کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو ئیدارەیی ئیسراحەتە نەك خیانەت

Wednesday, 12/08/2015, 20:14


دووساڵ لەمەوبەر كاك نەوشیروان زۆر بە راشكاوانە پێی وتم:"من بەهیچ شێوەیەك دژی پارتی نیم كە حزبەكەیان ئەكەن بە حیزبی بنەماڵە، ئەمە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە من كارم پێیانەوە نیە، بەڵام من دژی بە بنەماڵەكردنی دەسەڵات و حوكمم لە كوردستاندا، چونكە ئەمە پەیوەندی بە هەموو میللەتەوە هەیە".
ئەگەر پارتی بە ئەندام وسەركردەكانیەوە بریاریان دابێت ببنە كۆیلەی سەرۆكەكەیان و رۆژانە دەیانجار كرنوش بۆ بچوكترین ئەندامی بنەماڵەی بارزانی ببەن،ئەوە مافی خۆیانە،با مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەی لە كەعبەش پیرۆزتر بزانن، بەڵام هیچ حەقێكیان نییە خۆیان فەرز بكەن بەسەر میللەتەوە كە خۆشیان چاك ئەزانن زۆرینەیان ئەو بنەماڵەیان ناوێت.
هێمن هەورامی باس لەكاك نەوشیروان ئەكات ئەڵێ خۆی بچوك كردۆتەوە لەسلێمانی و ئەگەر ئەو هەڵوێستانەی دژی پارتی نەبونایە ئەبو بە سەركردەیەكی گەورە لەكوردستاندا. ئەمەش وەكو ئەوەوایە بوون بەسەركردە لە كوردستاندا پێویستی بەشەهادەی تەخەروج بیت لەمەدرەسەكەی بارزانی،یا وەكو ئەوەی كاك نەوشیروان فەرماندارێك بێت چاوەرێی پلە بەرزكردنەوە بیت بە ئیمزای فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم كە هەر هێزەكانی حزبەكەی ئەو بوون رووبەرێكی فراوانی  ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستانیان تەسلیم بەدەستی داعش كرد وهەڵاتن.
كاك نەوشیروان لە داستانەكانی شۆرشی كورددا رۆلی سەرەكی لەبەرەكانی هەرەپێشەوەی شەرِدا گیراوە، لە كاتێكدا مەسعودو بنەماڵەكەی لەكەرج لەبنباڵی ئێرانیەكاندا كاسبیان ئەكرد..دوای ئەوەش كاك نەوشیروان زۆر لەسیاسەتدا لەسەرۆكی پارتی شارەازترە لەخودی خۆشیان پارتی باشتر ئەناسێت، بۆیە پارتیەك ئامادە نەبێت لەژێر فشاری یاساكانی كوردستان و پەرلەمان وداواكاری چوار حیزبەكە و بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان سازش لە بەشێكی بچوكی دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم بكات، چۆن ئەم دەسەڵاتە بە كاملیەوە تەسلیمی بەرامبەركەی ئەكات تەنانەت ئەگەر  لە هەڵبژاردنیشدا بردیەوە.
كاك نەوشیروان زۆر لەوە گەورەترە بكەوێتە ئەو چاڵەی كە پارتی بەنیازە بۆی هەڵكەنێت، ئەوانەی ئەویش داوایان لێئەكات خۆیان كاندید بكەن رەنگە پێگەی سیاسییان زۆر لەمەسعود بارزانی كەمتر نەبێت.
من پێموایە كاك نەوشیروان و سەركردەی تریش لەزۆنی سەوز گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەوە كەوا پارتی ئامادە نیە بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر پێگەی حۆی لە دەسەڵاتدا بكات..
بارزانی وەكو سەرۆك، نێجیر وەكو سەرۆك وەزیران،مەسرور وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەم سێكوچكەیە نابێت دەستگاری بكرێت ئەوەی رازیش نیە بەسەر بدا لەبەردی ئەلحەد.
هەر خۆیشم بەراشكاوی بە كاك نەوشیروان وت كەوا من تەسەوری ئەوە ناكەم رۆژێك لەرۆژان پارتی وبنەماڵەی بارزانی ئامادەبن دەسەڵات رادەستی كەسانیتر بكەن ئەگەر 95% كورسی پەرلەمانیش بینن. خۆ یەكێتی 49 كورسی هەبو كاتێك سوپای سەدامی بەسەراكردو لە هەولێر وەدەری ناو حكومەتەكەشی تێكداو پەرلمانەكەشی كردە كارتۆنی.ئەی ئەویان هەمان ئەو شەرِەی ئیستا نیە لەسەر دەسەڵات لای پارتی.
ئیستا من و  هەزاران هەزار كەسیش گەیشتینە ئەو قەناعەتەوە  كەوا  ژیانو گزەران  لەگەل پارتیا تا سەر بەرێوە ناچن..ئەوان كێشەی سەرۆك و بنەماڵەی بارزانیان هەیە، ناتوانن لەم بنەماڵە بەولاوە كەسیتر ببینن، ئەوە نیە تەنانەت تەزویر لەواژوكردنی بەیاننامەكانیش ئەكەن بۆ پیرۆزكردنی بارزانی، ئەمانە ئامادەی تەزویرو كزی وفزی شەرِو، تەنانەت خیانەتیش بن لەپێناو مانەوەی بنەماڵە بارزانی لەسەر تەختی شاهانەدا، كەواتە بریاری خۆیانداوە ببنە كۆیلەی بنەماڵە، ئێمە بۆچی ولەپای چی ببین بە كۆیلەو ژێردەستی بنەماڵەی بارزانی.
لێرەو لەوێ هەندێ نوسەر ورۆشنبیر جا بەهەر مەبەستێك بێت دیسانەوە كەوتونەتە لێدانی هەمان قەوانە سواوەكەی داكۆكیكردن لە یەك ئیدارەی یەكگرتو،بەخیانەتكردنی دو ئیدارەییش، ئەمەش لەلایەك پشتكردنە لە بینینی واقیع و نەعامە ئاسا خۆیان كوێر ئەكەن، لەلایەكی تریش فێڵكردنە. چونكە دوای جەنگی جیهانی دوەم كەئەلمانیا دابەشكرا هۆكاری سەرەكی جیابونەوەیان بونی دو كلتوری سیاسی ودیموكراسی بو، لەبەشێكدا خەڵكی بە دیكتاتۆریەتی حزبێكی وەكو پارتی رازی بون، بەشەكەی تریش لەناو وڵاتێكی دیموكراتدا گەشەیان كرد.. دوای ئەوەی بەشە دیكتاتۆرەكە شكستی هێنا ئینجا قەدرو قییمەتی دیموكراسییان زانیو گەرانەوە بۆ یەكبوون.
بەنیسبەت كوریای باشورو باكوریش هەروا، باكور لە برسا ئەمرێت، باشوریش بوە بەگەورەترین وڵاتی پیشەسازی لە جیهاندا رۆژیك دێ ئەوانیش بیر لە یەكگرتنەوە ئەكەنەوە.
ئیدارەی ئێمەش دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەم بنەماڵەیە قابیلی یەكگرتنەوەیە، بەڵام ئێستا بەم سیاسەتانەی پارتیەوە هیچ مانایەك نیە ناوچەیەكی گەورەتر لە زۆنی زەرد بخەینەوە ژێردەستی مناڵەكانی بنەماڵەی بارزانیەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە