کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکەستی ئیسلامیەکان لە هەڵبژاردن بەڵگە نییە لەسەر بێ دینی و دوری میللەت لە ئاین

Monday, 07/10/2013, 12:00



شکەستی ئیسلامیەکان لە هەڵبژاردن نابێتە بەڵگە لەسەر بێ دینی و دوری میللەت لە ئاین و بیرورای ئاینی، هەروەکو چۆن شکەست لە هەڵبژاردن هۆکار نییە بۆ لەناوچون و سستبونی ئەوانەی بەژداری هەڵبژاردن ئەکەن و شکەست دێنن، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بە ئاگاهێنانەوەو خۆنوێکردنوەو بەخۆداچونەوەی هەموو ئەوانەی بەژداری هەڵبژاردنیان کردوەو نەیانتوانیوە متمانەی زۆرینە بەدەست بێنن و شکەسیان هێناوە لە هەڵبژاردندا، بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە مەبەست لە بەژداریکردنی هەڵبژاردن بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیان بێت، ئەگەر مەبەستێکی تر هەبێت جگە لە خزمەتکردن، ئەوا بێگومان نەک شکەست لەهەڵبژاردن بەڵکو ئەشبێتە شکەستی ناو خۆشیان.
لەگەڵ تێبینی زۆرم لەسەر هەڵبژاردن و شێوازی بەژداریکردنی ئیسلامەکان لەهەڵبژاردن و داننان بە شکەست هێنانیشیان لە هەڵبژاردن کە شاراوەنییە، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت وەک هەندێک بۆچون کە پێیان وایە شکەستی ئیسلامیەکان لەهەڵبژاردن هۆکارێکە بۆ شکەست ناوخۆیان و نزیکبونەوە لە لەناو چون و هەڵوەشانی ناوخۆیی، بەڵکو بۆچونی لەوشێوەیە دەرک نەکردنە بە هۆکارەکان و نزیکنەبوونە لە ئیسلامیەکان، پێموایە ئەگەر ئیسلامیەکان بتوانن بەسیاسەت و شێوازی مامەڵەیاندا بچنەوە لە ناوخۆو دەرەوەی بازنەی خۆیاندا، ئەتوانن بۆ داهاتوو متمانەی زۆرینە بەدەست بێنن و شکەستی ئێستای هەڵبژاردن ببێتە هۆکاری سەرلەنوێ گەشانەوەیان. هیواشم وایە لە کاتی رەخنەی بنیاتنەردا ئیسلامیەکانیش وەک عەلمانیەکان مامەڵە لەگەڵ دڵسۆزان و رەخنەگراندا نەکەن، پێویستیشە بزانن کە ڕوی رەخنەو تێبینی زیاتر ئەکرێتە ئیسلامیەکان تا عەلمانیەکان چونکە میللەتی ئێمە زۆرینەی ئاینپەروەرە، کاتێک کە ئەبینرێ ئیسلامیەکان ناتوانن متمانەی زۆرینە بەدەست بێنن لە هەڵبژاردن هۆکاری دوری میللەت نییە لە ئاین و بیروبۆچونی ئیسلامی، بەڵکو ئیسلامیەکان وەک پێویست نین و نەیان توانیوە پەیرەوی لەو پەیامە بکەن و ناو ناوەڕۆکیان وەک یەک بێت و متمانەی تەواو بەدەست بێنن و خۆیان وەک خۆیان نیشانی نەتەوەکەیان بدەن، بو نموونە ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ لاوێکی ئاین پەروەردا کە خۆی لە بازنەیاکی تردا هەڵئەبژێرێت، ئەبینین زۆرینەی دەنگ و متمانە بەدەست ئەهێنێت و زۆرینەی پارت و رێکخراوەکانی ئیسلامی ناتوانن ئەو متمانەیە بەدەست بێنن، ئەوەش ئەوەمان زیاتر بۆ دەرئەخات کە ئیسلامیەکان ئەبێت بە بیرو بۆچون و سیاسەتی کارکردنیاندا بچنەوەو بتوانن خۆیان ڕاست بکەنەوە لە هەموو ئەو شێوەمامەڵانەی بوونەتە هۆکاری بێ متمانەیی.
ئیسلامیەکان پێویستە بزانن، لۆمەکردن و یەکتر تاوانبار کردن هیچ سود ناگەیەنێت بە داهاتویان، وەک چۆن سودی نەبووە بۆ ڕابردویان، بەڵکو بەخۆداچونەوە بە شێوازی کارکردن و شێوازی پەیرەوکردنی ئاین وەک خۆی و مامەڵەکردنی ئاینیانە لەگەڵ یەکتری بەشترین چارەسەرە و ڕێگاچارەیە بۆ گەشانەوەو بەدەست هێنانی متمانە، پێداچونەوە بە شێوازی کارکردن و پەیرەوکردنی ئیسلام وەک خۆی چونکە بە بۆچونی خۆیان نمونەیەکن لە ئیسلام و پەیرەوانی ئیسلام، بەتایبەتی تر بەخۆدا چونەوە لەناو خۆ و بەرامبەر بەخۆیان، هەروەها ئاراستەی بیروبۆچون و شێوازی کارکردن و سیاسەتیان، چونکە متمانە نەدان و هەڵنەبژاردنیان بۆ حەکمڕانی بەڵگەیەکی روونە کە گەلی کورد بەگشتی و ئاین پەروەران بەتایبەتی ئەوشێوازە کارکردنەی ئەوانیان قبوڵ نیییەو ڕازی نین لەو شێوازە مامەڵەو سیاسەتەی کە ئێستا ئیسلامیەکان ئەدای ئەکەن. پەیرەوکردنی ئاین هۆکارێکی سەرەکیە بۆ دورکەوتنەوە لە گەندەڵی و زمان و دەست پیسی، چونکە پەیڕەوانی ئاین باوەڕیان بە لێپرسینەوەیەکی تر هەیە کە هیچ‌ کەس ناتوانێت خۆی لێپەنابدات ئەگەر لە دونیاشدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێت لە دوارۆژدا ناتوانن لە لێپرسینەوە خۆیان پەنا بدەن، بۆیە ئەوانەی هەڵگری پەیامی ئاینن و ئاینپەروەرن لەگەڵ نیشتیمان پەروەریدا بتوانن متمانە بەدەست بێنن باشترە بۆ ئەوەی کەسانی پاک و ڕاستگۆو دڵسۆزو جوامێر بتوانن حەکمڕانی بگرنە دەست بۆ بەرێوەبردن و خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت هەرچی لەگەڵ ئەوان نەبێت و لەناو بازنەی کارو رێکخراویی و حیزبی ئەواندا نەبێت ناتوانێت بگاتە ئەو مەرتەبەیە، بەڵکو پەیرەوکردنی ئاین لەهەر جێگایەک بێت هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ڕاستگۆی و زمان و دەست و هەڵوێست پاکی و دورکەوتنەوە لەگەندەڵی.
پێویستیشە گەل کەسانی جوامێر و دڵسۆز و پاک و راستگۆ هەڵبژێرێ، وەک چۆن پێویستە کەسانی جوامێر و دڵسۆزو دەست و داوێن پاک خۆیان هەڵبژێرن بۆ حەکمڕانی و بەرێوەبردنی کاروباری وڵات، پەیڕەوانی ئاینیش نزیکترین چینن بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە تەنها لەناو ئیسلامیەکاندا ئەوچینە هەبن، بەڵام ئسیلامیەکان خۆیان بە هەڵگری ئاینێک ئەزانن کە جوامێری و دڵسۆزی و زمان پاکی و دەست و داوێن پاکی لە پەیرەوانی داوا ئەکات، هەربۆیەش هەڵگرانی ئەو پەیامە ئەبێت وابن، ئەگەر واش بوون و توانییان بەکردەوە بیسەلمێنن بۆ گەل، ئەوکاتە ئەتوانن ئەو متمانەیە بەدەست بێنن کە خۆیان ئەیانەوێت بۆ بەرێوەبردنی کاروباری نەتەوە و نیشتیمان، گومان لەوەدانییە ئەوانەی ئاین پەروەرو لە خوا ترسن لە پاڵ نیشتیمان پەروەریدا گەل و نەتەوە زیاتر دڵخۆشن پێیان بۆ فەرمانڕەوایی تا کەسانی تر، چونکە کەسانی لەخوا ترس و ئاین پەروەر ئەگەر پەیڕەوی تەواو لە ئاینەکەیان بکەن کەمتر توشی خیانەت و گەندەڵی ئەبن.
هیوادارم خولی نوێی پەرلەمان، بتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی و تەواو بکەن لە شێوازی بەرێوەبردنی کاروباری گەل و نیشتیماندا و بتوانن بەپێی توانا هەوڵی بنبرکردنی گەندەڵی بدەن و مافی مافخوراوەکان بگێرنەوەو زیندانیانی بێتاوان ئازاد بکەن و چارنوسی شوێنبزربوەکان دیاری بکەن و قەرەبووی کەسوکاریان بکەنەوە و ئاسودەی و ئارامی بۆ تەواوی چین و توێژەکانی نیشتیمان بگێرنەوە، هەرچەندە باوەڕم وایە کە پەرلەمان بەتەنها ناتوانێ گۆڕانکاری بنچینەیی بکات ئەگەر شەقام و گەل پشتگیری نەکەن، بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارە دڵسۆزەکان لە پشتی گەل و نەتەوە بن، پشتیوان بەخودا ئەتوانن گۆڕانکاری بکەن، لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی نیشتیماندا، ئەگەر زۆرینەش نەبن لەپەرلەمان و دەسەڵاتدا.
بەهیوایی بەخۆدا چونەوەو گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ سەر پەیرەوی ڕاستەقینەو کارکردنی دڵسۆزانەو راستگۆیانە بۆ گەل و نیشتیمان و هەوڵدانی جوامێرانەو دڵسۆزانە بۆ گۆرانکاری لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی کاروباری ئاین و نەتەوە و نیشتیمان، هێنانەدی ئاشتی و ئارامی و ئاسودەیی بۆ هەموو چین و توێژەکانی نیشتیمانی کوردستان.
نەسرەدین ڕەببانی
لەندەن/ بریتانیا
06/10/2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە