من دەستنوسەكانى خۆمم سوتاند، ئێوەش ئەوەى لاتانە بیسڕنەوە
Saturday, 27/08/2011, 12:00
زۆر دەرگاى ئەم دەزگاى چاپ و ئەو دەزگاى چاپم كوتا، ئەهلى چەپڵەو مەكینەى ماستاو، ئەوانەى هەموو مەعریفەیان بەشى شیعرێكى باش ناكات، زۆر دۆستو هاوڕێى ئازیز تەقەللاى بێفایدەیان لەشوێنێكەوە چاپى بكەن نەیانكرد، سەرەنجام گەیشتمە ئەو قەناعەتەى بیانسوتێنمو سەرى خۆم سوك بكەم. زۆرجار قەرزم كرد بۆ ئەوەى كتێبى پێبكڕم، كرێ سەیارەى خۆمم داوە بەكتێبێكو چەند كیلۆمەترێك ڕێگام بڕیوە، زۆرجار بڕەپارەیەكى كەم ئەوەندەى مناڵێكى هەژارى پێ ڕازى بكرێت لەمن ئەبوو بەخەیاڵ. بەداخەوە ئەبوو ئەو عومرەى لەكتێبو دەفتەرو ئینتەرنێتدا خەرجم كرد لەگوڵە بەڕۆژە فرۆشتنو شتگەلێكى ترى لەو بابەتەدا خەرجم بكردایە. ئەبوو وەكو زۆرێك لەو گەمژە حازر خۆرانەى (لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەى ماندووبوونیان كردوونى بەمامۆستا)بەقۆپیەكانى حیزب بوونە مامۆستاو بوونە شاعیرى زوڕنا ژەنو نوسەرى نوسەر كوژو و خنكێنەرى هەموو ئەو دەنگانەى مەكینەى ماستاوێك لەكەللە سەریانا ناخولێتەوە. هاوڕێیان بمبورن بەزمانێكى ئەوەندە ناشیرین ئەنوسم من زۆرم دیوە لەسەر پارەى میللەتو ڕەنجى ئەو خەباتەى میللەتێك بەنانە ڕەقو فرمێسك بەخێوى كرد خەریكى سڕینەوەو ناشیرن كردنى كلتورى میللەتێكن، خەریكن نەوەى میللەتێك ئەكوژن ئەیكەن بەسۆزانى. بیرمە كۆڕێكیان بۆ بەرپرسێكى حیزبى گرتبوو ئەیوت نابێت بەحیزبەكەى جەنابیان بڵێین دز، لەبەر ئەوەى هەموو حیزبەكان دزیان تیایە! لەوێ پێم وت باشە بۆچى من مافى ئەوەم نەبێت پاسپۆرتێك بەبێ پشتگیرى حیزبێك دەربهێنم؟! كەهاتمە دەرەوە بەرپرسەكانى ئەو حیزبە ئەیانوت ئێمە پشتگیریت ئەكەین!!!!وتم من قسەم لەسەر ئەوەیە پشتگیریى نەمێنێت ئەى ئەوەى پشتگیرى نیە چی بكات؟؟ بۆیە پێش ئەوەى ئەوان باسى پشتگیریم بۆ بكەن من پشتگیریم ناوێت. ئەمەوێت بڵێم ئەوانە بەناوى ئێمەوە پارە ئەدزنو پارە ئەخۆن باسى خزمەتو تەڕەماشو شتى وانەكەن خەریكى برادەر چێتىو حیزبچێتىو شتگەلێكى ترن.
هاوڕێیان ئەشێت بەیەكجارى ئیتر بیر لەوە بكەمەوە نوسین مایەى كڵۆڵیە، مرۆ شتێك لە چەشنى گوڵەبەڕۆژ فرۆشتن، تور فرۆشتن فێر بێت زۆر لە نوسین باشترە. ئێ خۆ ناكرێت فایلى ئەو هەمووە هەڵبدەیتەوەو بەهەمان تۆمەت كەخۆیان لەواقیعدا وان نەتكوژنو ئەوان لەدواوە پشت ملى تۆ نەگرن. بیرمە دواى ساڵێك لەسۆراغ كردنى كتێبێكم بەرپرسى یەكێك لەو چاپخانانەى بەشلیف پاروى دەمى ئەو ژنە لەشفرۆشانەیان لەناچاریا ئەبن بەلەشفرۆش بۆ خەرج ئەكەنو "خەندان محەمەد جەزا" لەئۆقیانوسێك لەتاوانا باسى ئەكاتو دواتریش كچێنیانى پێئەكڕنەوە پێى وتم "وەزیر ئەڵێت شیعر چاپ ناكەین" كەچى هەر چەند ڕۆژێ بۆ هەرزە نوسێكى ناسكۆڵەیان چاپكرد!! ئەمە دواى ئەوەى ساڵێك ئیمڕۆنا بەیانیان پێكردم. من پێم وایە نوسین هیچ كاتێك لەژیانى مرۆڤ پیرۆزتر نیە مرۆڤ لەپێناویا بێدەنگى بكات بەرامبەر حەقیقەتێكى بۆ گەن بوو، كەچى سەیركە خەڵكێك سەرقاڵى پارە خواردنە بەناوى نوسینەوە وەك لەچایخانەى شەعب ئەڵێن "بۆ قومار بازیش ناشێت". بۆیە من بڕیارمدا هیچ نەنوسمو ئەوەى هەیە بیسوتێنمو داوا لەو سایتە بەڕێزانەش ئەكەم نوسینو لاپەڕەكانى من لەسەر سایتەكانیان لابەرنو گەلێك سوپاسى سایتگەلێكى وەك ماڵێك لەئاسمانوچراكانو دەنگەكانو ئەمڕۆو كوردستان نێتو قەڵەمو هەڵەبجەو....هتد یش ئەكەم. تو ویژدانتان گوناه نیە سایتێكى وەك چراكان....لەبێپارەییا هاوارى لێهەڵبسێتو گۆڤاریش هەیە لەمەخزەنەكانا بەلۆرى كەڕو ئەكات و بەفەردە پارەى بۆ خەرجئەكرێت!! ئەمەوێ ئەوە بڵێم هەموومان قسە لەسەر ئەوە ئەكەین سوتاندنى كتێب سوتاندنى مرۆڤیشى بەدواوەیە، بەڵام واى بەحاڵى ئەو ڕۆژگارەى چاپخانەو بەناو نوسەرى شڕە خۆرو تاڵانچى ئەتكەن بەگۆڕ هەڵكەنى كتێبەكانى خۆت. ماڵئاوا هاوڕێیانو دۆستانى ئەدەب ئیتر منیش دواى شتێكى تر ئەكەوم لایەنى كەم سەرى خۆم هەڵئەگرمو گۆشەیەكى غەریبى ئەكەم بەماڵ. ناشمەوێ سەربوردەى ئەو ڕۆژە تاڵانە وەكو ئەرشیفى برینەكانم هەڵبدەمەوە چەنێك ڕەزالەتم لەپێناوى كتێبێكدا ئەكێشا تا دەستم ئەكەوت، ئەشێت كەسە نزیكەكانم ئەو ڕاستیە باش بزاننو ئەم شیوەنە بۆخۆشم ناكەم هیوادارمو هەموو ئەوانەى دواى من ڕوئەكەنە چاپخانە ئەو ڕاستیانە بزاننو لەو حەقیقەتە تێبگەین ئەمە كێشەیەكە خەونى هەزارن كەس ئەكوژێت پێش ئەوەى بچن بیر لە زیندەبەچاڵكردنى خەونەكانیان نەكەنەوە. ئاخر ئەوان بە نائومێد كردن ئەتكوژن. دواتریش ئەبێت ئەوە بڵێم پێویستیشم بەهاوكارى كەس نیە تەنیا كۆمەكێك ئێوە بتانەوێت بەمنى بكەن هاوكارى كەسانێكى تربكەن وەك منیان بەسەر نەیەت، دزىو فایلى تاڵانچیانتان لابوو بۆم بنێرن چونكە من هەرگیز لەو نوسینانەم پەشیمان نیم لەسەر ئەم دەسەڵاتەم نوسىو ئەمەوێت ئەوەشتان پێبڵێم ئەگەر ڕۆژێك ویستیان بەنابووتكردن بمكوژن، "ئاخر ئێستا ناتكوژن نابوتت ئەكەن" بزانن بەرلەوان من قسەى دڵى خۆمم كردووە. دواجار ئەبێت ئەوەش بڵێم ئەم ڕۆژانەش وەكو سەردەمى بەعس ئەڕواتو ئەگەر نەمتوانى لەگەڵ ئەم بەڵێنەشمدا ڕاستگۆبم كەئیتر نەنوسم ئەوا بیر نوسینەوەى نیشتیمانێك ئەكەمەوە سەركردەكانى بەبرسێتى زەللیلى ئەكەنو ئەینێرن بۆ لەشفرۆشىو دواتریش وەك سۆزانى بەپارەى پاروى دەمى خۆى سوارى ئەبن
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست