بەرۆحی سەركەوتن و گۆڕانكاری دیموكراتییەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین
Thursday, 05/02/2009, 12:00
رۆژی سێشەممە 3-2-2009 بەسەرپەرشتی سەرۆكی پارتیمان هەڤاڵ (دیار غەریب) ئەنجوومەنی پارتیمان كۆبوونەوەیەكی فراوان و تایبەتی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان ئەنجام دا و لەمبارەیەوە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پ چ د ك) گەیشتە بڕیارێكی كۆتایی و یەكلاییكەرەوە.
كۆبوونەوەكە چوار كاتژمێری خایاند و زۆربەی كادیران و نوێنەری رێكخستنەكانی (پ د چ ك)ش ئامادەبوون و تێیدا بارودۆخی سیاسی گشتی هەڵسەنگێندراو دەستنیشانی ئەوە كرا كە لەكاتێكدا پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە رۆژەڤەوە كە بارودۆخی سیاسی لەئاستى نەتەوەیی و دیموكراتییەوە لەبەردەم گۆڕانكارییەكی جددی دایەو تادێت ناكۆكی و ململانێیەكانى ناوچەكە و ئێراق و هەرێمی كوردستان قووڵتر دەبنەوە و كێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانیش بنبەستتر دەبن. بەتایبەتى گەندەڵی، پێشێَلكردنى مافی مرۆڤ و سەروەرنەبوونى یاسا، كوشتن و خۆسووتاندنى ژنان، كۆچكردن و بێكاركردنى لاوان، چۆلكردنى گوندەكان و مشەخۆركردن و بەمیللیشیاكردنى كۆمەڵگا، بەهەدەربردنى توانستە ماددی و مەعنەوییەكان و دەیان پەتا و گرفتى تر تەنگی بەكۆمەڵگا هەڵچنیوە و بەدواى دەرەتان و چارەسەرییەكی بنەڕەتیدا دەگەڕێت، كە كەرامەت و شكۆی تاك و كۆمەڵگاى تێدا پارێزراو بێت. ئەمەش وایكردووە كە سەرجەم دەسكەوتە نەتەوەییەكانى گەلەكەمان بكەوێتە ژێر هەڕەشەى نەمانەوە. بۆیە لەرەوشێكی وەهادا گۆڕانكارییەكی دیموكراتی و یەكڕێزی نەتەوەیی وەك پێداویستیەك خۆی دەسەپێنێ.
لەسەر ئەو بنەمایە؛ سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی لەتوركیا و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەباشوور و هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق خاوەنی گرنگییەكی مەزنن لە یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی و ململانێیەكان و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لە ناوچەكە و توركیا و ئێراق و باشووری كوردستاندا و دەكرێ ئاكامی باشی ئەو هەڵبژاردنانە ببێتە بناخەیەكیش بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی دیموكراتی و تۆكمەكردنی یەكێتی نەتەوەیی كوردان. بۆیە وەك ئێمە (پ چ د ك) پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەگەرەكان بەهەنگاوێكی گرنگ دەبینین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیموكراتی و رزگاركردنی دەستكەوتە نەتەوەیی و دیموكراتییەكان لەباشووردا.
لەم روانگەیەوە؛ لەمیانەی هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی تێروتەسەلی رەوشی سیاسی ئێستادا ئەنجوومەنی پارتیمان بەكۆی دەنگ بڕیاری بەشداریكردنێكی بەگوڕوتینی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دا. ئەم بڕیارە بەجورئەتەی پارتیمان بەو رادەیەی بەمافێكی رەوای یاسایی و سیاسی خۆمانى دەزانین ئەوا لەهەمانكاتیشدا وەك ئەركێكی نەتەوەیی و دیموكراتی خۆمانى دەبینین بۆ ئەوەی رۆڵێكی مەزنتر ببینین لەچارەسەركردنی كێشەو گرفتە هەمەلایەنەكان و ئاراستەگیركردنی رووداو و پێشهاتەكان بەئاراستەی نەتەوەیی و دیموكراتی.
هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە بەشداربوونی پارتیمان (پ چ د ك) لەم هەڵبژاردنەدا وەك پارتێكی كوردستانی و دیموكراتی ئۆپۆزیسیۆن و سەركەوتنمان تێیدا دەبێتە فاكتەرێكی مەزن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكى گرنگ لەپرۆسەی سیاسی لەباشووری كوردستاندا. ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا باس لە شێواز و چۆنێتی بەشداریكردنمان لە هەڵبژاردنەكەدا كرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پارتیمان وەك پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتى و خاوەن فەلسەفەى ئازادی، تەواوى شێواز و رێگاكانى بەشداریكردنى یاسایی و دیموكراتیانە بۆخۆی بەبنەما وەردەگرێت و لەهەموو ئاستەكاندا بڕیار و ئیرادەی ئازادانەى خۆی دەپارێزێت و خاوەن دەستپێشخەرى دەبێت و هەموو شێواز و دەرفەتەكانى بەشداربوونیش بەكراوەیی دەهێڵێتەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە؛ ئەنجوومەنى پارتیمان لەكۆبوونەوە ئاوارتەكەى خۆیدا بەم بڕیارانەی خوارەوە گەیشت:
1. پارتیمان بەباوەڕ بەخۆبوون و متمانەیەكی زۆر بە سەركەوتنەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە لە 19ی مایسی 2009 دا ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردن بە پرۆسەیەكی دیموكراتى دەبینێت و بە میكانیزمى هەرە گونجاو و یاسایی دەزانێت بۆ دەستاودەستكردنى دەسەڵات و گۆڕانكارى سیاسی و كۆمەڵایەتى.
2. پارتیمان لەچۆنێتی بەشداربووندا هەموو رێگا و شێوازەكانی بەشداربوون وەك (لیستی سەربەخۆی پ چ د ك، لیستی كاندیدە سەربەخۆكان، لیستی بەرەیەك یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكە) بەشێوازی گونجاویان دەزانێت بۆ بەشداربوونمان لەم هەڵبژاردنەدا.
3. لەئەگەری هەر بەشداربوونێكمان لە لیستی كاندیدە سەربەخۆكان یان هەر لیستێكی دیكەى هاوبەشی بەرەیەك یان هاوپەیمانێتییەك مسۆگەر بەرژەوەندییە نەتەوەیی و دیموكراتییەكان و سەروەری یاسا و نەهێشتنی گەندەڵی بەبنەما دەگرێـت.
4. هەر كەسێكی وڵاتپارێز و دیموكراتیخواز دەیەوێت لەگەڵ لیستی سەربەخۆی (پ چ د ك) یان لیستێكی سەربەخۆی كەسێتییەكاندا خۆی كاندید بكات ئەوا ئێمە وەك (پ چ د ك) دەتوانین لەنێو گفتوگۆ و دانووستاندنێكی كراوەدا راو سەرنجی خۆمان لەسەر هەر پرۆژە و دەستپێشخەرییەك دەرببڕین و بگەینە ئەنجامێكی ئیجابیانە و بەرهەمدار.
5. هەروەها ئەو گفتوگۆ و دانوستاندنانەى كە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان و كەسێتیەكاندا دەستمان پێكردووە بەردەوامی پێدەدەین و ئامادەیی و كراوەیی خۆمان نیشاندەدەین بۆ هەر رێككەوتن و هاوپەیمانێتیەك كەخزمەت بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكە بكات.
لەسەر ئەو بنەمایە؛ بانگەوازی لەسەرجەم كادیرو ئەندام و دۆستانمان دەكەین كە بە باوەڕبەخۆبوونێكی مەزنەوە لەنێو خۆئامادەكردن و جموجۆڵ دابن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا و دەبێت ئەو راستییە دەرك پێبكەین كە ئێمە توانستی سەركەوتنمان زۆرە ئەگەر هەموو هێزو تواناكانمان یەكبخەین ئەوا دەتوانین سەركەوتنێكی مەزن و بەرچاو بەدەستبهێنین و پێگەیەكی شایستە لەنێو پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا بگرین.
هەروەها بانگەوازی لەسەرجەم گەلەكەمان، حزب و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوە دیموكراتی و مەدەنییەكان، كەسێتییە وڵاتپارێز و دیموكراتیخوازەكان دەكەین كە بەبەرپرسیارێتی و گیانی دیموكراتیانەوە هەریەكە و بەگوێرەی ئەرك و مافی خۆی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكات و بەهیچ شێوەیەك دەرفەتی ساختەكاری و شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن نەدات. ئیدی با بەدەنگدانى خۆمان موحاسەبەى ئەو كەس و لایەنە دەسەڵاتدارانە بكەین كە حەڤدە ساڵە مشەخۆرانە لەسەر دەسكەوتە نەتەوەییەكانى گەل لێی پاڵكەوتوون و خزمەتێكی شایستەیان بەگەل نەكردووە، با سەركەوتنی ئیرادەی ئازادی گەل لەم هەڵبژرادنەدا ببێتە سەنگی مەحەك و بنەمای سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراتییە.
4-2-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست