كەرامەتی سەرۆكی عەشیرەتی پارتی
Friday, 29/07/2016, 22:31
بەدرێژایی بیستو پێنج ساڵی ئەزمونی حوكمرانی لەكوردستاندا گەورەترین ئاستەنگ هاتبێتە پێش پرۆسەی بەدیموكراسیبونی دەسەڵاتوكۆمەڵگاوە،سیستەمی بەڕێوەبردنی ئیدارە بوە بەعەقڵییەتی شاخ و دابەشكردنی پۆستو پلەوپایەكانی دەوڵەت لەسەر ئەساسی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیەوە.ئەم شێوازی بەڕێوە بردنە هەمیشە رێگربوە لەبەدامەزراوەكردنی پایەكانی دەسەڵاتو گۆڕینی دەموچاوەكان هەم لەسەر ئاستی حزبەكانو هەمیش لەسەر ئاستی ئیدارەی دەوڵەتدا،بەمەش بەشێكی زۆر لەخاوەن كەفائەت و ئەكادیمی وكەسایەتی رۆشنبیر لەگشت بوارەكانی حوكمرانیدا بێبەشكراون لەدەسەڵات،تەنانەت راوێژیشیان پێنەكراوە لەبەرێوەبردنی ئەزمونی حوكمدا،مەگەر تەنها ئەو كەسانە نەبێ كە سەر بەحزبەكانو بنەماڵە حوكمدارەكانن،ئەمانەش لەبەر بەرژەوەندی حزبو بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان نەیانتوانیوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بێننەكایەوە.بۆ نمونە وەلائی حزبی هەمیشە لەسەروی هەمو پەیوەندیەكانی تردا بوە،بۆیە ئاسایی بوە مامۆستایەكی زانكۆ لەروی حزبیەوە بكەوێتە ژێردەستی كادیرێكی نەخوێندەواری حزب،یاخود دادوەرێك لەئەڵقەی حزبی فەرمانبەرێكی پرسگەی دادگاكەی خۆیدا بێت..هەندێجار ئەمكارانەش بەئەنقەست كراوە بەمەبەستی لێدانی كەسایەتی و زەلیلكردنی رۆشنبیرو ئەكادیمیست بەتایبەت لەناو حزبێكی عەشایەری وەكو پارتیدا.
تا ئێرە كارەكە وا رۆیشتوە،بۆیە ئەزمونەكەمان دوای بیستو پێنج ساڵ هەر لەشوێنی خۆیدا موراوەحە ئەكات وهەنگاوێك نەچۆتە پێشەوە سەرباری ئەم هەمو درۆو چەواشەكارییانەی دەسەڵاتی حزب كە ئیدیعای پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردی ئەكەن.
لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كە هەمیشە دەسەڵاتی یەكەم بوە لەكوردستاندا، مەفهومێكی تریش خزاوەتە ناو پرۆسەی حوكمرانییەوە،ئەویش سیاسەتكردنە بەعەقلییەتی عەشایەری.زۆربەی پەیوەندییە سیاسیەكانو بگرە بڕیارە چارەنوسسازەكانیش لەدیوەخانەی سەرۆكی عەشرەتی بارزانەوە دەركراوە.بۆ نمونە رێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمانو ناردنەوەی وەزیرانی حكومەت بۆ ماڵەوە،كە ئەمە هیچ حزبێك و دەسەڵاتێك لەدونیادا نەیكردوە بەرژێمە دیكتاتۆرەكانیشەوە،چونكە كۆمەڵێك ئیجرائاتی قانونی هەیە بۆ لادانی وەزیرو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.. بۆ مەسەلەی پەكخستنی پەرلەمانەكەش لەهیچ وڵاتێكدا شتێكی وا نەبوە سەرۆكێكی غەیرە شەرعی و ماوە بەسەرچو بە سەرۆكی پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو بڵێ برۆرە ماڵەوە، بەبریاری مەكتەبی سیاسی حزبیش شەرعییەت بدرێتە ئەمكارەوە.هەڵبەت مەگەر حزبەكە بەكامڵی كۆیلەی سەرۆكێكی دیكتاتۆر بێت كە لەبنەڕەتدا مامەڵەی لەگەڵ حزبەكەیدا مامەڵەیەكی عەشایەرییانە بێت و ئەندامانو سەركردەی حزبەكەش ئەوەندە بێعەقڵو بێئیرادە بن تا ئەو حەددەی قودسیەتیش بدەن بە سەرۆكەكەیانو بیگەیەننە مەرتەبەی خواوە كە نابێت قسەكانی رەتبكرێتەوە.
مەكتەبی سیاسی لەناو هەر حزبێكدا گەورەترین دەسەڵات و مەرجەعی بریارە سیاسیەكانە،ئەم دەزگایە نوخبەی رۆشنبیرانی سیاسی ناو حزب لەخۆ ئەگرێت كەئەكرێ بەدەستەی حەكیمانی حزب ئەژمار بكرێن،لەناو پارتیدا مەكتەبی سیاسی ئیرادەی غائیبەو ئەندامانی بنەماڵە رۆڵی سەركردایەتی و مەرجەعەكە ئەگێڕن،ئەم دەزگایە زیاتر لەخزمەتكاری دیوەخانی سەرۆك بەولاوە هیچ رۆڵێكیان نەبوە لەبڕیارە سیاسیەكاندا،تەنانەت زۆرجار ئەبیستین كەوا چۆن ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەرامبەر هەرزەكانی بنەماڵە وەكو كۆیلە سەیر ئەكرێن وبەمەش رازین. حەقیقەتێكی تریش كە رەنگە كەس نەتوانێ نكوڵی لێبكات،ئەویش ئەوەیە كەوا سەرجەم بریارەكانی پارتی لەلایەن تەنها سێ كەسی بنەماڵەی بارزانیەوە دەرئەچن،ئەوانیش مەسعود ومەسرورو نێچیرڤان بارزانیین، بەوەش ئەم حزبە نەتەوەییە تەمەن حەفتا ساڵە لەناو خێزانی سەرۆكی پارتیدا بچوكبۆتەوە،بۆیە بریارەكانی ئەم حزبە بەگشتی مۆركی خێزانی پێوە دیارەو بوە بەحزبی عەشرەتی بارزانی.بەهەرحاڵ بەپێی هەڵسوكەوتەكانیەوە مەسعود بارزانی ئێستا خۆی تەنها لەسەرۆك عەشرەتێكدا ئەبینێ نەوەك سەرۆكی حزبێكی سیاسی، هەر بەم عەقڵیەتەشەوە دەستی بەسەر پارتیدا گرتوەو لەپێناو خزمەتی خۆی وبنەماڵەكەی بەكاری ئەهێنێ، ئەگینا بریارە سیاسییەكانی ئەم حزبە هیچی لەبریاری ئاسایی حزبانی دیموكراتخواز وپێشكەوتخواز ناچێت بەدەلیلی هەزاران هەزار هەڵەی سیاسی كە ئەم حزبە كردویەتی وئەیكات؟..سیاسەتكردن بەعەقڵییەتی سەرۆكی عەشرەت هیچكات سودی بۆ میللەت نەبوە،ئەگەر مەلا مستەفا بەعەقڵیەتی عەشایەری شۆڕشی ئەیلولی بەڕێوە نەبردایە،بۆچی شۆڕشێكی خاوەن 300 هەزار چەكداری گەنجی خوێنگەرم بەماوەی دوو سەعات دوای رێكەوتنامەی نێوان دو دەوڵەت و داخستنی سنور هەرەس بهێنێت؟.
لەم روانگەیەوە دوای ئەوەی مەسعود بارزانی لەئەنجامی كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی و ئامادە نەبونی لایەنەكان بە نوێكردنەوەی ویلایەتەكەی توشی هیستیریا بو،چەندین بریاری سیاسی گەورەی دەركرد كە هەمویان زۆر بەخراپی كەوتنەوە سەر خۆیو حزبەكەیو ناوبانگی میللەتەكەشمان،لەسەروشیانەوە پەكخستنی پەرلەمان بو. كاتێك رێگرییان لەسەرۆكی پەرلەمان كردو پەرلەمانیان پەكخست،پارتی بەگشتی باسیان لەوە دەكرد كە ئەمە رێگری بوە لەوەی نەبادا ئەندامانی حزبەكەیان بچنە سەر پەرلەمان وكێشە بۆ میللەت دروست ببێت،ئێستا ئەم هەنگاوەیان بەكارەسات گەڕاوەتەوە سەر گشت میللەتی كوردەوە. ئەوان رێگریكردنەكەیان بە سەركەوتنێكی مەزن وێنا ئەكردو ئەندامانی حزبەكەشیان توشی حاڵەتێكی غروری هەرزەكارانە كرد كاتێك لەمیدیاكانەوە هەمیشە دوپاتیان ئەكردەوە كەوا قۆناغی یوسف محمد وبزوتنەوەی گۆڕان كۆتاییهات،بەڵام ئێستا كەس نەما نەینێرنە بەردەركی كاك نەوشیروان و بزوتنەوەكەی بۆ ئاسایی كردنەوەی وەزعی كوردستانو كارا كردنەوەی پەرلەمان..كاتێك حەكیمەكانی ناو پارتی بە بڕیاری كودەتای حزبەكەیان رازیبون لەسەر فەرمانی بنەماڵەی بارزانی،هیچ حسابێكیان بۆ هەڵوێستو پەرچەكردارەكانی ناوخۆیی و دەرەكیش نەكرد،زۆر ئاسایی بریارەكەیان جێبەجێ كرد بەبێ ئەوەی یەك هەڵوێستیان هەبیّت وەك حزبێكی سیاسی تەمەن حەفتا ساڵ. رۆژ بەدوای رۆژیش رەخنەكان زیاتر ئەبن وەزعی ناوخۆش خراپتر ئەبێت وفشارەكان بەسەر پارتیدا زیاتر ئەبن، بۆیە ئێستا ئامادەن دەست بخەنە ناو دەستی كاك نەوشیروانەوە بۆ ئاساییكردنەوەی وەزعەكەو كاراكردنەوەی پەرلەمان،بەڵام لەگەڵ ئەوەی هیچ فرسەتێك لەبەردەمیان نەماوەو ناچارن ملكەچكەن بۆ فشارە دەرەكی وناوخۆییەكان،ئامادەش نین هیچ تەنازولاتێك بدەن،ئەمەش بەهۆی ئەو عەقڵییەتە عەشایەرییەی بەسەر سەرۆكەكەیاندا زاڵبوەو نایەوێت خۆی بە كەسێكی زەعیف پیشان بدات،بەتایبەتیش ئەوانەی لەدەوروبەری بارزانیدا ئەخولێنەوە ئەو وەهمەیان لەمێشكیدا چەسپاندوە كە ئەو خوایەو ئەبێ هەمو خەڵك لەبەرامبەریدا كڕنوشی بۆ بەرن.!
سیاسەت دان و ستانە،لەكێشەو گرفتی سیاسیشدا تەنازولكردن عەیب نیە،هەر وەك چۆن لەكۆتایی جەنگەكان ومفاوەزاتی ئاشتیدا لایەنی دۆڕاو تەنازولات ئەداتە لایەنی براوە ئەمەش كارێكی ئاساییەو بەعەیبە لەقەڵەم نادرێ بەڵكو لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتییە،بەڵام مەسعود بارزانی وەك سەرۆك عەشرەتێك بیر ئەكاتەوە نەوەك رێبەرێكی سیاسی یا سەرۆكی حزبێك.سەرۆك عەشرەتیش هەمیشە بەهێزەوە خۆی سەپاندوە بەسەر رەعییەتەوە بۆیە نایەوێ خۆی بەكەسێكی لاوازو بێدەسەڵات پیشانبدات،.ئەگینا ئەگەر سەیری ئەزمونی میللەتانی دونیا بكەین ئەبینین پاش پەنجا ساڵ لەدوژمنایەتیەكی سەرسەخت و رژانی دەریایەك خوێن لەنێوان عەرەب و ئیسرائیلدا،سەرۆكی میسر ئەنوەر سادات پێی لەجەرگی خۆی ناو چوە ئیسرائیل،بەمەش لەساڵی 1978ەوە تا ئەمڕۆ میللەتەكەی لەنەهامەتیەكانی جەنگ وكوشتار رزگاركرد.ئەمریكاو كوبا هیچ نەما بەیەكتری نەكەن بەڵام دوای زیاتر لەشەست ساڵ ئاشتبونەوە..ئێران وعیراق لەشەڕێكی هەشت ساڵەدا ملیۆنان قوربانیاندا،ئینجا رێبەری ئێران وەكو ژەهرخواردن رازیبو كۆتایی بەشەڕ بێنێت وئاشتی بخاتە ناو میللەتەكەیەوە،كە ئێستا ئێران بەرادەیەك بەهێز بوە هەمو دونیا حیسابێكی گەورەی بۆ ئەكەن بە ئەمریكاو ئەوروپاشەوە.خودی سەدام حوسێنیش وەكو مەسعود بارزانی دیكتاتۆر بو،ئەویش وەكو سەرۆك عەشرەتێك حوكمی عیراقی ئەكرد،بەڵام لەسیاسەتكردندا سیاسی بو، بۆچی بارزانی ئێستا تەنها بۆ ئەوەی جارێكیتر شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنێ ومیللەتەكەی توشی نەهامەتیەكانی بكات و هەرێمەكەمان دولەت بكاتەوە، ئامادە نیە دەست بخاتە ناو دەستی براكانیەوە،ئەبێ ئەمە چ سەركردەو رەمزێكی كورد بێت؟.بۆچی تەنها كاتێك دوژمنانی كورد لەدەرەوە فشاری ئەخەنە سەر ئەیەوێ گفتوگۆ بكات؟ بۆچی ئەوەندەی گوێڕایەڵو وملكەچی بێگانەیە، ئەوەننە ملكەچی خواستەكانی میللەتەكەی خۆی نابێت؟؟.نازانم حیكمەت لەوەدا چیە بارزانی كە هەڵەیەكی گەورەو كوشندەی كردوە بە پەكخستنی پەرلەمانو ئیلفیجكردنی حكومەت ودروستكردنی ئەم هەمو قەیرانە داراییەی ئێستا ئەو بیەوێ تەنازول بەحزبەكانیتر بكات؟؟،ئەمە لەكوێدا هەیە تۆ كارت بەكەسێكەوە بێت و بچی چەقۆی بخەیتە سەر مل بۆ ئەوەی ئەو تەنازولت بۆ بكات وكارەكەت بۆ ئەنجامبدات.ئەمە لەعەقڵێكی نەخۆش زیاتر هیچی تر نیە.ئێستا مەسعود بارزانی پیُویستی بەوەیە ئەم وەزعە ئاسایی ببێتەوە بەڵكو خواكردە هەڵەكانی پێشتری پێ بسرێتەوە،ئیدی بۆچی پێی عەیبە تەنازول بكات و داوای دەستپێشخەری لەلایەنەكانیتر ئەكات كە ئەوان خوڵقێنەری ئەم وەزعە نەبونە؟؟!! بۆچی تەنازولی سیاسی بە روشانی كەرامەتی شەخسی خۆی تێئەگات و سورە لەسەر ئەوەی وەكو سەرۆك عەشیرەتێك مامەڵە لەگەڵ كاری سیاسیدا بكات؟.
مەسعود بارزانی تا ئێستا بەو عەقڵییەتە عەشایەرییەوە نەیتوانیوە هەرێمێكی سێ پارێزگا بەڕێوە ببات، خەریكە ئەم هەرێمەش بكاتە دو لەتەوە، ئیدی ئیدیعای چی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ ئەكات و ئەیەوێ بەم عەقڵییەتەوە ببێتە سەركۆماری دەوڵەتەكە،یاخود پادشای خاوەنشكۆی مەملەكەتە نوێیەكەی؟؟ سەیرە سەركردەی حزبێك 68% میللەتەكەی دەنگیان بەحزبەكەی نەدابێت،دوژمنایەتی سێ بەشی حزبە سیاسەكانی هەرێمەكەی خۆی بكات،لەگەڵ سەرجەم حزبە رەسەنەكانی پارچەكانی تری كوردستانیشا لەكێشەدا بێت، لەلایەن دەوڵەتانی دەوروبەریشدا كەسێكی مەقبول نەبێت، ئینجا بیەوێ بەدروشمێكی ساختەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی گەورەوە خەڵك چەواشە بكات، موسیبەتەكەش لەوەدایە ئەم نەوەی ئێستا نەوەی ئەنتەرنێتو فەزای كراوە بێت، بەراستی سەیرە زۆریش سەیرە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست