کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخیرە باخ

Thursday, 04/02/2016, 19:25


سیاسەتەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی پارتی لەئاست روداوە دراماتیکیەکان لەکوردستاندا ئەو پەندە کوردییەی سەلماند کە ئەڵێ"عەقل بەگەورەیی و بچوکی نیە".ئەم حیزبە کەتەمەنی دای لەحەفتاساڵ ئێستاش بەعەقلییەتێکی دواکەوتوی خێڵەکیەوە سیاسەت ئەکات.خۆ گییفکردنی مناڵانەو درۆ و دەڵەسە لەگەل میللەت و هاوپەیمانە سیاسیەکانی،زەوتکردنی مافە سەرتاییەکان ئینسانی کورد هەر لە موچەوە تا دەگاتە کارەبا و خزمکەتگوزاریی مرۆییانە، دزینی سامانی نەوت و گاز،ئەمانە هەموی رەفتارو سیاستە دیکتاتۆرییەکەی پارتیە کە زۆر بێشەرمانە سیاسەت ئەکات،بەمەش ناوەستێت ئەزمونی میللەتەکەمانی لەبەرچاوی دۆست و دوژمن ناشرین کردوە، بەڵکو ئەیەوی حزبە سیاسییەکانی تریش دەمکوت بکات و بیانکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی و خۆیشی وەکو حیزبی قائید نمایش بکات.
هەولێرییەکان قسەیەکی جوانییان هەیە،کاتیک ئەکەونە ناو کێش ەو گرفتێکەوە ئەڵێن" ئاخیرە باخ" واتە چاوببڕە کۆتایی کیشەکان.عەرەبیش ئەڵێ"الامور بخواتیمها" واتە هەمو شتێک لەکۆتادا دەرئەکەوێت.
بابێینەوە سەر کۆتای ئەو هەمو قەیران و کێشانەی لەم چەند ساڵەدا هاتنە ئاراوە و هەڵویست و سیاسەتەکانی پارتی لەبەرامبەریدا..
- سەرکردەو سکرتێرو پەرلەمانتارەکانی پارتی دوای دەسنوێژ هەڵگرتن سوێندو تەڵاقییان خوارد کەوا جارێکیتر رێگا نادەن بەگەرانەوەی دکتۆر یوسف محمدی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر،وتیان قۆناغی ئەو کۆتاییهات،تۆمەتباریشیان کرد بە خوڵقاندنی تەنگژەی سیاسی لەسەر پۆستی ئێکسپایەری سەرۆکەکەیان، بەڵام ئێستا بەدەست ماچکردنی بزوتنەوکەیەوە فەرموی لێئەکەن، وەک ئەوەی نەبایان دیبێ نەباران؟!
- وتیان نوری مالیکی گەورەترین دوژمنی سەرسەختی میللەتی کوردەو،سەرۆکی پارتی بەدوربین سەیری سەنگەرەکانی سوپای عیراق ئەکرد بۆ نەخشەدانان لەسەر شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ دەسەڵاتەکەی مالیکیدا،هەر بە فەرمانی جەنابی سەرۆکی پارتیش جێگرەکەی و سەرۆکی حکومەتەکەیان بۆ سواڵی چەند ملیۆن دۆلارێک ناردە لای دوژمنی گەورەی کورد، ئەویش پشکە پشیلانەشی پێیان رەوا نەبینی؟!
- رێکەوتنی سیاسی لەگەل گۆڕاندا هەڵوەشاندو وەزیرەکانیان بەبریاری مەکتەبی سیاسی پارتی دەرکران، ئێستا بەمەمنونیەتەوە باس لەرێکەوتنێکی ستراتیژی ئەکەن و داوای لێبوردنیشی لێئەکەنو ئەڵێن ئێمە دەرماننەکردبون بەڵکو پێمان وتن " ئیسراحەتێ بکەن"؟!
- لەهەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیدا وەزعەکەیان گەیاندە مریشکەرەشە، ئێستا سەرۆک ئەفەرموێ ئەگەر کەسێک هەبێ با بێت لەسەر کورسییەکەم دانیشێت،پێویست بەهەمواری یاساو هەڵبژاردنیش ناکات، کورسی خۆمەو کێ بیەوێت پێیئەبەخشم؟!
- دونیایان پڕکرد لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانو وتیان هەمو دونیا لەگەڵمانەو، ها ئەمڕۆ ها سبەی هەر ئەوەندەتان زانی ئیعلانمان کردو ئاڵای کوردستانمان لەتەک ئاڵای دەوڵەتانیتر لە نیویۆرک بەرز کردەوە، زۆری پێنەچو جێگری سەرۆکەکەیان فەرموی " ئێمە زۆر تەنیاین"؟!
- وەفدی یەکێتی ئەوروپا بەراشکاوی پێی راگەیاندون کەوا لەگەل ریفراندۆم نین نەوەک ئیعلانکردنی دەوڵەت،کەچی نوێنەرەکەیان لەیەکێتی ئەوروپا ئەفەرموی" ئێستا باشترین کاتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانو ناوەندە ستراتیژییە ئەوروپاییەکانیش لەو باوەرەدان کەبەپشتبەستن بەچەند هۆکارێک، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا پێیانوایە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان هاتوە "؟!.
زۆرجار بیستومانە کەوا سیاسەت واتە درۆکردن،تەنانەت بەکەسی درۆزنیش ئەوترێ " سیاسەتباز" بەڵام ئەگەر ئەمەشی لێدەربکەین،ئەمێنێتەوە راستگۆیی سەرکردەو رەمزەکان لەگەل میللەتەکەی خۆیان.بەچی چاووڕوویەکەوە ئەتوانن جارێکیتر بێنەوە سەر شاشەکانو خۆیان گییف بکەنەوە لەکاتێکدا ئەو هەمو درۆو فشەفشانەیان کردو خەڵکیان چەواشەکرد..مەسەلەیەک هەیە ئەڵێ" تۆ ئەتوانی هەندێ کات هەندێ کەس چەواشە بکەیت، بەڵام ناتوانیت هەمو کات هەمو کەس چەواشە بکەیت".
جا ئێستا کاتی ئەوەیە سەیری کۆتای مەسەلەکان بکەین و لەو میللەتە ستەمدیدەمان بپرسین" ئایا ئێستا ئێوە ئامادەن جارێکیتر ئەم حیزبە درۆوزنو فشەکەرە بکەن بەسەرکردەی خۆتان"؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا ئێوە بریاری خۆتان بدەنو بۆ یەکجاریش بێت بڵێن" ئیتر بەسە"؟!..
 دە جاریک بیڵێن خۆ دڵم شەقی برد...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە