شکستەحەیاچوەکانی پارتی
Friday, 19/02/2016, 21:46
رۆژ لەدوای رۆژ هەڵویست و روداوەکانی ناوچەکەو جیهان دژ بەسیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەشکێنەوە.. هەرچی هەنگاوێکی ئەم حزبە بە تایبەتیش لەم دواییانەدا هەڵیناوە بەنەرینی وەڵامی دراوەتەوە، ئەمەش چانسی ئەو میللەتەی ئێمەیە کە بەدەست رەفتارو سیاسەتەکانی ئەم حزبەوە ناوبانگی ناشرینبوە، کارێکی باشە هەرچی سیاسەتێکی ئەم حزبە لەسەر ئاستی نێوخۆو دەرەوەش بەپێچەوانەی حەزو خواستەکانی ئەکەوێتەوە، ئەگینا بەم سیاسەتانەوە پارتی بێگومان هەرێمەکەی ئێمەی بەرەو هەڵدێری دیکتاتۆریەت ئەبردو ئەزمونەکەشمانی لەبار ئەبرد.
سەرۆکو سەرکردەی ئەم حیزبە بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسەتەکانیان لەسەر ئاستی ناوەوەو داپۆشینی عەیبەی کودەتاکەیان بەسەر شەرعیەتی پەرلمانو ئیفلیجکردنی حکومەتەکەیان، بەیتو بالۆرەی سەربەخۆییان بۆ دوبارەو دەبارە ئەکردەوە، بەڵام دەرکەوت نەوەکا ئیعلانی سەربەخۆیی لەسەر دەستی سەرۆکی ئەم حیزبە،بەڵکو ریفراندۆمەکەش لەلایەن زۆربەی وڵاتانی دونیا رەتکرایەوە، ئەوەتا ئەمریکاش لەسەر زاری جێگری وتەبیژی وەزارەتی دەرەوە لەوەڵامی پرسیاری پەیامنیری " روداو"ەکەی نێچیرڤاندا وتویەتی" ئێمە هەمیشە روون و ئاشکرابوین و ئەو سیاسەتەمان نەگۆڕاوە کە پاڵپشتی لەعیراقێکی یەکگرتوو فیدرال وفرەلایەنو دیموکراسی ئەکەین. ئەمەش رێک پێچەوانەی حەزی سەرانی پارتیو سەرۆکەکەیانە کە ئەیویست لەعیراق جیابێتەوەوحوکمی دیکتاتۆری لەجیاتی فرەلایەنی لەهەرێمدا جێگیر بکاتو خۆیشی وەکو دیکتاتۆرێک نمایش بکات لەبری حوکمێکی دیموکراسی".سەربەخۆیی و ریفراندۆمەکشمان فت بەهۆی سیاسەتە بێسەروبەرەکەی سەرانی پارتیەوە.
با بێینەوە سەر حکومەتە ناسکو نازدارەکەی پارتییەوە کە بەدرێژایی شەش ساڵی رەبەق هەوڵی مانونەمانیان ئەدا بۆ سەربەخۆیی ئابوری، دکتۆرێکی فاشیلی چڵکاوخۆریان لە ئەوروپاوە هێناو وتیان وەزیرێکە لەهەمو شەرقولئەوستەدا هاوتای نیە، ئەم وەزیرە زۆر بێباکانە بەرامبەر بەغدا فەرموی ئێمە نەوتفرۆشتنو خەیار فرۆشتنمان لا وەکو یەکە، دەرکەوت نەشارەزایی لەنەوتفرۆشتنەکەدا هەبوە نەوەک عارەبانچییەکیش توانی خەیاریش بفرۆشێت، دەرکەوت هەمو خەبیری ئەم پیاوە تەنها لەدزی وفزی وبەتالانبردنی سامانی میللەتو شاردنەوەی لە بانکەکانی دەرەوەدا،بەمەش هەرێمی نوقمی زەلکاوی قەرزی تا بیینەقاقا کردو، دوملیاری پێ ژماردین لەبری کێشەی داناغازو 18 ملیاری تریشی قەرزوقۆلی ئەملاو ئەولاو،تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیشی بڕی بۆ دانەوەی موستەحقاتی کۆمپانیا نەوتییەکان، لەئەخیریشا حکومەت بایدایەوە لای بەغداو بەچاوشۆڕییەوە رازی بو بەوەی عەبادی موچەکەمان بۆ بنێرێتو ئەوانیش نەوتەکەی رادەست بکەن، نازانم بۆچی هەر لەسەرتاوە ئەو غرورەیان گرتو هەر پێش چوار پێنج ساڵ نەوتەکەیان نەئەدایەو "کفى الله المۆمنین شر قتال"؟.ئەمەش شکستێکی تر.
کاتێک پارتی بەبریارێکی مەکتەبی سیاسییەکەی رێگری لە هاتنی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ هەولێر، سەرکردەکانی رۆژانەو هەمو سەرەسەعاتێک بە لێدوانێکی تازەوە دوپاتیان ئەکردەوە کەوا گۆڕان کۆتایی هاتو قۆناغی یوسف محمەد بەسەرچو جارێکیتر ناگەرێتەوە پەرلەمان، ئێستا بەکۆمەڵ لەبەر دەرگای بزوتنەوی گۆڕاندا ئەپاڕێنەوە بەڵکو سەرۆکی پەرلەمان بگەرێننەوە و"عفا الله عما سلف".ئەمەش شکستێکی تری ئەم حزبە.
سەرباری ئەو ملیار دۆلارانەی پارتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی حزبەکەی ئەردۆگان سەرفکردو ، سەرەرای ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵیانەی حزبەکەی لەگەل تورکیاو حزبەکەی ئەردۆگاندا، کەچی دوای بردنەوەی حزبەکەش بەپارەی پارتیو بەپشتیوانیەکانیشی لەهەلمەتی هەلبژاردنەکاندا، سەرۆکی حکومەتەکەی پارتیو جێگری سەرۆکەکەشی زۆر بەئاشکراو غەمگیینیەوە رایگەیاند کەوا ئێمە زۆر تەنیاین؟!.. ئەمەش شکستێکی تری پارتی.
دوای هەوڵێکی زۆرو دروستکردنی دەیان قەیرانی سیاسیو دارایی وفشارێکی زۆری سەرانی پارتی و سەرفکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کڕینی هەڵوێستی هەندێ حزبی بچوکی کوردستان بۆ هێشتنەوەی مەسعود بارزانی لەسەر کورسی دەسەڵات وەک سەرۆکی هەرێم، ئەوەتا جارێکیتر هەر چوار حزبەکە پابەندبونیان بەپرۆژە چوار قۆڵییەکەوە دوپاتکردەوەو داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەرێمو بەدیموکراسیکردنی کردەوە، ئەمەش وای لەسەرۆکی هەرێم کرد دواجار ئیعتراف بەبەسەرچونی ویلایەتەکەی بکاتو داوای چارەسەر لەو حزبانە بکاتەوە..ئەمەش شکستێکی تری پارتی.
پارتی هەمو هەوڵێکی خۆی خستەگەر بۆ ئەوەی گۆڕان لەپرۆسەی سیاسی بکاتە دەرەوە، فشارێکی زۆریشی خستە سەر حزبە گەورەکان بەتایبەتیش یەکێتیو یەکگرتو بۆ ئەوەی بەیەکەوە حکومەتێکی تازە دامەزرێنن گۆرانو کۆمەڵیش بکەنە دەرەوە، بەڵام یەکێتی جارێکیتر دوپاتی کردەوە کەوا ئامادە نیە لەسەر حیسابی گۆڕان و هیچ حزبێکی تر رێَکەوتن لەگەڵ پارتیدا بکات، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی یەکگرتووش لەلێژنەی ئاساییکردنەوە بکشێتەوە ئەمەش پارتی توشی شۆک کرد کە ئەم حزبە جورئەتی ئەوەی هەبێت لەم زروفەدا پشت لەپارتی بکات.. ئەمەش شکستێکی تری پارتی.
لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا پارتی دروشمی ئەوەی هەڵکرد کەوا بەشی هەر هاوڵاتییەک لەنەوتی هەرێم لەناو زەرفێکدا بنێرێتە ماڵەکانیانەوە، بەڵام ئێستا نەک هەر بەشە نەوتەکەی پێنەدرا بەڵکو لەموچەکەشیانی بڕی بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان.. ئەمەش شکستێکی تری پارتی.
بەدرێژایی تەمەنی ئەم حکومەتانەی پارتی قەڵەمەبەکرێگیراوەکانی هەمیشە وەسفی نێچیرڤانیان ئەکرد بە ئەندازیاری ئاوەدانی و بوژانەوە، ئێستا دەرکەوت کەوا ئەم ئەندازیارە نەیتوانی بۆری ئاوەڕۆکانی گەڕەکە هەژارەکانیش بکاتەوە کاتێک بارانو لافاو هەلئەسێت وسەدان ماڵ ئەکەونە ژێر ئاو وئاوەرۆری پیسی گەرەکەکانەوە.. ئەمەش شکستێکی تری پارتی.
زۆر دەمێکە وتومە ئەم حزبەی پارتی حزبێکی بێ مۆراڵە، حزبێکی عەقلیەت دواکەوتوە، حزبێکی هەرزەکاری سیاسییە، حزبێکە هیچ شەرم دایناگرێت لەبەرامبەر هەر خیانەتێکو شکستێکی سیاسیو ئابوری وخزمەتگوزاری، ئەگینا ئەم شکستانەی ئێستا هەر حزبێک یا کەسێک توشی هاتبایە دەم ودەست دەستی لەکار ئەکێشایەوە،ئەگەر زۆر ئازاش بوایە وجورئەتی ئەوەی هەبوایە تەحەمولی بەرپرسیارەتی ئەو هەمو شکستەی بکردایە ئەوا ئەبو وەکو سامۆراکانی ژاپۆن شیرێکیان بکردایە بەسکی خۆیانو شەرەفمەندانە خۆیان بکوشتایە نەوەک کوشتنی میللەتێک بەم سیاسەتو هەڵوێستە نەشازانەی خۆیانەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست