با نه‌یه‌ڵین ده‌نگی ئازادی کپ بکه‌ن

Monday, 10/05/2010, 12:00


با نه‌یه‌ڵین ده‌نگی ئازادی کپ بکه‌ن
ڕۆژی 4/5/2010 (سه‌رده‌شت عوسمان) خوێندکاری زانکۆ و ڕۆژنامه‌نووس له ‌شاری هه‌ولێر چوار چه‌کدار به‌زۆر و به‌لێدان سواری سه‌یاره‌یه‌کی ده‌که‌ن و ده‌یفڕێنن، دوای 36 سه‌عات (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ تیرۆرکراوی له‌ شاری موسڵ ته‌رمه‌که‌ی ده‌دۆزرێته‌وه‌، ڕفاندن و تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) خوێندکاری زانکۆ و ڕۆژنامه‌نووس زه‌نگێکی ترسانک و هه‌وڵێکی بێ په‌رده‌یه‌ بۆ سه‌رکووت کردنی ئازادی و پێشێل کردنی سه‌ره‌تایترین مافه‌کانی مرۆڤ، ڕفاندنی (سه‌رده‌شت عوسمان) له‌به‌رده‌م زانکۆ و به‌به‌ر چاوی پۆلیس و به‌ ڕۆژی ڕووناک پاشان تیرۆر کردنی په‌یامێکی ترسناکه‌ بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاو، هه‌نگاوێکی تازه‌یه‌ بۆ له‌ژێر پێنانی حورمه‌تی ئینسان و بێده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ به‌رانبه‌ر ژیان و ماف و ئازادیه‌کانی تاکی کۆمه‌ڵگای کوردوستان. ماوه‌یه‌که‌ له‌ کوردوستان هێرشێکی توندو هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ سه‌ر نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و بیروباوه‌ڕی ئازادیخوازانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ر بڵاو ده‌ست پێ کردوه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هه‌ر ڕۆژێک و به‌بیانووی جۆرا و جۆر هێرش بۆ سه‌ر نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و گرتن و لێدان و ترساندیان کردۆته‌ کارێکی ئاسای. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ترسناکه‌ی ئێستای کوردستاندا ئیسلامی سیاسیش خه‌ریکه‌ مه‌وداکانی ئازادی به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه‌و له‌ ڕێگای مه‌لا و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌ هێرشیان بۆ سه‌ر ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و ئازادی ده‌ست پێ کردوه‌. ئه‌وه‌ی له‌ کوردوستان ڕوو ده‌دات پێشێل کردنی ئازادیه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌رپرسن لێی، پاراستنی ژیان و ئارامی هه‌ر تاکێک له‌ ئه‌ستۆی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندایه‌. ئێمه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و هه‌ڵسوڕاونی سیاسی و که‌سایه‌تی ئازادیخواز له‌ دانیمارک به‌ توندی ئیدانه‌ی ڕفاندن و تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) ده‌که‌ین و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌ به‌رپرس ده‌زانین له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م کاره‌ دژی ئازادیه‌و ئاشکرا کردنی ئه‌م سیناریۆیه‌. ئێمه‌ ته‌واوی هه‌وڵه‌کانمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ ڕسوا کردنی ئه‌م پێشێلکاریانه‌و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ به‌ئاڕاسته‌ی گرێدانی زمانی ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان هه‌ڵده‌گیرێت، له‌م پێناوه‌دا ئێمه‌ یەکشەممە 9 ی ئایار کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا و هه‌ڵده‌ستین به‌ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵێک چالاکی جۆراو جۆر بۆ به‌رگری له‌ ئازادی و وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی تیرۆر و تۆقاندن.
که‌مپینی به‌رگری کردن له ‌ئازادی
دانیمارک
9/5/2010




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە