31ی ئابێكی دیكە بەڕێوەیە؟

Wednesday, 13/08/2014, 12:00


کوردستانپۆست ئەم نووسینە بڵاودەکاتەوە و دەیخاتە ئەرشیفی رووداوەکانەوە، تا بۆ پاشەڕۆژ لێکۆڵینەوە و قسەی لەسەر بکرێت، بزانرێت چۆن ئەو قەلەم ناپاکانە لەپاڵ دەسەڵاتی کوردییدا، خیانەتێکیان بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان کردووە، لەبەر دادگای گەلدا ئەمانەش شانبەشانی سەران و لێپرسراونی کورد رابگیرێن.
-------------------------------------

31ی ئابی 1996 رۆژێكی چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە بوو، كۆتایی بە 3 دەیە لە شەڕی ناوخۆیی كوردستان هێنا. ناوی هەرچییەكی لێدەنرێت، با بۆ مێژوو بەجێبمێنێت، بەڵام رۆژێكی مێژووییە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان روودەدات، بیرم دەباتەوە لای 18 ساڵ پێش ئێستا، چونكە بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا 31ی ئابیان وەبیرە و هەندێكی دیكەش رۆژانی پێش 31ی ئابیان لە زەینی خۆیاندا سڕیوەتەوە! رۆژانی پێش 31ی ئابی 1996یش دابەشبوونی ئیقلیمی وەكو ئێستا بوو، 18 ساڵ تێپەڕی و هاوكێشەكان و سەنگەربەندییەكان نەگۆڕان. ناوماڵی كورد ئەوكات و ئێستاش بەسەر بەرەی ئێران و توركیادا دابەش ببوو. خۆبەخۆ شەڕی بە وەكالەتی ئەو دوو وڵاتە لەسەر خاكی كوردستان لە نێوان PKK و یەكێتی لەلایەك و پارتی لە لایەكەی دیكە بەڕێوە دەچوو.

ئەوكات ئامانج لەناوبردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوو، ئەمڕۆ مەبەست شكاندنی ئیعتیباری روو لە هەڵكشانی بارزانییە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، چونكە بەهەر دیوێكدا سەیری مەسەلەكە دەكەی، دەبینی كە كۆمپلۆیەكی ئیقلیمی و ناوخۆیی هەبوو بۆ تێوەگلاندنی پارتی، سووككردن و شكاندنی هەیبەتی ئەو هێزانەی كە شانازیی پێوە دەكردن.

لە دوای 10ی حوزەیرانەوە بارزانی لەلایەن ئێران و ئەمریكاوە (كە هەردووكیان دۆڕاوی شەڕی عێراقن و ئێستا سەریان پێكەوە ناوە) لەژێر گوشاردا بوو بۆ ئەوەی باری لەنگیان راست بكاتەوە. بەڵام بارزانی نەدەچووە بن بار. بارزانی تێكڕای رۆژانی جەژنی لە بەسەركردنەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا لە بەرەكانی بەرگری بەسەربرد، وەك ئەوەی هەستی بە شتێك كردبێت، هەر رێك دوای ئەوە، ئەوە رووی دا كە هەموومان بینیمان. بەڵام رووداوەكانی دوای ئەوە و ئەو رووماڵەی لەلایەن میدیاكانی یەكێتی و PKK بۆ رووداوەكان كرا و تا ئێستاش دەكرێت، نیشانی دا كە ناوماڵی كورد پتر لە هەموو كاتێك پەرت و بڵاوترە.

دیمەن و هەواڵە درۆینەكانی ئەوەی كە گەریلا و پێشمەرگە شانبەشانی یەكتری دەجەنگن، جگە لە خۆخەڵەتاندن و كردنەوەی جێ پێی هێزی چەكداری PKK لە باشووری كوردستان هیچی دیكە نەبوو. مەبەست لەو هەموو هێز بردن و هێزهێنانە جگە لە نیشاندنی لاوازی و بێ ئیعتیباریی پارتی هیچی دیكە نەبوو. ئامانجەكە هاتە دی، دەبووایە بارزانی بچێتە ژێر بارەوە و شەڕێكی بە وەكالەت بۆ ئەمریكا، ئێران و شیعە مەزهەبەكانی وڵاتی بەناو عێراق بكات.

كێ و چۆن داعشی بەرەو شنگال و ناوچە سنوورییەكانی جێگەی مشتومڕی پارتی و PKKی لە نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان جووڵاند؟ ئەوە با بۆ مێژوو بەجێ بمێنێت، بەڵام داعشێك كە ئامانجی گرتنی بەغدا بوو، خێر بوو لەپڕ بیریان كەوتەوە كە لەباربردنی پرۆژەی خەندەقی سەر سنوور و پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر نفووزی پارتی گەلێك گرنگترە! تا دوێنێ بارزانی بەوە تۆماتبار دەكرا كە پلانی گرتنی موسڵ بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئەو، ئوردن و توركیا بەڕێوەچووە، بارزانی پشتیوانی لە داعش دەكات، بەڵام هەر ئەو داعشە، هێزەكانی لە هەموو بەرەكانی دیكە كۆكردەوە و پەلاماری ناوچەكانی نفوزی پارتیی پێدا!

شەڕی داعش هەیبەتی پێشمەرگە و پارتیی شكاند، چونكە ئەمریكا سەرباری ئەوەی نیشانی دا كە ناچارە بۆ پاراستنی كۆمپانیا نەوتییەكانی وەك ئیكسۆن مۆبیل دەبێ كارێك بكات، بەڵام ئەو پەیامەشی دایە بارزانی كە واز لە سەركێشییەكانی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بهێنێت. بیر لەوە نەكاتەوە چارەنووسی كوردستان لە عێراق جیابكاتەوە. بەڵام مەرج نییە ئەوەی ئێستا روودەدات لە درێژماوەدا هەمان ئەنجامی هەبێت، چونكە ئێستا پارتی لە سۆنگەی ئەو بارودۆخەدا، هەم چەكی قورسی دەستدەكەوێ و هەمیش ئەو شوێنانەی لەمەودوا بە هاوكاریی ئەمریكا دەیانگرێتەوە، مەشروعیەتی دەستكەوتی جەنگیان پێدەدات، چونكە پێشتر چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان بە داگیركاری هەژمار دەكرا.
شەڕی داعش بە قازانجی پارتی دەشكێتەوە و پارتی ئەگەرچی دەبێ تا ماوەیەك باسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم نەكاتەوە، بەڵام لانیكەمی ئەوەیە كە توانا سەربازییەكانی خۆی بۆ دەركەوت و بۆی سەلما كە ئەگەر سبەی رۆژێ بچێتە ناو شەڕی سەربەخۆییەوە چی بەسەر دێت، بۆیە لەمڕۆوە دەبێ بە هەموو حساباتی خۆیدا بچێتەوە.

ئەوانەی لەو سەنگەرەشدا پاشقولیان لە بارزانی گرت، تەنیا لە رووی تاكتیكییەوە رەنگبێ دەستكەوتی كاتییان هەبێ، بەڵام 18 ساڵە كە ئێران تامی یەكەم شكستی خۆی لە كوردستان چێشتووە، دوو مانگ پێش ئێستاش لە موسڵ دووەم شكستی خۆی بینی و دەبێ ئەویش بزانێ كە چیدیكە بەر بە رێڕەوی مێژوو ناگیرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە