کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بێئومێدی میللەت

Saturday, 07/01/2017, 0:01


ساڵێکیتری نەهامەتیمان بەڕێکرد..ساڵێکی پڕ لەکێشەو قەیران..ساڵێکی نەهات..هەژاری گەشتە برسێتی. برسێتی گەشتە خۆفرۆشتن!!..ساڵێک دزو مافیاکان قەڵەوتر بون..یاسا رۆچوو..دیموکراسیەت زیندەبەچاڵکرا.. تاکڕەوی بوژایەوە،دیکتاتۆرییەت گەشایەوە..حکومەت بچوککرا..وەزارەت پەکخرا..قاسە بەتاڵکرا!!..
ساڵێک ئازادییەکان ئەتککران..رۆژنامەنوسان تیرۆرکران..رۆشنبیران زەلیلکران!!..ساڵێک بازار وەستا..گیرفانی خەڵک کونکرا..مناڵ شیری لێبڕا.. کچ فرمێسکی لێچۆڕا.. کوڕ بێئومێدکرا..میللەت تاقەتی بڕا حەوسەڵەی نەما!!..ساڵێک حزبەکان جەماوەری خۆیان دۆڕاند..پاشکۆیەتیان بۆ دیکتاتۆر سەلماند!!..ساڵێک لەتەمەنمان گوزەری کرد..دەهرێک لەئازاردانی دڵو دەروونی ئینسانیمان..مەحرووم بون لەسادەترین مافی ژیان!!..
ساڵێک خرایە سەر تەمەنی ئەزمونێکی شکستخواردوی حوکمڕان.گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە، رێک لەتەمەنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان،بەدرێژایی تەمەنی خۆیو حکومەتەکەیەوە لەگەڵ قەیرانو نەهامەتی گەورە بوە.. بێ کارەباییو بێ ئاوی..برسیو لاتو هەژار..بێ بیمەی تەندروستی..بێ فرسەتی دامەزراندن..بێئومێد لەئاییندە!!.. بەدرێژایی تەمەنی وەک حکومەتی هەرێم تێکۆشا بۆ ئاییندەیەکی گەشتر..لەگەڵ شکستی حکومەتەکەی ئەویش شکستیهێنا.بەڵام جیاواز لەحکومەتەکەی،ئەو بێئومید بو،حکومەتیش هێشتا ئومێدی بەچەواشەکردنی میللەتەکەی ماوە.
لەوڵاتانی دونیا خەڵک مەشغوڵی رابواردنە..گەنجان خەمی کۆتا هەفتەیانە لە چ وڵاتێکو دورگەیەکو کەناری دەریایەک پشوی هەفتانەیان بەسەر بەرن؟..یاخود لەکام پارکی شاردا دەست لەملانێی خۆشەویستەکەی بکات؟..
گەنجی ئەوان لەگەڵ گەشتنیان بە 18 ساڵییەوە خانوو شوققەیان بۆ دابینکراوە، دوای تەواوکردنی خوێدندنیش هەلی کاریان بۆ ئامادە کراوە..ژنی ئەوان خەمی ئاو بڕانو کارەبا بڕانو قەیرانی نەوتو غازیان نیە..بە دڵی پڕ لەحەسرەتەوە ناڕواننە جلو بەرگە هەڵواسراوەکانی دوکانو مۆلو سۆپەرمارکێتەکانەوە،بەرەسیدی بانکو ماستەرکارتی حەزی لەچی بێ، ئەیکڕێ.پیاوی ئەوان خەمی دوا قۆناغەکانی تەمەنی نیە، چونکە ئەگەر لەوەزیفەشدا نەبوبێت دەوڵەت موچەی خانەنیشنی بۆ بڕیوەتەوە.مرۆڤ لەوی سەرمایەی دەوڵەتە، بۆیە وەکو بیلبیلەی چاوی خۆیان ئەیپارێزن.مرۆڤ لەوێ مرۆڤە مافی ژیانی هەیە.
گەنجی ئێمە مەشغولی خەفەت خواردنە..کەی کارەبا دێتەوە بچێتە سەر فەیسبوکەکەی..کەی چۆڕە ئاوێک لەبەلوعە ئەتکێت بۆ خۆشتن..کەی ئەچێت بەدوای سۆراغی بەرمیلە نەوتەکەی زستانەوە.. کەی وەزارەتی دارایی ئیعلانی گەشتنی موچەی باوکی ئەکات بۆ ئەوەی کارتێک بخاتە ناو مۆبایلەوە شەو بەدیار ئەڤینەکەیەوە خەمی رۆژانەیان بڕەوێننەوە..ژنی کورد دەست لەسەر چەنەگە رۆژ بەسەر ئەبات لەچاوەڕوانی هاتنەوەی کارەبای موەلیدە تا قاپو قاچاخەکان بشوات،جلو بەرگی مناڵەکانی بخاتە ناو غەسالەوە..دواتر بۆ چەند ساتێک پشو بدات..پیاوی کورد دوای 30-40ی ساڵ خزمەتی دەوڵەت خانەنشین ئەکرێ ،لەجیاتی ئەوەی بحەسێتەوە، جارێکیتر شان ئەداتە بەر گوڵەبەرۆژە فرۆشتنو تەسبیحفرۆشتن لەبەر دەرکی مزگەوتەکان،لەچاوەڕوانی سەرفکردنی موچەی دو مانگ جارێکی.
لەتەلەفزیۆنەکاندا سەیری بەرنامەکانیان بکەن، بزانن چۆن سەرو مێشکیان خەریک ئەکەن بە تازەترین داهێنانەوە بۆ ئەوەی خەندەیەک بخەنە سەر لێوی خەڵکانیان..سەیری کامێرا شاراوەکانو ئاهەنگی رۆژانەی سەر شەقامەکانیان بکەن هەموی بۆ دلخَۆشی خەڵکەکانە،سەیری تەلەفزیۆنەکانی خۆشمان بکەن چۆن بەتەسریحاتی هەندێ لەمەسئولەکانمان ژیانی میللەتیان تاڵ کردوە..
ئەوان تەقەمەنی رەنگاورەنگی سەوزو سوورو شینو سپی بۆ شەوانی سەری ساڵو ئاهەنگەکانیان دروست ئەکەن، ئێمەش بۆ لەتلەتکردنی جەستەی مناڵو ژنو پیرەکانمان..زاناکانی ئەوان شەورۆژ لەناو تاقیگەکاندا خەریکی دۆزینەوەی تازەترین دەرمانن بۆ چارەسەری نەخۆشیە قوڕسەکانی ئینسان، زاناکانی ئێمەش خەریکی دۆزینەوەی کاریگەرترین بۆمبی تەوقیتو پشتێنی تەقینەوەن بۆ کوشتنی زۆرترین ژمارەی مرۆڤ..
سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا بەپاسکیلێکەوە ئەچێتە دەوامەکەی لە ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک وەزیرانی ئێمەش بە حیمایەی یەک لیوای تایبەت لەماڵەکەیەوە ئەچێتە سەر دەوام..هەمو حزبی کرێکارانی بەریتانیا تەنها یەک شوققەی حەوت ژووری لەلەندەنی پایتەختی وڵاتەکەیاندا هەیە، حزبی لای ئێمە شارێکی گەورەی وەکو مەسیفی کردوە بەبارەگای حیزبی خۆی.قەسری سەعد ئاباد کە ناوێکی زۆر گەورەی هەیە لەناوچەکەماندا، روبەرەکەی تەنها چەند دۆنمێکە،خانوی سەرۆک وەزیرانی ئێمە روبەرەکەی 40 دونم زەوییە،دیواری قەسرەکەشی موشەک نەبڕەو خواش نەبێ کەس بە خەونیش نازانێ چی تیایە.
ئەوان لەماوەی بیستو پێنج ساڵدا دەیان سەرۆکی وڵاتو سەرۆک وەزیرانیان گۆڕیوە،لای ئێمەش دو سەرۆکی هەرێمو وەزیران تا ئەبەد لەسەر کورسیەکانیان لاناچن..لەوێ هەر سەرۆکێک سەروەرییەک لەدوای خۆیدا بۆ میللەتەکەی جێهێشتوە، لای ئێمەش خییانەتو خاک فرۆشتنو سامان دزینو گەندەڵی وستەمکاری وزوڵمو زۆرداری وپێشێلکردنی یاساو شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتی..
بەکورتی،ئەوان بەهەشتێکیان بۆ خۆیان لەسەر ئەرز دروستکردوە، ئێمەش دۆزەخێک کە لەناویا هەمو میللەت ئەسوتێ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە