دەنگ خۆش و حیکایەت خوان و نوکتەبازی زۆر باشمان لە نێودا بوو، کوڕێکی گەنجی جوانی خەڵکی (پشدەر) گیرا بەناوی (جەمال) کە بەڕاستی بۆ ئێمە بوووە سەرچاوەی خۆشبەختی، ئەم کوڕە دەنگێکی زووڵاڵی خۆشی پێوەبوو، لە هەمان کاتدا دەیتوانی لاسای هەموو گۆرانی بێژە ڕەسەنەکان بکاتەوە، گەر وەك ئەوانی نەووتبێ بەبڕوای من ناخۆشتری نەدەووت، وە هەموو گۆرانیەکانی ئەوانیشی دەزانی ئیتر ئەم دەنگ خۆشە شەوانە کۆڕوکۆمەڵەکانی ئێمەی زیاتر خۆش دەکرد، هەرگیز بێ دڵی نەدەکردین.

ناڕه‌زایی ده‌ربڕیین

دەورانێکی زۆر سەختمان بڕی لە مانگی یەکی ئەو ساڵەدا سەرما زۆری بۆ هێناین، چونکە ئێمە زۆربەمان لە کۆتایی هاوین گیرابووین و جل و بەرگی هاوینەمان لەبەردابوو، ژوورەکانمان تەنها کاشیەکان بوو، بۆیە بڕیارماندا کە ناڕەزایی دەرببڕین، شەوێکیان لەو شەوە ساردانەدا بەڕێوەبەری زیندان (نەقیب خەڵەف) لەگەڵ دەستەوتاقمەکەی خۆیان کرد بە هۆڵەکەی ئێمەدا، ئێمەش هەموو هەڵساینە سەرپێ و ئامادە باشیمان وەرگرت بۆ ناڕەزایەتی.
(نەقیب خەڵەف) پرسیاری هەندێک شتی لێکردین، ئێمەش زۆر بە ڕاشکاوانە ووتمان سەرمامانە و دەکرێت کارێك بکەن بۆ ئەوەی ژوورەکانمان بۆ گەرم بێت یان هەواکێشەکەمان بکوژێننەوە چونکە تەنها ژوورەکانمان بۆ سارد دەکاتەوە، دیارە ئەم دڕندەیە وەک پیشەی خۆیان چەند قسەیەکی ناخۆشی دابە تەنگەماندا وەک (ئێوە قابیلی هیچ نین ئەوەی دەکرێت دەبیت بۆ سەربازانی بەرەی جەنگ بێت، ئێوە تاوانبار و هەڵگەڕاوەی حکوومەتی ئێمەن، هەقتان نیە نانیش بخۆن)، بەڵام ئەو لە چاوی ئێمەدا دەیبینی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕین بۆیە هەر بۆ بەیانی پڕ بە پڕی هۆڵەکەمان فەرشیان بۆ هێناین، هەرچەندە کۆن و پیس بوو بەڵام بۆ ئێمە جێگەی زۆری گرت و بەشێکی باشی سەرمای بۆ گێڕاینەوە.

سمێڵ تاشیین

هەر لە مانگی یەکی ئەو ساڵەدا ١٩٩١، ئێمە هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک ڕیشمان دەتاشی، دیارە ڕیش تاشینەکە لەناو ڕاڕەوی بەردەم هۆڵەکەماندا بوو، چەند ئاوێنەیەکی شکاوی بچووک و ڕیش تاشێکی کۆنیان دەهێنا، من سەرەم هات هاوڕێیان ووتیان: تکا دەکەین کە سمێڵیشت بتاشە، من هەرگیز سمێڵم نەتاشیبوو، پێم سەخت بوو کاری وابکەم، سمێڵم گەورە بوو هەندێک لەو هاوڕێیانە زۆر تەکلیفیان کرد کە من بیتاشم ئەوانیش دەیتاشن، بۆیە بڕیارمدا کە بۆ یەکەمجار سمێڵم بتاشم، هەر کە چوومە دەرێ دوای دڵە ڕاوکێیەکی زۆر دەستم توانی گوێزان بە سمێڵمدا بێنێ و بۆ یەکەم جار لە (١٣/١/١٩٩١) دا سمێڵم تاشی، هەر کە هاتمە ژووری هەندێک ووتیان نەمان ناسیویتەوە ئەوەندە گۆڕاوی، من بۆ خۆم زۆر پێم سەیربوو کە توانیم ئەو کارە بکەم.
ئەم سمێڵ تاشینە لام بوو بووە بابەتێکی گەورە، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بەربین و هەڵچوونی جەماوەری ڕوو بدات، بڕوا بکەن پڕ بە دڵ حەزم دەکرد جارێ بەرنەبین تا سمێڵم دێتەوە دەمگوت ناتوانم ئاوا بڕۆمە دەرێ، پاش جەند ڕۆژ بۆ یەکەم جار لە مێژووی (ئەمنی سلێمانی) چاوپێکەوتنێکیان سازدا بۆ ئێمە لەگەڵ خانەوادەکەماندا، کاتی (من و دکتۆری برام) هات، تازە سمێڵم تاشی بوو کە چووینە دیداری (دایکم و ئاواز و نیاز) دایکم هەر بە چاوی بەفرمێسکەوە پێی ووتم: کوڕم توخوا ئەوە بۆ سمێڵیان تاشیووی، وای دەزانی جۆرێکە لە ئازاردانی من، منیش هەر بە پێکەنینەوە پێمووت: دایە گیان مەترسە هەر بۆ خۆشی تاشیوومە، دایکم ووتی: بە زۆر نەبوو، منیش ووتم: نەخیر، ئینجا ووتی: جا بۆ تاشیت کوڕم.
چونکە جاران ئێمە گوێبیستی ئەوە بووین کە لە زیندان بۆ ئازاردانی ڕۆحی زیندانەکان سەروڕیش و هەندیک جار برۆیان دەتاشین وەک جۆرێک لە ئەتک کردن، بۆیە منیش دڵی دایکمم دایەوە کە ئەوە تەنها خۆم تاشیم و هیچ جۆرە ناڕەحەتیەك بۆ خۆت دروست مەکە.

هێرشی ئەمریکا و بارودۆخی زیندان

دوای ئەوەی لە (١٧/١/١٩٩١)دا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕژێمی عێراقیان داو بەشێکی زۆری خزمەتگوزاریان لە عێراقدا داڕمان، ئەمە کارێکی زۆر سەخت و قورسی کردە سەر ئێمە لە زیندان و ژیانی ڕۆژانەمانی زیاتر سەخت کرد، ئێمە ئەوەمان باس دەکرد کە داڕمانی بنەماکانی ئابوری عێراق تەنها خەڵك زەرەرمەند دەبێت نەك ڕژێمەکە، چونکە زۆر بە ئاسانی لە ژیانی ناوزیندانی ئێمە ڕەنگی دایەوە، کارەبامان کە بیست و چوار (٢٤) کاتژمێر هەبوو، بوو بەچەند کاتژمێرێك و ئاوی گەرم کە دەمانتوانی خۆمان پاک ڕابگرین و ڕۆژانە خۆمان بشۆین نەماو خواردنەکانمان خراپتربوو، لە هەمووی خراپتر دوای ئەم وەزعە ئەسپێ و کێچ هەڵی گرتین، شەوانە و ڕۆژانە دادەنیشتین و سەتڵێک ئاومان دادەناو ڕاوی ئەسپێمان دەکرد، ئەمە خۆشبەختی جەنگی ئەمەریکا بوو کە بۆ ئیمەی هێنا لە ناو زینداندا، هەر چەندە هەندێک خۆش خەیاڵ و خۆش بەختانە بیریان لەم کارەی ئەمەریکا دەکردەوە بەڵام ئێمەی (کۆمونیستەکان) نەزەرمان جیاواز بوو.
هەر دوای ماوەیەکی کەم هەموومانیان ڕاپێچی خوارەوە کردوو هەر هەموومانیان خزانە ناو هۆڵی ژمارە یەك (١) ، کە تێکەڵەبوو لە زیندانی هەموو جۆرە پارتەکان و خەڵکی جۆراو جۆر، ئێمە یەکسەر بڕیارماندا کە بتوانین کۆنترۆڵی خۆمان ئەرکی بەشێك لە زیندانەکە بگرینە دەست و بتوانین نموونەیەکی ڕابەرایەتی یەکسانیخواز و ڕێك و پێك پیشان بدەین، دیارە توانیمان جێگای خەوتنەکان ڕێك بکەین، خواردن دابەشکردن بەشێوەیەکی یەکسان بێت و هەتا ڕاگرتنی پاک و خاوێنی بکەینە مۆرکێك لەناو زینداندا، دیارە نزیکەی هەفتا تا هەشتا (٧٠ - ٨٠) کەس لە هۆڵێکدا بووین و هەرکەسێك بە بیری جیاوازەوە بەڵام ئێمە خۆشبەختانە توانیمان ئارامی و ڕێكوپێکی هۆڵەکە ڕاگرین.

مانگرتن

هەر بە ڕابەرایەتی ئێمەبوو کە توانیمان لە (١٧/٢/١٩٩١)دا وەک لە پێشەوە باسم کرد گەورەترین نارەزایەتی ڕێکبخەین و هەموو هێزەکانی تری ناو زیندان بێنینە سەر ئەوەی کە مانبگرین لە خواردن و تا داواکانمان بەدی نەیەت دەست لە مانگرتن هەڵنەگرین، ئەوە بوو توانیمان هەموو بەڕێوبەرایەتی زیندان بهێنینە ناو هۆڵەکەو داواکانمان دەربارەی خواردن و بێ کارەبایی و پیسی سەرئاوەکان خستە ڕوو، دیارە توانیمان کە وایان لێ بکەین خواردنەکەمان بۆ باش بکەن و کەم کەم کارەبا هەبێت و لانی کەم چرایەك بهێنن بۆ ئەوەی شەوانە بەر پێی خۆمان ببینین، بەڕاستی کارێکی زۆر جەسورانەبوو کە ئێمە (کۆمونیستەکان) جێگەی دەستمان بە زیندانەوە دیاربوو.

لێکۆڵینەوەی سێهەمین جار

دیارە ماوەی مانگێك زیاتر ئێمە هەموومان لە هۆڵی ژمارە یەك (١) ماینەوە کە بەڕاستی ڕۆژانێکی سەختمان بردە سەر، هەم لە سەرما و بێ کارەبایی و پیسی ناو سەرئاوەکان، هەم قەرەباڵغیەکی زۆریش کە نزیکەی حەفتا (٧٠) زیندانی لەم هۆڵەدا بووین، دیارە هەر لێرەبوو هێشتا کە سەردانی کەسوکارمان بەردەوام بوو، هەر لەم ماوەیەدا کۆمەڵێك لە (کۆمونیستەکان) دیسان گیرانەوە و ڕەوانەی زیندان کران، ڕژێم پێی وابوو کە ئەم تەشکیلاتانەی لەبەر یەك هەڵوەشاندۆتەوە و ئیتر چالاکی نامێنێ، بەڵام ئەوە بوو لەو ماوەیەدا کۆمەڵێك ئەندامی (ڕەوتی کۆمونیست) دوای بڵاوکردنەوەی نەشریات و بەیانامە شاڵاویان بۆ کرابوو وە دەستگیر کران.
دوای ئەم ڕووداوانە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئێمە دەستی پێکردەوە، ڕۆژێك ناوی منیان بانگ کرد، من ئاگام لەوە نیە کە ئەمە بۆ لێکۆڵینەوەیە بۆیە هاوڕێکانم پیرۆزبایی چاوپێکەوتنیان لێ کردم و ووتیان کەسوکارت هاتوون، کاتێک کە بەرەو دەرەوەی هۆڵەکەیان بردم ، دەبوایە بەرەو ژووری چاوپێکەوتن بچین بەڵام ڕێگەیان گۆڕی و بردمیانە ژووری ئەشکەنجەدان، لەوێ (نەقیب ماجید) دانیشتبوو، من سەرم سوڕما بۆ منیان هێناوە بۆ ئێرە، پاش چەند چرکەیەک (نەقیب ماجید) ڕووی تێکردم و ووتی: ماڵی (جەمالی مامت) لە کوێیە؟ دیارە (جەمالی مامم) یەکێك بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی تەشکیلاتیم و دەمێک بوو بەیەکەوە کاری سیاسیمان دەکرد.
(جەمال) بەر شاڵاوەکە نەکەوت بەڵام ناوی هەبوو لەلای ئەمنەکان و ناسراوبوو، (جەمال) تازە خێزانی دروست کردبوو، من هێشتا ماڵە تازەکەیم نەدەزانی و سەردانی شوێنە تازەکەیم نەکردبوو، من زۆر بە هێواشی وەڵامی (نەقیب ماجید)م دایەوە، ووتم: نازانم ، ووتی: چۆن نازانی؟، ووتم: ئاگام لێی نیە و ماڵی تازەی گرتووە نازانم لە چ شوێنێکە، (نەقیب ماجید) هەڕەشەی لێکردم و ووتی: هەڵدەواسم و تێکت دەشکێنم ئەگەر پێمان نەڵێی، من ووتم: هەرچی دەکەی بیکە من نازانم، دوای لێدانێکی زۆر ووتیان: بەڵام براکەت دەڵێت تۆ دەزانی ، ووتم: وانیە من نازانم، ووتیان ئەو بێنن با بزانین چی ووتووە، دوای جەند دەقیقەیەك (د.کامەران)ی برامیان هێناو لێیان پرسی تۆ نەت ووت (نەریمان) ماڵی (جەمال) دەزانێ، ئەو لە وەڵامدا ووتی: ووتومە لەوانەیە بزانێ، دیارە دوای کەمێك زلە و شەق ووتیان: ئەمە بەرنەوە بۆ زیندانەکەی و منیشیان برد بۆ سزادان.
دواتر بردمیانەوە بۆ هۆڵەکە و هاوڕێکانم سەرسوڕمانیان پێوە دیار بوو چونکە وایانزانی بوو بۆ چاوپێکەوتنی خێزانەکەمە نەک بۆ لێکۆڵینەوە، پاسەوانەکان ووتیان: بەتانیەکانت هەڵگرەو پێشمانکەوە، لە چاوی (لوقمان)دا پرسیاری زۆر هەبوو بەڵام نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە، بردمیانە لای (د.کامەران) و هەندێك هاوڕێی تر کە لە زیندانە تاکەکانی خوارەوەبوون، منیان بە دەرگاکەوە کەلەبچە کرد کە نەمدەتوانی بەتەواوی دابنیشم وە بەپێوەش هەر سەخت بوو، بۆیە دەبوایە بەتانیەکان بکەمە کورسی و لەسەری دابنیشم، دیارە ئەمە بۆ سزادانی من بوو لەسەر ئەوەی کە ماڵی (جەمال)م پێ نەگوتبوون، لە ماوەی ئەو شەش (٦) ڕۆژەی کە بەو دەرگایەوە بەسترامەوە، ڕووداوی زۆر و شتی جۆراوجۆر ڕوویدا بەپێی توانا هەندێکیان باس دەکەم.
من بووم بە هاوڕێی کەلەبچەکەم، شەوی دووەم بوو کە زۆر شەوێکی ناخۆش و سارد بوو، تکە تکە دڵۆپی ئاو لەسەر سەرم و شوێنەکەم دەهاتە خوار پلەی گەرماش لە خوار سفرەوە بوو، هەوڵم دەدا بەهەر شێوەیەک بێت جێگەکەم خۆش بکەم و تۆزێك گەرمای بەتانیەکان وەرگرم، بەڵام ئەمە بۆ من بووە کابوس چونکە کەلەبچەکەی دەستم لەجۆری ئینگلیزی کۆن بوو، هەر دەستم دەستم دەجوڵاندا ئەو تونگ و بەرتەسك دەبووە، ئەوە بوو دوای چەند کاتژمێرێك وا تونگ بووە کە هەستم بە ئازارەکەی دەکرد، دوای هەستم کرد دەستم هەڵدەئاوسێ و شین دەبێتەوە، هەر دانم بە خۆمدا گرت.
بەڵام من دوای ماوەیەك وەها تاوی بۆ هێنام هەستم کرد دڵم خەریکە لە لێدان دەکەوێت، بۆیە بانگی (د.کامەران)م کردو ووتم: دەستم ئاوساوە و زۆر بێتاقەت بووم کەلەبچەکە هەتا دێت تەنگ دەبێت و منیش بەرگە ناگرم، یەکسەر ووتی: هاوار بکەو بانگیان بکە، ئەوە زۆر خراپە چونکە ئێمە خۆمان زۆر لاواز بووبووین و کێشمان هاتبووە خوارێ، منیش بە قسەی ئەوم کرد و هاوارم دەست پێ کرد، دوای ماوەیەک هاتن بەدەم هاوارەکەمەوە، کە بینیان دەستم زۆر ئاوساوەو شین بۆتەوە، یەکسەر کەلەبچەکەیان بۆ گۆڕیم و کەلەبچەیەکی تازەیان بۆ هێنام، کە ئاسودە بووم کەلەبچەی دووەم لە جۆری ئیسپانی بوو زۆر باش بوو بۆ من.
دوای ئەو شەوە بۆ شەوی دوایی کەلەبچەکە زۆر ئاسان دەستمی لێ دەهاتە دەرەوە توانیم هەڵسم، شتێکی زۆر خۆش بوو هەر ئەو شەوە دەستم لە کەلەبچەکە هێنایە دەرێ و هەستام بەناو ڕاڕەوی زیندانە تاکەکاندا دەگەڕام، گوێم لێ بوو (کاک کەمال قەرەداغی) هاواری کرد و ووتی:(کاک تەحسین) یەکێك دەبینم لە ڕاڕەوەکەدا تۆ بڵێی چاودێریمان بکەن ئاگاتان لە خۆتان بێت، منیش بە پێکەنینەوە ووتم: ئەوە منم گوێ مەدەنێ، توانیم دەستم دەرهێنم و هەڵسم، ئیتر ماوەیەکی باش لەگەڵ هەموویان قسەم کرد، دواتر وەك جاران دەستم خستەوە ناو کەلەبچەکەی هاوڕێم.


یادگاریەکانی هۆڵی ژمارە یەك

ئەو ڕۆژانەی لە هۆڵی ژمارە یەك (١) مان بردە سەر ڕۆژانێکی زۆر سەخت بوون، قەرەباڵغیەکی زۆر و جێگە و ڕێگەی زۆر تەسك، هەندێك تەنگوچەڵەمەی تر وەک پیسی تەوالێتەکان و نەبوونی کارەبا و کەمی نان، لەگەڵ ئەمانەشدا دانیشتنە ڕێكوپێکەکانی شوانەشمان نەمابوو، جەدەل و بەحسەکان وون بوون، ئەمانە هەمووی دەرئەنجامی لێدانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوابوو لە عێراق، چونکە هۆڵەکانی نهۆمی دووەمیان چۆڵ کردبوو بەخاتری ئەمنیەت.



یەکەم: بەدەما خەوتن. دوای گەڕانەوەمان بۆ نهۆمەکانی سەرەوە، ئێمە کۆمەڵێك کە خۆشبەختانە (من و لوقمان)ی هاوڕێم بەر هۆڵی ژمارە سێ (٣) کەوتینەوە، گوێزراینەوە بۆ سەرێ کە لە کۆتایی مانگی (شوبات) دابوو، ئێمە زۆر خۆشحاڵبووین چونکە پێشووتر جێگەی خەومان زۆر خراپ بوو، حەز دەکەم یادگاریەکی بچووک بگێڕمەوە، دەربارەی شوێنی خەوەکەمان، من عادەتێکم هەبوو دواتر لە زینداندا تەرکم کرد واتە گۆڕیم ئەویش شێوەی خەوتنەکەم بوو، من بۆ خۆم هەر لە مناڵیەوە لەسەر دەم نەبووایە خەوم لێ نەدەکەوت، دەبووایە شوێنێکی فراوانم هەبێت چونکە بەشێوەیەکی ناڕێك لەسەر دەم دەخەوتم، هەتا لە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) بووین شوێنمان زۆر فراوان و باش بوو بە ئارەزووی خۆم دەخەوتم، دوای لێدانی سەربازی عێراق (لەلایەن ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانەوە) و گوێزانەوەمان بۆ هۆڵی ژمارە یەك (١)، کە زیاتر لە حەفتا (٧٠) زیندانی تێدابوو وە خۆی جێگای چل (٤٠) کەس دەبوو، من و پێنج لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم کە لە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) پێکەوە بووین دەبووایە لە پانتای دوو مەتردا بنوستینایە.
دیارە ئەوەی پاڵم کە (لوقمان) بوو لە (من) زوویر نەدەبوو، هەرچەندە جار جار دەیووت کە جێگەکەمان تەسکە بەڵام هیچ شتێکی وای نەدەووت کە ناڕەحەتبم پێی، دوای دوو شەو بەم جۆرە یەکێك لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم بە (لوقمان)ی ووتبوو: بە (نەریمان) بڵێ لەسەر لا بخەوێت ئەگینا وانەکات لێی دەدەم، بەڕاستی بۆ (من) شۆك بوو بەڵام خۆشبەختانە هەر شەوی دواتر لەو شوێنە تازە ڕاهاتم کە لەسەر دەمیش نەبێت بتوانم بنوم، تا ئێستاش لەسەر لا دەنووم، دیارە من هاوڕێی ئازیزم لۆمە نەکرد چونکە من زۆر خراپ دەخەوتم.
دووەم: بیرکردنەوە لە ڕاکردن. پێمخۆشە لێرەدا کە هێشتا هەر یادی هۆڵی ژمارە یەکە (١)، شتێك باس بکەم دەربارەی هەوڵدان بۆ ڕاکردن یان قسە کردن لەسەری، دیارە کارێکی زۆر سەخت بوو بەڵام ئێمە لەوێ لە بیری ئەوەشدابووین ، هەر لێرە لە هۆڵی ژمارە یەك (١) چەند کەسمان باسمان لەوە دەکرد کە چۆن بیرێکی وا بکەینەوە و ڕێوشوێنی بۆ دانێین، دیارە لای هەندێک هاوڕێ کارێکی زۆر باش بوو، بەڵام هەندێکی تر بەسەرشێتیان لە قەڵەمدا، دیارە ئێمە پێمان وابوو دەکرێ چەند هاوڕێیەکی (کۆمونیست) و یەک دوو کادری (یەکێتی) ئامادەی ئەم کارەمان هەبوو، بیرمان لە زۆر ڕێوشوێن دەکردەوە، چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکەین، بەڵام هێشتا هەر لە باس و بیرکردنەوەدا بووین کە لە یەکتریان دابڕین و هەر یەکەمان بۆ هۆڵێك گوێزراینەوە و باسەکانمان زوو کۆتایی هات.
سێهەم: نەوزادی نانەوا. پێمخۆشە لێرەدا یادی یەکێك لەو هاوڕی ئازیزانە بکەمەوەو تۆزێک لەگەڵ یادگاریەکانیدا بژین، (نەوزاد عەبدوڵا) ناسراو بە (نەوزادی نانەوا) کرێکارێکی هوشیار و جەسوور، لە دەست و مەچەك و باڵ و ملیەوە هەستت بە جەسووری و خۆڕاگری ئەو مرۆڤە دەکرد، لە هەموو بابەتەکان و هەڵسوکەوتەکاندا ئەو بەشدار بوو، کەسێکی بیر تیژ و کرێکارێکی ڕۆشن فیکر بوو، بە تەواوی لە ئازارەکانیەوە ئەم نیزامە سەرکوتگەرەی دەدایە بەر ڕەخنەو ئاواتی دنیایەکی باشتر و مرۆڤانە تر بوو.
(نەوزاد) قسە خۆش و خاوەن دەنگێکی زوڵاڵ و ناسك بوو، هەردەم بێ دڵی نەدەکردین و لە کاتە ناسکەکانی زینداندا بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانی بۆ دەچڕین، بە داخێکی زۆرەوە ئەم هاوڕێیەمان بە کارەساتێکی دڵتەزێن دوای ئازادبوونمان لە زیندان گیانی لەدەستدا، ئەم هاوڕێیە یادی زیندووە لای تاکە تاکەمان و هەمیشە لە دڵماندا جێگەی هەیە.


هەڵچوونی جەماوەر، شکاندنی دەرگای زیندانەکان و ڕزگاربوونی ئێمە

هەر وەک باسم کرد لە کۆتایی مانگی (شوبات)دا گوێزراینەوە بۆ هۆڵی ژمارە سێ (٣) لە نهۆمی دوووەم، لێرەدا ئاخر ڕۆژەکانی زیندانمان بەسەر برد، دیارە نزیکەی دە تا دوانزە (١٠تا١٢) کەسی زیندانی تێدابوو تەنها ژورێکی سێ بە چوار مەتری (3م X 4م) دەبوو لەگەڵ تەوالێتێکی بچووک، لەم هۆڵەدا بوو کە بەچاوی خۆم بینیم کە چۆن خەڵکی شار پەلاماری زیندانیان داو، بۆ یەکجاری ئەم شوێنەیان کردە جێگای یادەوری بۆ هەموو خەڵکی شار و ڕەمزی سەربەرزی ئەم شارە.
بەشی کۆتایی ئەم نووسینە کە ڕۆژانی هەڵچوونی جەماوەر و ڕزگاربوونی ئێمە و شکاندنی دەرگای زیندانەکانە، پێمخۆشە زۆر بە ووردی بۆ مێژوو باسی بکەم و بینووسمەوە، لە کۆتایی مانگی (شوبات)دا هەواڵەکان زۆر بەخێرای دەهاتن، دەنگوباسی دەرەوەمان باش پێدەگەشت، چونکە زیندانی تازەیان زوو زوو دەهێناو دەبرد، زۆرێکیان لەسەر (تەجاوز حدود واتە سنور شکاندن) دەگیران، باسی وەزعی زۆر خراپی خەڵک و برسێتی و ناڕەزایەتی دژە ڕژێمیان دەکرد، دیار بوو شاری (سلێمانی) وەک هەموو شارەکانی تری (کوردستان و عێراق) جموجوڵی تێکەوتبوو، هەر وەک باسم کرد ئێمە لە (نهۆمی دووهەم) بووین و وەزعمان لە ڕووی خواردن و پیسی و خراپی باری زیندان ڕۆژانە خراپ و خراپ تر دەبوو.
لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی (ئازار)دا دەنگۆکان زۆر بڵاوبوون کە جەماوەر بەرەو خۆڕێکخستن دەڕۆن بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعس، ڕۆژانە هەواڵی ئەوەمان پێدەگەشت کە بەلێشاو خەڵک لە خواروی (عێراق) هەڵدێن و ڕوو دەکەنە سنورەکانی ئێران، چونکە لەم ماوەیەدا زیندانی تازە و بەتایبەت عەرەب دەهێنران بۆ زیندان.
ئێمە وەک ئەو کۆمەڵە هاوڕێیە کە لە هۆڵی ژمارە سێ (٣) بووین زۆر بە ووردی چاودێری وەزعەکەمان دەکرد، لەم نێوەدا گفتوگۆ زۆر دەکرا لەسەر ئەوەی گەر ڕاپەڕینی جەماوەری بێت و پەلاماری زیندان بدرێت ئێمە دەبێت چی بکەین، یان چیمان لێ بەسەر دێت.
ئێمە بیرمان لە زۆر شت دەکردەوە، لەوانە گەر پەلاماریان داین دەبێت چ پەرچە کردارێک لەلایەن ئێمەوە بکرێت، یان گەر بەربووین و ئازاد بووین چۆن دەستمان بە فایلەکانی خۆمان بگات و هەندیک لە بەڵگە گرنگەکان دەست بخەین کە لەلای ڕژێم هەیە، بۆ ئەوەی دوای لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئەمانەو چەندەها بیرۆکەی تر.
لە ڕۆژانی کۆتایی دەسەڵاتە دڕندەکەی (بەعس)دا بەر گوێمان کەوت کە ڕژێم بە نیازە کیمیایی بڕژێت، گەر خەڵک ڕاپەڕێت، ئێمە بیرمان لەوە کردەوە کە دەبێت ئامادەی بۆ ئەمەش بکەین، بۆ نموونە خاولی تەڕ بەکاربهێنین تا کیمیایی کارمان تێ نەکات، هەر لێرەوە حەز ئەەکم ئەوە بڵێم کە یەکێک لە هاوڕێکانمان یەکسەر خاولیەکی تەڕ کردوو دای بەسەر شانیدا، ئێمەش دەستمان کرد بە پێکەنین و پێمان ووت: بابە هێشتا زووە هیچ نەبووە تا لە ئێستاوە خاولی تەڕ بدەین بەسەر شاندا.
لە ڕۆژانی (٥/٦ی ئازاری ١٩٩١)دا ئێمە چاوەڕێی سەردانی کەسوکار بووین بەڵام هیچ ڕێگە نەدرا کە کەس بێت، چونکە بەڕاستی هەموو شار شڵەژابوو، دیارە کەم تا زۆر ئاگاداربووین بەڵام کاتی تەقینەوەی ڕاپەڕینی جەماوەر دیاریکراو نەبوو، وەپێم وابێ کەس نەیدەزانی چ سەعاتێک و ڕۆژێک دەست پێ دەکات، ئەو دوو ڕۆژەی کە مێژوویەکی پڕ سەروەری بۆ جەماوەر تۆمار کرد، بۆ ئێمە مایەی ڕزگاربوون و گەڕانەوە بوو بۆ باوەشی ژیانی ئاسایی و شادبوونەوە بە خێزان و هاوڕێ و دۆستەکانمان بوو.
دیارە گێڕانەوەی ووردەکاریەکانی ئەو دوو ڕۆژە دەکرێت ڕۆمانی گەورەی لەسەر بنوسرێت، یان تەنها یادگاری هاوڕێیانی زیندان چەندین نوسراوی بە پێز لە خۆی بگرێت، (من) هەوڵ دەدەم بەشێک لەو شتە گرنگانە بنووسمەوە بۆ مێژوو.
بەیانی ڕۆژی (٧ی ئازار) هەڵسانێکی ئاسایی نەبوو بۆ ئێمە لە خەو بە دەنگی گوولە لە دوورەوە، واتە ئێمە گوێمان لە پێکدادانی ناڕۆشن بوو کە ماوەیەکی کورتی خایاند، چەند کاتژمێرێک و دواتر دەنگ نەما، بۆ ئێمە زۆر باسی هەڵگرت، کۆمەڵێک یان کەسێک تەقەی لە سەربازەکانی ڕژێم کردووە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەراغی شار، دواتر گەمارۆدراوەو دەستگیر کراوە یان ڕووداویکی نادیارەو پیاوەکانی ڕژێم بۆ چاوترساندنی خەڵک تەقە دەکەن، ئێمە گوێمان لە دەنگی ئەمنەکانی ناو حەوشی زیندان بوو، بەبێ تەل قسەیان دەکرد و باسی گەڕەکی (خەبات) دەکرا، (من) گوتم هەر دەبێت ئەوە بێت لە گەڕەکی (خەبات) (کە من خۆم لەوێ گەورەبووم) پێشمەرگە هاتوون و لەوێ کەوتوونەتە شەڕ لەگەڵ پیاوانی ڕژێم، (کە ئەوە وانەبوو پێشمەرگە ئەوکات هێشتا ئاگایان لەمە نەبوو کە کۆمەڵێک کەسی چەپی شۆڕشگێڕ هەڵسابوون بە کردنەوەی ئاگری ڕاپەڕین).
لەم کاتەدا بوو کە ناو زیندان شڵەژانی پێوە دیار بوو، کەسێک نەدەهات بۆ لامان، خواردنیان نەهێنا، گوێمان لە دەنگی جموجوڵی ئەمنەکان بوو بە ماشینەکانیان دەهاتن و دەڕۆشتن، ماوەیەک بێ دەنگیەکی سەیر باڵی کێشا بەسەر شاردا، ئێمە زۆر بیرمان لە هەموو شتەکان دەکردەوە، دوای چەند کاتژمێرێک جارێکی تر دەنگی گولە هاتەوە بەر گوێمان، هەم بە چڕوپڕی و هەم نزیک تر.
ئێستا تێگەشتین کە ئەوە ڕاپەڕینەو دەبێت چاوەڕوانی هەموو شت بکەین، بۆ نموونە هێرش کردنە سەرمان یان کوشتنمان، بۆیە هەر دەم و دەست بیرمان لەوە کردەوە کە ڕێ و شوێنێ دانێین گەر پەلامار دراین، دەبێت دەستەوەستان نەوەستین، بیرمان کردەوە کە کام شت ئێمە لە ناو چوار دیواری زیندان هەمان بوو، وەک خوێ و تایت گەر هاتنە ژوورەوە بۆمان بیکەین بە چاویاندا و پەلاماریان بدەین، ئەوە تاکە چارەی ئێمە بوو کە بیرمان لێ کردەوە، کات لە دوای کات تەقەکردن لە زیندان نزیک دەبوویەوە، دواتر بیرمان کردەوە کە هەوڵ بدەین بۆ بینینی دەرەوە، ئەوە بوو بە لەسەر دانانی کۆی بەتانیەکان و سندوقێکی پلاستیکی کە وەک یەخچاڵێکی بچووک بوو، داماناو چوینە سەری بۆ بینینی دەرەوە.
ئێمە لە دیوی پێشەوەی زیندانەکەمان دەڕوانی، دەمانتوانی زۆر شت ببینین کە لەو ناوە ڕوویدەدا، لەوبەری زیندانەکە کۆڵانێک هەبوو کە بۆ خوارەوە بەرەو شەقامی سەهۆڵەکە شۆڕ دەبووە، لەوبەری شەقامەکەوە مەرکەزی پۆلیسی (سەلام)ی لێ بوو کە دەتوانرا کەم تا زۆر ببینرێت، یەکەم شوێنی نزیکی زیندانەکە بوو کە لێی دراو خەڵک توانیان کۆنترۆڵی بکەن، تا کاتژمێر (٢)ی پاش نیوەڕۆ ئەمنەکان دەبینران بەو ناوەدا بۆ هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی کۆنترۆڵ شتێک بکەن، بەڵام دیاربوو کە کار لە کار ترازابوو هیچیان لەگەڵ ئاپورەی خەڵکی ناڕازی بۆ نەدەکرا و کات لە دوای کات پاشەکشەیان دەکرد.
لەم کاتانەدابوو ئێمە لە ناو زینداندا لە مقۆ مقۆی ئەوەدا بووین چی بکەین و چیمان لێ بەسەردێت، وەختێکمان زانی چەند پاسەوانێک هاتنە سەرێ کە دیاربوو هەموویان شڵەژاو پڕ چەک بوون کە هیچ کات بە چەکەوە نەدەهاتنە لای ئێمە، ئێمە زۆر بە ئاگاداریەوە لەوانمان ڕووانی، دەرگا کرایەوە چەند نانێک و سەوزەیان هێنا، بە دەنگێکی زۆر لاوازی ترسناکەوە ووتیان هیچ نیە، ئەم خواردنە کەمە بەڵام دواتر خواردنی زیاترتان بۆ دێنین، بە پەلە ڕۆشتن، ئێمە خۆشحاڵ بووین و هەر یەک لای خۆیەوە باسی لە شێوەی ڕزگار کردن و چوونە دەڕێی دەکرد، ئێمە دەمانزانی کە ڕزگاربوونمان نزیکە، بەڵام چەندی دەوێ ئەوە دیار نەبوو.
کاتژمێر چوار (٤)ی عەسر بوو کە سەیری دەرەوەمان دەکرد لە پڕ لە ئاسمانی (سلێمانی) دوو هێلیکۆپتەر دەرکەوتن، کە بوویە مایەی شڵەژان بۆ ئێمە چونکە هێنانی هێزی زیاتر و بەکار هێنانی چەکی قورس، دەبوویە هۆکاری ترساندنی خەڵک و بەرەنگاری کردنی لاواز دەکرد، کۆپتەرەکان چەند دەوورەیەکیان بە سەر شاردا داو کەمێک مانەوەو دواتر ڕۆشتن و گەڕانەوەیان دیار نەبوو، بەڕاستی ئێمە زۆر لەم حاڵەتە دەترساین بەڵام خۆشبەختانە نەیانتوانی بوو کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەسەر شۆڕی گەڕانەوە بەرەو کەرکوک.
دەمەو ئێوارەی درەنگ ئیتر تەقە کەم بوویەوە و شەو بەسەردا هات، دیارە ئەو شەوە تا بەیانی لەناو حەوشەی (ئەمنە سوورەکەوە) شار بە هاوەن تۆپ باران دەکرا، ئێمەش لە هۆڵەکان و لە ژوورەکان کپ و کاس بووبووین بە دەنگی هاوەنەکان، تا بەیانی ئێمە لە چاوەڕوانی هەڵمەتی تازەی خەڵک بووین، شەوێکی زۆر درێژو تاریک کەهەر چرکەیەکی بە کۆتا نەدەهات و ئێمەش خەو نەدەچووە چاومان بەهۆی دەنگی هاوەنەکانەوە.
هەر بەیانی لەگەڵ دەرکەوتنی ڕۆشنایی پەلامارەکان بەرەو (ئەمنە سورەکە) دەستی پێ کردەوە، ئێمەش وەک ڕۆژی پێشتر بە نۆرە لە کوونی هەواکێشەکانەوە دەمانڕوانیە ڕووداوەکان، دیارە هەر ئەو شەوەی پێشتر ئەمنەکان هەوڵیان دابوو کە هەرکەس سەر بە دەزگاکەیە، بە نیازی بەرگری و پاراستنیش لە ناو ئەم فەرمانگەیەدا کۆکرابوونەوە کە ژمارەیان زۆر بوو، بە هەموو شێوەیەک بەرگریان لە ووجودی خۆیان دەکرد، چونکە دەیانزانی کە خەڵکی شار زۆر لێیان تووڕەن و لە تاوانەکانیان خۆش نابن.
دیارە لەم کاتەدا ئێمە لەوە دەترساین کە بێنە سەرێ و قەتڵ و عامی هەموومان بکەن، بۆیە هەر یەکەمان لە ئامادەباشی ئەوەدابووین کە بەرەوڕووی مەرگ ببینەوە، ڕووداوەکان زۆر خێرا دەڕۆشتن، هێرشەکان بۆ سەر (ئەمنە سورەکە) توند دەبوویەوە، لەم کاتەدا بوو کە گوێمان لە ڕاکردن و دەنگەدەنگی پاسەوانەکان بوو، ئێمە هەموو هەڵسڵەمینەوە و ئامادە باشیمان بۆ ڕووداوێک وەرگرت، لە ناکاو گوێمان لە ناوێک بوو دەنگەکان هاواریان دەکرد (محەمەد، محەمەد) لەگەڵ چەند جنێوێکی عەرەبی، ئێمە زانیمان بە شوێن کەسێکی تایبەتیدا دەگەڕێن.
پێمباشە لێرەدا تۆزێک لەسەر ئەم (محەمەد)ە بنوسم، کێ بوو؟ وە دواتر چی لێ هات؟: لەسەرەتای مانگی شوباتی 1991 دا کۆمەڵێک کەس گیران بە تاوانی کوشتنی (فایەقی مۆتێ)، لەناو ئەمانەدا کەسیک هەبوو بە ناوی (محەمەد مەحمود)، کە لە زمانی کەسانێکی ترەوە گێڕایانەوە کە زۆر خۆڕاگر و لە هەمان کاتدا سەرشێتانە قسەو جنێوی بە ئەمنەکان و (نەقیب ماجید) دابوو، وە گوتبووی کە ئێوە تەمەنتان کورتە و بەم زووانە هەمووتان کۆتایتان دێت، لە وەڵامدا (نەقیب ماجید) پێی ووتبوو بەڵام پێش مردنی من دەبێت تۆ بمری، دواتر لەو بەیانیەدا بوو کە هاتن ئەم (محەمەد)ەیان لە هۆڵی ژمارە شەش (٦) بردە دەرێ، هەم بۆ چاوترساندنی خەڵک کە ئاوا هەموو زیندانیەکان دەکوژین و هەم لە پەیمانێکی (نەقیب ماجید)دا (محەمەد)یان شەهید کرد، ئەمە کاتژمێر نۆ (٩)ی بەیانی ڕوویدا.
هێرشەکان بەردەوام دەکرایە سەر (ئەمنەسورەکە) بەڵام خەڵک تەنها چەکی سووکیان پێ بوو، بۆیە زۆر کاریگەری نەدەکرد، (من) بەچاوی خۆم بینیم لە نزیکەی بیست تا بیست و پێنج (٢٠ تا ٢٥) کەس کە تەنها (تەور و دار و چەکی سووکیان) پێ بوو، خۆیان کرد بە ناو (ئەمنە سورەکە)دا، بەڵام دوای جەند خولەکێک نەیانتوانی بەردەوامبن و کشانەوە، لە کشانەوەکەدابوو چەند کەسێکیان لێ شەهید و بریندار بوو، من هەموو ئەمانەم کە بەچاوی خۆم دەبینی بۆ هاوڕێکانم باس دەکرد.
لە کاتی کشانەوەدا ووتم ئاوا نابێت بە چەکی سووک هیچ ناکرێت، دوای ماوەیەکی کورت کاتژمێر (١١) بوو هەر سەیری دەرەوەم دەکرد، لە پڕ چاووم بە کەسێک کەووت لە سووچی خوارەوەی (ئەمنە سورەکە)وە (ئاڕبی جی)یەکی هاویشت بەرەو (ئەمنە سورەکە)، (من) لە خۆشیدا هاوارم کرد ووتم: کوڕینە تەواو (ئاڕ بی جی) هات.
هەر چەند ساتێکی کەمی خایاند (من) لە کونی هەواکێشەکەوە سەیرم دەکرد، هەر لە هەمان شوێنەوە گڕێکی زۆر بەرەو لای هەواکێشەکە هات، دیارە هەر گولەی (ئاڕ بی جی)یە کە بوو دای بە خوار هەواکێشەکەدا، (من) بە پشتا لەسەر بەتانیەکان کەوتمە خوارێ، تۆز و پوشی هێلانەی کۆتری لای هەواکێشەکە هەمووی هاتە ژوورێ، هەموو پەلاماری (من)یان داو ووتیان: پێکرا، بەڵام (من) یەکسەر هەڵسامەوە و زۆر بە خۆشحاڵیەوە ووتم: نا نەپێکراوم ئەوە (قازیفەی ئار بی جی)ە ڕزگاربووین.
دیارە هەر لەم ماوەیەدا ئێمە زۆر خەمی ئەوەمان بوو کە پاسەوانەکان دەستیان بە ئێمە بگات و قەتڵ و عاممان بکەن، بۆیە ئامادە باشی ئەوەمان کردبوو، زوو زوو ئاگاداری دەرگاو پەنجەرەی سەر ڕاڕەوەکەمان دەکرد، بەڵام بێ دەنگیەکی ترسناک باڵی کێشا بەسەر ناو زیندانەکەدا، ئێمە زۆر خۆشحاڵانە لە کونی هەواکێشەکانەوە دەمان ڕوانیە ڕووداوەکانی دەرەوە، دوای چەند کاتژمێرێکی کەم نزیکەی کاتژمێر دوانزە (١٢)ی نیوەڕۆ بوو کە لە کونەکانەوە سەیرمان دەکرد، (من) لە ناکاو لە خواری کونی هەواکێشەکەوە ڕێک لە ژێرەوە واتە نهۆمی یەك (١) کە تەنها دیوار بوو، هیچ پەنجەرەیەک نەبوو، کۆمەڵێک خەڵکی چەک بەدەستم بینی، یەکسەر هاوارم کرد ووتم: ئێمە زیندانیەکانین چاوەڕێی دەرگا شکاندنین، یەکێکیان سەری هەڵبڕی و بە خۆشحاڵیەوە ووتی: ئێوە ماوون؟، هەر ئێستا دێین و دەرگاکان دەکەینەوە، بەڵام دەرگاکان نازانین لە کوێدایە، (من) ووتم: گەر پێچ بکەنەوە تەنها دەرگایەکی بچووکە لە دوواوە.
دوای نیوسەعات هیچ دەنگ نەبوو، بۆیە (من) خۆم پێنەگیراو سەرکەتمەوەو هاوارم لێ کردن، لە وەڵامدا ئەوان ووتیان: ئێمە کۆنترۆڵی هەموو دەوورووبەرەکەمان کردووە و هیچ خەمتان نەبێت، پاش ماوەیەکی کەم دەوورووبەری کاتژمێر یەك (١)ی نیوەڕۆ گوێمان لە دەنگی خەڵک بوو، بەرەو لای ئێمە واتە نهۆمی دوو (٢) دەهاتن، بەڵام بەهۆی تاریکی ناو ڕاڕەوەکانەوە هیچمان نەدەدی و تەنها گوێمان لە دەنگ بوو.
ئێمە هەر هەموومان لە سوچەکاندا خۆمان مەڵاس دابوو، دەنگێکی گەورە هاتە گویمان ووتی: لاچن لە نزیک دەرگاکەوە قفڵەکان دەشکێنین، ئەوەبوو بە دەست ڕێژی گولە دەرگای زیندانەکانیان شکاند، ئێمە پێشتر قسەمان لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەگەر بۆمان کرا بتوانین فایلەکانی خۆمان و هەندێك فایلی فایلداران پەیدا بکەین، بەڵام کار لەوەدا نەبوو لەژێر ڕێژنەی گولەو سوتاندن دا هیچمان بۆ نەکرا.
(من) کە زۆر لە خەیاڵی (د. کامەران)دا بووم یەکسەر بەرەو نهۆمی یەك (١) و پلیکانەکان ڕام کرد، کە گەیشتمە سەر پلیکانەکان یەکەم کەس چاوم بە (کامەران)ی برام و خزمێکی نزیکی خۆمان کەوت کە دەستی لە شکاندنی زیندانەکاندا هەبوو، ئەو خزمەشمان ناوی (حەمیدی کاك حەمەڕەشید) بوو، زۆر جەسوورانە لەگەڵ کۆمەڵێك خەڵکی ئازاو نەترساو دەرگاکانیان شکاند.
پێمخۆشە لێرەدا باسی ئەوە بکەم کە دوو کەس لە هاتنە دەرەوەمدا لە زیندان کە بینیمن، (دایکم و کاك کەریم) هاوسەری پورم بوو، لە دەرەوەی زیندانەکە بوون، زۆر شتی تر هەیە بۆ مێژوو دەبێت بنوسرێتەوە، (من) هەوڵ دەدەم بە پێی توانا یاداشتیان بکەم.
[1-2-201 نەرویج فریدریكستاد. Fredrikstad ]

*********************************************

[نەریمان ئەمین عومەر، لە دایک بووی ساڵی 1965‌ شارۆچکەی قەرەداغ. خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەی لە شاری سلێمانی تەواوکردوە. لە زانکۆی سەڵاحەدین خوێندنی ئەندازیاری بەشی کارەبای خوێندوەوە. بەهۆی کاری سیاسیەوە لە خوێندن دابڕاوە. ‌لە ساڵی 1990 ژیانی هاوسەری پێکهێناوەوە. خاوەنی کچ و کوڕێکە (نۆژەن ٢٠ساڵ ئارۆس١٦ساڵ). ‌شەوی پێنج لەسەر شەشی 5/6ی مانگی سێپتێمبەری ساڵی 1990 لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە. لە ٨/٣/١٩٩١ لە ڕاپەڕینە جەماوەریکەی شاری سلێمانی ئازاد بووە. ‌دوای بەربوونی کاری ئازادی کردوە تا دەرچونی بۆ دەرەوەی ووڵات لە ساڵی ١٩٩٤، دوای دوو ساڵ مانەوەی لە تورکیا لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکجاری لە شاری فرێدریکستاد لە ووڵاتی نەرویج نیشتەجێ بووە.‌ ماوەی ١٥ساڵە کاری مامۆستای دەکات وە لە نەرویج توانیویەتی بەکالۆریوس لە خوێندنی دووزماندا وەربگرێت. ئێستا لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی شاری فرێدریکستاد لەگەڵ منداڵی کورد وعەرەب کاردەکات.

ئیمەیل ئەدرێسی پەیوەندی بە:
نەریمان ئەمین عومەر: [email protected]
تایپ و ئامادەکردن، هیدایەت مەلا عەلی: [email protected]
پیاچونەوە و مۆنتاژ: نادر عبدالحمید: [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە