وەزیری مۆلیدەمان پێویستە نەك وەزیری كارەبا..!!

Tuesday, 20/07/2010, 12:00



هەموومان وافێر كراوین زۆرجار پۆزی ئەوە لێبدەین كە خاوەنی دام و دەزگای حكومین و دەمانەوێت ئەزمونەكەمان موزایەدەبكەین و تەندری بۆڕابكێشین و بیفرۆشین بە دەرو درهاوسێ، بەڵام ئەوە وێنا ناكەین لە سایەیی شكۆمەندی حكومەتە لۆكاڵی و خانەخوێ كەمان تائێستا پێنج كابینەمان بەڕێكردووە و لەسەرەتای دەورانی كابینەی شەشەمین، چیمان كردووە بۆ هاوڵاتیانی خۆمان تا ئەزمونەكەمان لەمەزیاتر هەرزان هەڕاج نەكەین، وەلێ هەمیشە هەواڵدەرەكان و بەرپرسان شانازی بەو دەسكەوتانەوە دەكەن كە كابینە یەك لەدوایەكە بەڕێكراوەكان بەدەستیان هێناوە، كەچی لە ئەسنای ئەم ماوەزەمەنیەیی كە خۆمانی تێدا بە فەرمانڕەوا و دەڵەتدار دەبینینەوە نەتوانراوە كارەبای هەرێمێك دابین بكرێت كە دانیشتوانەكەی پێك دێت لە سێ پارێزگا و نەختێك، ئەگەرچی دابینكردنی كارەبا پێداویستیەكی سەرەكی دانیشتوانە و دڵسۆزی و میهرەبانی و خێرات نی یە بۆحكومەت بەڵكو هەنوكە ئەركێكە لە سەر حكومەت پێویستەلەسەری بڕی كارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین بكات و لە و قەیران و ئاستەنگەڕزگاریان بكات كە بە دەستێوە دەناڵێنن، فریادڕەسێك بێت، ڕۆشنایی پێویست بە خەڵكی هەرێمێك بدات كە هەمیشە چاویان لە ئاسۆیە بۆ بینینی تروسكایی گڵۆپەكان و جلیوەی چراخانی شەوان و شنەی شەماڵی ئامێرە فێنككەرەوەكان، نەك ئەوەی كەهەیە بكرێت بە دروشم و مارش دەهۆڵی پێوە بكوترێت و وەك موزایەدەیەك بە خەڵك بفرۆشرێت، بەم حاڵەشەوە هەمووجارێك پێش سەرمانگ وەسڵێك و پەیژەیەك هەڵبگیرێت یان "پارەی كارەبا ئەدەی یان كارەباكەت دەبڕین"ئەگەر كارەبای پێویست بدرێت پارەقەیدی چی یە پێویست بە پەیژەناكات خۆمان واێڵی دەكەین..؟!!
ئاخر ئەگەر لێپرسینەوە هەبێت ئەزمونێكی شەش كابینەیی بەو هەموو ئیمكانیاتە سروشتی و مادیەوە نەتوانێت كارەبای هەرێمێكی بچوكی وەكو كوردستان دابین بكات، چ عیبێكی تێدایە كاكی كارەباچی بە خۆیی پەیژەكەیەوە بێت و بڵێت یان پارەی كارەبا یان كێڤڵ بڕین؟!. ئاخر پێمان ناڵێن كام كارەبا؟!، ئەوكارەبایەیی لە عومقی پرخەپرخی خەوا دەبڕڕێت، عەرشی مەرحەمەتی مۆلیدەكان نەبێت، پەردەی شەرەفی حكومەت لەسەر ڕووی مەرحومی هەڵدەماڵێرێ، ئەوكات ئەومەوزوعەڕونتر دەر دەكەوێت كە هەر لە كابینەیەك و وەزیرێكمان هەبووە بە ناوی وەزیری كارەبا چا نازانم دەسكەوتی ئەم وەزیرانە چیبووە؟، لەڕابردوودا چیانكردووە؟
تۆماس ئەدیسۆن توانی هەرخۆیی و بەهێزی عەقڵی و مەعنەوی خۆی هەموو جیهان ڕوناكبكاتەوە درەوشاوەی بكات، كەچی شەش وەزیری كارەبای ئەم هەرێمەی خۆمان نەیان توانی گرفتی كارەبا بنبڕبكەن و شارو ماڵ و كار درەوشاوەبكەن،بەو ئیمكانیاتەمادییەیی بۆ وەزارەت تەرخانكراوە، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەم وەزیرانە بە درێژایی ئەم قۆناغ و كابینانە كاریان چی بووە؟ چ ئامانجێكیان هەبووە لەوەرگرتنی ئەم وەزیفە و بەرپرسیاریەتیە؟ قەت لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە لەسەر ئەو ڕۆتیناتانەی كە لەماوەی ڕابردوودا بەسەریاندا تێپەڕیوە و نەیان توانیوە بڕی پێویست كارەبایی نیشتیمانی بەخەڵك بدەن و كێشەی كارەبا بنبڕبكەن؟!
خۆ ئەگەر لەساڵی 1991وە هەتا ئێستا هەروەزیرێكی كارەبا هەر ساڵە و بایی بڕی یەك كاتژمێر چاكسازیان لە تۆڕی كارەبای نیشتیمانی دا بكردایە ئەوە ئێستا دەبوو شەوو ڕۆژێك 19 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیمان هەبوایە لە دەغالەتكردن ڕزگارمان ببوایە، بەدی موخابن بە ئەزمونێكی 19ساڵیەوە هەر دەبێت مەمنونی مۆلیدە ئەهلیەكان بین تاسویچی پلاكەكانمان بچركێنین و بڵێین "ئاخ دیسان كارەبای مۆلیدەیە، ئۆف حوكمەت"، وەزع وابڕوات هەرماڵێك مۆلیدەیەك بكڕێت و وەك كابرای دەشتەكی دەیووت" من سەرم سوكە كارەبا و ئاوم بەدەست خۆمە مەمنونی حكومەت نابم مۆلیدەیەكم هەیە و ئێ بیریكی ئیتیوازیشم لێداوە ئیتر كاكە هەم خانەخوێ و هەم حوكمەتم"
دەمەوێت ئاماژەیەكیش بەوە بدەم ئەوە بەبیر ئێوەی خوێنەر و ئەو برادەرە مەسئولەدا بهێنمەوە چەند ساڵێك لەمەو بەر لە كەناڵێكی ئاسمانیەوە بەرپرسێكی باڵا عەرزی عەزەڵاتی كرد قەولی شەرەفی فەرموو ووتی "ئەگەر نەمانتوانی لەم ساڵدا كێشەی كارەبای نیشتیمانی چارەسەر بكەین ئەوە بەڵێنبێت دەست لەكار بكێشمەوە و ئیتر حكومەتی چی " كەچی وا نزیكەی سێ ساڵ بەسەر ووتە و قەولی بەڕێزیان تێپەڕییوە و بەو هەموو ووێستگە و فاكتەرە سروشتی و مرۆیی و مادیەوە هێشتا نەتوانراوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت، ئیتر نازانم ئەو برادەرە مەسئولە بێوەفایە بەرامبەر قسەكانی ڕابردووی؟ یان بە هۆی مۆلیدەی شەخسیەوە ئاگای لە كارەبای هەرێمەكەی نی یە؟ یانیش لەبیری چۆتەوە شتی لەو جۆرەی فەرمووە؟..
لە ئێستاشدا پێشنیارێكم هەیە بۆ برادەرانی پەرلەمان و حكومەت با وەزیری كارەبای هەرێم بكرێت بە وەزیری مۆلیدەی ئەهلی خۆ هەرنەبێت، دەتوانرێَت لە هەر گەڕەكێك لەبری سێ مۆلیدە پێنج شەش مۆلیدەی بۆ دابنرێت، كارەبایی پێویست بە هاوڵاتیانی گەڕەكەكان بدرێت، ئیتر كیسەكەی حكومەتیش كون نابێت تا سەرمایەیی ڕەمزی لێبچۆڕێت و بەناوی كارەبایی نیشتیمانیەوە بەخەرج بدرێت؟؟!!!!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە