کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌مه‌ ته‌قه‌ی بایز و پیرۆت

Thursday, 25/03/2010, 12:00


گه‌ر به‌ وردی سه‌یری لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی کورد بکه‌ی،ده‌بینی که‌ هێندێ جار کۆمه‌ڵێک که‌سانی رۆشنبیر و دڵسۆز بۆ ده‌رخستنی ئازار و نه‌هامه‌تیه‌کانی گه‌لی کورد که‌ڵکیان له‌ ڕێباز و شێوازی جیاواز وه‌رگرتوه‌و هه‌وڵیان بۆ گه‌یاندنی ئاه و ناڵه‌ی به‌ش مه‌ینه‌ت و ره‌ش وڕووتانی کورد به‌ گوێی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران داوه‌ که‌ ئه‌مه‌ تا راده‌یه‌کی زۆریش کاریگه‌ری له‌م بواره‌وه‌ هه‌بووه‌.یه‌کێک له‌و شێوازانه‌ ته‌شه‌ر و توانج بوه‌و له‌م رێگایه‌وه‌ هه‌وڵی ره‌خنه‌ گرتن دراوه‌ بۆ مه‌به‌ستی چاکسازی و ده‌رخستنی خاڵه‌ لاوازه‌کان.جا هێندێ جار گه‌ر به‌ دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانیش نه‌بووبێ،چوون قسه‌ی دڵی ئه‌م خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌یان کردوه‌،قسه‌و شێعره‌کانیان بۆته‌ وێردی سه‌ر زاری خه‌ڵک و هه‌روا ماونه‌ته‌وه‌.یه‌کێک له‌و بلیمه‌تانه‌ی له‌م بواره‌وه‌ شاره‌زایه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌بوو،مامۆستا هه‌ژاری نه‌مر بوو.مامۆستا هه‌ژار جیا له‌وه‌ی به‌ شاکاره‌کانی له‌ بواری وه‌رگێڕی و نوسین و شێعر و شتی له‌م بابه‌تانه،‌له‌ ناو قوژبنی دڵی هه‌ر کوردێک دا جێگای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌،به‌ ته‌شه‌ره‌کانی هه‌ر ده‌م له‌ ناو دڵی ئه‌م خه‌ڵکه‌دا‌ ده‌ژی و ته‌نیا به‌ جه‌سته‌ له‌م گه‌له‌ جیا بۆته‌وه‌.
دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ستی من شان له‌ شانی مامۆستا هه‌ژار دان یا لاسایی کردنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان نی یه‌ و چون مامۆستا هه‌ژار کوته‌نی :چوله‌که‌ خۆت چی و شۆرباووت چی،به‌ڵام ده‌مزانی گه‌ر به‌ڕێزیان له‌ ژیان دا مابان و ئه‌م بارو دۆخه‌ی ئه‌مڕۆی حیزب و به‌ ناو سه‌رکرده‌کانی کوردیان بدیبایه‌،پیلی قه‌ڵه‌میان ده‌گرت و روی لاپه‌ڕه‌یه‌کیان به‌ ته‌شه‌رێک ره‌ش ده‌کرده‌وه‌ و به‌م شێوه‌ هاواری له‌ گه‌رودا قه‌تیس ماو و که‌س نه‌بیستوی ئه‌م گه‌له‌یان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌گه‌یاند.هه‌ر بۆیه‌ منیش به‌ ئه‌رکی خۆم زانی به‌م شێوه‌یه‌،ئه‌و ئه‌رکه‌ی گه‌ر مامۆستا هه‌ژار مابا ده‌یکرد،هه‌رچه‌ن به‌ رێک و پێکی هی به‌ڕێزیشیان نه‌بێت،به‌ڵام هه‌ر بیکه‌م.له‌وانه‌یه‌ ئه‌م شێعره‌ به‌ دڵی زۆر که‌سان نه‌بێت و بکه‌ومه‌ به‌ر ره‌خنه‌شه‌وه‌ به‌ڵام من به‌و په‌ڕێ دڵسۆزی بۆ نیشتمان و خاکی دابه‌ش کراوم ئه‌مانه‌م نوسیوه‌ و مه‌به‌ستم ناوزڕاندنی هیچ که‌س یا لایه‌نێک(گه‌ر ناو زڕاندنێک هه‌بێت)نی یه‌ و ته‌نیا به‌ جێ گه‌یاندنی ئه‌رکێکی چوکی کوڕه‌ کوردێکی هه‌ژاره‌ که‌ به‌ دوای ناسنامه‌ی خۆیدا وێڵه‌ و بێزاره‌ له‌ تورکی و فارسی و عه‌ڕه‌بی و ئێرانی بوون.
به‌و هیوایه‌ی گوێیه‌ک هه‌بێت بۆ بیستنی ئه‌م هاوارانه‌ که‌ به‌شێکی زۆریشی له‌ راستی کۆمه‌ڵگای دابه‌ش کراوی کورده‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و ده‌ستکردی خه‌یاڵ نی یه‌.
ئاریا موکریانی(شۆڕش)
پیرۆت:
سڵاو مام باییز ئه‌حواڵت چۆنه‌؟! که‌یفه‌که‌ت قنجه‌؟خۆشی هی تۆنه‌؟
باییز:
کوره‌ پیرۆت گیان سه‌رچاوه‌کانم وه‌ره‌ دانیشه‌ میوان ده‌ردانم
پیرۆت:
خیڕه‌ مام باییز بۆ په‌شۆکاوی به‌ ده‌ستی خه‌مان ئه‌ڵێی ره‌نجاوی
باییز:
کوره‌ کا پیرۆت خۆزگه‌ هه‌ر خه‌م با په‌رۆشی عومری له‌ ده‌س چوم نه‌با
خه‌م بۆم هاوڕێیه‌ له‌ هه‌موو ژینم به‌ چاوی به‌ ته‌م دونیا ده‌بینم
به‌ڵام کاکی خۆم ده‌ردم گرانه‌ وه‌ره‌زیان کردم گشت ئه‌م ده‌ردانه‌
پیرۆت:
چی بۆوه‌ مام باییز بۆم بدرکێنه‌ بوخچه‌که‌ی خه‌مت لام هه‌ڵڕژێنه‌
به‌شکو بتوانم ده‌ردت بکه‌م چار دوبه‌دو بکه‌ین هه‌توانت تێمار
باییز:
کوره‌ کا پیرۆت ماڵت ئاوا بێ به‌ڵام ئه‌م ده‌رده‌م به‌ تۆ چا نابێ
هێنده‌ی قه‌یماغه‌ به‌ستوه‌ برینم کێماوی لێ دێ دڵه‌ی غه‌مینم
به‌ شه‌و و به‌ رۆژ هه‌ر ده‌ناڵێنم ئه‌سرینم بڕان هێند ببارێنم
پیرۆت:
خوا خراو نه‌دا مامه‌ باییز گیان کێت کۆچی کردوه‌ بۆ ده‌رگای یه‌زدان
باییز:
کۆڕه‌ کاکی خۆم سه‌ده‌ خۆزگه‌ وابا کوڕه‌که‌م مردبا و ئه‌و خه‌مه‌م نه‌با
پیرۆت:
ئه‌دی مام باییز چیت لێ قه‌وماوه‌ به‌رهه‌می مه‌زرات خۆ نه‌فه‌وتاوه‌؟
کوڕانت هه‌موو ئازا و دلێرن زۆرت رێز ده‌گرن خۆ نابوێرن
دوشیان پێشمه‌رگه‌ن چه‌کیان به‌ ده‌سته‌ ئازادی گه‌ل و خاکیان مه‌به‌سته‌
ئه‌وی تریشیان وا له‌ زانکۆیه‌ هیوای دوا رۆژ و گۆچانی تۆیه‌
ئه‌دی پیم ناڵێی بۆچ خه‌م داده‌گری ئه‌ژنۆ له‌ باوه‌ش بۆچی راده‌گری؟
باییز:
کوره‌ پیرۆت گیان ئه‌تۆ نازانی چه‌نده‌ به‌ ئێشه‌ له‌شم هه‌توانی
گه‌ر تۆ بزانی چه‌ن په‌شیمانم بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی چو له‌ ده‌ستانم
بۆ ئه‌و کاتانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل بووم گیانم له‌ سه‌ر ده‌س چاوه‌ڕێی هه‌ل بووم
هه‌ر تێده‌کۆشام به‌ دڵ و به‌ گیانم تا ئازاد ببێ گش نیشتمانم
من وام ئه‌زانی خاوه‌ن رێبه‌رین گه‌لی‌ ئاشتیخواز بێزار له‌ شه‌ڕین
پیرۆت:
جا خۆ مام باییز ئێمه‌ هه‌روا بووین دوژمن به‌ شه‌ڕ و گێره‌ و هه‌را بووین
باییز:
منیش ده‌زانم کاکه‌ پیرۆت گیان له‌ ڕێی ئاشتیدا کردیانین قوربان
دوژمن گرتویه‌ هه‌ر چوار ته‌نیشتمان هه‌ر وه‌کو چه‌قڵ به‌ربوونه‌ له‌شمان
ده‌ڵێی خه‌زایه‌ ده‌رژن خوێنی کورد له‌ چوار لا سوتا گشت بژوێنی کورد
به‌ڵام مه‌خابن سه‌رکرده‌کانمان له‌ پێناو خۆ دا کردیانین قوربان
رۆژێک لێم ده‌بن به‌ فارسی ئێران رۆژێکیش سه‌گی به‌ر ده‌رکی تورکان
رۆژێک وه‌ک عه‌ڕه‌ب ده‌ڵێن یا اخی گه‌ر بڵێم من هه‌م ده‌ڵێن تۆ یاخی
یه‌کیان لێم ده‌بێ به‌ جاش و نۆکه‌ر ئه‌وی تریشیان سیخوری به‌دفه‌ڕ
یه‌کێ ماچ ده‌کا ده‌ستی داگیرکه‌ر(1) یه‌کێ گوڵ ده‌با بۆسه‌ر گۆڕی شه‌ڕ(2)
(3)ئه‌وی تر ده‌ڵێ ئێمه‌ ئێرانین بۆ ئێمه‌ فه‌خره‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانین
قه‌یدی چی ده‌کا ئه‌وانه‌ی جاشن بۆ ئێمه‌ برا و زۆر کوڕی باشن
بێنه‌وه‌ لامان ئێمه‌ ده‌بورین خاوه‌ن به‌ڵێن و گه‌لێک سه‌بورین
(4)ئه‌وی تریشیان که‌ به‌ ناو کورد بوو که‌چی له‌ هه‌مووان خراوتر ده‌رچوو
بۆم ده‌کا باسی ئیڕانی فێدڕاڵ وه‌خۆیان ده‌نێن ئاوا شاخ و باڵ
که‌ خه‌متان نه‌بێ ئێمه‌ له‌ سه‌ر پێین بۆ وتو وێژیش ئاماده‌ین و دێین
قوڵی مه‌خوێنن بیرۆکه‌ و ناومان ئێمه‌ لاناده‌ین له‌ رێگه‌ی باومان
هه‌تا کو ماوین ئێمه‌ ئێرانین فارسیش برانه‌ باشی ده‌شزانین
(5)لێم بو‌ به‌ شه‌ش له‌ت ئه‌وی تریشیان بۆ قسه‌ی زلیش بۆم دێنه‌ مه‌یدان
هه‌ر یه‌که‌و ده‌ڕوا به‌ره‌و ئاقارێ له‌ حاڵی ئێمه‌ نافکرن جارێ
نایه‌ن بپرسن ویست و دڵخوازمان چی یه‌ مه‌به‌ست و ئاتاج و نیازمان
سه‌ریان شێواندم نازانم من کێم ئه‌گه‌ر من کوردم ئاخۆ خه‌ڵکی کوێم؟
گه‌رکو برامن گش فارسی ئێران یا له‌ یه‌ک تیره‌ین ئه‌م له‌ گه‌ڵ تورکان
ئه‌ی عه‌ڕه‌ب چیمه‌ من که‌ نازانم که‌ وا ده‌مکوژن و بۆیان قه‌ڵخانم؟
که‌ سه‌یر ده‌که‌م هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت یاخۆ درسیمی وه‌ک باخی به‌هه‌شت
یا له‌ هه‌ولێری هۆلاکۆ به‌زێن یا له‌ قامیشلوی جه‌رگ پڕ له‌ خوێن
یاخۆ مه‌هاباد قه‌ڵای پێشه‌وا که‌ له‌ پاشی ئه‌و من هیوام نه‌ما
یاخۆ که‌رکوکی خاکی دابڕاووم بابه‌ گوڕ گوڕی دانه‌مرکاووم
یاخۆ ڕانیه‌ کانگای سه‌رهه‌ڵدان یا له‌ ئامێدی هیوای گش کوردان
ویستیان خاپووری شار و گوندانه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ ناو بۆ من برانه‌
ئاکاری برا چۆن ده‌بێ وا بێ خوێنی من هه‌ر ده‌م بۆچی رژا بێ
ئه‌وانه‌ی کردیان ئه‌نفالی بارزان یا له‌ هه‌ڵه‌بچه‌ کیمیای باران
یا کۆمه‌ڵکوژی درسیمی باکوور یا ئه‌وه‌ی رشتی خوێنمان له‌ باشوور
یا له‌ رۆژهه‌ڵات سێداره‌ی گه‌نجان یا ئه‌و لاوانه‌ی تیر باران کران
کێ مۆری ده‌کرد فه‌رمانی کوشتن یا له‌ کوردستان خوێنی گه‌ل رشتن
ئه‌مڕۆ هه‌موویان به‌ قسه‌ی سه‌رکردان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خزمان و گیرفان
هه‌موو لێم بوونه‌ به‌ برای گیانی بۆم ده‌که‌ن باسی مافی ئینسانی
بۆیه‌ خه‌مبارم ئه‌سرین ده‌ڕێژم چوون خونچه‌ی هیوام ده‌بێ بنێژم
هه‌تاکو ماوین هه‌روا دیل ده‌بین ئه‌گه‌رکو ئێمه‌ به‌ دوایان بچین
من خه‌فه‌تبارم بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ بوونه‌ قه‌ڵخانی ئه‌و سه‌رکردانه‌
له‌ بۆ باوکانی‌ پیری ده‌س قه‌ڵشیو یا پیره‌ دایکی قه‌ت خۆشی نه‌دیو
که‌ له‌ تاو کوڕیان چاو به‌ ئه‌سرینن نه‌ جێژن گر و نه‌ خۆشی بینن
له‌و رۆژه‌ی که‌وا کوڕانم رویشتون هێنده‌ی یه‌ک دونیا فرمێسکم رشتون
نه‌ک بڵێی که‌ من هه‌ر خه‌می خۆمه‌ یا مه‌به‌ستت بێ من بکه‌ی لۆمه‌
به‌خوا کاک پیرۆت گه‌ر رێبه‌رمان با رێبه‌رێکی وا خزمه‌تی گه‌ل کا
بۆ سه‌ربه‌خۆی خاکی کوردستان هه‌وڵی دابایه‌ به‌ دڵ و به‌ گیان
نه‌ک هه‌ر کوڕانم،کچیشم ده‌نارد تا له‌ سه‌نگه‌ر بێت پێشم راده‌سپارد
که‌ وه‌ک کچی کورد شێرانه‌ بمرێ له‌ پێناو خاکی هه‌زار جار بمرێ
به‌ڵام دا‌خه‌که‌م که‌ ئه‌مرۆکانه‌ به‌ هیوای وان بوون خۆ فریو دانه‌
پیرۆت:
وه‌ڵا مام باییز منیش ده‌زانم منیش وه‌ک تۆ خاوه‌ن ده‌ردانم
له‌ هه‌موو دونیا کوڕێکم هه‌بوو داخی گرانم له‌ ده‌ستم ده‌رچوو
بو به‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌ن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ تیری دوژمن پێکرا له‌ شه‌ڕ
له‌ پاشی کۆچی لێیان نه‌پرسیم بزانن ئاخۆ روتم یا برسیم
که‌چی ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌وه‌ی که‌ جاش بوو بۆ دژمنانمان وه‌ک کوڕی باش بوو
کۆشک و ته‌لاریان وه‌ک سه‌را وایه‌ مه‌رامی دونیا بۆچی ئاوایه‌؟
بۆچی روڕه‌شان ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رن؟ پاک و بێگه‌ردیش خاوه‌ن که‌سه‌رن؟
بۆچی وا ئه‌مڕۆ ده‌وری قه‌لانه‌؟ سیسارک و ڕێوی هه‌ر جێژنه‌یانه‌
له‌ کاری دونیا سه‌رم سوڕماوه‌ هیچ لێی تێ ناگه‌م له‌م به‌ند و داوه‌
باییز:
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ رۆژی دڕکانه‌ وڵات به‌ ده‌ستی سست ومه‌ستانه‌
به‌ڵام دڵنیام من که‌وا سبه‌ینێ بۆ لۆتکه‌ی هیوا ئێمه‌ ده‌گه‌ینێ
ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ بران بۆ دژمن سبه‌ی هه‌موویان روڕه‌ش ده‌رده‌چن
ئه‌و هه‌وره‌ تاڵه‌ی پێشی خۆره‌تاو ده‌ڕوا و وون ده‌بێ بۆمان له‌به‌ر چاو
خۆری ئازادی وا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه‌ی دڵسۆزه‌ هه‌ر سه‌رده‌که‌وێ
به‌ڵام پیرۆت گیان بۆیه‌ خه‌مبارم ره‌نج به‌ فیڕۆنه‌ رۆڵه‌ی هه‌ژارم
گه‌نجانی خاکم به‌ ده‌ستی حیزبان خه‌ریکن ده‌ڕۆن به‌ره‌و روی نه‌مان
خه‌ریکن برا لێک ده‌بن دوژمن دڵی دوژمنان به‌وه‌ی خۆش ده‌بن
پیرۆت:
وه‌ڵا خۆ وایه‌ ئه‌رێ مام باییز کۆتایی هه‌ر دێ زستــــــــان و پاییز
گه‌ر خوا یار بێ دوژمن ده‌شکێنن تۆڵه‌ی هه‌ڵه‌بچه‌ و ئه‌نفال ده‌ستێنین
دوژمن له‌ خاک وئاومان ده‌رده‌که‌ین جا ئه‌وده‌م ئێمه‌ به‌ مافمان ده‌گه‌ین
ئه‌وه‌ی ناپاکه‌ به‌م خاک و ئاوه‌ هه‌مووی بۆ دوا ڕۆژ گشت له‌به‌رچاوه‌
ده‌بێ ناپاکان دادگایی بکرێن سزای تاوان و ئاکاریان بدرێن
ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر دێ منیش ده‌زانم به‌ هیوای ئه‌وده‌م ده‌سره‌وێ گیانم
باییز:
بێگومان وایه‌ قسه‌که‌ت جوانه‌ هیواکه‌ت هیوای هه‌موو کوردانه‌
پیرۆت:
زۆر باشه‌ کاکه‌ من ده‌بێ بڕۆم تا چیتر‌ خه‌مان هێرش نه‌که‌ن بۆم
تۆش کاکه چیتر خۆت مه‌ده‌ ئازار کۆتایی هه‌ر دێ تاریکی شه‌وگار
باییز:
زۆر باشه‌ پیرۆت ماڵت ئاوا بێ چۆنی ده‌تهه‌وێ یاخوا هه‌ر وابێ
به‌ هیوای سبه‌ی منیش خۆ ده‌گرم هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ حه‌ز ده‌که‌م نه‌مرم
گه‌رکو ئه‌م رۆژه‌ بێتو ببینم کۆتایی پی دێ شین وگرینم
ده‌بڕۆ کاکه‌ به‌ دوای ئیشی خۆت دوعای سه‌رکه‌وتن من هه‌رده‌که‌م بۆت
پیرۆت:
ماڵی تۆش هه‌روا هۆ مامه‌ باییز خونچه‌ی ژیانت سیس نه‌بی هه‌رگیز
............................................... .......
(1)مه‌به‌ست ئه‌و به‌ ناو سه‌رکرده‌یه‌ یه‌ که‌ له‌ وڵامی گه‌وره‌ترین تاوانی مرۆڤایه‌تی ده‌رحه‌ق به‌ کورد له‌ لایه‌ن رژێمی روخاوی به‌عسه‌وه‌،ده‌ستی سه‌ددامی دوژمن به‌ کوردی ماچ کرد.
(2)مه‌به‌ست ئه‌و سه‌رکردیه‌یه‌ که‌ له‌ کاتی چوون بۆ تورکیا گوڵی بۆ سه‌ر مه‌زاری ئه‌تاتورکی خوێنڕێژ برد و سوپاسی ئه‌ڕته‌شی تورکیشی کرد بۆ بۆمباردمانی چیا و گونده‌کانی کوردستان.
(3)مه‌به‌ست سه‌رکرده‌ی ئه‌و حیزبه‌یه‌ که‌ ده‌یکوت کورد ئێرانین و ئێمه‌ فه‌خر به‌ ئێرانی بوونی خۆمانه‌وه‌ ده‌که‌ین.
(4)مه‌به‌ست ئه‌م که‌سانه‌ن که‌ به‌ ناوی کوردستانی دابڕان که‌چی زۆر له‌وانی تر به‌ ئێرانی تر ده‌رچوون.
(5)مه‌به‌ست ئه‌م رێکخراوه‌یه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا بوون به‌شه‌ش له‌ت و هه‌ر که‌سه‌ روی له‌ لایه‌ک کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە