کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چــیم نـەدى؟

Tuesday, 23/08/2011, 12:00


هاوڵاتیەك
ڕۆژی 18/8/2011 بەكارێكی خۆم ڕێم كەوتە وەزارەتی پەروەردە، پاشكۆی وەزارەت لە هەولێری پایتەخت. بەیانی كاتژمێر 5:00 لە سلێمانیەوە بەڕێكەوتم بە خەیاڵی ئەوەی كە زوو بگەمە هەولێر و كارەكانم پێش كاتژمێر 12:00 ی هەمان ڕۆژ تەواو بكەم. پاش بەڕێكردنی نزیكی 3 كاتژمێر ، كاتژمێر 08:30 گەیشتمە هەولێری پایتەخت.
شەقامی پان و جوانی دیزانی شەقامەكان بردیانمە نێو خەیاڵێكی قوڵ و بیرم لەوە ئەكردەوە كە بەڕاستی ئێمەش وەكو كورد خاوەنی پایتەختێكین و حكومەت و قەوارەی خۆمانمان هەیە لە باشور و هەنگاو بە هەنگاو ووڵاتەكەمان بەرەو باشبون دەچێت و ڕۆشنبیری و هۆشیاری تاكی كورد ڕوو لە زیادبوونە، جوانی ئەم هەولێرە سەرسامی كردم و زۆر خۆشحاڵ بووم كە پایتەختەكەم بەم شێوە جوانە ڕازێنراوەتەوە.
بەهەرحاڵ، كاتژمێر 09:00 گەیشتمە شوێنی مەبەست و مامەڵەكەم بەدەستمەوە بوو ناردیانم بۆ لای بەڕێزێك بە ناوی (عبدالواحید أحمد محمد علی) لە پاشكۆی وەزارەتی پەروەردە.
كە چوومە ژوورەكەی كۆمەڵك كەسی تر بەهەمان شێوەی من وەستابوون و چاوەڕێی ئەوەبوون كە ئەو بەڕێزە كارەكانیان بۆ ڕایی بكات، بەڵام.... ئەوەی كە چاوەڕوانی نەبووم بینیم، ئەوەی كە تا ئێستایش بڕوا ناكەم كەسێك هەبێت ئەوەندە نەفسیەتی نزم بێت بـنـیــم، ئەم بەڕێزە بە 10 خولەك ئەگەر یەك مامەڵەی بخوێندبایەتەوە ئەوە كەسی خاوەن مامەڵە زۆر بەختدار بوو. لەپاش نزیكەی بەڕێكردنی 45 خولەك بەبێ ئەوەی یەك ووشەی لەدەم بێتە دەرەوە بەرامبەر بە ئێمە و مامەڵەكانمان، تەلەفۆنێكی بۆ هات و وەڵامی دایەوە:
بەڵێ فەرموو
ئەها كاك (فەرمان) لە ڕۆژنامەی ڕووداو، بەڵێ ، ئەو بڕیارە هی وەزارەتی پەروەردەی عێراقەو...... ئێمەیش وەكو یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەخزمەتی مامۆستا و میللەتی خۆمان داینەو....
من لەو كاتەدا تووشی شۆك بووم، چۆن كەسێك كە نزیكەی 10 هاوڵاتی چاوەڕێی ئیمزایەكی بێت چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنیانە دەكات لەگەڵ ڕۆژنامەیەك؟، سەیر بوو بەلامەوە.
10 خولەكێك لەگەڵ كاكی ڕۆژنامەنوس دوواو پاشان ماڵئاوای لێكرد. برادەرێك (كە دیار بوو ئەویش هەروەكو من لە سلێمانیەوە هاتبوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دا) ووتی " بەڕێز ئێمە لە سلێمانیەوە هاتووین و ئەبێت بگەڕێینەوە تكایە كارەكانمان زوو بۆ ڕایی بكە"، كاكی بەڕێوەبەر چوو بە ڕقا و مامەڵەكانی دانەوە و كردنیە دەرەوە. خوا هەڵناگرێت ئەوان زۆر زۆر بەڕێز تر بوون لە كاكی بەڕێوەبەر، ئەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەر تووشی شۆكی كردم.
پاش بەڕێكردنی نزیكەی چارەكە سەعاتێكی تر لە ژووری كاكی بەڕێوەبەردا، كامێرای تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان هات و كاكی بەڕێوەبەریش وەكو بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان چووە دەرەوە تا لێدوانێك بدات لەسەر بابەتێك گرنگ.
كابرا لە تەلەفۆن و لێدوانەكەیدا خزمەتی دەكرد و قسەی بەدوای قسەی بریقەداردا ڕێك خستبوو، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا هەبوو ڕێك پێچەوانەی قسەكانی بوو.
ئینجا ئاخێكم هەڵكێشا و گووتم" باشە ئیتر هەستی بەرپرسیاری و نەتەوایەتی چۆن دروست ببێت لای ئەم گەنجانە؟"، جۆن كەنەدی ئەڵێت" مەپرسە نیشتیمانەكەت چیت بۆ ئەكات، بپرسە تۆ چی بۆ نیشتیمانەكەت ئەكەیت"، ئێمە لەم نیشتیمانەدا كەسانێك بەناوی نیشتیمانەوە شتمان لێئەكەن (چۆن تێئەگەیت تێبگە)، ئەوەی بیانەوێت لێمان ئەسەنن، ئێمە میوانین و ئەوان ساحێب ماڵ، ئێمە تانجین و ئەوانیش ڕاوكار، ئێمە خۆیان گووتەنی سیفەتی سەگ و گورگمان هەیە، هەرچیمان لێبێت بەس ئەوان سەریان سەلامەت.
بەهەرحالأ، مامەڵەكەم بەهەزار ئەمسەر و ئەوسەر تەواوبوو چومەدەرەوە، بۆم دەركەوت كە بەڕاستی من گومانێكی خراپم بردووە و بەهڵە دڵخۆش بووم، لەم ووڵاتەدا لەپشت هەر جوانیەكەوە، هەر قسەیەكەوە ڕاستیەكی پێچەوانە هەیە، پیاوانی حیزب، بنەماڵە، خێڵ سەراپای ئەم ووڵاتەیان داگیركردووە و یاخود تاپۆكردووە. ئێمە وەكو مێگەل واین، بەبێ ئەوەی خۆمان بڕیار بدەین، ئاڕاستە ئەكرێین. زیندووترین نمونە، ساڵی 2003 پـارتی و یـەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ گەلی كوردستان هەستان بە لكاندنەوەی كوردستان بە عێڕاقی فیدڕاڵەوە. من كەسێكم بڕوای تەواوم بە دەوڵەتی كوردی هەیە، بەڵام ئەو ڕۆژە
یەك دووعام كرد نایشارمەوە گووتم " خوایە گیان ، هەتا من بمێنم دەوڵەتی كوردی نەبینم، خوایە نەوەكانیشم بەدوور بگریت لەو كارەساتە" ، چونكە هەتا ئەم دەموچاو و كەسانە یاخود ڕوونتر بینوسم ئەم پــارتی و یەكێتیە بمێنن، دەوڵەتی كوردی كارەسات ئەبێت، ئەبێت بە قەیران.
بۆیە، بەبڕوای من، یەكێتی و پارتی ئەبێت چاوەڕوانی شتێك بكەن بۆ ئایندە، ئەویش دروست بوونی بزووتنەوەیەكە كە خەباتی چەكداری بەهەند وەردەگرێت و ئەشێت ناوی "ئەنتی پارتی و یەكێتی" بێت.
هەرگیز حەزناكەم خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕێژرێت، بەڵام هەڵوێستە ترسنۆكانە و دەسەڵات و پلەو پایە ویستی یەكێتی و پارتی، وام لێئەكات كە بڵێم من ئەندامێكی چالاكی ئەو بزووتنەوەیە ئەبم.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە