نێوانی بەکرەجۆو ناوپردان مەودایەکی زۆر دوورە
Tuesday, 27/10/2015, 18:36
* ململانێیەکانى ناو پارتی لە نێوان چینی رۆشنبیرو سەرۆکی عەشرەت بو.
* هەوڵی سەرکردەکانی پێشومان نەبوایە ئێستا بە مەسعودمان ئەوت خاوەن شکۆ
بەپێی بەڵگەمانە مێژوییەکانەوە کە ئێستا ودوێنێ پەردەیان لەسەر هەلمَاڵراوە، حەقیقەتی دیکتاتۆریەتی بنەماڵەی بارزانی ئەگەرێتەوە بۆ سەردەمە سەرەتاییەکانی گەشەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان..
مەعلومە دامەزراندنی پارتی هیچ رۆڵێکی بنەماڵەی بارزانی وعەشرەتەکەی تیا نەبوە، کۆمەڵێک رۆشنبیری ساڵانی چلەکان لەژێر کاریگەری دەرهاویشتەکانی جەنگی جیهانی دوەمو دروستبونی دو بلوکی تازە لەجیهانداو گۆرانی نەخشەی سیاسی لەزۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، ئەم کۆمەڵە رۆشنبیرو نوخبە سیاسیە کەوتنەخۆ بۆ دامەزراندنی حزبو رێکخراوی جەماوەری بۆ ئەوەی خەبات لەپێناو سەربەخۆیی وئازادی میللەتەکانیان بکەن،بەتایبەتیش ئەوسا بەشێکی زۆری میللەتانی ناوچەکە کەوتبونە ژێردەستی ئیستعمار بەحوکمی پەیمانی سایکس بیکۆوە.
کوردیش کە وڵاتەکەی لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوچەکەوە داگییرکرابو هەوڵی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ئەدا. لەسەر دەستی کۆمەڵێ رۆشنبیرو سیاسی هەوڵی دامەزراندنی حزبێکی نەتەوەییاندا بۆ ئەوەی لەمەیدانی خەباتی سیاسی پێشرەوی میللەت بکات، لەوانەش چەند ناوێکی دیاری ناو کۆمەڵگەی کوردەواری وەکو مامۆستایان هەمزە عەبدوڵلاو ئیبراهیم ئەحمەد کە وەک دو ناوی دیاری خەباتگیری کوردایەتی دەرکەوتبون..
لە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی لەسۆفییەتەوە بەدەستپێشخەری سەرۆکی ئەوسای عیراق عەبدولکەریم قاسم،مەلا مستەفا لەو کاتەدا هەوڵی ئەدا دەست بگرێت بەسەر ئەو حزبەدا کە تازە ئیجازەی کاری سیاسی وەرگرتبو،هەر لەسەرەتاشدا کەوتە دژایەتی کردنی چیینە رۆشنبیرە دامەزرێنەرەکە بۆ سەرکردایەتیکردنی حزبەکە بە تایبەتیش ئەوسا چاوی لەوەبو لە بازنەی سەرۆکێکی عەشاریەری بچوکەوە دەربچێت بۆ سەرکردایەتیکردنی میللەت..
بەپێی بەڵگەنامە مێژوییەکانەوە کاتێک هەمزە عەبدوڵڵا ویستی پەیامی سەرکردایەتی پارتی بگەیەنێتە مەلا مستەفا بەوەی کە ئەوان پێیان باشە لەو قۆناغەدا بیکەن بەسەرکردەی حزبەکە، گەورەترین کۆسپ کە هاتە پێش سکرتێری حزب ئەو پێشمەرجانەبو کە مەلا مستەفا فەرزی کردبوە سەر حزبەکە. ئەویش دانانی شێخ لەتیفی حەفید وەکو جێگری یەکەمی سەرۆکی حزب و کاکەزیادی ئاغای کۆیەش وەکو جێگری دوەم، ئەم دو زاتەش ئەوسا وەکو سونبولی دەرەبەگایەتی ناسرابون،جگە لەوەش بارزانی داوای کردبو دەستکاری پەیڕەوی حزب نەکرێت لەو قۆناغەداو، داواشی کردبو حزب دژایەتی حوکمی قاسم نەکات..
لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێت کە بارزانی هەر لەسەرەتاوە لەهەوڵی بەعەشایەرکردنی حزبەکەیدابوە، هێنانی چەند کەسایەتیەکی دەرەبەگ و فەرزکردنیان بەسەر چیینە رۆشنبیرەکەی ناو حزب وایکرد کە جۆرێک لە ململانێی چیینایەتی لەناو ئەو حزبەدا بێتە ئاراوەو حزب سەرقاڵ بکات بە ململانێی ناوخۆیی نێوان سەرکردە عەشاریەرو چیینە رۆشنفکرەکەو ئەگەر بۆشی بلوێت بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆی بەکاریان بێًنێت..
بە قسەی دکنۆر مەحمود عوسمان بۆی گێرامەوە وتی" سەرەتای دژایەتی هەردو باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی بارزانی لەناو پارتیدا ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1958و1959 کاتێک مەلا مستەفا لەسۆفییەت گەرایەوە و حزب بریاری دا بیکات بەسەرکردەی خۆی،هەر لەوساوە جۆرێک لەململانی لەنێوان مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا دروستبو.. بەڵام نەگەیشتە حاڵەتی تەقینەوە. لەکاتی مفاوەزاتەکەی سەرکردایەتی شۆرش لەگەڵ رژێمی عەبدولسەلام عارف لە ساڵی 1964 ململانێکان گەشتنە ترۆپکەوەو لەو ساڵەدا تەقینەوە کاتێک دو ڕای جیاواز سەبارەت بە پرۆژەی لامەرکەزیی حکومەتی ئەوسای عیراق دەرکەوت لەناو پارتیدا.
مەلا مستەوفا هەوڵی زۆری ئەدا حزبەکە بەرەو عەشایەریەت و تاکڕەویی بەرێت، بۆیە زۆر گۆیی نەئەدایە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی، ویستەکانی خۆی ئەسەپاند بەسەریانەوە، ئەوانیش لەبەرامبەردا هەوڵی خۆیان ئەدا بۆ ئەوەی مەلا مستەفا وەکو سەرکردەی حزب پابەند بکەن بەپەیڕەو پرۆگرامو بەرنامەو سیاسەتی حزبەوە ،بەڵام بارزانی نەئەچوە ژێرباری ئەوانەوە ئەوەبو ئینشقاقەکە رویداو بون بەدو لەتەوە.
لەو ساوە باڵەکەی بارزانی لەناو پارتیدا تا ئەمرۆش دژ بەهەمو بنەمایەکی دامەزراوەیین، ئەوەتا مەسعودی کوری مەلا مستەفا هیچ سڵناکاتەوە لەوەی سوپای سەدام بێنێتە سەر پەرلەمانەکەی کوردستان وهەیبەتو پیرۆزییەکەی بخاتە ژێر پۆستاڵی حەرەس جەمهوریەکانەوە.. ئەمرۆش هیچ شەرم لەوە ناکاتەوە لە هەزارەی سێیەمیشدا لەشکری خۆی بنێرێتە سەر رێگای سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوەی رێگری لێبکەن بێتە ناو پایتەختی هەرێمەکەیەوە.. لەولاشەوە کوڕەزای مەلا مستەفا کە ناوی نیچیرڤان بارزانیە زۆر راشکاوانە ئەڵێ پەرلەمانتار نوێنەری میللەت نیە بەڵکو نوێنەری حزبەو ئێمە لەو شوێًنەمان داناوە.. ئەمانە بەگشتی دەربڕی بیرو هزری ئەو بنەماڵەیە لەحوکمداری و بەرێوەبردنی ولات بە عەقڵیەتی عەشاریەری دواکەوتو کە دژی هەمو شتێکی مودێرینتە وپێشکەوتووە.
لەم رۆژانەدا دوای ئەوەی یەکێتی هاودەنگی سێ لایەنیتری سەر ساحەی کوردستان لەبەرامبەر خۆسەپاندنی بنەماڵەی بارزانی بەسەر حوکمی کوردستاندا وەستاو لەگەڵ پرۆژەی لایەنەکانیتر رێگری لەتازەبونەوەی ویلایەتی بەسەرچوی مەسعود بارزانی کرد، ئێستا سەرکردەو نوسەرەکانی دەرباری پارتی فایلە کۆنەکان هەلئەدەنەوەو بێ شەرمانە کەوتونەتە چەواشەکردنی میللەت و باس لەرقو کینەی 50 ساڵ پیش ئێستا ئەکەن گوایە ئەوەی ئێستا رووئەدات لەلایەن هەندێ سیاسەتمەدارو سەرکردەی یەکێتیەوە بۆماوەی پەنجا ساڵ پێش ئێستایە ئەو کاتی باڵی مەکتەبی سیاسی دژایەتی سەرکردایەتی بارزانیان ئەکرد.
پارتی لەبەیاننامەیەکدا نوسیویەتی" ئەوەی ئێستا روو دەدات لە تێکدان وگێرەشێوێنی کارێکە، کە 50 ساڵ لەمەوپێشەوە لە لەبەکرەجۆ دەستی پێ کردووە و ئێستاش نەوشیروان مستەفا لە گردەکەی زەرەگەتەوە هێشتا خەونی جێًبەجی کردنی دەبینێت.. ئەوەی روودەدات ترۆپکی خەونە نەزۆکەکانی ئیبراهیم ئەحمەدە".
باشبو پارتی دوای پەنجا ساڵ بیری ئەم نەوە تازەیەی خستەوە کەوا دیکتاتۆریەتی بنەماڵەی بارزانی وخۆسەپاندنیان بەسەر پارتیەوە رەگو رییشەکەی ئەگەرێتەوە بۆ زەمەنێکی دوورو، ئەو شەرەفە گەورەیەشی بەخشی بەمامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدو مامجەلال و هاورێیانیان کە بەرامبەر دیکتاتۆریەتی باوک وەستان و ئێستاش هاوخەباتو کچ وژنی ئەوانن بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی کورەکەی وەستاونەتەوە، خۆ ئەگەر ئەو ململانێیەی مامۆستاو یەکێتی و گۆرانیش نەبوایە ئێستا ئەبوایە بە مەسعود بارزانی بوترێت ( خاوەن شکۆ ) ئەبو لەژووری سکرتێرەکەیەوە خەڵکی بەکرنوش بردنەوە بچونایە لای و پێش هەر شتێک دو دەستی پیرۆزی خاوەن شکۆیان ماچ بکردایە، بەڵێ ئەوان بون ئەو خەونە نەزۆکەی بارزانی باوک وکوڕیان پوچەڵ کردەوە.
بۆیە نێوانی بەکرەجۆو بارەگای بارزانی لەناوپردان ، مەوداکەی زۆر دوورەو ئەو ململانێیەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکرد بەرای من نەک بۆ پەنجا ساڵیتر بگرە بۆ پێنجسەد ساڵی تریش لەنێوان چیینی رۆشنبیرو عەشایەرخوازە دواکەوتوەکاندا بەردەوام ئەبێت.
لەوەتەی خوا دونیای خوڵقاندوە تا ئەمرۆو لێرەشەوە بۆ رۆژی قییامەت ململانێ لەنێوان خێرو شەڕدا هەیە، ئاواش لەلای ئێمە تا سەرکردەی عەشایەر خۆی بەسەر پارتیدا سەپاندبێت چیینە رۆشنبیرەکە لە ململانیدا ئەبن لەگەڵیدا، ئەمە سوننەتی ژیانەو بەهیچ شێوەیەک رەرەوەی مێژوش ناگەرێتە دواوە، تا ئەو رۆژەی پارتی لەژێردەستی بنەماڵەیەکی دیکتاتۆردا مابیت، خەباتو ململانێ بەردەوام ئەبێت، تا ئەم کوردستانە لەدەست ئەو تاقمە کورد کۆژو دزو گەندەڵو خۆسەپێنە رزگار نەبێت ململانێی چیینی رۆشنبیری کورد دژی حزبی بنەمالەو سەرکردەی دیکتاتۆر وەستانی نابێت.. عاقیبەتیش دیارە کێ سەرئەکەوێ وکێش فرێ ئەدرێتە ناو زبڵدانی مێژوەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست