کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵیادی پەیماننامەی ئۆتاوا و ئۆسلۆ بۆ قەدەغەكردنی مینی دژەكەسی و بۆمبی هێشوویی

Sunday, 02/12/2012, 12:00






ئاكۆ عەزیز حەمەد

لەم سەردەمەدا مین و تەقەمەنییەكانی پاشماوەی جەنگ و بۆمبی هێشوویی كێشەیەكی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دروستكردووە، لە جیهاندا نزیكەی 84 وڵات بە رێژەی جیا جیا مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەیان هەیە كە ئاریشەیەكی مەزن و ئاڵۆزی بۆ ئەو وڵاتانە پەیدا كردووە.

بە گوێرەی دوا رووپێو كە لە ساڵی 2004 - 2006 لەلایەن رێكخراوی جیهانی
International Landmines Impact Survey لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، 3149 ناوچەی مەترسیداری گومانلێكراو هەیە كە رووبەری 778 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی كوردستان داگیر دەكەن و بوونەتە هۆی كوشتن و برینداركردنی 14500 هاووڵاتی بێ تاوان هەروەها كوشتنی زیاتر لە 30000 سەر ئاژەڵ. ژمارەی ئەو مینانەی كە لە كوردستان چێنراون مەزەندە دەكرێت لە نێوان 8 10 ملیۆن مین بێت.

بۆ بە دەنگ هاتن و چارەسەری كێشەی مین لە جیهان لە ئۆكتۆبەری ساڵی 1996 لە ئۆتاوا كۆنگرەیەكی ستراتیژی بەسەرپەرشتی حكومەتی كەنەدی بەسترا لە ژێر ناونیشانی بەرەو قەدەغەكردنی جیهانی مینی دژە كەسی بە یارمەتی چالاكانەی (50) حكومەت، سەرەڕای بەشداربوونی لێژنەی دەولی خاچی سوور و هەڵمەتی نێو نەتەوەیی قەدەغەكردنی مین ICBL و نەتەوە یەكگرتووەكان. لە 5ی ئۆكتۆبەری 1996 كۆنگرە بەیاننامەیەكی گەڵاڵە كرد تێیدا لایەنە بەشداربووەكانی پابەند كرد بە جێبەجێكردنی پلانێكی كار بۆ زیاتر كاركردن لە پێناوی لەناو بردنی مین، یارمەتی دانی قوربانیان، جەخت كردن لەسەر گەیشتن بە بەیاننامەیەكی قەدەغە كردن لە كاتێكی زۆر نزیك. لە كۆتایی كۆنگرەكە حكومەتی كەنەدی دەستپێشخەری دووەمی پێشكەش كرد كە داوای لە هەموو حكومەتەكانی كرد لە ئۆتاوا لە ماوەی 3 - 4 كانونی یەكەمی 1997 ئامادە بن بۆ ئیمزا كردنی پەیماننامەیەك كە بەرهەمهێنان و كۆكردنەوەو گواستنەوەو بەكارهێنانی مینی دژە كەسی قەدەغە دەكات. لە 5 كانوونی یەكەمی 1997 پەیماننامەی ئۆتاوا لە نیویۆرك لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە راگەیاندرا كە 122 وڵات ئیمزایان كرد. جێگای ئاماژەیە كە ئەم پەیماننامەیە لە 1/ 3/ 1999 ەوە كەوتە بواری جێبەجێكردن.

مانگی كانونی یەكەم لە مێژووی كاروباری مین دا بە مانگێكی گرنگ دادەنرێت چونكە لە لەو مانگەدا لە ساڵی 1997 پەیماننامەی قەدەغەكردنی بەكارهێنان و ئەمبار كردن و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مینە دژە كەسییەكان و لە ناوبردنیان كە بە پەیماننامەی ئۆتاوا ناسراوە راگەیەنرا وە لە 3 ی كانونی یەكەمی 2008 پەیماننامەی قەدەغەكردنی بۆمبی هێشوویی راگەیەنرا. هەردوو پەیماننامەكە بەدەستكەوتێكی گرنگی مرۆڤایەتی دەژمێردرێت كە چەند وڵاتێك لە چوارچێوەی یاسای نێو دەوڵەوتی مرۆڤایەتی رێك دەكەون بۆ قەدەغەكردنی گشتی ئەو چەكانەی كە زۆر بە فراوانی بەكار دەهێنرێن.
لێرەدا كەمێك بە درێژی باسی پەیماننامەی ئۆتاوا دەكەین.
پەیماننامەی ئۆتاوا لە 22 ماددە پێكدێت، بە پێی ماددەی یەكەم،
1-. هەموو ئەو وڵاتانەی كە پەیماننامەكەیان ئیمزا كردووە، دەبێت بەلێن بدەن كە لە هەر بارودۆخێكدا، نابێت:
أ- مینی دژە كەسی بەكاربهێنن.
ب- مینی دژە كەسی بەرهەم بهێنن، هەوڵی پەرەپێدانی بدەن، ئەمباری بكەن یان بیگوازنەوە بۆ هەر لایەنێك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
ج - یارمەتی یان هانی هیچ كەسێك یا لایەنێك بدەن بەهەر ڕێگەیەك بێت بۆ ئەنجام دانی هەر چالاكییەكی قەدەغەكراو لەو وڵاتە.
2- هەموو وڵاتانی ئەندام لەو پەیماننامەیە دەبێت بەڵێن بدەن و پابەند بن كە هەموو مینەكانی دژەكەسی لەناو ببەن بە پێ ی پەیماننامەكە.
هەروەها بە گوێرەی ماددەی 4، 5، 6 ی پەیماننامەی ئۆتاوا دەبێت وڵاتانی ئەندام:
- مینە ئەمبار كراوەكان لەماوەی چوار ساڵدا لەو كاتەی پەیماننامەكە دەچێتە واری جێبەجێ كردن لەناو ببەن.
- لەماوەی 10 ساڵدا كێڵگە مینەكان پاك بكەنەوە، یان پشتگیری كاری پاكسازی مین بكەن لە وڵاتە مینڕێژكراوەكان.
- لە وڵاتە كارتێكراوەكان بە مین، كاری هۆشیار كردنەوە لە مەترسییەكانی مین (MRE) ئەنجام بدرێت هەروەها یارمەتی قوربانیانی مین بدرێت بۆ چارەسەر كردن، دووبارە ڕاهێنان و گەڕاندنەوەیان بۆ كۆمەڵ.
لە ماددەی 6 بڕگەی 3 دا هاتووە كە
- هەر دەوڵەتێكی ئەندام بە پێی توانای خۆی هەڵدەستێت بە دابینكردن و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ چاودێری كردن و ڕاهێنانی بەركەوتووانی مین و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ ناو ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری،سەرەڕای دانانی پڕۆگرامێكی هۆشیاركردنەوە لە مەترسیەكانی مین، ئەم یارمەتیانە دەكرێت لە رێگای زۆر لایەنەوە پێشكەش بكرێت وەكو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراو و دەزگاكانی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نیشتمانی، لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی، كۆمەڵەكانی خاچی سوور و مانگی سووری نیشتمانی و یەكێتی نێودەوڵەتی، رێكخراوە ناحكومیەكان، یاخود لەسەر بنەمای دوو لایەنی.

لە دوای ساڵی 1997 ئەم پەیماننامەیە زیاتر بایەخی پێدراو ژمارەی وڵات و لایەنەكان كە پابەند بوون و پشتگیری خۆیان نیشان دا ڕووی لە زیادی كرد، تا ئێستا 160 وڵات بە فەرمی پەیماننامەكەیان ئیمزا كردووەو 37 وڵاتیش ئیمزایان نەكردووە لە نێویاندا ئەوانەی كە هاو سنوورن لەگەڵ عێراق (سوریا، ئێران و سعودیە) ن. حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە 15 ی ئابی 2007 بووە ئەندام لەو پەیماننامەیە، بە پێی ماددەكان و بەندەكان دەبێت عێراق لەماوەی 4 ساڵدا مینە دژەكەسییە ئەمباركراوەكانی لەناوببات و لە ماوەی 10 ساڵیشدا كێڵگەمینرێژكراوەكانی پاك بكاتەوە.
حكومەتی عێراقی فیدراڵ بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە 1/ 2 /2008 ەوە بە شێوەیەكی كرداری پابەندە بە جێبەجێكردنی ماددەكانی پەیماننامەی قەدەغەكرنی مینی دژەكەسی.
سەبارەت بە قەدەغەكردنی بۆمبی هێشویی (Cluster bomb) كە بە چەكێكی كۆمەڵكوژ و قەدەغەكراو دادەنرێت، لە ئەنجامی هەوڵ و كۆششی ژمارەیەك ووڵاتی پیس بوو بەو چەكە نەگریسە توانرا پەیماننامەیەكی هاوشێوەی پەیماننامەی ئۆتاوا گەڵاڵە بكرێت و لە 3 ی كانونی یەكەمی 2008 رابگەیەنرێت. تا ئێستا 108 ووڵات ئەم پەیمانتامەیەیان واژۆ كردووە و 92 ووڵاتیش واژۆیان نەكردووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری 2012 حكومەتی عێراق بە فەرمی پابەندبوونی خۆی راگەیاند بە پەیماننامەی قەدەغەكردنی چەكی هێشوویی..
بە گوێرەی پەیماننامەی ئۆتاوا عێراق دەبێت هەموو مینە دژە كەسییەكان پێش شوباتی ساڵی 2018 لەناو ببات.لە راپۆرتێكی نەتەوە یەككرتووەكان هاتووە كە عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان هیچ بەرەو پێش چونێكی بە خۆیەوە نەبینیوە لە رووی پابەند بوون و جێبەجێكردنی بەندەكانی پەیماننامەی ئۆتاوا بۆیە هەردوو رێكخراوی UNICEF، UNDP نیگەرانی خۆیان لەو بارەیەوە دەربریوە.

لە شوباتی 2008 تا ئێستا نزیكەی 20 كم2 لە خاكی عێراق لە مین و تەقەمەنییەكانی پاشماوەی جەنگ پاككراونەتەوە لە هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 1992 تا ئێستا زیاتر لە 150 كم2 لە كۆی 778 كم2 پاككراوەتەوە.و 90% خەڵكیش لە مەترسییەكانی مین هۆشیاركراونەتەوە.


لە ڕۆژی 3ی كانونی یەكەم دەبێتە 15 ساڵی تەواو دوای ئەوەی پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین لە(ئۆتاوا پایتەختی ووڵاتی كەنەدا) خرایەڕوو بۆ واژووكردن، حكومەت و دەزگا نێو دەوڵەتییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ دوازدەیەمین كۆبوونەوەی ووڵاتە بەشداربووەكانی پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین لە جنێف كۆدەبنەوە.

ئەم كۆبوونەوەی ووڵاتە بەشداربووەكانی پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین لە كاتێكدایە سێ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر لوتكەی كارتاگینا بۆ جیهانێكی پاك لە مین و دووەمین كۆنفرانس بۆ پێداچوونەوە بە پەیماننامەكە و هەروەها هاوكاتیشە لەگەڵ رێكخستنی پلانی كاری كارتاگینا: كە بریتیە لە كۆتاییهێنان بەو ئازارانەی بەهۆی مینی تاكەكەسی دروستدەبن لە ماوەی 2010-2014.

ئەمە دەرفەتێكە بۆ كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی كە هەستن بە هەڵسەنگاندنی ئەو هەوڵانەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پەیماننامەكە و پلانی كاری كارتاگینا و هەروەها بۆ مەبەستی دیاریكردنی ئەو بەربەستانەی دێنە پێش و بۆ گفتوگۆكردنی پلانەكان كە چۆن ئەرك و ئیلتیزاماتەكان بە جێبگەیەنرێن لە میانی كۆنفرانسی داهاتوو بۆ پێداچوونەوەی پەیماننامەكە.

لە دوازدەیەمین كۆبوونەوەی ووڵاتە بەشداربووەكانی پەیماننامەی قەدەغەكردنی میندا، هەڵمەتی نێودەوڵەتی بەرنگاربوونەوەی مینی تاكەكەسی پێشبینی دەكات كە:

1- ووڵاتە بەشداربووەكان بەم دواییانە هەرچییان ئەنجام دابێت بیكەن بە ڕاپۆرت "بۆ وەرگێڕانی پلانی كاری كارتاگینا بۆ پرۆسەیەكی بەردەوام " لەسەر ئەوەی كە چۆن پلان دادەنێن بۆ ئەوەی تا ساڵی 2014 بەتەواوی جێبەجێی بكەن، هەروەها لەسەر ئەوەی كە كەی سێیەمین كۆنفرانسی پێداچوونەوەی پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین ئەنجام دەدرێت.
2- ئەو ووڵاتانەی ئەندام نین، بەشداری پەیماننامەكە بكەن یان راپۆرت بدەن لەسەر ئەو هەنگاوانەی نراون بەمەبەستی پەیوەندیكردن پێیەوە.
3- هەموو ووڵاتەكان ناڕەزایی خۆیان دەربڕن دژ بە بەكارهێنانی مینی دژەكەسی كە لەم دواییانەدا كراوە هەروەها هاوخەمی دەربڕن و داوای لێكۆڵینەوە بكەن بۆ هەر حاڵەتێكی بەكارهێنانی مین..
4- هەموو ووڵاتەكان بەكارایی بەشداری بكەن لە گفتوگۆكانی دوازدەیەمین كۆبوونەوەی ووڵاتە بەشداربووەكانی پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین، بەتایبەتی دەربارەی ئەم بابەتانە: شیاوی پەیاننامەكە، داواكاری نوێ بۆ دوامۆڵەتی پاككردنەوە، ئەو ناوچە مینڕێژكراوانەی كە دوای بەسەرچوونی دوامۆڵەتی پەیماننامەكە دۆزراونەتەوە، نەبوون یان خاوی پرۆسەی لەناوبردنی تەقەمەنییە كەڵكەبووەكان و پاككردنەوەی زەوی و یارمەتیدانی قوربانیان.

له‌ ماوه‌ی ساڵی 2012 ته‌نها سوریا‌ مینی زه‌مینی به‌کارهیناوه‌، به‌م پێیه‌ش نزمترین ئاستی خۆی تۆمار ده‌کات له‌وه‌ته‌ی په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی مینی دژەكەسی له‌ ساڵی 1997 واژووکراوه‌، به‌ پێی راپۆرتی چاودێریکردنی مینی زه‌مینی 2012. چوار حکومه‌ت مینی دژه‌که‌سییان به‌کارهێناوه‌ له‌ ساڵی 2011دا، ئه‌وانیش هه‌ریه‌که‌ له‌ ئیسرائیل، لیبیا، میانمار و سوریان.
ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ره‌نگاری مینی دژه‌که‌سی ده‌که‌ن به‌به‌رده‌وامی له‌ زیادبووندایه‌؛ له‌ ته‌موزی 2011 ه‌وه‌،سێ ووڵاتی نوێ (فینلاندا، باشوری سودان و سۆمال) بوون به‌ ئه‌ندام له‌ په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی مینی دژەكەسی. به‌ به‌شداربوونی سۆمال و باشوری سودان به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت که‌ هه‌موو ووڵاتانی ناوه‌ڕاست و باشوری ئافریقا ئێستا ئه‌ندامن له‌ په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی مینی دژەكەسی. له‌ جیهاندا، 160 وولات ئه‌ندامن که‌ ده‌کاته‌ زیاتر له‌ 80%ی هه‌موو ووڵاتان.
سه‌رنوسه‌ری چاودێریکردنی مینی زه‌مینی 2012 مارك هیزنی رایگه‌یاند که‌، "که‌می به‌کارهێنانی مینی زه‌مینی دژه‌که‌سی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه‌ له‌م ساڵدا، ئه‌و به‌رزترین ئاسته‌ی ته‌مویلکردنی پاککردنه‌وه‌ی مین که‌ له‌ ساڵی 2011 کراوه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و که‌مکردنه‌ به‌رچاوه‌ی له‌ قوربانیانی مین هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌ به‌راورد به‌ ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌موویان به‌ڵگه‌یه‌کن له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانی‌ په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی مینی دژەكەسی که‌ له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا به‌دیهاتوون، ئه‌مه‌ش هه‌واڵێکی دڵخۆشکه‌ره‌." له‌ ساڵی 2011 دا، به‌ تێکڕایی 4286 قوربانی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌کانی پاشماوه‌ی جه‌نگ تۆمارکراون، که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 12 قوربانی له‌ رۆژێکدا؛ له‌ کاتێکدا له‌ رۆژێکدا 32 قوربانی هه‌بوون له‌ ساڵی 2001.
له‌و ووڵاتانه‌ی که‌ مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌کانی پاشماوه‌ی جه‌نگ زۆرترین کاریتێکردوون وه‌کو ئه‌فغانستان و کامبۆدیا و کۆلۆمبیا، راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ ئاستێكی روون ده‌دات له‌ دابه‌زینی ژماره‌ی قوربانیان و ئازاره‌ مرۆییه‌کان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، راپۆرته‌که‌ باس له‌ هه‌ندێ ئاستەنگی نوێ ده‌کات، له‌وانه‌ زیادبوونێکی به‌رچاوی قوربانیان له‌ هه‌ندێ ووڵاتی وه‌کو لیبیا، سودان، باشوری سودان و سوریا، که‌مبوونی پاڵپشتی دارایی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆژه‌کانی یارمه‌تیدانی قوربانیان، هه‌روه‌ها به‌کارهێنان و چاندنی مین له‌لایه‌ن هه‌ندێ گروپی چه‌کداری ناحکومی له‌ شه‌ش ووڵاتدا، له‌ راپۆرتی پێشوودا ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ چوار ووڵاتدا هه‌بوون. هه‌روه‌ها، زیاد بوونی به‌رده‌وامی ژماره‌ی ئه‌و داواکارییانه‌ی له‌ لایه‌ن ووڵاتانی به‌شدار له‌ په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی مینی دژەكەسی به‌رزده‌کرێنه‌وه‌ بۆ درێژکردنه‌وه‌ی دوامۆڵه‌ته‌کانی پاککردنه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ بایه‌خێکی تایبه‌تی ده‌وێت.
له‌ کاتیکدا که‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوودا رێژه‌ی ساڵانه‌ی قوربانیانی نوێ به‌ شێوه‌یه‌کی باش دابه‌زیوه‌، ژماره‌ی گشتی ئه‌و رزگاربووانه‌ی که‌ پێویستییان به‌ یارمه‌تیدان هه‌یه‌ به‌ به‌ردوه‌امی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه.

* بەڕێوەبەری هۆشیاركردنەوە و راگەیاندن
دەزگای گشتی كاروباری مین


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە