منیش یەکێک بووم لەو بێسەروشوێنانەی ئێستا کەس گوێ لە هاواری خانەوادەکانیان ناگرێت
Wednesday, 24/04/2013, 12:00
منیش یەکێک ئەبووم لەو بێسەرو شوێنانەی کە ئیستا کەسوکارو خانەوادەکانیان لەبەردەمی پەرلەمان هاوار ئەکەن، کەس گوێ بۆ هاواریان ناگرێت، کەس بە هانای هاواریانەوە ناچێت و ویژدانی ئەو دەسەڵاتە ناهەژێنێت، کە شوێن بزری کردون و لە خانەوادەکان دای بڕیون, خودای گەورە منی پاراست و بەرپرسێکی کورد کە ئێستا لەناو گۆراندایە بوو بە سەبەب ئەگینا منیش یەکێک ئەبووم لەو بێسەروشوێنانەو کەس و کار و دایکی منیش ئێستا بەدەم هاوارو گریانەوە لەو میدانەدا کە کەس گوێ بۆ هاواریان ناگرێت هاواری ئەکرد کوا کورەکەم و کوا ڕۆڵەکەم.
ئەو دەسەڵاتە بێوەفاو نەگریس و خۆسەپێن و دکتاتۆرەی هەرێمی کوردستان نەک تەنها پێویستی بە گۆرانکاری هەیە، بەڵکو پیرۆزترین و پێویستترین ئەرکی ئاینی و نیشتیمانیە هەوڵی گۆرینی بدرێت، لەسەر هەموو ئاین پەروەرو نیشتیمان پەروەرێک پێویستە هەوڵی گۆرینی ئەو دەسەڵاتە بدات و ئەو دەسەڵاتە بگۆرێت، دڵنیام ئەو بێسەروشوێنانەش وەک من خاوەنی سۆزو خۆشەویستی بوون بۆ نەتەوەو نیشتیمانیان و خاوەنی ئەزمون و خزمەتێکی زۆربوون و هەوڵێکی زۆر لەلایەن خانەوادەکانیانەوە دراوە، بە هەژاری و نەداری تا پێگەیشتون و گەورە بووون، پاشانیش لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە ڕفێندراون و بێسەروشوێنکراون و لە زیندانە نهێنیەکاندا بێ دادگایی کردن ماونەتەوە یان خەڵتانی خوێن کراون.
نزیکەی بیست ساڵ بوو ئەمخوێند کاتێک کە لەلایەن دەزگاکانی دەسەڵاتەوە گیرام و رفێندرام، جگە لە خۆشەویستی و سۆز خزمەت بۆ ئاین و نەتەوەو نیشتیمان هیچ شتێکی ترم لە خۆم شک نەئەبرد، لەوکاتەدا کە لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە بە مەبەستی شوێنبزرکردن رفێندرام، بێئەوەی بیرێک لەوە بکەنەوە کە ئەو خانەوادەیەی من چەندە لەسەر شۆرش و خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان باجیانداوەو دەربەدەر و ماڵوێران کراون و زیندانی و قوربانیان داوەو توشی نەهامەتی و ناخۆشی هاتوون و خزمەتی شۆڕشیان کردوە، بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو دایک و باوک و خانەوادەیەی من چەندە بەئازار و ناسۆر و نەهامەتی منیان پێگەیاند و گەورەیان کردوم بە هەژاری و نەداری، بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە من چەندە بە ئازار و نەهامەتی خوێندبوم و خوێندم تەواو کردبوو کە ساتی تەواو بونی خوێندنم بوو بیست ساڵ بوو ئەمخوێند ئەوکاتەی کە منیانگرت و منیان ڕفاند، کەچی جەللادو چەک بەدەستانێک کە منیان کەوتبوویە بەردەست، ددانیان لێگر ئەکردمەوەو ئیهانەیان ئەکردم، بەیەکتریان ئەوت ئەوشەو نێجیرمان هەیە دەست بەتاڵ نابین، لەبەر یەکتریان ئەگێرایەوەو ئەیان وت خۆتان ئامادە بکەن بۆ گیانی ئەو نێچیرە، تێر و پڕ بخۆن بۆ ئازاری ئەو نێچیرە، بەیەکتریان ئەوت ئەگەر حەزیشئەکەن هیچ مەخۆن بۆئەوەی بتوانن لەسەر لاشەی ئەو نێجیرە بخۆن و بخۆنەوە، پەلەیان بوو بۆ ئەو شوێنەی ناویان نابوو شوێنی هەڵکوتانەسەر و نێچیر کوتان، بە ئیهانەوە ئەیان ووت نێچیرەکە مەلایە باش خۆی لەبەر کوتان و ئازاردان ئەگرێت، منیش تەنها هاوارم بۆ خودا بوو، ووڵامی من تەنها ئەوە بوو، ئێوە بە هەڵە منتان گرتووە، من هیچ تاوانێکم نەکردوە، فەرموو بە مێژومدا برۆنەوە، بەڵام هەمووی بێسود بوو، وەک نێچیرێک کە چۆن کەوتبێتە ناو کۆمەڵە گورگێکی برسی هەر یەکەو لەلایەکەوە شاڵای بۆ بهێنێت و ئازاری بدات، کەس بیری لای من و ئازارو ئەشکەنجەی من نەبوو گوێی بۆ قسەکانم نەئەگرت نە بیریان لای من بوو، هەر بیریان لای خۆیان و جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی جەللادەکان بوو.
بیرم لای ئەوە بوو چۆن ڕزگارم بێت لەدەستیان، هەرچۆن بوو، بیرم هاتەوە کە بڵێم من فلانەکەس ئەناسم، کە ئیستا بەرپرسێکی گۆرانە، وتیان چۆن ئەیناسی وتم ئەیناسم و خزمایەتیمان هەیە ئەویش ئێمە ئەناسێت و ئەزانێت خانەوادەکەی ئێمە چۆنن، ئەو بەرپرسە کە ئێستا لەناو گۆراندا بەرپرسێکی باڵایە، ئەوکاتەش بەرپرسیاریەتی هەبوو، خانەوادەکەی ئێمەی ئەناسی و پەیوەندی و دۆستایەتی هەبوو لەگەڵ براکەم، دیاربوو یەکێک لەو چەک بەدەستانە کە گوێی لە قسەکانم بوو و هەڵوێستی ئەوانی ئەبینی بەرامبەرم، تومەزە ویژدانی جوڵابوو هەواڵەکەی گەیاندبوو بەو بەرپرسەی کە ئیستا گۆرانە، هەرچۆن بوو هەواڵی من گەیشتبوو بەو بەرێزەو منیان برد بۆ لای ئەو بەڕێزە، نامەوێت باسی ئەوە بکەم کە چۆن منیان گەیاندە ئەوشوێنە، پێش ئەوەی بگەمە لای ئەو بەرێزە سەیارەجام ڕەشەکەیان ڕاگرت و شوێنگۆریان پێمکرد، کاتێک بەرپرسە باڵاکە منی بینی وەک مەلایەک، تەنها گوێم لەوەندە بوو ووتی بۆ گرتوتانە، چیتر گوێم لە قسەکانی ئەوان نەبوو تا ئەوکاتەی گوێم لێبوو وتی ئەیناسم و لەلای من جێی بهێڵن، ئەویش دوای قسەو باس وتی ئازادی، زۆر دڵسۆزانەو بەرێزانە منی ئازادکردو لە شوێنبزرکردن رزگاری کردم و وتی بۆ کوێ ئەچی وتم بۆ فلانە شوێنە، وتی بەسەیارەی خۆمان بتگەیەنم یان تەلەفۆن بۆ ئەوێ بکەم کە بێن بەدواتدا، هەر چۆن بوو نەجاتم بوو، خودای گەورە ئەو بەرپرسە بەرێزەی کە ئیستا گۆرانە کردی بە سەبەب و نەجاتیدام، ئەگینا ئیستا منیش یەکێک ئەبووم لە بێسەرو شوێنەکان و کەس و کاروخانەوادەکەم بەتایبەتی دایکە دڵسۆزو چەندان جار زگ سوتاو و جەرگ سوتاوەکەی منیش کە چەندان جار توشی نەهامەتی و دەردەسەری بووەوتەوە لەسەر خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان ئێستا لەبەردەمی ئەو پەرلەمان و دەسەڵاتە بێگوێیەدا ئەکەوت و کەس گوێی پێنەئەداو گوێی بۆ هاواری نەئەگرت و هاواری ئەو وەک هاواری ئەو کەس و کار و دایک و خێزانانە ئەبوو کە ئێستا کەس بە هاواریانەوە نایەت و کەس گوێ بۆ هاوار و گریان و داواکاریان ناگرێت.
ئەو دەسەڵاتەی کە هیچ هیواو خێرێکی تێدانەماوە بۆ نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان، بە دڵنیاییشەوە بەخۆیدا ناچێتەوەو ئاوڕی وەفاداری لە نەتەوەو کەس و کاری بێسەروشوێنانناداتەوە، کە بەدەستی خۆی شوێنبزری کردون و لە زیندانە نهێنیەکاندا بێ دادگایی کردن هێشتونیەتەوە یان خەڵتانی خوێنی کردون، چۆن رووی هەیە قسەبکات و باسی مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ و باسی نەتەوەو نیشتیمان و دیموکراسی و مێژوی خۆی بکات، هەر کوردێک هەر دڵسۆزو خاوەن ویژدانێک هەستی مرۆڤایەتی تێدابێت، پێویستە بێوەفای و بێ ویژدانی و دڕندەیی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆر و خۆسەپێنەی هەرێمی کوردستانی لەیاد نەچێت، بابەس بێت تەنها سەیرکردن و گوێگرتن، پێویستە هەوڵی جدی بدرێت و پشتیوانی تەواوی ئەو نەتەوە چەوساوەو مەزڵوم و ژێردەسەتەیە بکرێت و هەوڵی تەواو بدرێت بۆ گۆرانکاری و چارەنوسی ئەو نەتەوەو نیشتیمانە، هاوارو داوای ئەو کەسوکارو خانەوادانە تاکەی بێ وڵام بێت، بۆ وڵامی داواکاریەکانیان نادرێتەوە، هەریەکەمان با وا هەست بکەین ئەوانە کەس و کاری ئێمەن و ئێمە شوێن بزرکراوین کە خۆی لە خۆیدا هیچ جیاوازییەک نییە هەموومان یەکین یەک نەتەوەوین یەک نیشتیمانمان هەیە، تا کەی بێدەنگی، تا کەی گوێ بۆ هاواری ئەو مافخوراوانە ناگیرێت، تاکەی هاواری ئەو کیژۆڵە و منداڵانە نابیسترێت کە لەچاوەڕوانی باوک و کەس و کاریاندا فرمێسک لە چاویاندا نەما، تاکەی گوێ بۆ هاوارو ناڵەی ئەو دایکانە ناگیرێت کە فرمێسک لەچاویاندا نەما، تاکەی گوێ بۆ هاواری ئەو خێزانانە ناگرێت کە هەیانە زیاتر لە دە ساڵە چاوەروانی هاوسەرەکانیان ئەکەن.
دەسەڵاتی بێوەفاو خۆسەپێن نەفرەت لە بێوەفاییتان، دەسەڵاتی چەوسێنەرو ماف خۆر نەفرەت لە بێویژدانیتان، دەسەڵاتی خوێنرێژ و تۆقێنەر و بەدرەوشت نەفرەت لە داهێنانتان کە پریەتی لەنەهامەتی بۆ نەتەوەو نیشتیمان، نەفرەتتان لێبێت کەی ئەبیستن و ئەبینن مەزڵومیەتی ئەو نەتەوە پڕ لە ئازارو نەهامەتییە، کەی ئاورێکی وەفاداری ئەدەنەوە، کەی بیرێک لە خۆتان و نەتەوەو نیشتیمانتان ئەکەنەوە، بۆ کوێ ئەرون پێتان وابێت ئێوە ئەتوانن لە دکتاتۆرەکانی تر بە تواناتربن کە ئێستا ئاسەواریان نەماوەو چونەتە زبڵدانی مێژوەوە، پێتان وابێت دڵسۆزانی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان ئاوا دەستەوسان لێتان ئەگەرێن ئاوا گاڵتە بە چارەنوسی ئەو نەتەوەو نیشتیمانە بکەن، پێتان وابێت ئەو نەتەوەیەی کە هەمیشە پێشەنگی شۆڕشی سەربەرزی و ئازادی و داڕمانی دکتاتۆرو زاڵمان بووە ئاوا لێتان بگەرێت بە کەیفی خۆتان ئازاری ئەو نەتەوەیە بدەن و سەروەت و سامانی ئەو نیشتیمانە بە فیرۆ بدەن.
پرسیارێک لەو پرسیارانەی کە تاکو ئێستا بێ ووڵامەو کەسێک لە ئێوە ووڵامی ناداتەوە، وە تاکو رۆژگاری داڕمان و بنبڕکردنی زوڵم و ستەم رووبەروتان ئەبێتەوە... بۆچی و لەبەرچی ئەو گەل و نەتەوەیە شوێنبزرئەکەن و هەوڵی لەناوبردنی ئەدەن، بۆچی وڵامی خانەوادەی بێسەروشوێنان نادەنەوە کە خۆتان ڕفاندونتان و شوێنزرتان کردون.
نەسرەدین ڕەببانی
لەندەن/ بریتانیا
23/04/2013
Email:
[email protected] https://www.facebook.com/NasradinRabbanii
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست