بارزانی وازی هێنا (بۆ خەڵك ناڕژێنە سەرشەقام؟)
Saturday, 26/09/2015, 17:24
دوای ئەوەی دڵنیا بو كەوا حیزبەكەی و یەكێتی دوو ساڵی تریان خستەسەر دوو ویلایەتە تەواوبووەكەی لە 30 حوزەیراندا، مەسعود بارزانی كەوتە بێقییمەتكردنی ئەو دیارییەی یەكێتی بێبەرامبەر دایە بارزانی. ئەوە بوو تا ماوەیەك نازی ئەكرد و ئەیوت من داوام نەكردوە دوو ساڵم بۆ درێژبكەنەوە، بەمەش سەرانی یەكێتی خستە مەوقیفێكی زۆر موحریجەوە، بۆیە ئەوسا سەركردەكانی یەكێتی بە ناچارییەوە كەوتنە پاڕانەوەو نوزانەوە لە بارزانی بەڵكو دیارییەكەیان قبوڵ بكات، ئەویش دوای ناز و فیزێكی زۆر قبوڵی فەرمو، بەمەش یەكێتی توشی سزایەكی زۆر قورس بوو لەلایەن جەماوەر و ئەندامەكانییەوە، پارتیش دووساڵی تری خستە سەر ویلایەتە كۆتاهاتوەكەی بارزانییەوە.
ئێستاش مەسعود بارزانی لەپەیامێكی نوێیدا بەراشكاوی ئەڵێت من داوای درێژكردنەوە ناكەم و وازیش ئەهێنم لەو پۆستەو هەر كەسێك لەسەری رێكبكەون من پۆستەكەی رادەست ئەكەم؟!.
ئەم رستەیە دەیان وسەدان پرسیار هەڵئەگرێت، چونكە ئەم هەرێمەمان كە بەدەست دەیان كێشەی قوڵ و قەیرانی بێكۆتاوە دەیناڵاند، هیچ پێویستیەكی بەقەیرانی سەرۆكایەتی نەبو كە بارزانی وحیزبەكەی دروستیان كرد،چونكە لەرووی یاساوە كە ئێستا بارزانی دانی پێوەئەنێت و نایەوێت پێشێلی بكات، هەر بەو یاسایانەوە بارزانی بۆی نەبو خۆی كاندید بكاتەوە یا ماوەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە، بەڵام حیزبەكەی خۆی بون دەستبەرداری ئەو پۆستە نەئەبون ئەم قەیرانەی لێكەوتەوەو پۆستەكەی بارزانیش بوە گرێكوێرەی دانوستانەكان.
ئێستاش ئەگەر بارزانی راستی فەرموە و وازی لەو پۆستە هێناوەو ئامادەشە رادەستی كەسێكی تری بكات، ئەوە كێشەكە چارەسەر ئەكاتو هەقوایە وەكو ئەوەی گەلی میسر كردیان لە شۆرشەكەیانە كاتێك حوسنی موبارەك دەستبەرداری پۆستەكەی بو هەمو گەلی میسر ڕژانە سەرشەقام وكردیان بە جەژنی سەركەوتنی شۆرشەكەیان، لێرەش مادام بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی ئەبێت وكێشەكە چارەسەر ئەكرێت، هەقوابو خەڵكی كوردستان ئەم جەژنەیان بكردایەتە دو جەژنو برژاینە سەر شەقام بۆ خۆشی دەربرین ، بەڵام لەوە ئەچێ تەنانەت میللەتیش باوەڕی بەقسەكانی سەرۆك بارزانی و حیزبەكەشی نەمابێت، ئەم هەڵوێستەش وەكو مانورێكی پارتی وسەرۆكەكەی بزانن، رەنگە هەر ئەوەشیان راست بێت بەبەڵگەی یەكدو وشەی ناو خودی پەیامەكەی بارزانییەوە، كە ئێستا پارتیەكان زۆر باش فێری یاریكردن بونە بەوشەكان و لەهەڵوێستە سیاسیەكانیاندا یاری بە وشەكان ئەكەن بۆ راكێشانی بەرامبەر.
ئەوەتا هێشتا سەدای قسەكانی بارزانی لەگوێماندا ئەزرینگێتەوە ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بەناوی محمد خورشید لەلێدوانێكی بۆ ( ئین ئار تی) ئەفەرموێ" بارزانی هیچ كاتێك داوای نەكردوە لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم یا پارتیدا بمێنێتەوە، بۆچونی پارتی وەكو حیزبێكی هەرێمی كوردستان،لەگەل ئەوەدایە بارزانی لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەردەوام بێت، چونكە بارودۆخی كوردستان پێویستی بەمانەوەی بارزانییەو، لایەنگرانی پارتی ئەوە قبوڵناكەن جگە لەبارزانی كەسێكی دیكە سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرێت، ئەو بۆچونەش لەناو سەرجەم لایەنگرانی پارتیدا بونی هەیە".
ئەمە هەڵوێستی راستەقینەی حیزبەكەی بارزانییەو، دور نیە ئەگەر كار گەیشتە بنبەست و بارزانی بۆ خۆ جوانكردن بریاری دا دەستلەكاربكێشێتەوە هەمان سیناریۆی عەبدولناسری میسر دوبارە بكەنەوە بەوەی لایەنگرانی پارتی رازی نەبن سەرۆكەكەیان دەستبەرداری پۆستەكەی بێت ، ئەوسا بڕژێنە سەرشەقام و داوی مانەوەی بارزنی بكەنەوە، ئەی ئەوە نیە سەركردەكەی پارتی ئەڵێت لایەنگرانمان بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكەن كەسێكیتر غەیری بارزانی ببێتە سەرۆكی هەرێم؟.
هەندێ كەس وای بۆ دەچن ئێستا بارزانی تۆپەكەی هەڵداوەتە گۆرەپانی چوار حیزبەكەوە، بەڵام من پێموایە هیچ لەوەزعەكەی نەگۆریوە، چونكە بارزانی لەپەیامەكەیدا ئەڵێ" پێشنیار دەكەم هەمو حیزبەكان بریار لەسەر ئەوە بدەن كە بەر لە 2017 دەسەڵاتەكان ومیكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە دەستوردا یەكلایی ببێتەوە وبریاری كۆتایی بۆ گەل بێت".
ئەو ئەگەر وازی لەو پۆستەی هیناوە، چ كاری بەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دوای خۆیەتی ؟ هەڵبەت دەسەڵاتەكانی سەرۆكو میكانیزمی هەڵبژاردنی لەدەستور جێگیر ئەبیت ئەویش لەرێگەی ئەو لێژنەیەی دەستور ئەنوسێتەوە، دوای ئەوەش ئەگەر بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی بێت یەكێك دائەنرێت بۆ كاربەرێكردن یا بەرێكەوتنی حیزبەكان، ئەویش هەڵبەت دەسەڵاتەكانی پرۆتۆكۆلی ئەبێت، بارزانی چ كاری بەدەسەڵاتەكانی سەرۆكی دوای خۆیەتی، مەگەر وای دانابێت كۆرەكەی خۆی بكاتە سەرۆك كەئەمەش دور نیە حیزبەكان پێی رازی نەبن، چونكە ئەوەی بۆ بارزانی ئەچێتە سەر رەنگە بۆ كوڕو زاواكانی نەچێتەسەر.
من پێموایە ئەو پەیامەی بارزانی شتێكی ئەوتۆ نیە تەنها كات كوشتنە بۆ ئەوەی بارزانی بۆ درێژترین ماوە لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە:
1- چوار حیزبەكە رائەكێشنە ناو قۆناغێكی تازەی دانوستانەوە ئەمجارەیان لەسەر ئەوەی كێ لەشوێنەكەی بارزانی دابنێن، بەمەش چەندین كۆبەنەوە ئەبەستن ومیللەتی پێوە خەریك ئەكەن گوایە حیزبەكان خەریكی چارەسەرن، ئەم مەسەلەیە بۆ چەند مانگێكی تر درێژەی پێ ئەدەن، بار زانیش لەپۆستەكەیەتی.
2- دواجار پارتی بەهیچ كەسێك رازی نابێت بریار ئەدەن بچنە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەمەش چەند مانگێك ئەكوژن لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەكە لەناو پەرلەمانەوە بێت یا لەلایەن گەلەوە..بەمەش بارزانی چەند مانگێكیتریش لەپۆستەكەی ئەمێنێتەوە..
3- ئەم مەسەلەیە ئەدەن بە لێژنەی دەستورەوە، ئەویش چەند مانگیك خەریك ئەبیت سازانێك دروست بكات لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەكە.. بار زانیش هەر لەپۆستەكەی بەردەوامە.
4-لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێك ئەكەون ئینجا مەسەلەكە ئەچێتە لای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئەوێش شەش مانگی پێویستە بۆ رێكخستنی هەڵبژاردنەكە، بەمەش بارزانی دو ساڵیتر لەپۆستەكەی ماوەتەوە بەبێ منەت هەڵگرتنی هیچ لایەنێك.
رەنگە چوار حیزبەكەش بەم چارەسەریە رازی بن بۆ هێشتنەوەی بارزانی تا دوساڵیتر، بەڵام كێشەكە ئەم دو ساڵە نیە گەلۆ
كێشەكە هەشت ساڵیتر ی ولایەتە سفر كراوەكەی بارزانییە بەپێی دەستوری داهاتو. ئەی ئەوە نیە سەركردایەتی پارتی ئەڵێت ئێمە كەسمان قبول نیە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم غەیری مەسعود بارزانی نەبێت.
ئیدی كەی لەم مەسەجانە تێئەگەن گەلحۆ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست