Monday, 28/08/2017, 23:22
دیكتاتۆر بەرهەمی ژینگە كۆمەڵایەتیەكەی خۆیەتی،لەبێدەنگی كۆمەڵگادا دیكتاتۆر دروست ئەبێ.لەسەردەمی حوكمی پاشایەتی لەعیراقدا جۆرێك لەدیموكراتیەتی راستەقینە بەدی ئەكرا،لەگەڵ كودەتای عەسكەرەكانیش هیچ سیمایەكی دیموكراسییانە لەم وڵاتەدا بونی نەما،چونكە تەبیعەتی فەرمانڕەوای عەسكەری لەبەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا لەسەر ئەساسی زەبتی عەسكەرییەو،وڵات وەكو سەربازگەیەك تەماشا ئەكرێ كەفەرمانرەوا ئامری سەربازگەیەو میللەتیش سەربازی گویرایەڵ.ئەم چەمكە سەرۆكی عەشیرەتیش ئەگرێتەوە، چونكە ئەویش بە تەبیعەت دەسەڵاتی لەناو عەشیرەتدا دەسەڵاتێكی رەهایەو رەتناكرێتەوە.
كارەساتی حوكمی عیراقو كوردستانیش لەكودەتاكەی عەبدولكەریم قاسمەوە دەستی پێكرد كاتێك لەبەغدا حوكمی جەنەراڵەكان بەقاسمەوە دەستی پێكردو بەسەدام حوسینەوە كۆتایی پێهات.بەڵام لەكوردستاندا حوكمی عەشایەری لەمەلا مستەفاوە دەستی پێكردوە تا مەسعود بارزانیش بەردەوامە.بنەماڵەی بارزانی هەرێمیان وەكو پێكهاتەیەكی عەشایەری بەڕێوە ئەبەن،لەخۆرانیە ئەم هەمو پایە بڵندانەی دەسەڵات لەدەستی ئەفرادی بنەماڵەكەیاندایە، چونكە ئەمانە كوردستان بەموڵكی خۆیان ئەزاننو ئەبێ نەیارەكانیان لەناو ببرێن.ئەوان دەمێكە وتویانە(ئەگەر شۆڕشمان پێنەكرێ،ئەتوانین تێكیبدەین) ئەمە واتای ئەوەیە كە ئەوان بەهیچ دەسەڵاتێك رازی نابن ئەگەر خۆیان باڵادەستی نەبن.
لەسەردەمی مەلا مستەفاوە چینە رۆشنبیرەكەی كوردستان لەهەوڵدایە بۆ گۆڕینی ئەم عەقلییەتە عەشایەرییە بەسیستەمێكی دیموكراسییانەی سەردەمیانە،تائەمرۆش هەوڵەكەیان بەردەوامە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجام،چونكە دیسان بنەماڵەی بارزانە ئامادەن هەمو خیانەتێك بكەن لەپیناو چەسپاندنی دەسەڵاتەكانیان.
لایەنە سیاسیەكانی ئەمڕۆی كوردستانیش بێبەری نین لەسەرخستنی ئەم هەوڵانەی پارتی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتە رەهاكەی.ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی هەرێم بكەین،پارتی لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان تەنها 38 كورسی هەیە،ئەمەش رێژەیەكی كەمە لەبەرامبەر گرتنەدەستی نزیكەی 70% لەجومگە ئەساسیەكانی دەسەڵاتو حكومەت،ئەمە هەموی نەتیجەی بێدەنگی لایەنە سیباسییەكانە.
كاتێك لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا حزبو لایەنە سیاسیەكان چاوپۆشیان لەو هەمو تەزویرەی پارتیدا كرد لەم هەڵبژاردنەدا،پارتی بەمە بوە دەسەڵاتی یەكەم لە كوردستانداو تا ئەمڕۆش لەم پایە نایەتە خوارەوە هەر بەتەزویرو تەزویركاری لە هەڵبژاردنەكاندا بەردەوامی پێداوە.
ئەگەر حزبەكان یەكدەست لەبەرامبەر خیانەتی 31 ئابدا بوەستنایەو لەجیاتی ریسوا كردنی نەچونایە پەرلەمانەكەی بۆ بژیێنەوەوپاش ماویەكی كەم ئەم خیانەتیان لەبیر میللەتدا نەبردایە،پارتی ئەم خیانەتەی بەشانازییەكی گەورە بۆ حزبەكەی حیساب نەئەكرد.
كاتێك پارتی پەرلەمانی شەرعی پەكئەخاو وەزیر لەحكومەت دەرئەكاو، كەسیش لەو حزبو لایەنانە نایەنە دەنگ،پارتی جورئەتی ئەوەش ئەكا سەرجەم پرۆسە سیاسییەكەش پەكبخاو حوكمی رەهای خۆی پەیڕەو بكا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست