مەترسییەکانی باڵی چوارەمی ناو یەکێتی
Wednesday, 21/10/2015, 20:06
گومان لەوەدانیە لەوەتەی کێشەی سەرۆکایەتی بارزانی هاتۆتە ئاراوە، پارتی بەهەمو هێزو توانایەکیەوە هەوڵی ئەوەی داوە ئەو بەرە چوار قۆڵییەی لەسەر ساحەکە دروستبو لە( یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ) شەتو پەتو پەرتەوازە بکات.. هەڵبەت هێز لەیەکگرتووییدایە، بۆیە پارتی دوای ئەوەی هیچ رێگایەک و پاساویکی یاسایی و تەنانەت دەروازەیەک بۆ حیلەشەرعیەکانیشی بەدەستەوە نەما، هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی رێزی چوار لایەنەکە تێکبدات، لەیەکێک لەقۆناغەکانی ئەم ململانێیەدا توانی تا ئاستێک کاریگەری هەبێت بەسەر بەشێک لەسەرکردەکانی یەکگرتو،بەهەڕەشەو چاوسوورکردنەوە هەڵوێستی بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی دەڤەری بادینانی بەلای خۆیدا راکێشا،بەڵام ئەمکارەشیان تا سەر نەبو، ئێستا هەر چوار حزبەکە لەسەر هەڵوێستەکانیان یەکدەنگن..
نابێت نەعامەئاسا بەرامبەر هەندێ روداوی رۆژ خۆمان بەدوربگرین وسەرمان بخەینە ژێرگلەوە، یا جورئەتی ئەوەمان نەبێت خاڵ بخەینە سەر پیتەکان و راستیەکان بگەینینە میللەت و رای گشتیەوە، لەم سۆنگەیەوە ئەتوانم بڵێم ئەوەی پارتی لەگەل چوار لایەنەکە نەیتوانی بەدی بهێنێت،پێموایە ئێستا لەناو یەکێتیدا تا حەدیک بەدەستیهێناوە ئەویش بەدابەشبونی هەڵوێستی سەرکردەکانی سەبارەت بەپرسی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیەوە..ئەمە حەقیقەتەو لە زۆربەی ئۆرگانەکانی ناو یەکێتی و دەرەوەشیدا باسی لێوە ئەکرێت و ناتوانین خۆمانی لێ گیل بکەین.
پارتی سەرکەوتوانە توانیویەتی لەناو یەکێتیدا باڵێکی سەر بەخۆیەوە دروست بکات، ئەو باڵەش لەزۆربەی کێشەکاندا هاوکار وهاوهەڵوێستی پارتین،ئیستاش لەو قەیرانەی سەرۆکایەتیدا شێلگییرانە داکۆکی لەداواکاری وبریارە ناڕەواکانی پارتی ئەکەن.
پارتی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال هەوڵێکی زۆری دا جڵەوی بریاری سیاسی لەناو یەکێتیدا بەلای خۆیدا رابکێشیت، ئەو ناکۆکیانەی ئێستاو لەوەتەی غیابی مام جەلالەوە زۆر بەزقی ئەبیندرێت لەململانێی باڵەکانی ناو یەکێتیدا کەبەشێکی زۆریان بە پیلانو تەداخولاتەکانی پارتیەوەیە.
هەندێ لەسەرکردەکانی یەکێتی بەبەشێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسیشەوە هەر یەکەو بە هۆکارێکەوە هاوکاری سیاسەتەکانی پارتی بونە لەماوەی رابردوا..هەندێکیان لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیانو خێزانەکانیان، هەندێکیان لەترسی چاوسورکردنەوەی پارتی و، هەندێکیشیان بۆ مانەویان لەپۆستو پلەو پایەکانیان موغازەلەی پارتی ئەکەن، لە بۆنەکانیشا سڵناکەنەوە بە هەندێ برو بیانوی بەتاڵیشەوە دیفاع لەسیاسەتەکانی پارتی و مانەوەی یەکێتی لەبەرەی پارتیدا بکەن.
ئەوەتا ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەلێدوانێکدا رەتیدەکاتەوە یەکێتی خۆی بەگۆڕانەوە ببەستێتەوەو، ئەلێ" یەکێتی لە حکومەت ناکشێتەوەو تەرەفیش نیە لەو ململانێیەی ئێستادا".
سەرکردەیەکیتر ئەڵێ" ئێمە ئەبێ فەرمانەکانی بارزانی جێبەجێ بکەین" بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە بارزانی ویلایەتی سەرۆکایەتی تەواو بوەو وەکو فەرماندەی گشتی پێشمەرگەش کاری ئەو تەمام شد..
ئەم سەرکردانە بەئاشکرا پێمان ئەڵێن هاوپەیمانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا بەم هەمو پۆخلەواتەیەوە باشترە لەوەی لەگەڵ هاوسەنگەری دەیان ساڵەو هاوفکرو هاو رێبازی کوردایەتی وهاوشەهیدیان.. ئەوان پێیان باشترە لەحکومەتێکی گەندەڵی دزو وڵاتفرۆش کە سەرۆکەکەی بەدەر لە یاسای جەنگەڵستانیش جورئەتی ئەوە بکات پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو بەچوار وەزیری حکومەتەکەی بڵًێت برۆنە مالەوە وەکو ئەوەی حکومەت دوکانێک بێت بەمییرات بۆی مابێتەوە،بیریان لەوە نەکردۆتەوە بەیانی بەوەزیرو پەرلەمانتارەکانی یەکێتیش بڵێن برۆنەوە پشتی دیگەڵەوە شوێنتان لەوێیە.
ئەمرۆ ئەرکێکی مێژوویی زۆر گەورە کەوتۆتە سەر شانی یەکێتی وسەرکردەکانی بەو ئیعتبارەی یەکێتی هەم هێزێکی سەرەکی خاوەن جەماوەرەو هەم هەڵوێستەکانیشی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەن لە بەرامبەر هەر کێشەو قەیران وپرسێکی سیاسییەوە، هەمیش وەکو بەدیلێکی شایستەی حوکمرانی بنەماڵەی بارزانیەو میللەتیش بە چاوی ئومێدەوە سەیر ی ئەکات.
یەکێتی ئەمرۆ فرسەتێکی زێرینی مێًژوویی بۆ هەڵکەوتوە لەگەل بنکە جەماوەرییەکەی ئاشت ببێتەوە، ئەو کەسانەی لێی توڕەبون لەسەر هەڵوێستەکانی لە 30 حوزەیراندا جارێکیتر بیانگرێتەوە باوەشی خۆی، ئەویش بەرێگاگرتن لەدروستبونی حوکمی دیکتاتۆریانەی بنەماڵەی بارزانی.
لەو پرسەدا کە ئێستا پارتی گەیاندویەتیە مریشکە رەشەو ، هیچ کەس بەپیاو نازانێت و ئەوەی لە قتوی هیچ عەتارێکدا نیە ئەو وەکو هەڵویستی سیاسی ئەیکات، بێ شەرمانە کەوتۆتە گیانی دیموکراسیەت لەم هەرێمەداو، چەقۆی رق و کیینەی بەرامبەر نەیارەکانی تیژ ئەکات، سڵ لەهیچ شتێکی نایاسایی ناکاتەوە لەپێناو چەسپاندنی حوکمی دیکتاتۆریانەی بنەماڵە، ئەمرۆ حەسمکرنی ئەو پرسە بەدەست یەکێتیەوە، یا ئەوەتا لەگەل زۆرینەوی میللەت و نوێنەرکانیان لەسێ حزبەکەی تردا لەیەک سەنگەردا شەڕی دیموکراسی بکات،یا ئەوەتا خۆی بخاتە باوەشی حوکمێکی دیکتاتۆریانەی گەندەل ودوژمن بەمیللەت کە وەکو هەر حوکمێکی دیکتاتۆری چارەنوسی خۆی وهاوپەیمانەکانیشی لە ئێستاوە دیارە.
یەکێتی باجێکی زۆر گەورەی دا لە 30 حوزەیراندا، شەرەفمەندی نیە ئەمرۆ هیچ یەکێک لەم لایەنانە کە چەند مانگێکە هاوهەڵوێست خەباتیان کردوە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ورێگرتن لەدروستبونی دیکتاتۆریەت پشت لەیەکگتر بکەن، بۆ خاتری حزبێکی بێ کلتوری عەشایەری دواکەوتو بەو کودەتایەی بارزانی رازی بن و ببنە بەشێک لەپرۆسەی دامەزراندنی حوکمی بنەماڵە لەوڵاتێکا کە هەمو چیینو توێژەکانی میللەت بە درێژایی سەد ساڵ خەباتیان بۆ کردوەو خوێنیان بۆ رشتوە..
باڵەکەی پارتیش لەناو یەکێتی ئەگەر لەسەر هەمان هەڵوێستی پێشویان کار بکەن، بێگومانم هیچ ئینتمایەکیان بۆ یەکێتی نامێنێ و بنکە جەماوەریەکەی یەکێتی لێیان رازی نابێت،ئەوسا ئەبێ بەچاو شۆڕییەوە ئیلتحاق بەپارتیەوە بکەن بەڵکو ئەوە خوایە وەکو ئەوانی پێشوی خۆیان بەپلەی راوێژکاری بندیوار وەریان بگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست