ڕیکه‌وتنی ستراتیجی نێوان ئاغاو کوێخاو ڕه‌عیه‌ت..........

Monday, 24/10/2011, 12:00






به‌ڕێزان ...زۆر ڕاسته‌ وه‌ك هه‌ردو سه‌رکرده‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌یان ساڵه‌ نه‌ك هه‌ر داوامان له‌ هه‌ردوکیان کردوه‌ به‌ڵکو لێشیایان پاراوینه‌ته‌وه‌ ، له‌ پێناوی و ئاشتی ته‌بای ویه‌کڕیزی و یه‌کخستنی ماڵی کورد ، داوامان کردوه‌ شه‌ری براکوژه‌ له‌ کوردستان مه‌حروم بکرێ ، داوامان کردوه‌ ناکۆکیه‌ سیاسیه‌کانیان به‌ڕێگه‌ی برایه‌تی ودیموکراتی و ئاشتی و دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ ، داوامان کردوه‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان توانا ی د یبلۆماسی وهه‌ڵوێستی‌ سیاسی و خواست وئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ی ونیشتمانیه‌کانمان یه‌کبخرێن ، به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌قلیمی و نیوده‌وڵه‌تی . داوامان کرد ئیتر با حکومه‌ت وپه‌رله‌مان سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێـم بگرنه‌ ده‌ست ، به‌ڵێ ئێوه‌ ڕاست ده‌که‌ن ... ئێمه‌ی خه‌ڵکی شکۆدار به‌هه‌زاره‌ها داخوازی له‌م چه‌شنه‌مان پێشکه‌ش کردن ، ....... لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ کام له‌م داخوازیانه‌تان جێبه‌جێ کرد ..؟؟؟
لێره‌دا باسه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ...ناوی بنێین ڕێکه‌وتنی ستراتیجی تاڵه‌بانی و بارزانی یان ڕێکه‌وتنی ستراتیجی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوتله‌ی ئێرانیزم و کوتله‌ی تورکنیزم ..
که‌ ئه‌م دوانه‌ش ته‌نها فاکته‌رێکن ده‌وری کوێخایان هه‌یه‌ له‌یاریه‌که‌دا ، چونکه‌ له‌سه‌روی ئه‌وانیشه‌وه‌ ئاغا هه‌یه‌ ..!! بێگومان پیاده‌کردنی کاره‌کانی ئاغا و کوێخا به‌ بێ بونی ڕه‌عیه‌ت به‌ ئه‌نجام ناگات ، لێره‌وه‌ ئاشته‌وای ده‌ستی پێکرد .. .چونکه‌ وه‌ك خۆتان ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری پێویستی به‌ مه‌ودایه‌کی فراوانی ئاشتیه‌ ، پێویستی به‌ دنیایه‌کی کش ومات وبێده‌نگه‌ .. واته‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاغاکان واته‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی کوێخاکان که‌ده‌کاته‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌قلیمی تورکیاو ئێران شه‌ری وه‌ستاند له‌ نێوان بارزانی وتاڵه‌بانیدا .. بائه‌م جا‌ره‌ ناوی بارزانی له‌ پێشه‌وه‌ بڵێم ده‌نا پارتی زویر ده‌بن ..له‌ ڕاستیدا نه‌ پارانه‌وه‌ی خه‌ڵك و نه‌ گریا نی دایکی شه‌هیدان و نه‌ هه‌ڵبڕینی قورئانی مه‌لاکان و نه‌ ناوبژیوانی سیاسیانی کوردو نه‌ هونه‌رمه‌ندان و نه‌هیچ توێژێکی ئه‌م نیشتمانه‌ گوێی لێنه‌گیرا ، بگره‌ تاوانباریش ده‌کران به‌ناوی جۆراو جۆره‌وه‌ ... ناچارین به‌دوای باسه‌که‌ماندا بڕۆین تا بزانین ئه‌ی ڕێکه‌وتنی ستراتیجی چۆن له‌ نیوان ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌دا خولقا ..!! که‌ ئێستا به‌ده‌سکه‌وتی سیاسی به‌ خه‌ڵکی کوردستانی ده‌فرۆشنه‌وه‌ !! بێگومان چۆن داگیر کردنی کوه یت بوو به‌هۆی گۆڕینی هاوکێشه‌ی سیاسی ناوچه‌که‌ هه‌رواش بوو به‌هۆی ڕوماڵی سیاسه‌تی ئه‌قلیمی ، چۆن پێش رێکه‌وتنی ئاشته‌وای هه‌تا تاڵه‌بانیان له‌ تاران ده‌هێنایه‌وه‌ ، بارزانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ گیری ده‌خوارد... ته‌نانه‌ت تاکه‌ هه‌لی زێڕینی که‌نا ڵێکی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌وه‌یه‌ ، که‌ هه‌واڵێکی وه‌ك گرتنی سه‌دام حسێنه‌ که‌ که‌ناڵه‌که‌ی به‌ جیهان پێبناسێنێ و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵی نێو ده‌وڵه‌تی ، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ ته‌کنۆلۆجیای ڕاگه‌یاندن وا به‌هێز نه‌بوو ، دوه‌م کارێکی زۆر نهێنی بوو ،سێهه‌م هه‌واڵێکی زۆر گرنگ بوو ، به‌ڵام تاڵه‌بانی ئه‌و هه‌واڵه‌ گرنگه‌ی به‌ که‌ناڵه‌که‌ی خۆشی ڕه‌وا نه‌بینی . له‌ که‌ناڵێکی تارانه‌وه‌ بڵاوی کرده‌وه‌ ، ڕوداوی یانزه‌ی سێپیمبه‌ر 11/9بوو له‌ ئه‌مریکا له‌سه‌ر ده‌ستی قائیده‌ی بنلادن که‌ ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی تازه‌ بوو له‌ سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی ، که‌ بۆشی دوه‌م ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی له‌ بازنه‌ی دژه‌ تیرۆر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا نه‌بێت دوژمنمه‌ . هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا بنکه‌ی سه‌ربازی له‌ زوربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ جێگیر بکات ،به‌تایبه‌تی وه‌ك بازنه‌یه‌ك له‌دوری بلۆکی شه‌رقی ، له‌ هه‌مان نه‌خشه‌دا ڕوخانی ده‌وڵه‌تی تاڵیبانی ئه‌ڤغانستان و ئێراقیشی به‌دوا داهات ، دیاره‌ له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی ئیراق ، به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌کان به‌هێزو زۆر زه‌به‌لاح ‌ بون ...هه‌ر بۆیه‌ ئاغا کان ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ڕه‌عیه‌ته‌کان کرد، بێگومان بۆ پاساوی شه‌رعی یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێویست بوو بکرێن به‌ کوێخا ، چونکه‌ ئه‌وان به‌ خاوه‌ن و ده‌مڕاستی به‌شێك له‌و سه‌روه‌ت وسامانه‌ ‌ داده‌نران ، وه‌ك کوێخایه‌کی بێمه‌رج دانران بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان ، هه‌رچه‌نده‌ دانانی کوێخا پێویستی به‌ ناوێکی دیاری کراو شوێنی تایبه‌ت وپێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سنوری خۆجێیه‌تی و باج وده‌رامه‌تی تایبه‌ته‌ ، به‌ڵام تاڵه‌بانی وبا‌رزانی ، جگه‌ له‌وه‌رگرتنی باج وده‌رامه‌تی تایبه‌ت ، باقی سه‌روه‌ریه‌کانی تری کوێخای خۆیان فه‌رامۆش کردوباقی ده‌سه‌ڵاته‌کانی تری کوێخاییان به‌خشییه‌وه‌ به‌ به‌غداد..دیاره‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ش په‌یوه‌ست بوو به‌ ڕێگه‌و پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندی کوێخاکانیان ، واته‌ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ ، هه‌رچه‌نده‌ جه‌مسه‌ری خواست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان له‌ چه‌ند هێڵێکه‌وه‌ به‌یه‌ک ده‌گه‌نه‌وه‌ ، واته‌ جه‌مسه‌ری 1/ئه‌مریکا- تورکیا عه‌لاوی--بارزانی جه‌مسه‌ری 2/ ڕوسیا وسین-ئێران-مالکی تاڵه‌بانی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ له‌دوو چه‌قدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن /یه‌که‌م حکومه‌تی گه‌نده ڵی به‌ناو ئێراقی فیدراڵ /دووه‌م حکومه‌تی هه‌ولێری پارتی و یه‌کێتی ، هه‌رچه‌نده‌ سه‌دام حسه‌ینیش له‌ جه‌مسه‌ری تورکیاو به‌رزانیدا هاوبه‌ش بوو ، له‌ 31/ئاب توانی به‌هۆی تورکیا و بارزانیه‌وه‌ گڵۆپی سه وز له‌ ئه‌مریکا وه‌ربگرێ و داکۆکی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بکات له‌ هه‌ولێر ،من لێره‌دا نامه‌وێ باسی شێوازه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌ بکه‌م ، چونکه‌ فاکته‌ری جیوپۆلۆتیك و ئابوری و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری له‌خۆ ده‌گرێت ، شیکردنه‌وه‌ی فاکته‌ره‌کان بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز جێده‌هێڵم . وابزانم ئاسانترین وانه‌ی ماتماتیکیه‌ ، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین .. ..... گرێدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌ ....بوو به‌ مانشێتی ڕێکه‌وتنی ستراتیجی ..تاڵه‌بانی وبارزانی ...نه‌ك یه‌کگرتنی ستراتیجی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی . خۆ ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر باسی هاوپه‌یمانی سه‌رکردایه‌تی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ، وه‌ك‌ له‌سه‌ره‌تادا بارزانی تاڵه‌بانی بانگێشه‌یان بۆ کردو به‌ ده‌سکه‌وتی مه‌زنی ئاڵوگۆری سیاسیان هه‌ژمار کرد له‌ مێژووی سیاسی کوردیدا ... ئه‌وا ده‌بێ بڵێین سه‌د ڕه‌حمه‌ت له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌ره‌س و ئاشبه‌تاڵی 1974 باشه‌ جگه‌ له‌ ڕه‌عیه‌ت و پاسه‌وانو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئاغاو کوێخا کانی هه‌ردوو جه‌مسه‌ر که‌له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان کردن ، ده‌سکه‌وتی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی ونیشتمانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ، بۆ کورد له‌ کوێدا بوو ..؟؟؟ بێگومان خاوه‌نی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای هه‌ردوو سه‌رۆکه‌ ، خۆشیان با ش ده‌زانن ئه‌م پرسیاره‌ خامۆش ناکرێ و له‌ پرۆسه‌ی دادگای مێژودا به‌رز ڕاده‌گیرێ ، چونکه‌ زه‌ره‌رو زیا نی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ده‌ره‌کیه‌ ، ته‌نها له‌ پارچه‌ك یاخود ناوچه‌یه‌کی کوردستانه‌وه‌ نه‌وه‌ستا ، به‌ڵکو تاك به‌ تاکی خه‌ڵکی هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستانی گرته‌وه‌ ، وه‌ك ئاشکرایه‌ نه‌ك هه‌ر بووبه‌هۆی خه‌فه‌کردنی ده‌نگی خه‌بات و خۆڕێکخستنی خه‌ڵکی ئازادی خوازی پارچه‌کانی تر ، به‌ڵکو بوو به‌هۆی دوبه‌ره‌کی لێکترازان و ئینشقاق و پارچه‌کردنی هه‌موو ڕێخراوه‌کان له‌ هه‌رچوار پارچه‌که‌ ، بێگومان ئه‌مه‌شیان له‌سه‌ر ده‌ستی تاڵه‌بانی و به‌رزانی جێبه‌جێ کرا ، به‌بیانوو پاساوی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ سیاسیانه‌ی به‌ده‌ست هاتوه‌ له‌ باشوری کوردستان به‌ووته‌ی ئه‌وان پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر کوردێك بیانپارێزین ، دیسانه‌وه‌ ناچارین بپرسین له‌ تاڵه‌با‌نی و بارزانی ...ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی چه‌مچه‌ماڵ بوه‌ به‌سنور و کورد ڕاوه‌دوده‌نرێ....له‌موسڵ کورد و مه‌سیحی یه‌زیدی نه‌ما .. له‌که‌رکوك ئه‌وه‌ی به‌ دڵگه‌رمی کوردایه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ ئێستا په‌شیمانی لێده‌چۆڕێ و، وازی له‌هه‌موو شتێك هێناوه‌ و وێڵه‌ به‌دوای پارچه‌ نانێکدا ، یان توشی نه‌خۆشی خه‌مۆکی بوه‌ و بیر له‌ خۆکوشتن ده‌کاته‌وه‌ .. جگه‌ له‌م شوێنانه‌ ئه‌وه‌ خۆ باسکردنی دوس وسه‌عدیه‌و جه‌له‌ولا وسه‌نگال شێخان ناوچه‌ داگیر کراوه‌کانیتر بۆته‌ جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری ، کام ده‌ستکه‌ته‌ بپارێزین..؟؟ ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی ئه‌نفالی نه‌وه‌و گه‌نجی دوای ڕاپه‌رینی کردو نیوه‌ی ده‌ربه‌ده‌ر کردو زیاتر له‌ چوار هه‌زار گه‌بج خنکاو بێسه‌روشوێن بوو ، نیوه‌که‌ی تری له‌ کوردستان توشی شکستی که‌سایه‌تی خۆی و به‌ هه‌زاره‌ها گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌ ، کام ده‌سکه‌وته‌ بپارێزین ..؟؟ ئه‌وده‌سکه‌ته‌ی که‌ به‌روبومی ووڵاته‌که‌مان به‌سه‌رناوه‌دی ئێراق و تورکیا و ئێراندا دابه‌ش ده‌کرێ و ووشه‌ی پێشمه‌رگه‌ش بکرێته‌ ....حه‌س حه‌سو پۆلیسی دارستان .!! کام دارستان ..؟؟ چاوه‌ڕێ بن خه‌ڵکینه‌ به‌م زوانه‌ ....کارگه‌ی حه‌س حه‌سو پۆلیسی ژینگه‌ی کوردستان وهێڵی قیتاره‌کانیش ... به‌ڕێوه‌یه‌... !!! به‌کورتی و به‌کوردی به‌هۆی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ی نێوان سه‌رکردایه‌تی کوردو ئه‌مریکا ، ئه‌م شکست ونه‌هامه‌تی ودۆڕاندنه‌ نیشتمانییه‌ی لێکه‌وته‌وه‌و، جارێکی ترمه‌سه‌له‌ی کورد له‌ ساحه‌ی سیاسه‌تی نێودوه‌ڵه‌تی میژوویه‌کی تری شه‌رمه‌زاری تۆمار کرد ..!! خۆ ئه‌گه‌ر باس له‌ فاکته‌ر نیگه‌تیڤه‌کانی ڕێکه‌وتنی ستراتیجی نێوان بارزانی و تاڵه‌بانی بکه‌ین ... پێش هه‌موو شتێك پێویست بوو ووشه‌ی دیموکراسی له‌دوای ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ ستراتیجیه‌وه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌م دوو حزبه‌ نه‌مێنێ ، چونکه‌ دێمۆ کڕاس / واته‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل ...بێگومان ده‌سه‌ڵاتی گه‌لیێك یان حزبێك یان ڕێخراێك ، به‌هه‌لبژاردنی ئازاد به‌ ڕێژه‌ی دیاری کراو له‌سه‌ر کۆی ده‌نگه‌کان له‌ په‌رله‌مانێکدا یان له‌ ئه‌نجومه‌نێکدا کۆده‌بێته‌وه‌ ، وشه‌رعیه‌تی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست ده‌هێنی بۆ وه‌رگرتنی بڕیاره‌کان ، به‌ڵام په‌رله‌مانی کوردستان نه‌ك له‌ده‌نگی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی بڕیار وه‌رناگرێ ، به‌ڵکو بڕیاری ده‌نگی ئه‌ندامه‌کانی حزبه‌که‌ی خۆشیان وه‌رناگرن ...که‌ بڕواو ئامانجێك کۆی کردونه‌ته‌وه‌ ، په‌رله‌مانی کوردستان ته‌نها بڕیارله‌دوو ده‌نگ وه‌رئه‌گرن ..پێم باشه‌ جارێ باس له‌ ووشه‌ی دیموکراسی نه‌که‌ین چونکه‌ جارێ لێکدانه‌وه‌ تیۆریه‌کی له‌ ته‌نگه‌ژه‌دایه‌ ، نه‌ك پراکتیك و کلتوره‌‌که‌ی ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ نوسه‌ر یان ڕۆژنامه‌نوس سکاڵا له‌ دادگا تۆمار ده‌که‌ن ، ده‌ڵێن لێماندراوه‌ یان به‌شێوه‌ی نا یاسای ‌گیراوین ..کاکه‌ گیان تۆ خۆت و ڕۆحه‌که‌ت و خوێنه‌که‌ت ونیشتمانه‌که‌ت ، هه‌موو ڕۆژێ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی مه‌زادخانه‌ی ئه‌قلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ ڕۆژانه‌ ده‌ جار کڕین و فرۆشتنت پێوه‌ ده‌کرێ ، تۆ له‌ وڵاتێکدا ده‌ژیت فانتازی قه‌زاو قه‌ده‌ر ده‌یجوڵێنێ ، ڕێکه‌وتنی ستراتیجی هیچ شه‌رعیه‌تێکی مرۆڤ بونی تۆی نه‌هێشتۆته‌وه‌ ، له‌ هه‌موو وڵاتیکی ئه‌م جیهانه‌ دوو یاسای سه‌پێنراو هه‌یه، یه‌که‌میان ده‌ستورو یاسا بنه‌ره‌تی ووڵات ، دوه‌م / داب ونه‌رێت و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ، به‌ڵام ڕێکه‌تنی ستراتیجی هیچ یاسا وسیسته‌مێکی بۆ ێئمه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ ، باس له‌ئاوه‌دانی به‌ردو بلۆکی ووشکه‌ که‌ڵه‌ڵ ده‌کرێ ، ئه‌ی شه‌رعیه‌تی دزی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م ووڵاته‌ به‌چی ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ ، ، گوندێك ..شارۆچکه‌یه‌ك دوو گه‌ڵابه‌ چه‌وو یان قیری بۆ ده‌چێت له‌که‌ناڵه‌کاندا ده‌بێ بڵێت مه‌منونی حکومه‌تم ، یان چوار کورسی بۆ مامۆستای قوتابخانه‌یه‌ک ده‌کردرێت ، مامۆستاکان ده‌بێ بڵێن زۆر مه‌منونی حکومه‌تم ، چه‌ند مه‌ترێ بۆری ئاوی گورچیله‌ بڕ بۆ گه‌ره‌کێك ده‌روات ، خه‌ڵکه‌که‌ ده‌بێ بڵی زۆر زۆر مه‌منونی حکومه‌تم ، باشه‌ که‌واته‌ به‌م جۆره‌ مه‌منونیانه‌ بێت ، حکومه‌ت هیچ پێگه‌و ڕابردویه‌کی له‌م ووڵاته‌دا نه‌بوه‌و نه‌ماوه‌ ، به‌واتایه‌کی تر حکومه‌ته‌که‌و پاره‌که‌شی ئیستراده‌و هی ئه‌م ووڵاته‌ نیه‌ ، باشه‌ ئه‌و چه‌ند فه‌رمابه‌ره‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی به‌ناوی په‌رله‌مان وحکومه‌ت ، له‌ گرێبه‌سته‌ فیفتی به‌ فیفتیه‌که‌ی نێوانیان دایاناوه‌ ، پێیان وایه‌ هه‌ر به‌پڕۆژه‌ی ستراتیجی ده‌مێنێته‌وه‌ ، له‌ هزرو هێزی خه‌ڵکی کوردستاندا ، ته‌نانه‌ت به‌ده‌رکه‌وتنی نیشانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ له‌سه‌ر مێزی ئاغاو کوێخاکانیش ئه‌وڕیکه‌وتنه‌ کاڵبۆته‌وه‌ .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە