یەك دەنگیش كاریگەری خۆی هەیە
Tuesday, 13/12/2016, 1:46
دوای سەركەوتنی پڕۆژەكەی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ لەپەرلەمانی عیراقدا سەبارەت بەدابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پارتی وبارزانی تایمیان تێكچوە..وەك هەر كەسو حزبێكی بێدەسەڵات كەوتونەتە سەر تۆمەت بەخشینەوە بەمو ئەو، تەنانەت حزبە هاوپەیمانە ستراتیژییەكەشیان بێبەری نەبو لەتۆمەتی خیانەتی نیشتمانیو كاركردن دژی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی ئەوان خاوەنی ئەم دەسكەوتانە بنو،خۆیان نیشتمانپەروەری عەیار 24 قیراتو ئەوانیتر هەمویان خیانەتكارو نیشتمانفرۆش!.
وەك هەر حزبێكی دیكتاتۆر پارتی ئەیەوی هەمو شتێك بەدڵی ئەو بێ، بریارو مەرجەع هەر خۆی بێ، كەی خەڵك برسی ئەكا، كەی دەستهەڵئەگرێ، ئەو خۆی هێلە نیشتمانیەكانمان بۆ رابكێشێ، هەمو ئەوانی غەیرە خۆی گوێرایەڵو مەڕو ماڵات بن ئەویش شوان وگاوان.
ئێستا هەوڵێك ئەدات بۆ سزادانی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق وجێگرە كوردەكەی لەبەر ئەوەی دڵیان بە میللەتی كورد سوتاوەو كاریان بۆ دابینكردنی قووتی مناڵانی كوردیان كردوە..ئەمە رەفتاری حزبە نەتەوەییەكەمانە كە بەنیازە دەوڵەتی كوردستانی گەورەمان بۆ دروست بكات؟!.
كاتێك بیرۆكەی هانابردن بۆ پەرلەمانی ئیتیحادی لەلایەن هەندێ لەئەندامانی پەرلەمان هاتە ئاراوە، بەماوەیەكی زۆر كورتو بۆ دەربازكردنی میللەتەكەمان لەنەهامەتی برسیەتی ونەبونی، بو بەپڕۆژەی هەر سێ فراكسیۆنی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ، بەپەسندكردنی ئەو پرۆژەیەش لەلایەن پەرلەمانەوە گورزێكی زۆر گەورەو كاریگەر بەر سیاسەتەكانی پارتی لەبرسیكردنی خەڵكو كۆیلەكردنیان كەوت، ئەم پرۆژەیە دەستپێكە بەدوای خۆیدا دەسكەوتی زۆر گەورەتر ئەهێنێ بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی دەسەڵاتی پارتیو كۆتایهێنان بەسیاسەتی قۆرخكاری وبرسیكردنی میللەت،چونكە پێموایە ئەگەر پارتی نەوتەكەی خۆی تەسلیم بەبەغدا نەكا هەنگاویتر دێتە پێشەوە،هەنگاوی یاساییو تەنانەت سەربازیش، چونكە پێشتریش وتومە شەڕێكمان لەپێشە لەسەر نەوت.
ئەمەریكیەكان ئەڵێن" هەر دۆلارێك ئەجیندای خۆی هەیە"..لەدانیشتەكانی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ویلایەتە بەسەرچوەكەی مەسعود بارزانی،لەپەرلەمان بینیمان بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی تەنانەت یەك دەنگیش قییمەتی خۆی هەبو.. پێشتریش بیرمانە لەكاتی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستاندا ئێزگەكەی یەكێتی كە تاكە دەنگێكی راپەڕین بو چ كاریگەرییەكی هەبو لەجۆشدانی خەڵكو سەرخەستنی راپەڕینەكە، ئێستاش وەكو یەك دۆلارە ئەمریكیەكە، یەك دەنگی ئەندامێكی پەرلەمانو یەك كەناڵێكی ئیعلامیو ئاسمانی كاریگەری خۆیان هەیە بەسەر سیاسەتی هەر حزبێكو رژێمێكی دیكتاتۆرەوە، جا ئێستا كاتی ئەوە هاتوە پارتیو سەرانی لەخەوی سەدەی رابردو هەڵسنەوەو دونیای ئەمرۆ ببیننو،لەوە تێبگەن تا یەك دەنگیش مابێ ئەوان هەمیشە ریسواو شەرمەزرار ئەبن،تا ئێرەو ئیدی بۆیان ناچێتە سەر، كاتی ئەوە هاتوە بە سیاسەتو هەڵوێستەكانیاندا بچنەوەو ئەوەندە پشت بە زورناژەنو كاسەلێسە ئیعلامیەكانیان نەبەستنو بێنەوە بەرەی میللەت..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست