زانكۆی داگیركراو.. بەڵتەجییەكانی دوێنێ و گۆڕانخوازانی ئەمڕۆ
Wednesday, 13/11/2013, 12:00
لەپاش راپەڕینەوە بە ئێستاشەوە كۆمەڵگەی كوردیی وەرچەرخانی بەخۆوە نەدیوە بەرەو كۆمەڵگەیەكی مەدەنییو هاوچەرخ، بەڵكو لە جێگەی خۆیدا چەقیوەو دەكرێت هەر بە "كۆمەڵگەی پاش راپەڕین" لە قەڵەمی بدەین، چونكە عەقڵییەتی خیڵگەرایی و نامەدەنیی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان كەش و هەوایەكی وەها ناسازو ژاكاویان رەخساند بۆ كۆمەڵگەی كوردیی كە لە قوتوی هیچ عەتارێكی دونیادا حیزب رۆڵێكی هێندە پۆخڵو پیسی نەبینیوە. بە تایبەت ئەو رۆڵەی كە حیزب گێڕای لە زانكۆو ناوەندە زانستییەكاندا.
زانكۆی داگیركراو، بەو مانایە دێت كە گرووپێكی مافیای دڵڕەشی زمانڕەشی رەشبیری بێ حەیسییەتی هەرزەوێژی ریابازی گرگنی رمۆزنی حیزبپەرستی دەهۆڵكوتی بەڵتەجیی جڵەوی ئەكادیمیاو جومگە زانستییەكانی ئەم وڵاتە بگرنە دەست. زانكۆ بەشێوەیەك داگیربكەن كە جگە لە ژنو ژن خوشكەكانیان بن ئامۆزاكانیشیان بخەنە نێو زانكۆوەو، سەرلەنوێ بە عەقڵییەتی دۆگماو داخراوی خێڵەوە زانكۆ بكەنە موڵكو ماڵی خۆیان... هەرچی بشێو نەشێ بەبێ لێپرسینەوە ئەنجامی بدەن هەر لە راپۆرت نووسینو تۆمەت بەخشینەوەو چاڵ بۆهەڵكەندنو ملشكاندنەوە تادەگاتە بێبەشكردنی كوڕی هەژاری ئەم وڵاتە لە خوێندنو، گەڕپێكردنی قوتابیانی زانكۆ بەوەی ناوەكەی عەرەبییە!!! یان تۆمەت بەخشینەوە بەوەی خاڵۆزایەكی دراوسێكەیان ئیسلامییەو نیو كیلۆ گۆشتی رابیتەی ئیسلامیی وەرگرتووە!!! هەروەها ماستاوكردنو دەم پانكردنەوەو شەهادە بەخشینەوە بۆ بەرپرسەكانی حیزب، ماقوولە فەرمانبەرێكی زانكۆ یاخود توێژەرێك چاودێریی تاقیكردنەوەكانی پێبكرێت مامۆستاكانی سەر بە حیزبیش كە ئەركی سەرشانیانە، لە ڤێلاكانەوە تەلفۆنیان بۆ بكرێت تا پرسیارە بێ سەروبەرەكانیان بۆ قوتابیانی زەرد هەڵگەڕاوی بەدبەخت روون بكەنەوە!!!...
ئەزانن بەڵتەجییەكانی دوێنێ كامانە بوون؟ لەراستیدا ئەوانە خەڵكێكی دۆڕاوو سواوو قین لەدڵو بوغزنو بێ نەزاكەتی كۆشە بۆگەنەكەی حیزب بوون، ئەوانە لاتوپووتەكانی دوێنێو خۆبەرەپێشەكانی ئەمڕۆن، ئەوانە لە كۆشی حیزبدا چاویان تروكاو بەشەهوەتی قەحبەبازەكان دەمیان تەڕكرا، ئەوانە لە ژێر دەرپێوە بە بۆنی ناوگەڵی كەسكونو چڵكگرتوو لوتیان بۆن درا.. ئەوانە حیزب داكو بابو ژنو خوشكو براو خەسوو خەزووریان بوو، ئەوانە حیزب هێندە چاوی سوور كردبوون ئەمڕۆیان لە بیرچۆبۆوەو وەك بەرازە كۆڵ هەر بەرپێی خۆیان دەبینی، ئەوانە وەك سەگەخوێڕی لە مەتەرێزدا بوون بۆ شكاندنی خەڵكی ئازادیخوازو رۆشنبیر تاقێك بەوەی جوندولئیسلامێكی ریش پانەو تاقێكی تریش بەوەی ماركسییەكی چڵمنە، یان بەوەی ئیسلامییەكی بیجامە سپیی میانڕەوە یاخود سەلەفییەكی جیهادیی ریش خەنەیی سیواك لەدەمە، یانیش بە تۆمەتی دەوام نەكردنو قسەی زلكردنو نەگونجان لە زانكۆدا پەڵپیان دەگرت.. ئەوانە لەپێناو ئەوەی مەسول كۆمیتەیەك یاخود نوێنەری خوێندكاران دەسخۆشییان لێبكات توندتر دەستیان دادەگرت تا زانكۆ بكەنە یەكڕەنگو یەكدەنگ.. ئایا ئەوانە گەر حیزب نەبایە دەبوونە دكتۆر یاخود وەك خۆیان دەڵێن هەڵگری تێزی ماستەرو دكتۆرا؟ ئایا دەبوون بە خاوەنی ڤێلاو ئۆتۆمبیلی پێنج دەفتەریی؟ ئایا گەر حیزب نەبایە دەبوونە حەمە قەدۆی موسڵو لە كاتی وانە گوتنەوەدا باسی گیپەو كفتەی سابونكەرانو چای سەهۆڵەكەو سیتی ستارو ماكزیمۆڵ بكەن؟..
شۆڕشی فەرهەنگیی/انقلاب فرهنگى (1980-1987) لە مێژووی تازەی ئێراندا قۆناغێك بوو بۆ پاكتاوكردنو پاككردنەوەی زانكۆ لە كاریگەرییو تۆخێتیی فەرهەنگی رۆژئاواییو غەیرە ئیسلامییەكان بەو بارەدا كە كۆماری ئیسلامیی بە رابەرایەتیی خومەینیی دەیویستو هەوڵی بۆ دەدا، مامۆستا چەپڕەوە خوێندەوارو ئەكادیمیستە سەرسەختەكانی زانكۆكانی ئێران بە توندیی بە گژ ئەم سیاسەتەی دەوڵەتدا چوونەوە، بەڵام سەرەنجام دەوڵەت توانیی نزیكەی حەوت سەد مامۆستای زانكۆ لە حەرەمی زانكۆكان دوور بخاتەوە. ئەو ئەكادیمیستە چەپڕەوانە داوایان دەكرد زانكۆكان خاڵی بن لە دەستی دەوڵەتو پرۆسەی بە ئیسلامكردنی ناوەندە زانستییەكان، بەڵام باڵی ئەكادیمیستە سوننەتییە دۆگماكان رێگەیان خۆشكرد تا دەوڵەتو سوننەتگەراكان بە تەواوەتی دەستوەربدەنە كاروباری زانكۆكان. ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لێرەیەدا دەبێت لە ئێستادا زانكۆ بە نەهجی ترۆتسكییو نواڕینی زوینگلی پاكبكرێتەوەو، دەستیی ئەوانە لە بندا وشك بكرێت نەوەك پاداشتكردن لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا. چونكە ئەو مامۆستا بەڵتەجییانە دەستی حیزبیان گیركرد لە بینەقاقای زانكۆو كردیان بە بارەگایەكی حیزبیی...
بەڵتەجییەكانی دوێنێ هێندە زووخاویان كرد بە دڵمانداو هێندە چەپەڵكارییان كرد مرۆڤ هێڵنجی دێتو دەڕشێتەوە بە باسكردنی ئەو هەموو كێمو پیساییەی كە لەناخی ژەنگگرتووی ئەواندا هەبوو، ئەوانە دەعەجانێكی هێندە رەزاقورسن شایەنی ئەوەن تەنها لە ئاودەستی شەرقیدا ناو ببرێن...
ئەرێ خێرە تازە بەتازە هەوای رۆمانسیی گۆڕان چاوو دڵی بردوونو، هەر تاو نا تاوێك وەك ئەكادیمیستو شارەزای سیاسییو چاودێری سیاسییو گۆڕانخواز دەخرێنە سەر شاشەی كەناڵی (كەی ئێن ئێن)!!! پرسیارێك لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەرێ رەوای حەقە كە كەسانی وەك ئێمەمانان سەركێشییو سركبوونمان لەو زانكۆیەدا داهێنا ئێستا بدینین ئەو بەڵتەجییانە باس لە ئایندەو چارەنووسی ئێمە بكەن؟ ئەرێ خێرە لە وەختێكدا ئەوانە دێنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە كە هیچ مانایەك بۆ بوونیان لەنێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا نەماوەتەوە لەبەرچاوی خەڵكانی جەزرەبەدراوی وەك ئێمەدا ریكلامیان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی بیانكەنە ئەندام پارلەمانی داهاتووی عێراق یان سەرۆكی شارەوانیی یاخود قایمقامی سلێمانیی.. بەو هیوای بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەمجۆرە كەسانە بێبەریی بكاتو، بەرنامەیەكی تۆكمە دابڕێژێت بۆ خستنەوە سەرپێی زانكۆكانو تڕۆكردنی ئەو بەڵتەجییە سوكو چرووكانەی كە گەمەیان بە چارەنووسی خەڵكییەوە دەكرد...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست