کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنتی پارتی و رژێمەکەی بارزانی

Sunday, 06/03/2016, 23:09


زۆرجار کاتێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا رای خۆم لەسەر روداوە سیاسیەکان دەرئەبڕم و ڕوی رەخنەکانم ئەکەمە پارتیو سەرۆکەکەیەوە،بەرامبەرەکانم منو هەمو ئەو رۆشنبیرو کەسانەی دژ بەسیاسەتەکانی پارتیەوە قسە ئەکەن بە " ئەنتی پارتی"وەسفمان ئەکەن..خۆی لەهەقیقەتیشدا پارتی ئێستا بەفیعلی بوەتە فایرۆسێکی کوشندە کە هەرێمەکەمانی توشی شێرپەنجەی پلەچوار کردوە،خەریکە دەسکەوتەکانی راپەڕینو خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەشمان بەفیڕۆ ئەڕوات،لەجیاتی رزگاری وسەرفرازی و ئازادی،ئێستا لەسای پارتیو بەرزانییەوە وڵاتەکەمان بوەتە زیندانێکی تاریکتر لەزیندانەکانی بەعس،میللەتەکەشمان سەرشۆڕی موچەیەکن کەدەسەڵاتی پارتیو حکومەتەکەی ئەویشی پێ ڕەوا نابینن، ئازادییەکانیشمان رۆژ بەدوای رۆژ بەرتەسکتر ئەبێت. بەش بەحاڵی خۆم هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینم  لەنێوان ئەو پارتە کوردەو حیزبی بەعسەوە، بۆیە لەنوسینو هەڵوێستەکانمدا خۆم وەکو نەیاری پارتی ئیعلان کردوە چۆن دژی رژێمەکەی بەعس لەشاخو لەشاریشدا لەسەنگەری میللەتەکەمدا بوم، ئاواش لەدژی پارتی و دیکتاتۆرییەتی سەرۆکەکەی لەهەمان سەنگەری میللەتەکەما ئەمێنمەوە.
چەندینجار لەوتارەکانمدا باسم لەناسنامەی"دیکتاتۆر" کردوە پێموایە هەمو دیکتاتۆرەکانی جیهان یەک پێناسەیان هەیە، چ کورد بن یا عەرەب، لەئاسیا بن یا ئەفریقا،لەهەریمە بەشمەینەتەکەی خۆماندا بن یا لە بەغدا..دیکتاتۆر بەجیاوازی مەکانو زەمانو ژیینگەی دروستبونیشیەوە  هەمان خیتابو هەمان مومارەساتی حوکمرانی پەیڕەو ئەکات.
- سەدامی دیکتاتۆر بە مەبەستی جوانکردنو رتوشکردنی روی رەشی رژێمەکەی لەساڵانی حەفتاکانو هەشتاکاندا هەندێ حزبو حزبۆکەی لەدەوری رژێمەکەی کۆکردبوەوە بەناوی هاوپەیمانی لەناو بەرەی دیموکراتخوازی نەتەوەیی عیراقییەوە کە حزبی شیوعی ماوەیەک پێی هەڵخەڵەتابو، دواتریش بەکۆکردنەوەی چەند حزبۆکەی کوردی وەکو حزبەکەی هاشم عەقراوی و مەلا ماتۆر ویستی وا نیشانی دونیا بدات کەوا رژێمەکەی ئەوپەڕی دیموکراسییو فرەحزبیە.پارتیش لەوەتەی خیانەتە مێژوییەکەی لە 31 ئابدا بەهەمان شێوە بۆ خۆ جوانکردن کەوتە دامەزراندنی چەند دوکانێکی حزبی لەدەوری خۆیدا ئەوانەی تەنها لەبۆنەکاندا بەناوی چەندین حزبەوە بەیاناتی پشتگیری بۆ پارتی ئەنوسنەوە.
- لەسەردەمی سەدامی دیکتاتۆردا زۆرجار گوێمان لەو ئەشکەنجەدانە ترسناکانە ئەبو کە رزگاربوەکانی نێو زیندانەکانی بەعس بۆیان ئەگێڕاینەوە، ئێستا لەزیندانە تاریکەکانی پارتیو پاراستن لەشەقڵاوەو ئاکرێدا هەمان باس ئەگێڕنەوە لەسەر جۆری ئەشکەنجەدانی رۆڵەی ئەم میللەتەمان.
- لەسەردەمی سەدامدا یاسا بونی نەبو، بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆرش قووەتی قانونیان هەبو، وڵات بە بریاری تاکەکسی سەدامەوە بەرێوە ئەبرا،ئێستاش پارتی بەبریاری مەکتەبی سیاسییەکەی یاساو سەروەرییەکان پێشێل ئەکاتو سەرۆکی شەرعی پەرلەمان بەبڕیاری سەرۆکێکی ناشەرعیەوە دەرئەکرێتو وەزیرانی حکومەت شاربەدەر ئەکرێن.
-رژێمی سەدام هیچکات رێزی لەرێکەوتنە سیاسیەکانی نەگرتوە ،بەبەرچاوی کامیراکانەوە رێکەوتنامەی جەزایری دڕاندو شەڕێکی بێئامانی لەگەل ئێراندا بەرپا کرد، ئێستاش پارتی زۆر بەئاسایی لەلایەن خۆیەوە رێکەوتنامەکەی لەگەل بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵوەشاندەوە بەمەش وڵاتەکەمانی گەیاندە لێواری هەرەسەوە.
- سەدام حوسین بەدرێژایی حوکمی لەعیراقدا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە لەرێگەی بنەماڵەو عەشرەتەکەیەوە کۆنترۆڵی دامودەزگا ئەمنیەکان بکات،بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆی گاردی کۆماری کردە بەهێزترین تەشکیلاتی رژێمەکەی کوڕەکەشی کردە سەرکردەی هەمو دامودەزگا ئەمنیەکانەوە.پارتیو مەسعود بارزانی بەهەمان شێوە کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنیەکانیان کردوەو کوڕی مەسعود بەرپرسی ئەم دەزگایانەیەو، سوپای بار زان و زێرەڤانیش وەکو گاردی گۆماری سەدام لەهێزەکانی پیشمەرگە پرچەککترو پر بودجەترن وەلائی تەواویشیان بۆ بنەماڵەی بارزانییە.
- بۆ سزادانی نەیارەکانی، سەدام حوسین ماوەیەک دادگایەکی بەناو دادگای شۆرش"مەحکمەی سەورە" دامەزراندو ملی هەزاران کەسیان لەسێدارەدا بەدەر لەیاساکانی وڵات، ئێستا پارتی لەرێگەی مەحکەمەی ئاساییشەوە کە حاکمەکانی سەر بە حزبەکەی خۆیەتی دەیان کەسیان بەدەر لەیاسا حوکمداوە.
- سەدام حوسین بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی هانای بۆ تیرۆر کردن بردوە،هەندێجار بەدەعمی سەیارە تەسفییەی نەیارەکانی ئەکرد،جاریتر بەژەهردەرخواردن،پارتیش هەمان رەفتاری لەگەل نەیارەکانی ئەکات لە تەسفییە کردنیان بەکوشتن یاخود بە ژەهر دەرخواردن لەنێوانیشیان چەند سەرکردەیەکی پارتیش هەبوە.
- سەدام بەدرێژایی حوکمە دیکتاتۆرییەکەی دەیانو سەدان هەزار کەسی لەنەیارەکانی بەماڵو خێزانەوە ئاوارەو دەربەدەری وڵاتانی کرد، ئێستاش پارتی نەیارەکانی فرێئەداتە پشت سەیتەرەکەی پردێو دێگەڵەوە.
- سەدام بۆ راکێشانی سۆزی وڵاتانی دەرەوە لەنەودەکاندا سەرباری برسیەتی خەڵکو نەبونی وهەژاری بەهۆی ئابلۆقەی ئابوریەوە،بەدەیان کەشتی نەوتی وەکو بەرتیل ئەدایە هەندێ نوسەرو رۆژنامەنوسو سیاسەتمەدارانی وڵاتانی دونیا کە فەزیحەتەکەی ناونرابو" کۆبۆناتی نەوت"، ئێستا پارتیش نەوتەکەی هەرێمی تا پەنجا ساڵ وەکو بەرتیل خستۆتە بەردەستی تورکیا،هەمان کۆبۆناتی نەوتیش دابەش ئەکاتە  سەر هەندێ جەنەرالی خانەنشینی ئەمەریکی وئەوروپیو باڵویزە دورخراوەکان لەعیراق،دەیان رۆرژنامەنوسی عەرەبیش ببەپارچە زەوی  لەباشترین شوێنەکانی هەولێر کڕیوە، لەسەر قوتی خەڵکی برسیش میواندارییان بۆ ساز ئەکات لەئوتێل دیڤانەی هەولێر و بەمانگ لەوێ ئەلەوەرێن لەسەر حیسابی حکومەتەکەی پارتیەوە.
-سەدام حوسین لەسەردەمی حوکمڕانیدا ناوچەیەکی فراوانی لەبەغدای پایتەخت داگییر کردبو بۆ کۆشکی کۆماری، پارتیش ئێستا دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی هاوینەهەواری سەری رەشدا گرتوەو چەندین قەسری کۆماری تێدا دروست کردوە کە قسە هەیە زیاتر لە200 ملیۆن دۆلاری تێچوبێت، سەرۆکی حکومەتەکەشی 40 دۆنم زەوی لەباشترین ناوچەی شاری هەولێر داگییر کردوە دو قەسری خەیاڵیشی تێدا دروست کردوە.
- سەدام حوسین بۆ کڕینی دەنگ و وەلای عەشرەتەکانی عیراق سەرۆکی ئەو عەشرەتانەی ئەکردە خانەنشینی عەسکەری و مەدەنی بەموچەیەکی گەورەو فەرمانگەیەکی دروست کردبو بەناوی" دائیرەت مونەزمات شەعبیە" کە سەر بە سەرکردایەتی بەناو مەجلیسی قیادەی سەورەوە بو، پارتیش دەزگایەکی دروست کردوە بەناوی ئەیلولەوە سەدان هەزاران کەسی ویژدانفرۆش لەوێ موچەی خانەنشینی وەرئەگرن وسەدان هەزاری تریشیان بەبندیوار موچە لەحکومەت وەرئەگرن.
لێرەدا بۆمان دەر ئەکەوێ کەوا پارتی وبەعس دو روی یەک دراون، بۆیە ئەو رژێمەی پارتی کەئێستا خۆی سەپاندوە بەسەر  میللەتەوە هیچی کەمتر نیە لەرژێمە دیکتاتۆرو رەفتار فاشییەکەی بەعس، بۆیە ئەو میللەتەی کە بیستوپێنج ساڵ لەمەوبەر لەبەرامبەر زوڵمو ستەمی رژێمی بەعس راپەڕی، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرو رەفتارفاشییەی پارتیش رابماڵێ بۆ ئەوەی تا هەتا هەتا بە ئازادی وسەرفرازی بژێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە