حیسابی قەڵەمە خۆفرۆشەکان
Thursday, 29/02/2024, 21:24
لەئەرشیفی نوسینەکانمەوە دیارە کەوا ٣٠ ساڵ زیاترە لەدژی گەندەڵی و حوکمڕانی ناشەریفی ئەم هەریمی کوردستانە بەهەردوو زمانی کوردی وعەرەبی لە میدیاکانی ناوەوە و دەرەوەو دەولیدا دەنوسم . لەهەر شوێنێک کارێکی ناڕێک ونادادو ناڕاستم دیتبێ لەدژی نوسیتم . هەر زوڵموزۆرداری و ناهەقیم بیستبێ ریسوام کردووە . لەبەرامبەر هەر سیاسەتێکی نادروستیش هەڵوێستم هەبووە . لەسەر ئەو هەڵوێستانەشم باجێ زۆر گەورەم داوە ، زیندانی ، نانبڕین ، هەڕەشەی کوشتن . بەڵام وەکو موتەنەبی مەزن دەفەرموێ" ئەگەر هیچ چارەت لەگەڵ مردندا نەما ، شوورەییە بە ترسنۆکی بمری " .
لەساڵی ٢٠٠٨ لەسەر بابەتێک لەدژی پارێزگاری هەولێر حوکمی زیندانیم بەسەردرا . لەسەر بابەتێک دژ بە حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی نانبڕی کردم لە رۆژنامەی ( شەرق ئەلئـەوسەت ) بە دەرکردنی دام . لەسەر بابەتێک دژی پارتی هەڕەشەی کوشتنم لێکرا . ئەمانە هیچیان ئیدیعا نین ، بڕۆنە سەر ( گوگڵ ) ناوی من بنوسن هەموو ئەمانە بە بەڵگەوەی تێدایە . ئەمانە کە باسیان ئەکەم منەت نیە بەسەر هیچ کەسێکەوە ، تاکە مەبدەئم لەژیاندا دژایەتی زوڵموزۆرداری و ناهەقی و دیفاعکردنە لە میللەتە چەوساوەکەم ، هەر بۆیەش لەهەردوو شۆڕشی گەلەکەمدا بەشدار بوومە . لە ناو خێزانەکەشم وا پەوروەردە کراوم کە ناهەقی قبووڵ نەکەم .
کاتێک دژی پارتی دەمنووسی دەمزانی رۆژێک دادێ بنەماڵەی بارزانی ئەم کوردستانە وێران دەکەن و بە تاکڕەویی و حیقدو بوغزەوە ئیدارەی وڵاتەکەم دەکەن . دەمزانی ئەوانە بەچکە دیکتاتۆرن سیستەمەکەمان بەرەو هەڵدێر دەبەن . کاتێک دژی ریفراندۆم بووم ، دەمزانی مەبەستی پارتی دامەزراندنی حوکمی شێخایەتی بارزانە هاوچەشنی حوکمی شێخەکانی خەلیج . کاتێک دژی حکومەتی هەرێمم دەنوسی ، دەمزانی پارتی تاکڕەوی پەیڕەو دەکاو هیچ کەسێک بە پیاو نازانی و هیچ حزبێکیش بە شەریک . کاتێک رەخنەی بنیاتنەرم لەم دەسەڵاتە بۆگەنە دەگرت و دیفاعم لەنانو قووتی خەڵک دەکرد ، لەبەرامبەردا سەدان سەگوسواڵی دەرباری پارتی تێمبەردەبوون .دەیان نوسەری قەڵەمفرۆش لێم دەهاتنە قسە ، کادیرەکانیان جنێوی ناشرینیان پێمدەدا ، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ماهییەتی ئەو حزبو دەسەڵاتە بەدەرکەوت .
ئێستا بە چاوی خۆتان دەبینن چۆن دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی بەغدا پەڕوباڵی ئەو حزبەی دەسەڵات دەکەن و خەڵکیش چەندە دڵی پێخۆشە . ئێستا دەرکەوت ئەو جەیشە گەورەیەی قەڵەمفرۆش و بەناو نوسەرانەی دەربار هیچیان لۆ نەمایەوە غەیری چاوشۆڕی و ریسوا بوون وشەرمەزاری کە قەڵەمەکانیان خستە خزمەتی دەسەڵاتێک کە هەموو دونیا زانی حزبێکی قێزەون وناشرین ونابووت بەڕێوەی دەبا . هەر ئەوان بوون لەسەنگەری دەسەڵات دژی میللەتەکەی خۆیان دەیاننووسی ، هەر ئەوان بوون شەرعییەتێکی ساختەیان بەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بەخشی .
هیبچکات خودای گەورەو زوڵموزۆرداری قبوول نەکردووە . هیچکات ناهەقی سەرنەکەوتووە . هیچکات خۆفرۆشی قییمەتی نەبووە . سەربەرزم میللەتەکەم بە ئاواتی خۆی گەیشت و ئەم دەسەڵاتە ریسواو شەرمەزارو شکستخواردوو بوو .
ئێستا پارەی حەڕامو دزراوی میللەتیش نەما و دەسەڵاتەکەی پارتی تۆپی هاوێشت . دەبا بزانین ئەو جەیشە قەڵەمفرۆش و کادیری بندیوارو ئەو خەڵکانەی خۆیان فرۆشتە پارتی لەمەولا چۆن بەردەوام دەبن لەدیفاعکردن لە حزبێک کە سەرتاپای خیانەت و دزی و تاڵانی و دەمکوتکردنی میللەت و کوشتن وئازاردانی قەڵەمە ئازادەکان ومرۆڤە بە هەڵوێستەکان بووە .ئـیستا خۆری راستگۆیی هەڵهات و رۆژی حیسابو کیتابە لۆ ئەوەی ئەو قەڵەمفرۆشانەش لە تەک ئاغاکانیان بخرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە .
( وسيعلم الذين ظلموا أي منقلب ينقلبون )
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست