کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زەنگی ئاشبەتاڵی هەرێمی کوردستان

Monday, 09/10/2023, 18:50


لەرێگای رۆحکێشانی زەلامێک حەززرەتی عزرائیل تووشی پیاوچاکێکی خواناس دەبێ کە هەموو ژیانی لەتاعەتی خواو چاکەو خێروخێراتدا بەسەر بردووە . پیاوچاک پێی دەڵێ" حەززرەت تۆ ئەزانی من هەموو ژیانم خواپەرستی وتاعەت بووە ، داوایەکم لێت هەیە ئەگەر بە لوتفی خۆت بۆم جێبەجی بکەی لەپاداشتی ئەو هەموو تاعەتە مەمنونت دەبم " . ئەویش دەڵێ "بەسەرچاو فەرموو داواکەت چیە "؟. پیاوچاک دەڵێ " بەر لەوەی وادەی رۆحکێشانم دابێت ئاگادارم بکەرەوە بۆ ئەوەی خۆم حازر بکەم ". ئەویش دەڵی " بەسەرچاو داواکەت قبووڵە ". زەمەن دێ و دەڕوا رۆژێک عزرائیل بەسەر سەرییەوە ئەنیشێ و دەیەوێ رۆحی هەڵکێشێ . کابرا دەڵێ " هێواش هێواش ، ئەی جەناب منو تۆ ئیتیفاقمان نەبوو ئاگادارم بکەیتەوە "؟! . ئەویش ئەڵێ" بەڵی وابوو ، بەڵام من سێ چوار جار ئاگادارم کردیتەوە "!. ئەویش ئەڵێ " کوا کەی و لەکوێ ئاگادارت کردمەوە "؟!. عزرائیل ئەلێ " دوو مانگ پێش ئێستا ئامۆزایەکت نەمرد ؟. دوو حەفتە پێش ئێستا دراوسێکەی لای دەستە راستت نەمرد ؟ . حەفتەی پێشوو دراوسێی دەستە چەپت نەمرد ؟ . ئەی ئەوانە هەمووی ئاگادارکردنەوە نەبوون کە وادەی تۆش هاتووە "!!!.
عزرائیلەکەی بەغدا دە جار زیاترە زەنگی مەرگ بۆ ئەم دەسەڵاتەی هەرێم لێئەدا . راگرتنی نەوتەکەی ، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەکەی ، هەڵوەشاندنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، راگرتنی بەشە بودجەی کوردستان ، ئێستاتش کار بۆ گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران ومووچەکانیان ئەکات بۆ سەر بەغدا ! ئەی ئەمانە هەمووی زەنگی ئاگادار کردنەوە نەبێت چیترە ؟!.
هەموومان بە مناڵی ناو بێشکەوە ئەزانین ئەم هەموو زەلیلکردن و ملکەچکردنی دەسەڵاتەی هەرێم هۆکارەکەی بێهێزی و ناتەبایی و ململانێ و پەرتەوازەیی رێزەکانی کوردە . سەیرە حزبێکی تەمەن حەفتاو شەش ساڵی کە تەمەنی کامڵبوون و ژیریی هەموو بوونەوەرێکە ، هێشتا درکی بەم مەترسییانە نەکردبێ ، وەک ئەوەی نە بای دیبێ نە باران بە هەمان نەفەسی حزبایەتی ساڵانی شەست وحەفتاو هەشتایەکان لەسەر ململانێی سیاسی و ئێسکشکاندنی بەرامبەرەکەی بەردەوام بێت . کار بگاتە ئەو ئاستەی هیچ حیسابێکیش نە بۆ هاوکێشە ئیقلیمیەکان و نە بۆ هێزی دەوڵەتی عیراق و نە بۆ هیچ حزبێکی هەرێمەکەشی بکات !.
زۆر سەیرە حزبێکی گەورەی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان دوو پیاوی عاقڵمەندو ئازای تێدا نەبێ جورئەتی ئەوە بکات بە سەرۆک وسەرکردایەتیەکەی بڵێ ئێمە هەڵەین با هەوڵبدەین ئەم وەزعە چاک بکەینەوە بەر لەئاشبەتاڵبوونی هەرێمەکەمان ؟!.
سەیرە حزبێک هەموو سەرکردەو بنکردەکانی کۆیلەو گوێڕایەڵی کەسانێک بن کە لەبازرگانیکردن و گەندەڵی و دزینی سامانی میللەت بەولاوە گوێ لەهیچ کەسێک نەگرن و درک بەهیچ هاوکێشەیەکی ئیقلیمی و دەولی نەکەن !.
سەیرە دەسەڵاتێک حیساب بۆ دەیانو سەدان ئاماژەی وڵاتانی دونیاو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەکات کە هاواریان لێ هەڵساوە بەرامبەر زوڵموستەمی ئەم دەسەڵاتە لەدژی زیندانیانی بادینان و بەو پەڕی حیقدو سادییەتەوە جارێکیتر زیندانیەکی ئازادنەکراو سزا بدەنەوە !.
سەیرە دەسەڵاتێک ئەوەندە بێ شعوور بێ هەست بەم هەموو پیلانەی نەیارەکانی لەبەغداو وڵاتانی دەوروبەری نەکات و ، خەریکی تەخوین و بەجاشکردنی هاوبەشەکانی خۆی بێت لەناو دەسەڵات؟!.
سەیرە ئەم دەسەڵاتە هەست بە بچووککردنەوەی هەرێم و تەنانەت لەناوبردنیشی نەکات کە هەموو ئاماژەکانی وەکو رۆژی رووناک بەدیار کەوتوون ؟.
دەسەڵاتی مەغرورو بوغرای هەرێم وا دەزانێ وەکو جاری پێشوو ئاشبەتاڵیش بکات بایی ئەوەندە ملیاران دۆلاریان لە بانکەکانی دەرەوەو موڵک وسامانی ئەوەندیان هەیە وەکو ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ خۆیان ببەن وپشت لەو میللەتە بکەن و لە دەرەوە ژیانی شاهانە بەسەر بەرن چاوەڕی بن جارێکیتر میللەتەکەیان بیانهێننەوە سەر دەسەڵات ؟!
بەڵام نازانن ، تاقمە سیاسییەکەی بەغدا لەوانە نین کە ئەمجارە وازیان لێبێنن ئاوا بە ئاسایی ئەم هەموو ملیارە لەگەڵ خۆیان ببەن . نەخێر ئەمجارە دەسەڵاتی بەغدا دۆلار بە دۆلار لەقوڕگیان دەرئەهێنێتەوە .
بەر لەوەی خۆیان تووشی ئەم رۆژە ڕەشە بکەن با سوود لەئەزمونەکەی مەروانی کوڕی محەمەدی دوا خەلیفەی ئەمەویەکان وەربگرن کە نازناوی ( مەروانی کەر ) یان پێبەخشی . چونکە ئەویش وەکو ئەو برادەرانەی ئێرە لەساتەوەختی رووخانی ئیمپراتوریەکەیان شمشێری بەدەستەوە گرتبوو شێتانە هاواری ئەکرد ( بیانگرن بیانبڕن بیانکوژن ) ! بەڵام دواتر هەموو میللەت پشتیان تێکرد و بەمەش سەری خۆی و ئیمپراتۆڕەکەی باوکو باپیرانی لەقوڕ ناو  ناوی لەمێژوودا سڕایەوە . باقی وەلسەلام ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە