کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەش حزب دژی شەش كەس.. ئایا چارەنووسی دەنگی شەقام چی بەسەر دێت؟

Wednesday, 11/05/2011, 12:00


تێبینی کوردستانپۆست: سۆران حه‌مه‌ که‌ریم هه‌ر که‌سێکه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌، هه‌ره‌رها وه‌کو له‌ له‌ کۆتاییشدا ره‌خنه‌گره‌کانی ده‌سه‌لات به‌ سه‌گ ده‌چوێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌خه‌ینه‌ جێی خۆی، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر کوردستانپۆست ده‌کات و ده‌ڵیت و له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌کات و  پێی وایه‌ نووسینه‌که‌ی د. فایه‌ق فه‌رامۆش کراوه‌، لێره‌دا ئه‌مه‌ وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ نه‌خێر  کاکی برا  ئه‌و نووسینه‌ فه‌رامۆش نه‌کرابوو،  د. فایه‌ق به‌ هه‌ڵه‌ گمانی له‌سه‌ر لابردنی کردووه‌، ئه‌و رۆژه‌ی که‌ نووسینه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ 55 بابه‌تی نوێ دابه‌زیاوه‌ (2011-04-19) هیچ ماڵپه‌ڕێک رۆژانه‌ ئه‌وه‌نده‌ نووسین و بابه‌تی دانه‌بزاندووه‌ دیاره‌ دوای  یه‌ک دوو رۆژ ئۆتۆماتیکی ئه‌و بابه‌ته‌ نوێیانه‌ی تر که‌ داده‌به‌زن ئیتر کۆنه‌کان ده‌چنه‌ ئه‌رشیفه‌وه‌، ئه‌وه‌ی د. فایه‌ق له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئێمه‌دا بووه‌ و بایه‌خیشمان پێیداوه‌، وا له‌به‌ر خاتری هه‌ردوولا جارێکی تر دایده‌به‌زێنینه‌وه‌، چونکه‌ سیاسه‌تیی ئێمه‌ بۆ نه‌مانی ده‌سه‌ڵات له‌و وتاره‌یدا یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی که‌ ئێمه‌ لایبه‌رین.

***********************************
لەوانەیە تاقە ئیجماعێكی بەرچاو كە ئەم ماوەیە من بینبێتم، ئەوە بووبێت كە لە یەك كاتدا شەش حزبی وەك (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، كۆمۆنیستی كرێكاری) لەبەرامبەر شەش كەس، كە سەردانی سەرۆكی هەرێمیان كردبوو، دروست بوون، لە هەمانكاتیشدا هەموویان بە یەك شێوە هاتنە وەڵام یان هەڵوێستیان راگەیاند. پێش ئەوەیشی بكەونە شەن‌و كەوی ئەو دژایەتییە پێم خۆشە پوختە‌و ئاماژەكانی هێرشی ئەو شەش حزبە لە چەند پەراگرافێكدا دەربخەم. بەڵام پێش ئەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە "تاوان"ی ئەو شەش كەسە چییە وا بەرەیەكی فراوانی دۆست‌و دوژمنیان لەسەر دروست بووە.
لەبەر ئەوەی من بە وردی لە نزیكەوە ئاگام لە ئەنجومەنی كاتی سەرا نەماوە، سەرەتا زانیارییەكانم لەسەر ئەو ئەنجومەنە‌و سەردانەكانیان لە رێگای بەیاننامەی دوو كەسی ئەنجومەنەكەوە بیست كە رایانگەیاندبوو ئێمە سەردانی بارزانی ناكەین‌و بڕوامان بە دانیشتن نییە‌و ئەوانیش سەر بە حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانن، دواتر زانیاری وردترم لە راگەیاندنە رۆژنامەگەرییەكانی ئەو بەڕێزانەوە دەست كەوت كە وازیان لە خۆپیشاندان‌و ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی هێناوە‌و خەریكی كاری خۆیانن، ئەوانیش وەك ناسك قادر، فاروق رەفیق، سۆرانی عومەر‌و شێركۆ جەودەت، دوای ئەوانیش هەندێك زانیاری ترم لەرێگای رۆژنامەی ئاوێنەوە دەست كەوت‌و بە حەقەتیش بڵێم سەرەتا بەهۆی ئەو زانیارییانەوە رقێكی زۆرم لەسەر ئەو كەسانەی هەستاون بە سەردانی بارزانی بۆ دروست بوو، بە تەلەفونیش توڕەیی خۆم پێڕاگەیاندن، بەڵام ئەوان زۆر بە هێمنی هەر دەیان وت چاوەڕوان بە دوای ماوەیەكی تر رونكردنەوەمان هەیە‌و كۆنگرەی رۆژنامەگەری دەبەستین. من پێ‌ بەپێ‌ی دەستكەوتنی زانیاری زیاتر‌و گوێگرتن لەخۆیان، وەك تەرەفێكی تری بابەتەكە، توڕەیەكەم نەماوە‌و بۆیە لە خۆم پرسی ئایا دەكرێَت كەسانێك هەستن بە فرۆشتنی خۆپیشاندانەكان بە بارزانی بەڵام هەر ئەوە ئەوانەن بەوە تاوانبار دەكرێن كە ئیلتیزام بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكانەوە ناكەن‌و دەیانەوێت درێژە بە ئەنجومەنەكان بدەن‌و داواكارییەكان بیر خەڵك‌و دەسەڵات بخەنەوە؟ بە تایبەت، كە ئەوان رونكردنەوەیان دا‌و لە رونكردنەوەكەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە داوە، كە لەو دانیشتنەدا پێیان لەسەر داواكارییەكان داگرتووە‌و سەرجەم 36 خاڵی داواكانیان لە كۆبوونەوەكەدا خوێندوەتەوە‌و بە تایبەتیش داوایان كردووە بكوژان بدرێنە دادگا‌و چەكدارەكان لەناو شار دوور بخرێنەوە‌و داواكاری گشتی چالاك بكرێت‌و یاسای خۆپیشاندان هەڵبواسرێت‌و هەڵبوەشێتەوە‌و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری كراوەدا‌و بێ‌ منەتانە داكۆكیان لە كارەكانی خۆیان كردووە، ئایا خراپی ئەمە لە كوێدایە؟ مەگەر خۆپیشاندەران هەر ئەمانەیان نەووتووە، مەگەر هەر ئەوانە داواكاری خۆپیشاندەران‌و ئەنجومەنەكان نەبوون؟ ئەی بۆ هەر شەش لایەنەكەی كوردستان، بە یەكەوە‌و بە یەك ئاواز كەوتنە دژایەتیان‌و ئەوەندەی بۆیان كراوە رقی خۆیانیان پێڕشتووە.
لەكۆتایی بابەتەكەدا دێمەوە سەر ئەوەی كە ئەو رق‌و نەفرەتە لە كوێوە هاتووە، با لێرەدا بچمە سەر هێرشی ئەو شەش لایەنەی كە بە شێوازی جۆراوجۆر‌و كەوتنە دژایەتی ئەو شەش كەسەی سەردانەكەیان كردووە.
جیا لەوەی كە پارتی بە شێوەیەكی بەردەوامی دژایەتی خۆپیشاندەران‌و ئەنجومەنی مەیدانی سەرای ئازادی كردووە، لەكاتی بانگهێشتكردنی ئەو كەسانەیش بۆ دانیشتن، بە دوو شێوە دژایەتی كردوون، یەكەم لە راگەیاندنەكانی خۆیاندان هیچ گرنگیان بەو دانیشتنە نەداوە‌و باسیان نەكردووە‌و لەكاتی هاتووچۆیشدا لە رێگا تووشی گرتن بوون‌و بەو شێوەیەش قورسایی چوونەكەی ئەوان لەبەر چاو نەگیراوە‌و هەوڵ دراوە كەمتر لە قورسایی خۆی بخرێتە بەر چاو.
یەكێتیش جیا لە دژایەتییە دێرینەكەی خۆی بۆ خۆپیشاندەران‌و ئەنجومەنەكە‌و بۆ ئەو كەسانەی وەك ئەندامی ئەنجومەنەكە كاریان كردووە، كە هەر هەموویان تا ئێستایش ئەمری گرتنیان هەیە، ئەوا لەم كەیسەدا بە شێوازێكی تریش دژایەتییان كردوون، بەڵام ئەم جارەیان زیاتر دژایەتییەكە ئیدارییە. وەك ئاگادارن لە راگەیاندنەكانی چەند مانگی پێشوودا هاتبوو، كە چەند جارێك بەرهەم ساڵح داوای دانیشتنی لەئەنجومەن كردووە، بەڵام ئەوان رازی نەبووبوون لەگەڵیدا دابنیشن، چوونی لەناكاوی ئەوان بۆ لای پارتی بووە شۆكێك بۆ یەكێتی‌و بەتایبەت بۆ بەرهەم ساڵح كە وەك سەرۆكی حكومەت كار دەكات‌و لانیكەم خۆی بە خاوەنی ئیدارەی سلێمانی دەزانێت. بۆیە لەم لایەنەوە دژایەتیكردنەكەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو كەسانە لەرێگای رۆژنامەی ئاوێنەوە جێبەجێ‌ كراوە، كە دەزانرێت پەیوەندییەكی بەتین لەنێوان بەرهەم ساڵح‌و سەرنووسەرو یەك دوو كەسی كارای ئەو رۆژنامەیەدا هەیە. ئەو رۆژنامەیە بابەتەكەی كردە مانشێت‌و بەناوی "چاودێرەكەی ئاوێنە"، كە جیا لە سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە كەسی تر نییە‌و لە هیچ رۆژنامەیەكی ئەم جیهانەیشدا شتێك نییە بە ناوی چاودێری ئاوێنە یان بەناوی چاودێری رۆژنامەیەكی دیاریكراو، ئەوەی راگەیاند كە سەردانی بارزانی مایە پوچ بووە‌و نەیتوانیوە هیچیان دەستبكەوێت. ئەمەیش بۆ ئەوە بووە بڵێن ئەگەر بەرهەم ساڵح نەیتوانیبێت شتێك بكات بۆ خۆپیشاندەران، كە بەتایبەت ئەو چەند جارێك نامەی ناردووە وتویەتی داواكانتان رەوایە، ئەوا بارزانیش ناتوانیت هیچ بكات. لەرێگای ئەم رۆژنامەیەوە دەتوانین شۆكی یەكێتی‌و سەرۆكی حكومەت ببینین، شۆكەكە لە شێوازی زانیاری‌و هەڵە‌و پەلەكردن‌و بە هەند وەرنەگرتنی رای ئەوانەی هەواڵەكەیان لەسەر ئامادەكراوە، دەبینرێتەوە. تاكە مەبەستی ئەو رۆژنامەیەش ئەوە بووە ئەو پەیامەی یەكێتی بگەیەنێت‌و هیچ مەبەستێكی رۆژنامەگەری لە جۆری گواستنەوەی هەواڵ‌و رووداوەكان نەبووە. با ئەمە قسە فڕێدان نەبێت‌و دوو نمونە بۆ راستی ئەو قسەیەمان بێنینەوە. یەكەم سەرنووسەری رۆژنامەكە تەلەفونی بۆ یەكێك لە ئەندامانی وەفدەكە كردووە‌و پێی وتوون مەچن بۆ دانیشتن و.... ، ئەمەیش ئیشی سەرنووسەری رۆژنامە نییە، ئەوەندەی ئیشی كەسێكی سیاسی‌و لایەنگرە لە شتێكی دیاریكراو، دووەم سەر لەبەری هەواڵەكە پڕە لە زانیاری ناڕاست‌و ئەمەیش دەیسەلمێنێت كە چۆن ئامانج لە داڕشتنی هەواڵەكە زانیاری نییە بەڵكو دژایەتییە، بەڵگەی ئەم قسەیەشمان ئەوەیە، كە لە نێوان دوو پەرەگرافی هەواڵەكەدا چەندان هەڵەی زانیاری هەیە، لەوانە
1- بە هەڵە نوسراوە ئەندامانی ئەنجومەنەكە 34 كەس بووە، بەڵام راستییەكەی 31 كەس بوون.
2- بە هەڵە نوسراوە 24 كەس لەگەڵ هەڵپەساردندا بوون، بەڵام راستییەكەی 16 كەس بوون.
3- بە هەڵە نوسراوە 10 كەس لایەنگری مانەوەی ئەنجومەنەكە بوون، بەڵام راستییەكەی 6 كەس بوون.
4- هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەو كەسانەوەی تیا نییە كە داوایان كردووە ئەنجومەنەكە نەمێنێت، دا نەنانی ئەم زانیارییانەش دەست ئەنقەست بووە، چونكە 2 لەو 3 كەسەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەدا بوون، دۆستی نزیكی ئاوێنە‌و سەرنووسەرەكەی ئەو رۆژنامەیەن‌و دۆستی كۆنی حزبی یەكترن.
5- بە هەڵە نوسراوە ئەوانەی درێژەیان بە ئەنجومەنەكە داوە 10 كەسن، راستییەكەی 12 كەسن.
6- وتراوە نەیانتوانیووە كەسانی دەرەوەی شارو شارۆچكەكان بۆ خۆیان رابكێشن، راستییەكەی یەكێك لەوانەی بەشداری سەردانەكەی كردووە لە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی رانیەوە هاتووە.
7- وتراوە ئەو 10 كەسە لەوانە بوون كە داوای بەردەوامی ئەنجومەنەكەیان كردووە، بەڵام ئەوانەی داوای بەردەوامیان كردووە، 10 نەبوون‌و 6 بوون، ئەوانەی تر لەوانە بوون كە لەگەڵ هەڵپەساردنیدا بوون.
هەموو ئەو هەڵانە لە نێوان دوو پەرەگرافی 15 دێڕی ستونێكی رۆژنامەكەدا كراوە، واتا هەر دوو دێڕێك هەڵەیەكی تێدا كراوە، سەرجەم هەڵەكانیش دەریدەخەن كە مەبەست لە هەواڵەكە زانیاری نییە بەڵكو جێبەجێكردنی ئەركێكە.
جیا لەمانەیش، ئەوان كاتێك هەواڵی كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەیان بۆ سایتی ئاوێنە ئامادە كردووە، وەك "كۆمەڵێك كەس" ناویان هاتووە‌و سەرجەم ئەوانەیان لا بردووە كە ئەوان بە ناوی ژمارەیەك لە ئەندامانی پێشووی ئەنجومەن كاریان كردووە، ئەوە جیا لەوەی كە رونكردەوەی ئەو كەسانەیان لە سایت‌و رۆژنامەكە دانەگرتووە‌و لە هەواڵەكەی ئاوێنەیشدا ئاماژەیان بۆ نەكردووە، لە بەرامبەر دا ژمارەیەك نووسینی دژیان لەسەر داگرتوون. رونكردنەوەی كەسانێكی ژمارەیەك لە ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی كاتی وەك كۆمەڵە كەسێكی نادیار ئاماژە پێدەدەرێت‌و قسەی یەك ئەندامی نوێنەری یەكگرتوو لە ئەنجومەنی كاتی وەك "ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی" ئاماژە پێدەدەن. من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە، كە ئەمە لەگەڵ عورفی رۆژنامەگەریدا دێتەوە یان نا، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە ئەوە دەربخەم كە چی ئەركێك جێبەجێ‌ دەكەن.
كۆمەڵی ئیسلامیش، لەرێگای سۆران عومەرەوە كەوتە دژایەتی ئەو كەسانە‌و لە رونكردنەوەیەكدا پێی وتوون كە رێگاتان نادەین بە ناوی ئەنجومەنەوە قسە بكەن. لەراستیدا ئەم قۆرغكردنەی سۆران، قۆرغكردنی كۆمەڵە‌و سۆران وەك نوێنەری ئەو رێكخراوە بەشداری لە خۆپیشاندانەكاندا كردووە. وەك ئەوەی لە نوسینێكدا د. فایەق ئاماژەی بۆ كردووە سۆران ئەندامی ئەنجومەن نەبووە‌و بۆی نییە بەو ناوەوە ئیجازە بە كەس بدات‌و ئیجازە لە كەس وەربگرێتەوە. سۆران ئاماژەی دژایەتی كۆمەڵە بۆ ئەو كەسانە‌و سایتی ستاندەرش كە سەر بەو حزبەیە، تا نوسینی ئەم چەند دێڕەش لەسەرجەم ئەو هەموو نوسین‌و رونكردنەوانەی ئاماژەیان بۆ كراوە، تەنیا رونكردنەوەكەی سۆران عومەری ئەندامی خۆیانی بڵاو كردووەتەوە. ئەم جیا لەوەی بوونی سۆران جێگای گومانە‌و ئەو بە كەسێكی سەر بە دژە تیرۆر ناسراوە‌و مەلا كرێكار لە شوێنێكدا ئاماژە بۆ رۆڵی جاسوسی ئەو بەسەریەوە دەكات كاتێك سەردانی نەرویجی كردووە. هەروەها ئەو كەسە شەوی سوتاندنی سەیارەكەی، سەرجەم وەرەقە‌و ئجازە‌و شتە تایبەتییەكان كەلە ناو سەیارەكەدا بووە دەریهێناوە‌و تەنانەت دوو كتێبی د. فاروق رەفیق كە لەناو سەیارەكەدا بەجێماوە پێش سوتاندنەكە دەرهاتووە‌و نەسوتاوە...
یەكگرتوویش، بەهەمان شێوەی كۆمەڵ هیچ ئیعترافێك بە شەقام ناكات، د. موسەنا بە ئاشكرا لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەندا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئێمە نەبین شەقام چییە‌و ئەگەر ئێمە واز بێنین شەقام نامێنێت‌و سەرەنجامیش شێركۆ جەودەتی یەكگرتوویش، كە وەك كاك فاروق رەفیق لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەندا وتویەتی، ئەو كەسە بۆ ئەوە هاتۆتە ناو ئەنجومەنەوە تا بیكەن بە وەزیر‌و هەموو حەزی ئەوە بووە لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا منەزەرە بكات، رونكردنەوە دەر دەكات‌و دەڵێت كەس بۆی نییە بە ناوی شەقامەوە قسە بكات‌و بەو شێوەیەش دەیانەوێت شەقامیش قۆرخ بكەن، وەك بڵێی ئەوان دایك‌و باوكی شەقامن‌و ئەوانەی لە بەناوی ئەنجومەنی كاتییەوە قسە دەكەن لە ئاسمانەوە هاتبن.
گۆڕانیش بەدەر نییە لە دژایەتیكردنی ئەو كەسانەی كە سەردانی بارزانیان كردووە، سەرباری ئەوەی كە دەوترێت ئەوان پیًش چوونەكە سەردانی نەوشیروانیان كردووە‌و لە ئەگەرەكانی ئەو سەردانە ئاگاداریان كردوونەتەوە، بەڵام ئێستا ئەوان پێیان وایە نەوشیروان لەگەڵیاندا راست نەبو‌وە ، چونكە جیا لەوەی كە لە دەزگا راگەیاندنەكانی خۆیاندا رێگایان نەداوە هیچ رونكردنەوە‌و هەواڵێكی ئەوان بڵاو بێتەوە، ئەوان بەردەوام قسەی ناسك‌و فاروق رەفیقیان لەدژی ئەوان بڵاو كردووەتەوە‌و مانشێتەكانی وەك "كەس بۆی نییە بە ناوی خەڵكەوە قسە بكات" ، یان لە زمانی ناسكەوە داوا دەكات پێویستە دەسەڵات بەدەم داخوازییەكانی خەڵكەوە بێت‌و لەو لایشەوە بە تەواوی بایكۆتی میدیایی هەر جوڵەیەك دەكات كە بكەوێتە دەرەوەی گۆڕان‌و ئۆپۆزیسۆنە‌وە، مانا نەوتراوەكانی ئەمانەش ئەوەیە كە دژایەتی ئەو حزبە بۆ ئەو كەسانەی سەردانی بارزانیان كردووە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە نایەوێت لە دەرەوەی خۆی كەس باسی داخوازی‌و داواكاری بكات.
كوردستانپیۆستیش كە تەواو كەری راگەیاندنی گۆڕانە، جیا لەوەی وتارێكی د. فایەق لادەبات بەو بیانووەی داوای روخاندنی دەسەڵاتی سیاسی كردووە، خۆیشی هەموو شیعارەكانی (راپەڕین، روخاندن، هاندان) لادەبات‌و دەكەوێتە جنێودان بەوانەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا دادەنیشن‌و كەسانێك راستگۆیی‌و دڵسۆزی‌و پاكیان پێدەفرۆشتنەوە كە خۆیان بە حسابی (نەخۆشی نەفسی) پارە لە حكومەتەكانی ئەوروپا وەردەگرن‌و هیچ ئیشێك ناكەن، ‌و داوایش دەكەن جیا لە ئۆپۆزیسۆن كەس نەچێت لەگەڵ دەسەڵاتدا داوای دانیشتن بكات. هەر ئەوان ئاشبەتاڵی ئەندامەكانی تری ئەنجومەنی كاتی وەك شۆِرش رادەگەیەنن‌و دەكەونە دژایەتی ئەوانەی دەیانەوێت هەوڵی رێكخستنەوە‌و بەردەوانی ئەنجومەنەكان دەدەن‌و خۆیشیان لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادی بە فۆنتی گەورە رایاندەگەیاند دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان‌و سەرەنجامیش غیرەتی ئەوەیان نەبووە تا بانەش بێنەوە‌و سەرجەم ئیشی ئەم ماوەیان جنێودان دەبێت بەو شەش كەسە.
ئاخر جاریش، پێویستە ئاماژە بۆ دژایەتی كۆمۆنیستی كارێكاری بۆ سەر ئەو كەسانە بكەین كە بەو دانیشتنە هەڵساون. ئەوەندەی لەبارەی سیاسەتی ئەو حزبەوە شارەزا بم، پێم وایە گوتارێكی دیاریكراویان نییە، تەنیا بە شوێن ئەوەوەن حزبەكەی خۆیان بەهێز بكەن‌و خەسرەو سایەش لە ناو پلاتفۆرمی چەپدا وتویەتی هیچ نەبێت لەم دۆخەدا ئەگەر هیچیش بۆ خەڵك نەكرێت حزبەكەمان بەقوەتەوە بهێننیە دەرەوە، ئەوان كە چوار كەسیان نەبووە‌و داوای دەسەڵاتی شوراكانیان كردووە‌و دواجاریش شەماڵ عەلی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە، كاتێك بەناوی كۆمیتەی 1ی ئایار لە نالیا مقابەلە دەكات ئەوەی لەبیر دەچێتەوە كە سلێمانی داگیركراوە‌و داوا لە هێزەكانی بەردەركی سەرا دەكات بێت كۆبوونەوەی كرێكاران بپارێزن‌و نەیەڵن ئاژاوەچی‌و بەرد هاوێژەكان تێكەڵاویان ببن، دواتریش لەدواین بەیاننامەدا باسی " هەڵپێچانی‌ دەسەڵاتی‌ میلیشایی‌ ئێستای‌ بورژوازی‌ كورد" دەكەن‌و پێیان وایە خەڵك بێ ئاگا‌و نەخوێندەوارە‌و بەم شێوەیە وشە یەكتربڕەكانیان بەناوی ستراتیژی شۆڕشگێڕانەوە بڵاودەكەنەوە ، هەروەها بەردەوامیش داوا لە دۆستەكانی نەوشیروان دەكەن پەیوەندی سیاسیان لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا بۆ دروست بكات، هاوكات لەناو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت درێژە بە ئەنجومەنی كاتی بدەن، دوو كەسیان هەیە، كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئاراستەی ئەنجومەنەكە نییە‌و پێدەچێت برادەران بۆ زۆركردنی ژمارە ئەوانیشان هێشتبێتەوە‌و كە پێم وایە لەدوای ئەو بەیاننامەوە لە رووی ئەمنیەوە سیقەی ئەوەشیان لەدەستدا بێت، كە بتوانن لەگەڵ ئەو ئەنجومەنەدا بەردەوام بن، هەر لەبەر ئەمەیش لەبری بەهێزكردنی ئاراستەی بەهێزكردن‌و رێكخستنەوەی ئەنجومەنەكان دەكەونە دژایەتی‌و دواین كاریشیان ئەوە بوو كە بەییانامەیەكیان بڵاو كردەوەو رایانگەیاند كە ئەندامانی ئەنجومەنەكەیان سەردانی بارزانی دەكەن‌و هەروا سەردانی نەوشیروانیشیان كردووە. بەیاننامەكە بە ناوی جەمال محسین كە دانیشتووی ئەوروپا‌و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان‌و سالاری ئاسنگەر (ئەم برادەرەیان لەشی ساخبێت مریش فرۆشە نازانم چۆن بووە بە ئاسنگەر) دەركردووە، یەكەمیان پێشتر بە ڤیزەی پارتی چۆتە ئەوروپا‌و ئێستایش بەهۆی ئەوەی واسیتەی وەرگرتنی هەیە لە زانكۆی سلێمانی، خۆی لە دەركەوتن دەپارێزێت‌و دووەمیشیان وا بڕیار بووە یەكێك بێت لەوەفدی چوونەكە‌و، سەرەنجام هەردووكیان لەلایەن سەرۆكەكەیانەوە ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێت بەیاننامە دەربكەن‌و بكەونە دژایەتی ئەو كەسانەی سەردانی بارزانی دەكەن. یەكێك لە ئەندامەكانی پێشووی ئەنجومەنەكە، كە ئێستا وازی لێهێناون لەبارەی ئەو دوانەوە وتی هەمو ئیشەكانیان لە ئەنجومەنەكە ئەوە بووە رۆژانە لای منەسەكەوە 3 تا 4 سەعات سەرە بگرن تا تاهیر حەسەن بۆ ماوەی 10 دەقەیەك بتوانێت قسە بكات.
ئەگەر ترسی پێنج حزبەكەی تر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئەنجومەنەكە لەدەستی ئەوان دەچێتە دەرەوە، یان ئەو برادەرانە بە ویستی ئەوان كار ناكەن، ئەوا ترسی كۆمۆنیستی كرێكاری لەوەوە دێت كە پێكهاتە خێزانییەكەی ئەو حزبە وەك خۆی بهێڵنەوە‌و كەسانێك لەدەرەوەی حزبەكان نەتوانێت باسی داواكانی خەڵك بكات‌و بەو هۆیشەوە بتوانن سیفەتی "لەگەڵ كەس نەبوون"ی خۆیان بەهێزبكەنەوە. بەتایبەت كە ئێستا ئەو حزبە بووەتە سەرچاوەیەكی بەهێزی پەیداكردنی پارە‌و چەندان پرۆژە‌و رێكخراوی وەهمیان دروستكردووە‌و بە لێشاو پارە وەردەگرن. بۆ نمونە، ئەكرەم ناوێكیان بەناوی "یەكێتی شوراو كرێكارییەكانی عێراق!" رۆژانە سەردانی رێكخراوە جیهانییەكان دەكات‌و داوای پارە دەكات، لەكاتێكدا رێكخراوی وا نەك لە عێراق، بەڵكو لە هەموو دنیادا یەك شورای كرێكاری بوونی نییە‌و ئاخر جاریش بەناوی ئەنجومەنی كاتیەوە لە یۆنان داوای كۆمەكی مادی كردووە بۆ خەڵكی كوردستان‌و كەسیش نازانێت ئەو پارە بۆ كوێ‌ چووە. هەروەها رێكخراوێكی وەهمیان بەناوی دژایەتیكردنی دیاردەی تلیاك كێشان دروستكردووە بێ‌ ئەوەی هیچ چالاكییەكی هەبێت، رێكخراوێكی تری وەهمیان بەناوی بەرەنگاری بەزۆر بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 16 ساڵ دروستكردووە‌و جەمال موحسین بەناوی ئەو رێكخراوە كاری كردووە بێ‌ ئەوەی لەواقعدا شتێكی وا هەبێت.. ژمارەیەك رێكخراو‌و سەنتەری وەهمی تریان دروستكردووە، كە هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا بە دۆكۆمێنت لە ئەوروپا ئەو بابەتە بخەمە روو، سەرجەم هەمووشیان بۆ پەیداكردنی پارەیە‌و ئێستایش بارەگای حزبەكەیان لە بینایەكدایە بەناوی سەنتەری منداڵان‌و برادەرێك، كە نەك هەر منداڵ رووی تێناكات، بەڵكو ئەوان منداڵەكانی خۆشیان نابەنە ئەو شوێنە..
ئێستا، سەرباری ئەو نوسینانەی سەرەوە، پێم خۆشە بڕوای خۆم بەوە دەرببڕم كە دژایەتی هەر شەش لایەنەكە لەوە دێت كە نایانەوێت كەسانێك لە شەقام دا هەبن‌و لە دەرەوەی ئەوان باس لە داواكارییەكانی خەڵك بكرێت. بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆنەوە، بە كۆمەنیست‌و رادیكاڵ‌و كۆنەپەرستەوە یەك سەنگەریان هەیە‌و ئەو سەنگەرەیش سەنگەری دژایەتیكردنی سەرهەڵدانی دەنگی شەقامە.
هەرچی دەسەڵاتە پێی خۆشە كۆمەڵگا پارچە پارچەیەك بێت لە پێكهاتی حزبی‌و هەر كاتێك ویستی بەهۆی كۆنترۆڵی حزبەكانەوە سەرجەم خەڵك كۆنتڕۆڵ بكەن.
ئەوەندەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆپۆزیسۆن بێزارن لەوەی كەسانێك هەبن بەناوی شەقامەوە قسە بكەن‌و بۆ ئەوان شەقام تەنیا وەك پاشكۆی خۆیان، جا چ لە شەڕدا بن یان چ مفەوەزاتدا بن، سەیر دەكەن، یان وەك برادەرێكیان زوو لە نوسینەكانیدا باسی دەكات، شەقام ئاوە‌و ئۆپۆزیسۆن ماسییە..
من ئێستا بە چاوی ئومێدەوە دەڕوانمە ئەو ئازایەتییەی شەش كەس لەبەرامبەر شەش حزبدا دەریانبڕیووە. ئەوان لەلایەكەوە سەرباری ئەو ترسەی لەسەریانە‌و سەرباری ئەوەی هەموویان ژیانی شەخسیان تێكچووە، بەڵام وەك سۆران عومەر بابەتی كەیس بۆ راكردن بەرەو نەرویج كۆ ناكەنەوە، وەك فاروق‌و ناسك ناچن لە گردەكەوە باس لە كەمپینی ئیمزا كۆكردنەوەی ناو ئینتەرنێت بكەن‌و ئاشتبەتاڵ بە ئەنجومەنەكان بكەن‌و داوا لە گۆڕان بكەن كەیسی گەندەڵییەكانیان بۆ پەردەپۆش بكەن (كاك فاروق وەعدی بە ئەنجومەنی كاتی دابوو سەرجەم وەسڵەكانی سەرفیاتی خانەی حیكمەتیان بۆ بێنێت‌و پیشانیان بدات، بەڵام ئەوەی نەكرد چونكە وەرگرتنی مانگانەیەكی 25 ملیۆنی بۆ پەردە پۆش نەكراوە)، وەك ئیسلامییەكان ناچن پەنا بەرنە بەر ئێران‌و لەو لایشەوە داوای حكومەتی بنكە فراوان بكەن‌و خۆیان بۆ بوونە وەزیر ئامادە بكەن، لەو لایشەوە رۆژانە خەریكی رێكەوتنی ژێر بەژێر بن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، وەك گۆڕان بێ‌ بەرنامە‌و شڵەژاو نین‌و هەموو ئومێدی خۆیان نابەستنەوە بە مەلا كامەرانەوە، وەك رێكخراوە نا حكومییەكان داوای هەڵوەشاندنەوە‌و راگرتنی سێ‌ مانگە‌و شەش مانگەی خۆپیشاندان‌و ئەنجومەنەكان ناكەن تا بەرەكەتی پارەیەكی هەڵڕژاویان لێ تێكنەچێت، وەك كۆمۆنیستی كرێكاری كاری جاسوسی ناكەن‌و بەهۆی بەیاننامەكەی ئەوانەوە كە وتوبویان چوونەتە لای نەوشیروان لە رێگا بۆ ماوەی 20 دەقە لەلایەن پاراستنەوە سجنكرابوون‌و خۆیشیان ئەمانەیان زانیوە‌و تەلەفونیان بۆ یەكێك لە وەفدەكە كردووە‌و پێیان وتووە مەچۆ بۆ هەولێر با لە رێگا نەگیرێت.
بە ڕای من ئەم شەش كەسە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێكی تریان بنیات ناوە، بۆیە داوام لە دۆستان‌و كەسانی دڵسۆزیش ئەوەیە كە بەهۆی بەكارهێنانی ناوی ئەنجومەنەوە نەكەونە دژایەتیان، نەبنە ئەجێندای حزبەكان‌و با ئەمە سەرەتایەك بێت بۆ دەركەوتنی شەقام، با ئەوان بە هەمان رادەی چاوەڕوانیان لە دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆن، چاوەڕوانیشیان لە شەقام هەبێت‌و لە نزیكەوە لەگەڵیدا بكەونە پەیوەندییەوە، ئەگەر رێگایەكی تر لە ئێستادا بۆ درێژەی ناڕەزایەتییەكان شك دەبەن بیخەنە بەردەم ئەو برادەرانە‌و تەنیا ئیشیان ئەوە نەبێت ببنە كەرەستەی راگەیاندێكی بێ‌ سەرو بەری ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا هەیە. من لە ئێستادا نازانم ئەم ئاراستەیە بەرەو كوێ‌ دەڕوات‌و ناتوانم زەمانەتی سەركەوتنەكەی بكەم، بەڵام پێم وایە سەرەتایەكی باشە‌و دەكرێت ئەگەر چەند خاڵێك لەبەر چاو بگرن سەركەوتوو بن، ئەوانیش:
1- خۆیان بپارێزن لە شەڕە جنێوو بەرپەرچدانەوەی ئەو نوسینانەی كە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە ناكات.
2- هەوڵ بدەن پەیوەندییەكی بەتینتریان لەگەڵ ئۆپۆزیسۆندا هەبێت‌و شەرمیشیان لەوە نەبێت كە بڵێن سەردانی نەوشیروان‌و عەلی باپیر‌و سەلاحەدین بەهادین دەكەن، بەڵام با ئەم پەیوەندییە دوو لایەنە بێت‌و پەیوەندییەكی دیبلۆماسی بێت‌و وەك پێشتر نەبێت كە دیار نەبوو كێ‌ شەقامە‌و كێ‌ ئۆپۆزیسۆن.
3- ترسیان لەدانیشتن لەگەڵ دەسەڵاتدا نەبێت، ئەگەر دەسەڵات نەڕوخێت دەبێت چاكسازیان بەسەردا بسەپێنرێت‌و دەتوانرێت دانیشتنیش وەك یەكێك لە رێگاكانی ئەو سەپاندنە بگیرێتە بەر، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەكی بەهێزتان هەبێت‌و نەیەڵن بتانكەن بە وەسیلەی دژایەتی ئۆپۆزیسۆن‌و كاتتان پێنەكوژن.
4- پێویستە ئەوە بە ئیرادەیەكی بەهێزە ئەنجومەنەكان رێك بخەنەوە‌و تەنانەت بە كردەوەیش ئەنجامەنەكانی دەرەوەی سلێمانیش رێكبخەنەوە‌و ئەنجومەنێكی سەرتاسەری دروست بكەن، كە ترستان لەگۆڕینی ناوەكەیشی نەبێت. ئەوەی ئاشتبەتاڵی كردووە با بچێت یاداشتەكانی خۆی بنوسێتەوە‌و ئەوەیشی بەردەوامە با درێژە بەكارەكانی خۆی بدات.
5- هەوڵ بدەن بڵاوكراوەیەكی تایبەت بە خۆتان هەبێت، چونكە بەداخەوە سەرجەم میدیاكان بە دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆنەوە لەدژی ئێوەیە‌و ناتوانن قسەی دڵی خۆتان لەو كەناڵانەوە بكەن، تەنانەت بەشێك لە میدیای ئەهلیش وەك ئامرازی دژایەتی ئێوە كاری كردووە‌و كاریش دەكات، پێم وایە لە ئەوروپا ئامادەیی باش هەیە تا كۆمەكی مادی بە كارێكی لەو جۆرە بكەین، هەر وەك چۆن پێشتر كۆمەكمان كردوون.
6- دەكرێت ئێوە لەگەڵ ژمارەیەكی فراوانتری خەڵكانی خۆپیشاندەر كۆ ببنەوە‌و گروپە جۆراجۆرەكان بەرەو لای خۆتان رابكێشن، بەتایبەت گەنجان.
7- ئێوە دەتوانن وەك ئەگەرێك بۆ سەرنەكەوتنی گفتوگۆكان، زەمینەی خۆپیشاندان، تەنانەت ئەگەر بچوكیش بێت ساز بكەن.

دوا جار دەڵێم، برادەرینە با كاروانەكەتان تێپەڕێت‌ و سەگەكانیش با بۆخۆیان بوەڕن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە