نهێنییەكانى داخستنى زانكۆى ئایندە
Tuesday, 15/09/2009, 12:00
لە مانشێتێكى زلى رۆژنامەى كوردستانى نوێدا هاتبوو كە نەوشیروان لەپشت داخستنى زانكۆى ئایندەوەیە، سەرەتا وامزانى بەڵگەنامەو زانیاری تازە لەو راپۆرتەدا هەیە، بەڵام كاتێ ناوەرۆكەكەیم خوێندەوە تەنها لێدوانێك لە جەمال عەبدوڵڵا وەرگیراوە كە ئەو مەسەلەیە پشتڕاست ئەكاتەوە، چەند كادیرێكى یەكێتیش كە كەس پێشتر ناوى نەبیستوون، گفتوگۆیان لەگەڵدا كراوەو باس لە گرنگى زانكۆى ئایندە ئەكەن.
كوردستانى نوێ دەبوایە باش ئەو راستییەى بزانیایە كە ئامادەكردنى راپۆرتێكى وا، پێویستى بە بەڵگەنامەى نوسراو هەیە تا خەڵك سیقەیان پێبكات، نەك جەمال عەوڵا بكاتە شایەتحاڵ كە هەموومان ئەزانین راى لەسەر كاك نەوشیروان چۆنە، بەڵام چەند پرسیارێك خۆیان قوت دەكەنەوە با خوێنەرو كوردستانى نوێ وەڵام بداتەوە:
-ئەگەر كاك نەوشیروان لە پشت داخستنى زانكۆى ئایندەوەیە، كوا بەڵگەنامەیەكى نوسراو یاخود نامەیەكى نوسراوى كاك نەوشیروان تا بزانین راست ئەكەن یان نا؟ جەمال عەوڵا كە خۆى پارێزەرە، باش ئەو هەقیقەتە ئەزانێ كە لە یاسادا، بەبێ بەڵگەیەكى مەلموس هیچ شتێ نرخى نییەو قسە ناچێتە گیرفانەوە.
-جەمال عەوڵا كە ئەو كاتە بەرپرسى راگەیاندنى ئەنجومەنى وەزیران و بەڕێوەبەرى گشتى و دەمڕاستى عومەر فەتاحى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران بووە، بۆ ئەو كاتە هیچ هەڵوێستێكى بەرامبەر داخستنى زانكۆى ئایندە دەرنەبڕیوە؟ ئەى كە بڕیارێكى هەڵەبووە، عومەر فەتاح بۆچى جێبەجێى ئەكرد با كاك نەوشیروانیش (هەروەك خۆیان ئەڵێن) پێشنیازى داخستنى كردبێ؟
-ستران عەبدوڵڵا یان وەك برادەرەكانى پێى ئەڵێن ((ستیان)) ئەو سەردەمە سەرنوسەرى رۆژنامەى بەناو سەربەخۆى (ئاسۆ) بووە، بۆچى هیچ هەڵوێستى نەنواندووە؟. بەپێچەوانەوە ستیان عەبدوڵا زۆر خۆشحاڵ بوو بە داخستنى زانكۆى ئایندەو هەم زانكۆى سان كلیمێنتسیش، چونكە هەر لەگەڵ داخستنی زانكۆى سان كلیمێنتیشدا رۆژنامەى (ئاسۆ) كە خۆى سەرنوسەرى بوو، بارەگاكەى لەو زانكۆیە داگیر كردو تائێستاش بارەگاى رۆژنامەى ئاسۆ لەناو بارەگاى ئەو زانكۆیەدایە كە ئەكەوێتە پەنا مزگەوتى حسێنیەى شارى سلێمانیەوە!!. كەواتە ستران یەكێك بووە لە هۆكارەكان!
لە راستیدا داخستنى زانكۆى ئایندە لەژێر گوشارى ئەو هەزاران خوێندكارانەدا بوو كە هەموو رۆژێك بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و زانكۆى ئایندەیان ئەگرت، بەبێ ئەوەى هیچ جۆرە توندوتیژییەك یاخود رەفتارێكى ناشایستە بنوێنن، ئاخر لەگەڵ حورمەتى زۆرم بۆ قوتابییەكانى ئەو زانكۆیە، تەنها و تەنها بۆ تەخشان و پەخشان كردنى بڕوانامەى ماستەر و دكتۆرا بوو، پرۆگرامەكانیشیان لە ئاستێكى زۆر نزمدا بوو، لەهیچ كوێیەكى ئەم دنیایەش ئیعتراف بەو بڕوانامانە ناكرێت، تەنانەت خودى حكومەتەكەى عومەر فەتاحیش تا دەگاتە ئەم حكومەتەكەى نێچیرڤان بارزانى، ئامادە نەبووەو نییە كە هیچ كام لەو بڕوانامانە بەرەسمى بناسێنێت كە لەلایەن زانكۆى ئایندەوە بەخشراون. ئەگەر راستیش ئەكەن، لە كابینەى نوێى حكومەتدا كەس دەستى نەگرتوون و ئەتوانن سەرلەنوێ بیكەنەوە، خۆ ئێستا كاك نەوشیروان لەدەسەڵاتدا نەماوە تا بەلەمپەر ناوى بەرن لەبەردەم كردنەوەى زانكۆكەدا!.
خۆزگەش حكومەتى هەرێم لەجیاتى كردنەوەى ئەو هەموو زانكۆیە، كەمێ ئاستى زانكۆكانى خۆى بەرز ئەكردەوە، ئاخر زۆریى زانكۆ لە وڵاتێكدا نیشانەى پێشكەوتن نییە، بەڵكو ئاستى فێربوونى قوتابییەكانى بەڵگەن لەسەر پێشكەوتوویى ئەو وڵاتە، هەر لەسەردەستى قبوڵ خاسەكانى ستیان عەبدوڵڵا بوو كە زانكۆكانى كوردستانیان واتێكشكاند كە هێندەى قوتابخانەیەكى سەرەتایى جاران، زانست ناداتە قوتابییەكانى و حكومەتیش زۆر بێبایەخانە سەیریان ئەكات بۆیە دوو ساڵ زیاترە هەلى دامەزراندنیشیان بۆ ناڕەخسێنێت!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست