بۆ قەترە نەوتێک چاوت دەردێنم
Tuesday, 15/09/2015, 8:32
لە هیچ سوچێكی ئەم دونیایەدا دەسەڵاتێكی گەندەڵ و مشەخۆری وەكو ئەوەی ئێمە بەدی ناكرێت..تەنانەت دزیەكانیشیان بەرۆژی روناكە و بەزەقەزەقی چاوی خەڵكەوە ئەیكەن و سەروت و سامانی میللەت ئەخەنە سەر حیسابەكانیان..
وەزیرێكی بێوژدانی زاڵم ودز و جەردە شیرینی (5) پێنج ملیار دۆلاری كۆمپانیا نەوتیەكان لە میللەت ئەدزێت و ئەیخاتە تەنگەی باخەڵیەوە، دواتریش 50 ملیۆن دۆلار لەم پارەی میللەتە ئەیكاتە شیرینی دەمی كچێكی هەرزەكار و ئەیكاتە هاوسەری خۆی ئەویشیان لەسەر گیرفانی میللەتێكی بێ كارەبا و بێ نەوت و بێ بەنزین و بێ موچەش زەقە زەقی چاوی دێت.
ئێستا نەوەك بە تانكەر وەكو جاران نەوت ئەدزرێت بەڵكو لە رێگەی بۆریەكانەوەش بایی ملیاران دۆلار نەوت ئەفرۆشریت و بەشیكی زۆری لێ ئەدزرێت.
دوای شۆرشەكانی بەهاری عەرەبی و روخانی رژێمە دیكتاتۆرەكان دەسەڵاتی نوێ كەوتنە دوای سۆراخی پارە و پولە دزراوەكانی میللەت لەلایەن دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكانەىوە.. سەروەت و سامانی سەدام كە بەدەیان ساڵ لە دزینی نەوتی عیراقدا لە بانكەكانی سویسرا دانرابون، سڕ كران حكومەتی تازە ئەتوانێت بیانگێرێتەوە بۆ میللەت.
حوسنی موبارەك ئێستاش دوای چوارساڵ لە روخانی رژێمەكەی رۆژانە لە سەر دزین و بەهەدەردان وسودوەرگرتن لە سامانی دەوڵەت ئەدریتە داداگاوە.. زەینولعابدین موڵكەكانی دەستیان بەسەردا گیراو ئیستا حوكمی ئیعدامی لەسەرە.. بنەماڵەی بارزانی با ئیستا تێر بخۆن وسكیان پڕكەن، ئەوان ئێستا خەمی سكیانە، حەززرەتی ئیمام عەلی ئەفەرمویت" ئەوەی تەنها خەمی سكی بێت، قییمەتی ئەو شتەیە كە لە سكی دێتە دەرەوە".
لەبیرمە ساڵانی حەفتاكان یادی بەخێر مامۆستای گەورە شوكروڵڵای بابان لەئیستگەی كوردی رادیۆی تاراندا بەرنامەیەكی شیعری هەبوو، بەو دەنگە خۆش و زوڵاڵەیەوە بەو ئیلقا جوانەى شیعری گەورە شاعیرانی بۆ ئەخوێنینەوە. بیرمە كۆپلە شیعرێكی ئەو سەردەمە لەسەر زاری جوتیارێكی كوردەوە ئەخوێند بەرامبەر بە ئاغاكەی و هەرەشەی لێئەكرد.. ئەویت: پەنجەم بۆ بێنی دەستت ئەشكێنم.. بۆ دەنكە جۆیەك چاوت دەردێنم.
ئێمەش بەڵێن بێت بۆ قەترە نەوتێكی دزراوی ئەم میللەتە چاوی سەرانی دز و مافیای كورد دەرهێنین..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست