بەڕێوەبردنی وڵات بە میزاجی بارزانییەوە
Wednesday, 02/03/2016, 18:25
یەکێک لەکەسە نزیکەکانی کاک نەوشیروان مستەفا لەلێدوانیکیدا باسی هۆکاری ناکۆکیەکانی نێوان پارتەکەی مەسعود بارزانیو بزوتنەوەی گۆڕانو خودی کاک نەوشیروانیش دەکات دەڵێ" کاک نەوشیروان هەمو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کەوا بارزانی لە ئاسمانەوە بهێنێتە خوارەوە".مەبەستی ئەوەیە بارزانی کە بەوەهم کۆیلەکانی تێیانگەیاندوە کەوا زاتێکی موقەدەسی لەمەرتەبەی فریشتەکانی ئاسمانایا، ئەو ئەیەوێ ئایەغی بکاتەوەو وایلێبکات وەکو هەر ئینسانێک بیر بکاتەوە نەوەک خەلیفەیەکی خوا لەسەر ئەرز..کۆیلەکەکانی بنەماڵەو قەڵەمەبەکرێگیراوەکانی دەربار بەیاریکردن بەم وەتەرەی بارزانیەوە لەبەرامبەر کیسەیەک پارەی حەڕامو دزراوی قوتی میللەت،بارزانییان توشی نەخۆشییەکی دەرونی کردوە کە زۆربەی دیکتاتۆرەکانی دونیا دوچاری بون ئەویش دەردی خۆبەزلزانییە،تا وایلێهات بارزانی کوڕی سەرکردەیەکی میللیو وەکو خۆیان وەسفی ئەکەن بەرێبەری روحی نەتەوەکەمان لەبری ئەم هەمو خەباتو تێکوشانو قوربانی خۆیو بنەماڵەکەشی بخاتە ژێرپێی و مێژوی پێشمەرگایەتیو خەباتی عەشرەتو خانەوادەکەیشی بکاتە قوربانی کورسییەکەی.
بەم وەهمەوە بارزانی سیاسەت ئەکات،ئێستا خۆی بەخاوەنی ئەم وڵاتە ئەزانێت وخاکو میللەتەکەشی بە مۆڵکی تاپۆکراوی بەناوی خۆیەوە،وەک دیکتاتۆرێک وڵات ئەبات بەڕێوە..خۆی وانیشان ئەدات کەوا بەبێ ئەو هیچ بریارێک لەم وڵاتەدا دەرناچێت،تەنانەت جارێکیان دوای نەخۆشکەوتنی بەرێز مام جەلالیش باس لەوە ئەکرا کەوا بەسەرپەرشتی بارزانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی سازبکرێت وەکو ئەوەی ئەو جێگری مام جەلال بێت لە بەڕێوەبردنی یەکێتی نیشتمانیشدا.
دوای ئەو هەمو قەیرانە سیاسییانەی لەئەنجامی تاکڕەوی مەسعود بارزانی ودەستگرتنی بەکورسی سەرۆکلیەتی هەرێمەوە،وڵات هاتە سەر ساجی عەلی،دوای ئەو هەڵوێستە ناشرینانەی پارتیو بارزانی بەدەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانو وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەت،دوای ئەوەی میللەتو دۆستانی دەرەوەش چاوەرێی هەنگاوێکی ئەرینین لەبارزانی بەکردنەوەی گرێ کوێرەی قەیرانە سیاسییەکە بەدەرکردنی بریارێک بەئاساییکردنەوەی وەزعەکە،ئەو هاتوە باس لەوە ئەکات پارتی بەمەرجی لادانی دکتۆر یوسف محمدی سەرۆکی پەرلەمان ئەم وەزعە ئاسایی ئەکاتەوە؟!.
دوای ئەو هەمو شکستی دەسەڵاتەکەی خۆی و حکومەتە حزبییەکەیو دوای ئەو هەمو ئابروچونەشی ئێستا باس لەمەرجی لادانی سەرۆکی پەرلەمان ئەکات..هەر بەمیزاجی شەخسی خۆیەوە چەند ساڵێک پێش ئێستاش لەگەڵ نوری مالیکیدا گەیاندییە مریشکەڕەشەو هێزی پێشمەرگەی ناردە بەرامبەر هێزەکانی سوپای عیراق، تا وای لەمالیکی کرد بودجەی کوردستانی بڕی،ئێستا جارێکیتر هەر بەمیزاجی شەخسی خۆیەوە مەرجی لادانی یوسف محمد دائەنێت وەکو ئەوەی پۆستەکەی سەرۆکی پەرلەمان ناشەرعی بێت،پۆستە ئیکسپایەرەکەی خۆیشی وەکو سەرۆکی هەرێم شەرعییەتی هەبێت. بارزانی سیاسەت بەمیزاجی خۆی ئەکات، چۆن بە میزاج دەیانو سەدان کەسی بنەماڵەکەی کردە خاوەن ملیاران دۆلاری دزراوی میللەت،چۆن یاساو بریارەکانی هەرێم بەمیزاجی شەخسی دەر ئەکاتو دواتریش بەمیزاجی شەخسییەوە پێشیلیان ئەکات،چۆن بە میزاج پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو دەرەوەش ئەبەستێت بەبێ ئەوەی گوێبداتە هیچ لایەنێکی سیاسی سامانی میللەتەکەمان ئەبەخشێتە هاوپەیمانەکانیەوە،ئەیەوێ ئەو ماڵوێرانیەی ئێستای هەرێمیش بەمیزاجی شەخسی خۆی چارەسەری بکات،گرنگیش نیە لای ئەو هەرێمەکەمان بەرەو هەڵدێر ئەڕوات یا ئەزمونەکەمان شکست دێنێت.
سەدام حوسێن کاتێک بەمیزاجی شەخسی شەڕێکی بێئامانی لەگەڵ ئێراندا بەرپاکرد میللەتەکەی باجێکی دو ملیۆن کەسی دا. کاتێکیش هەربە میزاجەو وڵاتی کوەیتی داگییرکرد جارێکیتر مییلەتانی عیراق باجێکی نیو ملیۆن کەسیان دایەوە،وا دیارە مەسعود بارزانیش ئەیەوێ باجی هەڵەکانی بەمیللەتەکەی بداتەوە،بەڵام ئایا ئەو میللەتەی بەدرێژایی سەد ساڵی رابردو سەری بۆ داگییرکەرو دیکتاتۆرەکان نەنواندوە،حوکمەکەی بارزانی ئەتوانێ ئیرادەی ببەزێنێت و بیکاتە میللەتیکی زەلیلو سەرشۆر؟؟؟.تا ئێستا بارزانی بۆی چۆتەسەر هەر لەدزینی سامانی میللەتەوە تا ئاستی دەستبردن بۆ قوتی خەڵکیش، بەڵام هیچکات ئیرادەی میللەت بەدەست هیچ دیکتاتۆریکەوە نەشکاوە مێژوش شاهیدە.
لەسەردەمی داگییرکردنی وڵاتی میسر بەدەست مەغۆلو تەتارەکانەوە، رۆژێکیان زانایەکی ئیسلامی ئەم وڵاتە بە شوێینێکدا تێئەپەرێت ،ئەبینێ چل زەلام دەستەو ئەژنۆ دانیشتون سەرەی لەسێدارەدانیان گرتوە، تەنها یەک پاسەوان بەشمشێرێکەوە بەسەریانەوە وەستاوە..سەیری ئەو مییللەتە زەلیلەی ئەکاو رویان تێئەکات ئەڵی" دەک داوەشێن چی میللەتێکن،ئێوە چل زەلام ئەویش یەک پاسەوان ناتوانن هەڵسن بیکوژنو خۆتان نەجاتی بدەن لەپەتی سێدارە؟.ئالێرەدا غییرەت ئەیانگرێی یەکدەست هێرشی بۆ ئەبەنو پارچەپارچەی ئەکەنو خۆیان ئازاد ئەکەن..؟! باقی وەلسەلام
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست