تەیارەی باڵ زەرد و هێزی زرێڤانی
Saturday, 16/08/2014, 12:00
ساڵی ١٩٧٤ بەر لەوەی شەڕی نێوان کورد و حوکومەتی عێڕاق دەست پێ بکاتەوە لەناو گوندەکەماندا هەر باس باسی فڕۆکەی باڵ زەرد بوو. خەڵکەکە زۆر دڵیان بەو فڕۆکە باڵ زەردانە خۆش بوو. خەڵکەکە دەیان ووت فرۆکەیەکی زۆر بۆ مەلا موستەفا ڕەوانە کراوە و باڵەکانیشیان زەردن و لەناو ئەشکەفتەکانی ڕایات و حاجی ئومران حەشاریان داوون ، بە گەورە و بچووکەوە باوەڕمان وابوو مەلا موستەفای بارزانی فڕۆکەی باڵ زەردی هەیە. ئاش بەتاڵ بەسەر شۆڕشی کورد هات و چاومان بەو فڕۆکە باڵ زەردانە هەر نەکەوت .
ئەم جارەش ووتمان هێزی زرێڤانیمان هەیە داعش چی یە، کەچی ئەوەندەی نەمابوو هەموو خەڵکی ناوچەی بادینان و هەولێر و سەری ڕەش یش بکەونە بەر ڕەحمەتی دڕندەکانی داعش کەچی هێزی زرێڤانی نەڕەنگی هەبوو نە دەنگ تۆ بڵێت هێزی زرێڤانی وەك فرۆکە باڵ زەردەکان بوونیان درۆبێت.
درۆیەکی تریان بڵاو کردۆتەوە گوایە ئەمریکا بە کوردی ووتووە بەرگری لە شەنگاڵ مەکەن تاوەکوو ئەمریکا ( شەرعیەت) بە خۆی بدات و لە ڕێگای هاری کاری کردنی خەڵکی بەدبەختی یەزیدیەکانەوە پێ بنێتەوە کوردستان و عێراق. گریمان ئەم قسەیە ڕاستە، ئەمە ئەوپەڕی بێ مۆڕالیە گەڵەکەی خۆت بدەیتە دەست دڕندەکانی داعش لەسەر فەرمانی ئەمریکا. پەندێکی عەرەبی هەیە عوزر لە قەباحەت خراپترە، وا چاکە واز لەو درۆیانە بهێنن.
هیچ گومان لەمە دا نیە لە دەست دانی شەنگاڵ بە بێ بەرگری کردن بە فەرمان و پلانی میتی تورکی بووە.
ئێستا پاساوی شکەستمان ئەوەیە چەکەکانمان کۆن و ژەنگاوین و گولەمان کەمە. کەچی هەر بەو چەکە ژەنگاویانە بوو سەر دەمێك بەدرۆ هەڕەشە لە تورکیا دەکرا، سەردەمێك هەڕەشە لە سوپای عێڕاق دەکرا و سەر دەمێکیش نەك هەر هەڕەشە بەڵکو بەو چەکە ژەنگاویانە ئەوەندەی نەمابوو پەلاماری خەڵکی سولێمانی بدرێت.
لەسەر بارزانی و هێزی زرێڤانی ئەوەیە بە شەو و ڕۆژ سوپاسی شۆڕشگیرانی کوردی ڕۆژئاوا باکور و ووڵاتە ڕۆژئاوایەکان بکەن . خۆشبەختانە هاریکاری فەرەنسا و ئەمریکا و ئینگلترا بۆ کوردستانی باشوور پیلانی تورکیای هەڵوەشاندەوە. تورکیا بە نیازبوو بە ڕێگای داعشەوە گەڵی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوور قڕان بکات، بەڵام ئێستاش ئەو ترسە هەرماوە بەتایبەتیش لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست