دەستگیركردنى برایمى كاكە ئەحە, هێشتنەوەى هەرێمە لەنێو قەیرانە قوڵەكاندا و چاوەڕێى وەڵامەكانیش لە سەرۆكى هەرێم دەكرێت...
Wednesday, 19/10/2011, 12:00
وەكچۆن لە ڕابردویەكى نزیكدا لەگەڵ سەرهەڵدانى چەند ڕوداوێكدا قسەى خۆمان بە ئاراستەى غەمى تێنەچوونى زیاترى هەرێم بە قەیرانە قوڵەكان بۆجەماوەرى گەلى كوردستان و سەرۆكى هەرێم و دەزگاپەیوەندیارەكان ڕادەگەیاند , بەتایبەت لەسەر یاسایى خۆپیشاندان و بودجە و كۆمەڵێك دیاردە و قەیرانى تر و ڕوی پرسیاریشمان لەسەرۆكى هەرێمكرد و پێمانڕاگەیاندا شان و شەوكەتتان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر بەحەزونیەتى زۆرینە و بەرنامە تایبەتیەكانى یەكێتى و پارتى لەگەڵ ڕوداوەكاندا دەستوپەنجە نەرم بكەن , بەڵام بەداخەوە هاوارەكەمان تەنها لەسەر كاغەز مایەوە , تا ئەو كاتەى سەرۆكى هەرێم ویستى بە دەركردنى چوار بڕیار هەرێمى كوردستان لەو قەیرانانە دەربكات, لەكاتێكدا زەمینەكە ئەمەندە خۆشكراوە بوو بۆ تۆڵەى سیاسى و دروستبونى قەیرانى گەورە بڕیار هیچ لەو بنەمایانە ناجۆلێنێت كە دەرئەنجامى كاردانەوە سایكۆلۆژییەكانى دەسەڵات بەرامبەر خەڵكى ناڕازى و ئۆپۆزسیۆن هەیبوو..بۆیە دەبینین لەم ڕۆژانەدا كەسێكى وەكو (برایمى كاكە ئەحە) دەستگیر دەكرێت بە حیسابى ئەو هێزەى فەرمانڕەوایە یاسا جێبەجێدەكات لەكاتێكدا ئەوەى تۆمەتبار و پەلاماردەرە خەریكى پیاسەیە و بە ئازاى دەسوڕێتەوە, واتا مەترسیترین ڕوداو لەژیانى حكومڕانى كوردیدا ئەوكاتانیە دادگاكان بەكاردێنێت بۆ ساغكردنەوەى ململانێكانى خۆى یان بۆ دەربازبون و ڕاكردن لەو قەیرانانەى كە دروستیكردون, ئەمە ئەو چركەساتانەشە هاوڵاتیانى هۆشیارى هەرێم سەیرى سیناریۆ و شانۆكە دەكەن و پێدەچێت دواتر بەتەواوەتى بگەنە ئەو باوەڕەى ئەوەى چاكسازى پێنەكرێت لە سەر ئەم زەمینە ئەوە دەسەڵاتى كوردییە, چونكە لەهیچ یاسا و حكومڕانیەكى دونیادا نیە تۆمەتبار و تەقەكەر لەسەر شەقامەكان ئازاد بێت و چالاكوان و چاكەخوازنیش لە ژوورەكانى زیندان بەند بكرێن و لەماوەى بیست ساڵى ڕابردوشیدا ئەوەى توندى نەكردبێت لەدادگا و دەسەڵاتى پۆلیسى بۆ دەستكراوە نەكردبێت بەرامبەریان ئەوانەن كە كێشەى گەورە بۆ ئەم هەرێمە دروستدەكەن و هۆكارى سەرهەڵدانى گەندەڵى و سەروەرنەبونى یاسا و ڕێگەگرن لەچاكسازى كەچى لەولاشەوە منداڵێك , گەنجێك , پیرە پیاوێك , مامۆستایەك , فەرمانبەرێك , پێشمەرگەیەكى دێرێن .....تد بچوكترین غەمى خۆى و نیشتمانەكەى بەخۆپیشاندانێك یان وتەیەكى سەر ڕۆژنامە و شاشەیەك دەرببڕێت ئەم دەسەڵات و عەقڵە فەرمانڕەوا ئامادەیە توندى بكات لە قوژبنەكانى زیندان یان هێرشى بكاتە سەر و بە ئاشكرا فیشەكى پێوەبنێ بەبێ ئەوەشى دادگا و پۆلیس بتوانن ئیجرائاتى لەگەڵ بكەن, ئێمە دوپاتى دەكەینەوە دەستگیر كردنى برایمى كاكە ئەحە كاردانەوەیەكى سیاسیە نەك مەجرایەكى یاسایى, شوێنەوارى ئەم كاردانەوەش دەیان بڕیاریتر لەسەرۆكایەتى هەرێمەوە دەربچێت چارەسەرى ڕوداوى لەمجۆرە ناكات تا ئەوكاتەى ئەم دەسەڵاتە بەتەواوەتى هەست نەكات, دەسەڵات و حكومڕانى تەقلیدى لەناوچەكەدا بەرەو ئاوابونى تەواوەتى دەچن, دوبارەكردنەوەى فەلسەفەى ئەو جۆرە دەسەڵاتانە لەهەرێمدا دەرئەنجامەكەى بۆ خەڵكى كوردستان بەگشتى و دەسەڵاتداران بەتایبەتى دڵخۆشكەرنابن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست