کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی و گرێی سەرۆک بوون!

Tuesday, 04/08/2015, 12:03


دامەزراندنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک بەرزترین یەکەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە کوردستاندا دەیەیەک پڕ دەکات! بە درێژایی ئەو دەیەیە سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە مەسعود بارزانی بووە، بە ئەندازەیەک هەر کە ناوی سەرۆکایەتی هەرێم دێت هەمووان ناوی بارزانیان دێتە بەر زەین و هەست و نەستی گشتی خەریکە ئەوە قبوڵ دەکات کە سەرۆکایەتی هەرێم پۆستێکە بەئاگاییەوە بۆ بارزانی تەرخانکراوەو هەڵبەت کەمیش نین ئەو لایەن وکەسانەی " ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ " کار لەو پرۆسەی تەڵقیندانەی خەڵکی کوردستاندا دەکەن، بێباک لەوەی پرۆسەکە " بەتەواوی"  کۆمەڵگای کوردستان هاوتا دەکات بە کۆمەڵگا داخراوە دیکتاتۆریەکان کە سەرۆک تا دەمرێت سەرۆکە و ئەو  " دەستپێکە کەم و کورتە "  لە دانانی بنەمای کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و کراوەی نیمچە ئازاددا کۆتایی پێ دێنێت کە زیاتر زادەی باڵانسی هێزە سیاسییەکانە  نەک باوەڕ بوون بە کولتوری دیموکراتی!
هەردوو وادەی یاسایی و تەوافوقی سەرۆکایەتی بارزانی بە زوویی کۆتاییان پێدێت لێ هیچ ڕوون نییە جەنابی سەرۆک کورسییەکەی بە سانایی چۆڵ بکات! دیارە هەڵەی گەورە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەگەڕێتەوە کاتێک ئەو هەموو دەسەڵاتە درا بە سەرۆکی هەرێم، پۆستێک بەو هەموو ماف و دەسەڵاتەوە بە ئاسانی دەستاودەستی پێ ناکرێت بە تایبەتیش لە ووڵاتێکدا کە بەناو ئاشوبی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیووەو ترس و بێ متمانەیی هێزە سیاسییەکان لە یەکتری بەردەوامە. پرسیاری زیندوو لێرەدا ئەوەیە ئایا بەخشینی ئەو هەموو دەسەڵاتە بەو پۆستەی سەرۆکی هەرێم هەیەڵەکی سیاسی نائاگایانە بووە یاخود بەوپەڕیی ئاگایانە کراوەو لە هەمانکاتیشدا حیساب بۆ چۆنیەتی مانەوەی تاهەتایی ئەو پۆستە لە تەنیا دەستێکدا کراوە!؟
سیستەمی سەرۆکایەتی، سیستەمی ناو  پارتی دیموکراتی کوردستانە گواستراوەتەوە ناو سیستەمی سیاسی هەرێم، ئاساییە ئەو سیستەمە قوچەکییە لەناو پارتیدا سەرکەوتوو بێت کە سەرجەم ئەندامان ڕازی بن سەرۆک تا ئەبەد لە قولەی سەرەوەی سەرۆکایەتیدا نەیەتە خوارێ بەڵام   لەناو فەزای  ئەو هەموو فرە ڕەنگی و فرە جەمسەرە دژ بەیەکەی کوردستاندا هیچ جێگای قبوڵ نییە و سەرکەوتوو نابێت و پشێویی و پەرت بوون و بێمتمانەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە ئەگەر ئەو سیستەمی سەرۆکایەتییە لەناو بازنەی دیموکراتیەتدا نەخولێتەوە لە سەرەتایترین پرەنسیپی دیموکراتی بەهرەمەند نەبێت کە دەستاودەست کردنە!
بارزانی و لاینگرانی لەنێوان کولتوری خێڵ و پەیوەندیەکانی براگەورەیی و برا بچوکیدا لەلایەک و دونیای ئاڵوزو مۆدێرنی سیستەمی فرە ڕەنگی فرە حزبی وتەوافوقاتی پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا لەلایەکی دیکە دوچاری تێکەڵکردن بوون، واتا پێیەکیان  لەناو  سیستەمی فرە حزبی و  هەڵبژاردنی دیموکراتیانە دایە و  بەپێی ڕێژەی بەدەسهێنانی دەنگ  دێنە ناو تەوافوقات و پێکهاتنی سیاسییەوەو  باڵاترین پۆستەکانی حکومەت و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەردەگرن، لەهەمان کاتیشدا پێیەکەی دیکەیان لەناو هزر و بیری خێڵگەرایدا بەجێماوە!  بە ئاسانی بۆیان قووت ناچێت بارزانی " وەک براگەورە " سەرۆکی هەمووان و سەرۆکی ووڵات نەبێت، پەیوەندیەکانی هەرێم بە ناوەوەو دەرەوەی خۆیەوە خاڵی بێت لە ڕۆڵی بارزانی و بەبەرچاوی بارزانییەوە سەرۆک و وەفدی ووڵاتان بێن بۆ کوردستان و لەگەڵ بابایەکی دیکەدا کۆببنەوەو وەزع و ئایندەی هەرێمەکە تاوتوێ بکەن! لە کاتێکدا ئەوە سروشتی هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتییە کە هەر سەردەمەو دەنگ و ڕەنگ و ڕوخسارێکی جیاواز نوێنەرایەتی ووڵات دەکات!
بە بڕوای من، پێداگیری مکوڕی پارتی و بارزانی و لایەنگرانیان لەسەر مانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا بەو ئاقارە دەگات یان بارزانی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە یاخود ئەو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمە بە تەواوی کۆتای پێ دێت و لەبەرامبەردا ئەگەر بتواندرێت کۆنگرەی نەتەوەی ببەسترێت وبە کۆی دەنگی پارتە سیاسیەکان بارزانی بکرێتە سەرۆکی کۆنگرەکە " کە ئەگەرێکی دورە" دەنا دامەزراوەیەکی دیکەی وەکو  " مەجلیسی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی هەرێم" کە هاوشێوەکەی لە ئێراندا هەیە، دابمەزرێت و بارزانی سەرۆکایەتی بکات!
بارزانی دەیەوێت سەرۆک بێت لێ سەرۆکی هەمووان واتا سەرۆکی گەورەترین دامەزراوەی سیاسی لە هەرێمدا! تا بە شێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتە گرنگەکان  لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوەو لە ئانوساتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت بەوە هەم ئاسایشی خۆی و بنەماڵەکەیی و پارتی دابین دەکات هەم غروری سیاسی خۆی تێرئاو دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە