کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵوێستی کوردو زانیاری گرینگ لەبارەی روداوەکانی ئەم دواییەی عێراق

Saturday, 14/06/2014, 12:00




ناوەرۆکی ئەم نوسینەو زانیاری لە بارەی روداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچە کوردی و ناوچە سوننی نیشینەکان، وەک ئەرکێکی نیشتیمانی چەند رۆژێک پێش روداوەکان گەیاندومە بە هەندێک لە دڵسۆزان و بەرپرسانی باڵای کورد کە پەیوەندی شەخسیم لەگەڵیان هەیە لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان. ئەمەوێت لێرەشدا ئیشارەیەکی پێ بکەم وەک ئەرکێکی نیشتتیمانی بۆ بەرچاوڕونی هەڵویستی کورد بەگشتی و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەتایبەتی، بەرامبەر ئەو روداوانەی رویانداوەو روئەدەن لەو ناوچانەی کە بوونەتە شوێنی ململانێ و روبەروبوونەوە لەبەینی بیروبۆچونەکان.

بە پێی زانیاری دەزگایەکی نهێنی کە لە ئەوروپاوە سەرپەرشتی ئەکرێت لە بارەی توێژینەوە ئاینەکان، بە چەندان بەڵگەو سەرچاوەی گرینگ، بەبەڵگەی تەواو دەری خستووە، "لە بەرامبەر زۆر ڕەوی شیعەکان کیانێک بە سوننەکان ئەدرێتەوە لە عێراقدا"، لەم نێوەندەشدا سەرانی مقاوەمەی سوونە بە گشتی، هەڵوێستی چەند وڵاتێکیان بە هەل زانیوەو توانیویانە لە بەینی خۆیاندا بە رێککەوتنێک بگەن بۆ ئەوەی رەئی ئەو چەند وڵاتە بە دەسبهێنن بۆ پشتگیری دروست کردنەوەی کیانێکی سوننی لە عێراقدا، لێرەدا نامەوێت باس لەو رێککەوتن و چۆنیەتی هەوڵدانی دروست بوونەوەی کیانی سوننە بکەم، ئەو باسە بۆ دەرفەتێکی ترو لە کاتێکی تردا پشتیوان بە خودا باسی لیوە ئەکەم بە چەندەها بەڵگە کە لە رێگەو سەرچاوەی راست و زانیاری گرینگ و راست و تەواو گەیشتوون بەو دەزگاو سەنتەرە توێژینەوە ئاینیە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم لە بەرامبەر هەڵویستی ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی دروستبوونەوەی کیانی سوونە ئەدەن و رێککەوتنی سەرانی سوننەو ئەو چەند جەماعەتەی کە خۆیان بە سوننە ئەزانن و هەستاون و هەوڵئەدەن بۆ بنیات نانەوەی کیانی سوونە لە عێراقدا. ئەبێت کورد چی بکات پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە گرینگەدا بکات، چۆن بتوانێت هاوڵاتیانی کورد لەو سنورانە بپارێزێت و بتوانێت هەڵوێستی گونجاو پەیرەو بکات بۆ ئایندەی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچانەی ئەکەونە ژێر ئەو کیانە سوننیە، یان ئەو هاوڵاتیە کوردانەی ئەکەونە ژێر حەکمڕانی ئەو کیانەی کە هەوڵی دروست بوونەوەی ئەدرێت.

پێش هەمووشتێک پێویستە سەرکردایەتی سیاسی و کاربەدەستانی دڵسۆز، تەواوی نیشتیمان پەروەرانی کوردستان، پەلە نەکەن لە دەربرینی هەڵوێست بەرامبەر بەو روداوانەی ئێستای ناوچە سوننی نیشینەکانی عێراق و دەوروبەری، وەهەروەها نەکەونە داوی حیزبایەتی و بریاری حیزبایەتی زاڵ نەبێت بەسەر بریاری نیشتیمانیدا، چارەنوسی نەتەوەو نیشتیمان بخەنە پێش چارەنوسی حیزبایەتی، بڕیارەکانیان وردبینانە بێت بەرامبەر بەو روداوو پێشهاتانەی بەرێوەن بۆ ئەو ناوچانە. بێگومان هەر بریارو هەڵویستێک پەلەی لێبکرێت دوارۆژێکی لێل و گوماناوی دەبێت و ئاکامەکەی بە زیانی نەتەوەی کوردو نیشتیمانی کوردستان بەگشتی و هاوڵاتیانی کورد لەو‌ ناوچانە تەواو ئەبێت بەتایبەتی لە کاتێک دا کە حیزبایەتی زاڵ بێت بەسەر نیشتیمان پەروەریدا لە بڕیارداندا. پێویستە هەموو کوردێکی دڵسۆز بۆ نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان، هەوڵبدەن و رێگە نەدەن تەوژمی حیزبایەتی زاڵبێت بەسەر دڵسۆزی نەتەوەو نیشتیماندا، بەتایبەتی لەم ساتە گرینگەدا، بەهیچ شیوەیەک رێگە نەدەن تەوژمی حیزبایەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەو نیشتیمان بکەنە قوربانی بۆ مان و بوون و کیانی حیزبایەتی لەچەند ناوچەیەک کە ئەستەمە کورد وەک نەتەوە بتوانێت لەم ساتەدا کیانێک بە شەر بنیات بنێت لەوناوچانەدا، بەڵام ئەتواندرێت بە هەڵویستی وردبینانەو دڵسۆزانە هەموو ئەو هاوڵاتیە کوردانە و ناوچە کورد نشینیەکان بپارێزن لە هەموو زەرەرمەندییەک، بێگومان زەرەر مەندی حیزبێک باشترە لە زەرەرمەندی نەتەوەو نیشتیمانێک، گۆڕینەوەی بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان بە بەرژەوەندی حیزبێک ئاکامێکی لێڵ و زەرەرمەندییەکی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ نەتەوەو نیشتیمان.

پێویستە هەموولایەک بەتایبەتی کاربەدەستە دڵسۆزەکان رێگربن لەوەی حیزبێک چارەنوسی نەتەوەو نیشتیمان لەپێناو مان و بوونی بارەگایەکی خۆی بەکار بێنێت کە ئایندەکەش ئەگەر سودمەندی بێت بۆ حیزبە کەبێت ئەگەر زیانیش بێت بۆ نەتەوەو نیشتیمان بێت، چونکە روداوەکان سەرەتان و ماوەکێشن، ئەتواندرێت بە سودمەندی نەتەوەو نیشتیمان بگێردرێت، ئەگەر دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ ئەو روداوو پێشهاتانەدا بکرێت و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو نیشتیمان پێش بەرژەوەندی حیزبی بخرێت. بەهەڵوێستی دڵسۆزانەو وردبینانە ئەتواندرێت هاوڵاتیانی کورد لەو ناوچانە بپارێزرێن‌ بەبێ ئەوەی هێز لە دژی هیچ لایەک بەکار بێت، لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز ئەگەر بەناوی دروست بوونی کیانی کوردیش بێت کە ئەستەمیشە بەڵام پاراستنی هاوڵاتیانی کورد ئەستەمتر ئەبێت، بە وردبینی و دڵسۆزی لە بڕیارداندا ئەتوانن هەم هاوڵاتیانی کورد و ناوچە کوردیەکان بپارێزن هەم ئەتوانن کیانێکی پێکەوە ژیان دروست بکەن لەو ناوچانەدا بە بێ ئەوەی بڕیاری شەر لە دژی لایەک بدەن و خۆیان بخزێننە شەرێک کە هیچ سودێکی بۆ نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان تێدا نییە.

ئه‌و بارودۆخه‌ش ده‌رفه‌تێكی ترە‌ بۆ كورد هاتۆته‌ پێش كه‌ كورد گرینگی پێبدات و لێزانانە کوردو ناوچە کوردیەکان‌ ‌بپارێزێت و هەوڵ بدات بیانخاتە‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه‌و هێزیش‌ وەک پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکان له‌و شوێنانه‌ جێگیر بکات و جێێ خۆیان قایم بکەن، تا ئەشکرێت کورد خۆی نه‌گلێنێته‌ شەرو بڕیاری شەر لە دژی هیچ لایەک نەدات تەنها بەرگری و پاراستنی ناو‌چە کوردیەکان و هاوڵاتیان بڕیاری بێت، لە ئەگەری هەر پڕیارێکی شەردا بەرامبەر هەر لایەک زەرەرمەندی گەورە بۆ نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان بەدوای خۆیدا دێنێت بەتایبەتی ئەو کوردانەی ئەکەونە ژێر ئەوکیانەی کە هەوڵی بنیات نانەوەی ئەدرێت.

نەسرەدین ڕەببانی

13/06/2014

Email: nasradinrabbani@gmail.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە