یاری کردن لەسەر دوو پەت
Wednesday, 15/10/2014, 12:00
مەسعود بارزانی لە لایەك لەگەڵ تورکیا-داعش-بەعس ڕێك کەوتبوو دەوڵەتی کوردی بۆ دابمەزرێنن، مەسعود بارزانی زانیاری هەبووە لە مەڕ پلانی هێڕشی داعش، بەڵام باوەڕناکەم ئاگاداری هەموو ووردەکاریەکانی چۆنیەتی هێڕشی داعش بووبێت، مەسعود هەرگیز بە خەیاڵی نەدەهات تورکیا و بەعسیەکان کڵاوی بخەنە سەر، ئێستاش مەسعود وەها کەوتۆتە باوەش ئەردوغان دەرچوونی بۆ نیە بەڵام واپێدەچێت ئەمریکا خەریکە لەدەست ئەردوغانی ڕزگاربکەن.
مەسعود بارزانی لەلایەکی ترەوە دکتۆر ئەحمەد چەلەبی و چەند سەرکردەی تری شیعەی ئاگادار کردبووەوە لەمەڕ نیازی هێڕشی داعش بەبێ پێدانی ووردەکاری زیاتر، مەسعود بۆیە حکومەتی مالیکی ئاگادار کردۆتەوە تاوەکوو لە دوا ڕۆژ تاوانی یارمەتی داعشی نەکەوێتە سەر، مەسعود لەم پلانەش سەرکەوتوو نەبوو چونکە نەك مالکی بەڵکو هەموو عەرەبە شیعەکان مەسعود بە تاوانبار دەزانن لەمەڕ هاتنی داعش ، تەنانەت مەسعود لەلایەن تورکیا و بەعسیەکانیش بەخائین دەرچوو چونکە لە پشتەوەی ئەوانەوە پلانی هاتنی داعشی بۆ شیعەکان درکاندبوو.
کاتێ داعش چوونە ناو شاری تکریت هەندێ لە سیستەری هیندیان لەنەخۆشخانەی تکریت گرت بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کورت ئازادکران، ڕۆژنامە هیندیەکان پەسنی حکومەتی باشووری کوردستانیان کرد لەمەڕ ئازاد کردنی سیستەرەکان، ئەوکات هێشتا مانگی هەنگوینی نێوان داعش و بارزانی بوو، هێشتا نێوانیان خۆش بوو، داعش لەبەر خاتری مەسعود سیستەرەکانیان ئازاد کرد.
کاتێ کە داعش هێڕشیان بردە سەر شەنگاڵ و مەخمور هەر بەفیتی حکومەتی تورکیا چەکدارەکانی پارتی شەنگاڵ و مەخموریان چۆڵ کرد. تورکیا وای لە مەسعود گەیاندبوو هێزەکانی داعش بە ڕێگای شەنگاڵ ئاودیوی ڕۆژئاوای کوردستان دەبن وشەڕی کوردانی ڕۆژ ئاوا دەکەن و لە مەخموریش هێڕشی سەر ئاوارەکانی باکوری کوردستان دەکەن، میتی تورکی وای لە مەسعود گەیاندبوو داعش هیچ کارێکی ناشیاو بەرامبەر خەڵکی شەنگاڵ و مەخمور ناکەن بەڵام کاتێ کە داعش هێڕشی هێنا ئەوەندەی نەمابوو سەری ڕەشیش داگیر بکەن ئەوسا مەسعود بۆی دەرکەوت میتی تورکی چ تەلیەیەکیان بۆ ناوەتەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات.
ئەو تاوانانەی داعش لە کوردستانی باشور و ڕۆژئاوا و عێراق و سوریا ئەنجامی دەدەن زۆر لە ووڵاتان تاوانبارن تەنانەت خودی حکومەتی مالیکیش تاوانبارە، بەڵام من وای بۆ دەچم مەسعود بارزانی لە هەموو کەسێك تاوانتربێت لە مەڕ هاتن و بەهێز بوونی داعش.
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست