ئێستا كاتی بەستنی كونگرەی نەتەوەییە
Friday, 17/06/2016, 14:07
ساڵانێك بەر لەئێستا هەوڵێكی چڕوپڕ لەئارادابو بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بەئامانجی یەكخستنی گوتاری كوردی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان.سەرەتا پارتی زۆر بەگەرمی بەشداری ئەم هەوڵانە بو،تەنانەت مەسعود بارزانی چەند جارێك لەگەڵ لایەنەكاندا كۆبوەوەو ئەم پرسەی لەگەڵیاندا باسكرد، لەئەنجامدا هەمو لایەنەكان گەیشتنە سازان لەسەر بەستنی كۆنگرەكەو كار گەیشتە ئەوەی وادەی كۆنگرەش دابنرێت..بەڵام كاتێك قسەوباس هاتە سەر سەركردایەتی كۆنگرەكە، زۆربەی لایەنەكان لەگەل ئەوەدا بون كە سەرۆكایەتیەكە بەشێوەی خولی بێت هەردو ساڵ جارێك پۆستەكە دەستاودەست بكرێت، پارتی وەكو پیشەی هەمیشەیی كارەكەی تێكدا. چونكە ئەوان كەسیان لەمەسعود بارزانی پی رەواتر وشایستەتر نەبینی بۆ سەرۆكایەتی هەمێشەیی هەر چوار پارچەكە بۆیە هەوڵەكانیان شكست پێهێناو ئەم خەونە نەتەوەیەشیان لەباربرد.
من ئەوسا قەناعەتم وابو ئەم هەوڵەی مەسعود بارزانی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كارێكە بۆ دەستەمۆكردنی پەكەكەو پەیەدەو حزبەكانی تری كوردستان بەتایبەتیش حزبەكانی رۆژئاواو باكور بیانخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، ئەو ویستی خۆی وەكو سەرۆكی هەرچوار پارچەكە بسەپێنێتو ببێتە مەرجەعی بریاری سیاسی لەناوچەكە، دواتریش وردە وردە ئەم حزبو لایەنانە بخاتە خزمەتی توركیاوە.
لەماوەی ئەم دو سێ ساڵەی دواییەشدا پارتی زۆربەی حزبەكانی هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆی كردە دوژمن.. لەلایەك بەناهەقو بەدەر لەیاساو هەمو پرەنسیپێكی دیموكراسی حوكمی تاكڕەویی خۆی بەسەر باشوری كوردستاندا سەپاند، لەلایەكی تریشەوە بەهاوكاری توركیای ئەردۆگانەوە دژایەتیەكی ئاشكرای هەردو حزبی كاریگەری باكورو رۆژئاوای كرد كە پەكەكەو پەیەدەن، لەگەل حزبەكانی رۆژهەڵاتیشدا پەیوەندییەكانی تێكدا.لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەهۆی پێداگییری لەسەر پێشێلكردنی یاسای تایبەت بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێمو تەواوبونی ویلایەتەكەی لەروی یاساییەوە كەوتە دژایەتیكردنی هەرچوار حزبە كاریگەرەكەی هەرێمو پرۆژەكانیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیو گۆڕینی سیستەمی سیاسی،ئەم چوار لایەنەی كردە دوژمنی خۆی بەمەش پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لەهەرێم لەباربرد.لەسەر ئاستی باكوریش كەوتەخزمەتی ئەجیندای ئەردۆگانو تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانیشدا لەجیاتی پشتگیری لەبراكانی خۆی پروپاگندەی بۆ حزبەكەی ئەردۆگان كردو قسەش هەیە كە بەملیاران دۆلاری لەپێناو بردنەوەی حزبەكەی ئەردۆگانو شكستی هەدەپە سەرفكردبێت،جیا لەوەش كەوتە دژایەتیكردنی پەكەكەو كەمكردنەوەی رۆڵی شۆڕشگێرانەی لەشەڕی دژ بەداعشو پارێزگاریكردن لەشنگال و ناوچەكانی نزیك نفوزی پەكەكە.لەسەر ئاستی خۆرئاواش هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا رۆڵی پەیەدە كەمبكاتەوەو چەند حزبێكی نۆكەروگوێرایەڵو دەسكردی خۆی هێنایە پێش،كە ئەمەشی بۆ نەچوە سەر كەوتە سەر دامەزراندنی هێزی تایبەتی سەربەخۆی بۆ ئەوەی بیانێرێتە ناو كوردستانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی پەیەدە لاواز بكات یا توشی شەڕی براكوژی بكات، كە ئەمەش شكستی هێنا، كەوتە سەر داخستنی سنورو برسیكردنی كوردانی رۆژئاواو وئابڵوقەدانیان.ئێستا لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەكەی كوردستان پارتیو بارزانی ناشرینو نامەقبولن لەلایەن میللەتەوە، چونكە ئەو بەئارەزوی خۆی سەنگەری دوژمنانی هەڵبژارد لەبری سەنگەری كوردایەتی و نەتەوەیی و یەكخستنی هێزو تواناكانی كورد.
لەم ساتو وەختەدا كەباس لەپێشهاتو گۆرانگاری لەناوچەكەدا ئەكرێت، پرسی یەكگرتوویی و بەتایبەتیش یەكخستنی گوتاری كوردی لەرێگەی كۆنگرەیەكی نەتەوەییەوە خۆی وەكو زەرورەتێكی ژیاری فەرز ئەكات، ئەمرۆ لەهەمو كاتێك لەبارترە بۆ ئەوەی ئەم كۆنگرەیە ببەسترێت ولایەنەكان لەهەر چوار پارچەی كوردستان یەكبگرن..ئەگەر پارتی خۆی بەتەنها خستۆتە بەرەی دوژمنانەوە،دەكرێ هێزو لایەنە شۆرشگێڕو نەتەوەییەكانی تر خۆیان رێكبخەنەوەو لەبەرامبەر دبكتاتۆریەتی بارزانی وحزبەكەی بوەستنەوەو چیتر چاوەڕیی پارتی نەكەن بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، چونكە پارتی ئەجیندای خۆی هەیەو ئەو خۆی یەكلا كردۆتەوەو ئیرادەی خۆی خستوتە دەست دوژمنانەوە لەئەردۆگانەوە بۆ بنەماڵەی ئال سعودو قەتەرو سوننەكان و بەعسیەكان و دوژمنانی میللەتەكەمان،كەواتە چاوەڕێی خیر لەم حزبە ناكرێت، بۆیە ئێستا لەدوای ئەوەی یەكێتی وگۆڕان بە رێكەوتنە سیاسیەكەیان بون بەیەك و گوتاری سیاسی خۆیان یەكخستوەو سەركرایەتی هاوبەشیان دامەزراندوە بەرنامەیەكی تێرو تەسەلیشیان هەیە بۆ پرسە ناوخۆییو نەتەوەییەكان،هەقوایە یەكێتیو گۆران موبادەرە بەدەستەوە بگرنو كار بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیە بكەن..گومانم لەوەدا نیە كە ئەم دو حزبە بەهەڵویستە نەتەوەییەكانیانو خەمخۆریان بۆ پرسی نەتەوەیی شایستەی ئەوەن ئەم موبادەرەیە بكەنو كار بۆ ئەوە بكەن لایەنەكانی تریش لەهەرێمو پارچەكانی تری كوردستانیش كۆ بكەنەوە لەدەوری پرۆژەیەكی نەتەوەییو بیكەنە هەوێنی بەرەیەكی فراوانی نەتەوەیی كە گوتاری كوردی نەتەوەیی یەكبخات..ناكرێت ژیان بوەستێنین لەبەر خاتری چاوی پارتی،یا بڵێین بەبێ پارتی هیچ شتێك لەم كوردستانە ناكرێ، من پێموایە هەمو شتێك بەبێ پارتیش ئەكرێ،بەتایبەت ئەو ئێستا لەخزمەتی ئەجیندای دەرەكیو ئیقلیمیە ناكرێ حزبەكانی تریش ببنە بەشێك لەخیانەتەكانی ئەو پارتە لە نەتەوەكەی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست